riklam

داخوازی یەكێتی بۆ هاوپەیمانێتی رێگردەبوو لەبەفیڕۆدانی دەنگی كورد

کوردستان 10:01 AM - 2023-12-22
قەڵای كەركوك، لۆگۆی یەكێتی PUKMEDIA

قەڵای كەركوك، لۆگۆی یەكێتی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژاردن

بەهۆی هاوبەشی نەكردن لەگەڵ یەكێتی و هاوپەیمانێتییەكەی لە كەركوك  و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە پێنج پارتی سیاسی بوونە هۆی بەفیڕۆدانی زیاتر لە ٤١ هەزار دەنگی كورد لە كەركوك و چەندین دەنگی تر لە ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق.

 

سه‌عدی پیره‌: ده‌نگی كورد به‌فیڕۆ نه‌درایه‌ له‌كه‌ركوك خاوه‌نی 9 كورسی ده‌بووین

 

 

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا كە لە بەشی چاوپێكەوتنی سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA بڵاوكراوەتەوە رایگەیاند: "پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگەوازی بۆ حزب و لایەنە سیاسییەكان كرد كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكی یەكگرتوودا، حزبە كوردستانییەكان بتوانن زۆرترین دەنگی كەركوك كۆبكەنەوە، بەڵام بەشێكی زۆری حزبەكان بەدەم داواكەی یەكێتییەوە نەهاتن و ئەمەش بووە هۆی فەوتانی دەنگێكی زۆری كورد و ئێستا ئەنجامی ئەو بەدەنگەوە نەهاتنە دەبینین".


راشیگەیاند: "ئەگەر كورد لەناوچە كێشەلەسەرەكان بەیەك لیست بەشداربوونایە هیچ دەنگێكمان بەفیڕ‌ۆ نەدەڕۆیشت، ئەگەر پارتی و نەوەی نوێ و لایەنە ئسلامییەكان و سۆشیالیست ئەو دەنگانەیان بەفیڕ‌ۆ نەدایە، ئەمڕ‌ۆ كورد لە كەركوك خاوەنی زیاتر لە 40 هەزار دەنگی دیكە بوو، ئەوكاتە زۆر بەئاسانی بەلایەنی كەمەوە كورد كورسییەك بۆ دوو كورسی زیاتری دەهێنا و ئەگەر كورد هەموو پێكەوە وەك قەوارەیەك بوایە دەكرا 9 كورسیشمان هەبێت، بۆیە من بەچاوێك خۆشحاڵم كە كورد لە هەردوو پارێزگای موسڵ و كەركوك دەنگی یەكەمە، بەڵام قورگیشم پڕ‌ لەگریانە كە ئێمە دەنگی ترمان هەیە و نەمانتوانی سوودی لێ بینین".

 

د. رێواز فایەق: یەكێتی نەبوایە كورد كەمینە بوو

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر لەهەموو حزبەكان جێگەی قبوڵ و متمانەی دەنگدەرەكانی ناوچە جێناكۆكەكان بوو، سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: "ئەگەر یەكێتی نەبوایە رەنگە كورد لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كەمینە بوایە". 

د. رێواز فایەق سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە: "یەكێتی نەبوایە رەنگە كورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا ببوایەتە كەمینەیەكی زۆر بچوك بەتایبەت لە كەركوك، ئەمە جگە لەوە كە لایەنەكان بەدەم بانگەوازەكەی یەكێتییەوە نەهاتن و دەنگێكی زۆری كورد بەهۆی یەكنەبوونمان لەدەستچوو".


"زیاتر لە چەند جارێك، یەكێتی بەشێواز و وەفدی جیا جیا، بەپێداگری و تكاكاریی زۆرەوە، یەك یەك لە دەرگای حزبە سیاسییەكانی داو داوای لێكردن، تكایە با یەك لیستمان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ناوچە دابڕ‌ێنراوەكان، كە بێگومان ئەوەش لە لاوازی یەكێتی نەبوو، لەبێ ورەیی نەبوو، باش باش دەیزانی دۆخی لەو ناوچانە چۆنەو پشت ئەستوور بوو بە متمانەو پاڵپشتی خەڵكە ئازاو بوێرەكەی، بەڵام نەیدەویست دەنگی كورد پەرت ببێت".


یەكڕیزی نەبوونی لایەنەكان زیانی بە دەنگی كورد گەیاند

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی رایدەگەیەنێت: "بە دەمەوە نەچوونی بانگەوازەكەی یەكێتی بۆ ئەوەی لایەنە كوردستانییەكان بە یەكلیستی بەشداری هەڵبژاردن بكەن، زیانی زۆری بە حزبەكان خۆیان و دەنگی كوردیش لە ناوچەجێناكۆكەكان گەیاند، هەر بۆیە دەنگدەران لەو ناوچانە پاداشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد و لایەنەكانی دیكەیان سزادا".


لەتیف نێرۆیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ سایتی رەسمی یەكێتی PUKMEDIA، رایگەیاند: "پێش بانگەشەی هەڵبژاردن وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوامان لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد كە بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بكەین، بەداخەوە تەنها حزبی شیوعی پێشوازیان لە بانگەوازەكەی یەكێتی كرد و لایەنەكانی دیكە بە لیستی جیا بەشدار بوون، ئەمەش زیانی زۆری بە دەنگی كورد و خودی حزبەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان گەیاند".

"لە كاتی بانگەشەدا جارێكی دیكە لایەنەكانمان ئاگادار كردەوە، كە دەنگێكی زۆرتان بەفیڕۆ دەچێت و بۆ حزبەكەتان وەك ئەوە وایە بەشداری هەڵبژاردن نەكات، بۆ كوردیش زیانی زۆری دەبێت، بەڵام ئەمجارەش سوور بوون لەسەر بڕیاری خۆیان، دەنگەكانیشیان بەو شێوەیە بوو كە كۆمسیۆن رایگەیاند، بەڵام دەنگدەرانی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان بە گشتی و لە كەركوك بەتایبەتی پاداشتی یەكێتیان كرد، چونكە هەڵوێست و سیاسەتی یەكێتیان لا پەسەند بوو و لایەنەكانی دیكەیان سزادا" لەتیف نێرۆیی وادەڵێت.

 

 

د. بڕیار رەشید: ژمارەیەكی زۆر دەنگی كورد لە كەركوك بەفیڕۆدرا

 

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشنیاری هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لە ناوچە جێناكۆكەكان خستەبەردەم پارتە سیاسییە كوردستانییەكان و داوای لێكردن بە یەكەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بەڵام رەتكردنەوەی ئەو داواكارییەی یەكێتی بووە هۆی بەفیڕۆدانی سەدان دەنگی كورد لەوناوچانە.

 
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاند: "لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق ژمارەیەكی زۆری دەنگی كورد لە كەركوك بەهۆی چەند پارتێكی سیاسییەوە بەفیڕۆ چوون و بەهۆیەوە كورد دەنگێكی زۆری لەدەست داوە، كە هۆكاری بەفیڕۆ چوونی كورسییەكە لە ئەنجومەن".


"دەنگەكان كۆی گشتی زیاتر لە ٤١ هەزار دەنگە كە هی پارتەكانی نەوەی نوێ و پارتی و یەكگرتوو كۆمەڵ و سۆسیالستە، كە بەلیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە، ئەگەر لەگەڵ هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بەهاوبەش بەشدار بوونایە، كورد كورسییەكی تری مسۆگەر دەكرد"، د. بڕیار رەشید وای وت.

 

 

كاروان یاروەیس: بەهۆی فرەلیستییەوە پارتە سیاسییەكان دەنگی كوردیان بەفیڕۆدا

 

 

 

هەرچەندە دەنگەكانی یەكێتی لە خانەقین و ناوچە كوردستانییەكانی دیالە بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە، بەڵام بەهۆی پەرتەوازەیی و فرە لیستییەوە كورد دەنگێكی زۆری لەو ناوچانە لەدەستدا.

هەر لەو بارەیەوە كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی دەنگەكانی یەكێتی لە خانەقین و ناوچە كوردستانییەكانی دیالە بەڕێژەی زیاتر 50% زیادییان كردووە، بەڵام بەهۆی پەرتەوازەیی و فرە لیستییەوە كورد دەنگێكی زۆری لەو ناوچانە لەدەستدا".

"لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا دەنگدەرانی ماددەی ١٤٠ی نیشتەجێی ناوچەكانی هەرێم بەگڕوتینەوە بەشداریان كرد و رێگایەكی دووریان بڕی بۆ دەنگدان، نادادی و قەیرانی ژیان و گەندەڵی ساردی نەكردنەوە لەئەركە نەتەوەییەكانیان"، كاروان یاروەیس وای وت.


لەلایەكی تریشەوە پێشتر ئاسۆ مامەند سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ژمارە 142 لەبارەی فرە لیستی كوردەوە رایگەیاندبوو: "پێش هەڵبژاردن داوامان لە لایەنە كوردستانییەكان كرد كە بە یەك لیستی یەكگرتوو بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەین، بەڵام بەداخەوە گوێمان لێنەگیراو ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەزاران دەنگی كورد بەفیڕۆ بڕوات، بۆیە تەئكید دەكەیەنەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باوەڕی تەواوی بە شەراكەتی راستەقینە لە حكومڕانیدا هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا دەرگای بۆ لایەنەكان كردووەتەوە، چونكە بۆ یەكێتی خزمەتی كەركوكییەكان گرنگە".

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket