riklam

سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا دەکات

عیراق 09:18 PM - 2024-01-22
سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆککۆمار

سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا

سەرۆککۆمار

سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە بەڕێز ئیبراهیم کالن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیاو وەفدێکی یاوەری.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 22-1-2024 بەڕێوەچو، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سڵاوی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای بە سەرۆک کۆمار گەیاند، لەبەرامبەردا د.لەتیف جەمال رەشید سڵاوی بەوەفدی میواندا بۆ سەرۆکی تورکیا نارد و هیوای گەشەکردن و سەرکەوتنی زیاتری بۆ خەڵکی وڵاتەکە خواست. 

لە دیدارەکەدا، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پەرەپێدانیان کرا. سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکانیش، سەرۆک کۆمار جەختی لە بایەخی هەماهەنگی و راوێژ کردەوە بە تایبەت لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە بهێنێتەئاراوە.

هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەو بابەتە هاوبەشانە کرد، کە هەردوو وڵات لە بوارەکانی مێژوویی، ئابووری، بازرگانی و کلتوریدا بەیەکەوە گرێدەدەن و جەختی لە گرنگی گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی پرس و بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، کە هەردوولا خاوەنی سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی گەورەن و پێویستە وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت بۆئەوەی گەشەپێدانی هەمەلایەنە و خۆشگوزەرانی بەدەستبهێنرێت.

سەبارەت به پرسی ئاو، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی رێککەوتنی نێوان هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لەبری ئەو بەردانەوە پچڕپچڕەی، که لەلایەن تورکیاوە لە کاتە جیاوازەکاندا ئەنجامدەدرێت، لەبەرئەوەی ژمارەی دانیشتوان بەردەوام لەزیادبوندایە و پێویستی ئاو بەردەوام زیاتر دەبێت بەپێی زیادبونی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانی کەشوهەوا و بەرفراوانبونی بە بیابانبون. هیوای خۆیشی بۆ کاری پێکەوەیی و لێکتێگەیشتنی هاوبەش پیشاندا سەبارەت بە پێویستی راستەقینەی عیراق و تورکیا بۆ ئاو لەپێناو دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، هەروەک بۆ زانینی سروشتی ئەو پڕۆژانەی لەسەر هەردوو روباری دیجلە و فورات دروستدەکرێن.

سەرۆک کۆمار باسی لەو دۆخە کرد، کە عیراق پێیدا تێپەڕیوە لەوانە جەنگ و گەمارۆ و تیرۆر و ئەو قوربانیدانانەی لەپێناو عیراقێکی دیموکراسیدا دراون. جەختی لەوەشکردەوە، کە حکومەت کاری لەپێشینەی خۆی دیاریکردوە بۆ درێژەدان بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری سەرەڕای هەندێک پێشێلکاری ناوخۆیی و دەرەکی.
هەروەک سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە عیراق لەگەڵ دۆست و دراوسێکانی کاردەکات لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەری و بڕیارە سەربەخۆکانی دەوڵەتان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئاسایشی سنورەکان لەگەڵ دراوسێکان و رەتکردنەوەی ئەو کارە تاکلایەنانەی، کە ئاسایش و ئارامی تێکدەدەن.
هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر ئەو پێشێلکاریانەی دەرهەق بە پارێزگای سلێمانی و شارەکانی دیکە دەکرێن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پێشێلکاریانەی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات رونکردەوە، کە ئەو دۆخە پێویستی بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە هەیە لەچوارچێوەی بنەماکانی رێزگرتن لە سەروەریی وڵات و ئاسایشی هاووڵاتیانی.

سەبارەت بە دۆخی فەلەستین-یش، بەڕێزیان پاڵپشتی عیراقی بۆ گەلی فەلەستین دووپاتکردەوە بۆ گەیشتن بە مافەکانی و پاڵپشتیکردنی لە بەرامبەر دەستدرێژییە بەردەوامەکان، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە دەبێت دەستبەجێ دەستدرێژییەکان بوەستێنرێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئەستۆبگرێت و کارئاسانی بکرێت بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی.

لای خۆیەوە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عیراق و خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاریکاری بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەمنی و بەرەنگاربونەوەی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە سەرۆک ئەردۆغان دەخوازێت سەردانی عیراق بکات، بەڵام سەردانەکەی بەهۆی دۆخی کەرتی غەزەوە دواخراوە.

ئیبراهیم کالن ئاماژەی بەوەشدا، کە وڵاتەکەی کاردەکات بۆ پەرەپێدانی ئەو پڕۆژانەی پێشتر لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا کرابون بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی سورە لەسەرئەوەی عیراق پشکی ئاوی خۆی بەدەستبهێنێت، هەروەها لیژنەی هاوبەش هەیە لەسەر ئەم پرسە و هیوادارن پێکەوە کار بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket