riklam

سەرۆكکۆمار پێشوازی لە سەرۆكی ئەرمینیا دەکات

عیراق 12:56 PM - 2024-02-27
سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەرمینیا نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆککۆمار

سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەرمینیا

سەرۆککۆمار

د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك کۆمار ئەمڕۆ سێشەممە 27-2-2024 لە مەراسیمێکی رەسمیدا، کە لە کۆشکی بەغدا بەڕێوەچوو، پێشوازی لە ڤاهاگن خاچاتوریان سەرۆك کۆماری ئەرمینیا و وەفدی یاوەری کرد.

لە مەراسیمەکەدا، سرودی نیشتمانیی هەردوو وڵات لێدرا، دواتر هەردوو سەرۆك پاسەوانی شەرەفیان پشکنی و سڵاویان لە وەفدی هەردوو وڵات کرد، لە پاش تەواوبونی مەراسیمەکە، سەرۆك کۆمار و سەرۆك کۆماری ئەرمینیا گفتوگۆی دوو قۆڵییان لەبارەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پەرەپێدانی دەستپێکرد.

پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاووتوێکران

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆك کۆمار بەخێرهاتنی سەرۆك کۆماری ئەرمینیای کرد و هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتەمایەی پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پشتیوانی بکات لەخواستە هاوبەشەکان لە بوارەکانی چەسپاندنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکە و جیهاندا. هەروەها سوپاس و ستایشی گەلی ئەرمەنیشی کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی لە سەرۆککۆمار کرا کاتێك لە ماوەی رابردوا سەردانی ئەرمینیای کرد.

هەردوو سەرۆك کۆماری عیراق و ئەرمینیا، چونێتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەشیان لە بوارە جیاجیاکانی ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنان و زانستیدا و تەکنیکی و تەکنەلۆجیا و تەندروستی و فێرکردن و گەنجان و گەشتیاری و رۆشنبیری تاووتوێکرد، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە دەستەبەربکات.

لەبەرامبەردا سەرۆك خاچاتوریان خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق و کردنەوەی ئاسۆی نوێ لە بوارە جیاجیاکان و هەماهەنگیکردن لەبارەی سەرجەم پرسە جێبایەخە هاوبەشەکان، دەربڕی.

بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات

دواتر گفتوگۆی بەرفراوان لەنێوان هەردوولادا بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆکایەتی لایەنی عیراقی کرد کە لە د.فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، د.ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، خاتوو دیلان عەبدولغەفور سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان، عارف ئەلحمامی سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و گەشتوگوزارو شوێنەوار، باڵیۆز محەمەد بەحر ئەلعلوم بریکاری وەزیری دەرەوە و ژمارەیەك لە بەرپرسان پێکهاتبوو، لایەنی ئەرمینیاش سەرۆک ڤاهاگن خاچاتوریان سەرۆکایەتی دەکرد و پێکهاتبو لە بەڕێز روستام باکۆیان نوێنەری ئەنجومەنی گەلی ئەرمینیا و سەرۆکی لیژنەی دۆستایەتی پەرلەمانی، خاتوو لینا نانوشیان بریکاری وەزارەتی تەندروستی، بەڕێز هاکوب ڤاردانیان بریکاری وەزارەتی ئیدارەی خۆجێی و ژێرخان، بەڕێز ئەڤیت بۆگۆیان بریکاری وەزیری پیشەسازیی تەکنەلۆژیای پێشکەوتو، کە ژمارەیەك لێپرسراو و راوێژکاریش یاوەرییان دەکردن.

لە میانی کۆبونەوە فراوانەکەدا، سەرۆك کۆمار جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات و هەمەچەشنکردنی هاریکاری ئابوری و بازرگانی و هاندانی کۆمپانیا ئەرمەنییەکان بۆ کارکردن لە ناوخۆی عیراق و ئاڵوگۆڕکردنی سەردانی وەفدە رەسمییەکان کردەوە، کە دەبنەهۆی زیاترکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا و سود و قازانج بۆ هەردوو وڵات، هاوکات ئاماژەیکرد بەگرنگی بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی رۆڵی لیژنە هاوبەشەکان و ئیمزاکردنی رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ پێشخستنی هاریکاریی ئابوری و بازرگانی و گەشتیاری و رۆشنبیری و گواستنەوەی ئاسمانی نێوان هەردوو وڵات.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی بەدواداچوونی ئەنجامی کۆبونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی عیراق و ئەرمینیا، کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا ئەنجامدران، بە ئامانجی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری و رۆشنبیری و گواستنەوەی ئاسمانی.

باس لە بارودۆخی ناوچەکە کرا

هاوکات سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە عیراق سەقامگیری ئەمنی بەخۆوەدەبینێت، هەروەها حکومەتی عیراق بەرنامەیەکی تۆکمەی بۆ باشترکردنی ئاستی بژێوی هاووڵاتیان و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری و کەمکردنەوەی بێکاری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان داڕشتوە.

هەروەها بایەخی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ درێژەدان بە بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئایدۆلۆژیای توندڕەو رونکردەوە، کە بێ جیاوازی ئاسایش و ژیانی هەمووان دەکەنە ئامانج.

لە کۆبونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە و ئاڵنگارییە ئیقلیمی و جیهانییەکانی ئێستا کرا، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار هەڵوێستی نەگۆڕی عیراقی لە پاڵپشتیکردنی گەلی فەلەستین بۆ گەیشتن بە مافە رەواکانی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دوپاتکردەوە، هەروەها جەختیکردەوە، کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی تەواوی خۆی لەئەستۆبگرێت بۆ وەستاندنی دەستدرێژیە ناڕەواکان بۆسەر کەرتی غەزە و کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکان و دانانی سنورێک بۆ کردەوە دوژمنکارییەکان لە بەرامبەر گەلی فەلەستین.

هەروەها باسی لە رەوشی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کرد و جەختی لە هەڵوێستی عیراق کردەوە، کە داوای گفتوگۆ و ئەنجامدانی دانوستان و گرتنەبەری چارەسەری سیاسی بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکەی نێوانیان دەکات.

سەرۆکی ئەرمینیا هەوڵەکانی سەرۆککۆماری عیراقی بەرزنرخاند

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەرمینیا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پێشوازییە گەرم و میواندارییە دەربڕی و هەوڵەکانی سەرۆك کۆماریشی لە چەسپاندنی بەهاکانی ئاشتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی نێوان ئایین و بیروباوەڕەکانی بەرزنرخاند، هەروەها سەرۆك خاچاتوریان سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆك د.لەتیف جەمال رەشید دەربڕی بۆ سەردانیکردنی ئەرمینیا، کە دەنگدانەوەیەکی پۆزەتیڤی هەبوو لای هاووڵاتیانی ئەرمینیا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکەیان.

سەرۆكی ئەرمینیا ویستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق و کردنەوەی ئاسۆی نوێ لەبوارە جیاجیاکان و هەماهەنگیکردن لەسەر هەموو پرسە جێبایەخە هاوبەشەکان، دەربڕی.

سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیش، سەرۆك ڤاهاگن خاچاتوریان خواستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ دۆزینەوەی دەرفەت و میکانیزمی هاریکاری زیاتر، کە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی لەسەر بونیادبنرێت.
PUKMEDIA

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket