riklam

هه‌ولێرو به‌غدا له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌ نزیكن

کوردستان 02:35 PM - 2024-01-25
لۆگۆی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق PUKMEDIA

لۆگۆی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق

هەولێر

له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا راسته‌وخۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌كات و وته‌بێژی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمیش رایده‌گه‌یه‌نێت: "گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌ به‌ئاڕ‌استه‌ی چاره‌سه‌ر رۆیشتوون"، له‌باره‌ی پرسی نه‌وتیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ته‌نها كێشه‌ی هه‌نارده‌كردنی ماوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر عیراق بیه‌وێت هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌تواندرێت له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكرێته‌وه‌".

ته‌نها كێشه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ماوه‌

سه‌میر هه‌ورامی وته‌بێژی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ لێدوانێكیدا بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند: "گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجامێكی باش و به‌ئاڕ‌استه‌ی چاره‌سه‌ر رۆیشتوون، ته‌نها هه‌ندێك ورده‌كاری ماوه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا هه‌مواره‌كه‌ په‌سند بكرێت".

له‌باره‌ی پرسی نه‌وتیشه‌وه‌ سه‌میر هه‌ورامی رایگه‌یاند: "گرفتی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی پرسی نه‌وت، له‌سه‌ر تێچووی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنه‌كه‌یه‌تی، كه‌ ئێستا تێچووی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر كراوه‌، ته‌نها كێشه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌كه‌ی ماوه‌، ئه‌ویش خراوه‌ته‌ به‌رده‌م حكومه‌تی عیراق و محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق بۆ ئه‌وه‌ی بڕ‌یاری كۆتایی له‌باره‌وه‌ بدات".

 

كێشه‌ی مووچه‌ به‌یه‌كجاری چاره‌سه‌ر ده‌بێت

 

"ئه‌گه‌ر عیراق بیه‌وێت هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌تواندرێت له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ی توركیا بكرێته‌وه‌" سه‌میر هه‌ورامی واده‌ڵێت.

له‌باره‌ی پرسی مووچه‌شه‌وه‌ وته‌بێژی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد:" ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق ئه‌و هه‌مواره‌ی كه‌ رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ په‌سند بكات، به‌دڵنیایی كێشه‌ی دواكه‌وتنی مووچه‌ نامێنێت"، بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌ش سه‌میر هه‌ورامی وتی:" دوای گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا كه‌ 618 ملیار دیناره‌ حكومه‌تی هه‌رێم راسته‌وخۆ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌كات".

بۆ مووچه‌ 300 ملیار دینار كورتهێنان هه‌یه‌

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، رۆژی 14-1-2024  ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیدا بڕیاری له‌ناردنی بڕی 618 ملیار دیناری هه‌تا هه‌مواری یاسای بودجه‌ بۆ هه‌رێم ده‌ركرد كه‌ ده‌كاته‌ پشكی هه‌رێم كه‌ رێژه‌كه‌ی 12.67٪، هاوكات به‌پێی زانیارییه‌كانی PUKMEDIA ، حكومه‌تی هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگانه‌ پێویستی به‌ 914 ملیار دیناره‌، واتا نزیكه‌ی 300 ملیار دینار كورت هێنانی هه‌یه‌و پێویسته‌ له‌داهاتی ناوخۆ پڕبكرێته‌وه‌.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket