riklam

ئاڵای كوردستان ناسنامەی نەتەوەیەكە

کوردستان 09:08 AM - 2023-12-17
 ئاڵای كوردستان PUKMEDIA

ئاڵای كوردستان

كوردستان

ئاڵا نیشانە وناسنامەی نەتەوە و هەبوونی گەلانە، ئەمڕۆ هەموو گەل نەتەوەیەكی خاوەن وڵاتی سەربەخۆ و بێ وڵات خاوەن ئاڵای تایبەت بەخۆیانن، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و پارت و رێكخراوە سیاسییەكانی جیهان و دام و دەزگا فەرهەنگی و ئابوورییەكان و شارەوانییەكان و زانستگاكان و كۆمپانیا بازرگانییەكان و كۆمپانیا تەكنەلۆژیاكان و یانە وەرزشییەكان و فێستیڤاڵ و بۆنە و یادەكانیش خاوەن ئاڵا و نیشانەیەكی تایبەتی خۆیانن.

ئاڵای هەر نەتەوە و وڵاتێك لەگەڵ ئاڵای هەر نەتەوە و وڵاتێكیتر جیاوازە، بەهەمان شێوە ئاڵای رێكخراوە و دام و دەزگانیش لەگەڵ یەكتری جیاوازن، هەریەكەیان خاوەن رەنگ و شێوە و واتای جیاواز و تایبەت بەخۆیەتی.


واتاو هێمای هەندێك لە رەنگە سەرەكییەكانی ئاڵاكان لە لایەن پسپۆڕانی ئاڵاناسی Vexillology بەمجۆرە لێكدراونەتەوە:

رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەكسانی.
 
رەنگی زەرد: رووناكی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.

رەنگی سپی: ئاشتی، ئارامی، ئاگربەست.

رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتی.

رەنگی شین: ئاو، ئاوەدانی، دەریا، ئاسمان، ئازادی.

رەنگی نارنجی: ئازایی، خۆبەختكردن، قوربانیدان.

رەنگی رەش: پرسە، مەرگ، نەمری.


تەمەنی دروستبوونی ئاڵا
تەمەنی دروستبوون و هاتنە كایەی ئاڵا دە گەڕێتەوە بۆ زیاتر 4000 (چوار هەزار) ساڵ لە مەوبەر، بۆ یەكەمجار ئاڵا لەلایەن ئمپراتۆریەتەكانی سەر خاكی ئێران و میزۆپۆتامیا (كوردستانی ئەمڕۆ) هەڵدراوە، سەرەتا سۆمەرییەكان و ئاسورییەكان و میدیاكان، هەروەها هاخەمەنیشییەكان و ساسانییەكان و میسرییەكۆنەكان. دواتریش شارنشینە یۆنانییەكان و قەیسەرەكانی ژاپۆن و چین ئاڵایان هەڵداوە.


بەگوێرەی زانستی ئاڵاناسی یەكەم ئامانجی دروستكردنی ئاڵا بۆ بانگەوازی و رێنماییكردن بووە، یاخود ئاڵاكان تەنیا وەك هێمایەك بوون، زۆربەشیان پەیامێك بوون بۆ تاكە كەس یاخود بۆ دەستە و كۆمەڵە كەسێك.

 كاتێك ئیپمراتۆرییەتە كۆنەكانی جیهان لە كاتی شەڕ و سەركەوتنەكانیاندا، بەر لە هەموو شتێك ئاڵای دوژمنەكانیان داگرتووە و ئاڵاكانی خۆیانیان لە جێگەیدا بەرزكردووەتەوە، بەو واتایە یەكێكیتر لە هێما سەرەتاكانی ئاڵا بۆ نیشاندانی سەركەوتن هەڵدراوە.


جگە لەوەش ئاڵای هەر ئیمپڕاتۆرییەت و هۆزێك جیابووە، ئاڵای هەر یەكەیان نیشانە و واتایەكی تایبەت بەخۆی تێدابووە و رەنگێكی جیاوازبووە.


هەر لە كۆنەوە و تا ئەمڕۆش ئاڵاكانی جیهان زۆرترینیان لە نیشانەكانی ناو سروشت و دەوروبەر پێكهاتوون وەك هەبوونی: (ئەستێرە، مانگ، خۆر، ئاو، دار، چیا، گوڵ، باڵندە، گیانەوەر....)، جۆر و پێوانەی ئاڵاكانی كۆن وەك ئێستا نەبوونە، بەڵكو لە شێوەی ناڕێك، نیمچە بازنەیی، سێ گۆشەیی.... كە لە تەختە دارێكی درێژ یاخود لە ماددەی كانزایی یانیش لە پێستی ئاژەڵ دروستكردەكران، رەنگەكانی ئاڵاش لە گەڵا و لە خوێنی ئاژەڵ و لە رەژووی ئاگر دروستدەكران.

هەندێك ئاڵاش تەنیا لە پەڕی باڵندە دروستدەكران، یاخود تەنیا باڵندە و ئاژەڵی وشككراو... لە جیاتی ئاڵا دەكران بە نیشانە و هێماكانیان و بە تەختە دارێكی درێژ و بەرز هەڵدەواسران، یاخود بە هەمان شێوە پەیكەر یانیش تەختەدارێكی هەڵكەندراو لە نەخش وەك ئاڵا بەرزدەكرانەوە. لەگەڵ بەرەو پێشەوەچوونی هەنگاوەكانی ژیان شێوەكانی ئاڵاش گۆڕدران، كە ئەمڕۆ ئاڵا لەسەر پارچە قوماش و لەسەر كاغەز و كارتۆن چاپ دەكرێن.


كۆنترین ئاڵا
كۆنترین ئاڵای نیشتمانی ئاڵای دانیماركە كە لە ساڵی 1219 دروستكراوە، ئاڵای وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1776 دروستكراوە و بەردەوام گۆڕانكاری تێداكراوە و ساڵ بە دوای ساڵ ژمارەی ئەستێرەكانی ناو ئاڵاكە زیادیكردووە تا لە ساڵی 1959 لە گۆڕان وەستاوە و لەوساوە تا ئێستا لە 50 ئەستێرە و 13 هێلی سوور و سپی پێكهاتووە.

چیرۆكی هاتنە كایەی ئاڵای هەر نەتەوە و وڵاتێكیش خاوەن مێژوویەكی درێژ و دوورە، ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە لەسەر هەڵوەستە بكەین ئاڵای ئەمڕۆی كوردستان و مێژووی ئاڵاكانی ناو گەلی كوردە.


ئاڵای دەوڵەتی زەند
كەریم خانی زەند (1705-1779)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی زەند كە خۆی و بنەماڵەكایەن لە ماوەی (1750-1794) فەرمانڕەوایی ئێرانیان كرد، خاوەن ئاڵایەكی تایبەت بە خۆیان بوون كە لە شێوەیەكی سێگۆشەیی پێكهاتبوو لە سەر زەمینێكی سپی هەتاو لە پشت شێرێكەوە دەبینرا و لەسەر هەرسێ لای ئاڵاكەشدا هێڵێكی باریكی سەوز هەبووە.


ئاڵای میرنشینەكانی كوردستان
میرنشینەكانی كوردستان هەریەكەیان لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندی سەربەخۆ یاخود نیمچە سەربەخۆبوون. كورد لە ماوەی سەدەی دەیەمی زاینی تاكو كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم خاوەنی ژمارەیەكی زۆر میرنشین بووە وەك میرنشنی (شەدادی، مەروانی، بابان، ئەردەلان، بێدلیس، سۆران، هەكاری، بادینان، لوڕی گەورە، لوڕی بچووك، حەسەنكێف، بۆتان....هتد، كە هەندێك لە میرنشینەكان تەمەنیان كەمتر لە سەدەیەك بووە و ئەوانیتریش تەمەنیان لە نێوان یەك سەدە تاكو حەوت سەدە بووە.

بەشێك لە میرنشینە كوردییەكان لە سەدەی هەژدە و نۆزدە خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندی سەربەخۆ بوون وەك بەرزكردنەوەی ئاڵا، لێدانی سكەی پارە، دروستكردنی خوێندنگا و مزگەوت، دروستكردنی كەلوپەلی سەربازری وەك تۆپ و چەك، هەوڵدان بۆ فراوانكردنی سنووری میرنشینەكەیان.

 میرنشینی بۆتان و میرنشینی سۆران دووان لە میرنشینە بەهێز و ناسراوەكانی مێژووی كوردستانن كە شوێنەگەی دیرۆكی و جوگرافیان كەوتۆتە ناو ئینسكلۆپیدیا و ئەتڵەسە كۆنەكانی جیهانەوە.

میرنشینی سۆران بوو كە پایتەختەكەی رەواندوز بوو، لەسەردەمی پاشای گەورەخاوەن ئاڵایەكی تایبەت بە خۆی بووە كە لە دوو رەنگی رەش و سپی پێكهاتبوو، رەنگی رەش لە بەشی سەرەوەی و رەنگی سپی لە خوارەوەی ئاڵاكەی هەڵكەوتبوو.


ئاڵای راپەڕینی قۆچگیری 1921
دوای ئەوەی كوردەكانی قۆچگیری لە هەرێمی دێرسیمی باكووری كوردستان ئامادەنەبوون بچنە ژێر ركێفی توركەكان و داخوازییەكانی مستەفا كەمالەوە، رووبەرووی هێزەكانی تورك بوونەوەو و ئاڵای سەربەخۆیی خۆیان هەڵدا.


ئەو ئاڵایەش لە ژێر كاریگەری ئاڵاكەی ساڵی 1919ی (كۆمەڵەیا رێكخستنا جڤاكی) دروست كرابوو.


ئاڵای حكومەتی كوردستانی خواروو 1922
‎لەپاش ئەوەی كە ئینگلیزەكان ناچاربوون سەر بۆ ویستی گەلی كورد دانەوێنن، شێخ مەحمودی حەفید (1882-1956) یان لە هیندستان گەڕاندەوە بۆ كوردستان، شێخ مەحمود لە رۆژی 30/9/1922 گەیشتەوە شاری سلێمانی و هەر زوو تەنگی بە هێزەكانی ئینگلیز هەڵچنی و ناچاریكردن، كە شاری سلێمانی بەجێبهێڵن، ئەوەبوو لە ئۆكتۆبەری ساڵی 1922 شێخ مەحمود ئاڵای كوردستانی هەڵكرد و (حكومەتی خوارووی كوردستان)ی راگەیاند و هەردوو رۆژنامەی (بانگی كوردستان) و (رۆژی كوردستان) یش لەلایەن حكومەتی خوراووی كوردستان بڵاوكرانەوە، ئەو ئاڵایەی كە لەلایەن حكومەتی خوارووی كوردستان بە رێبەرایەتی شێخ مەحموود هەڵدرا پێكهاتبوو لە زەمینێكی سەوز و مانگێكی سپی لەسەر رەنگی سوور لە ناوەڕاستی ئاڵاكەدا.
 

ئاڵای راپەڕینەكەی ئاگری 1929-1930
‎لە سەردەمی راپەڕینەكەی چیای ئاگری بەڕێبەرایەتی ئیحسان نووری پاشا، رۆشنبیرە كوردەكانیش ئاڵایەكی تایبەت بە خۆیان داڕشت، كە رەنگی سەوز لەسەرەوە و رەنگی سوور لە خواروە و رەنگی سپی لە ناوەڕاستدا و لەسەر رەنگە سپییەكەش وێنەی چیای ئاگری لەسەر خۆرێكی زەرد كێشرابوو، ئەم ئاڵایەش تایبەتبووە بە راپەڕینەكە، جگە لە ئاڵای نەتەوەیی كوردستان كە هەر لەوسەردەمەدا هەڵدرابوو.


كۆماری كوردستان ئاڵای كۆماری كوردستان لە مەهاباد 1946
‎لە سەردەمی دووەم شەڕی جیهانی و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی كوردی لە ئێران و پاشانیش راگەیاندن و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە رۆژی 22/1/1946 كە شاری مەهاباد پایتەختەكەی بوو، ئاڵای سەربەخۆیی كوردستان هەڵدرا، كە هەمان ئەو ئاڵایە بوو لە ساڵی 1919 لەلایەن رێكخراوی (كۆمەڵەیا رێكخستنا جڤاكی كوردستان) دروستكرابوو هەرچەندە هەندێك كەس پێیان وایە ئەو ئاڵایەی ئێستا كوردستان هەمان كۆماری كوردستان)" ئاڵای كۆماری كوردستانی 1946ە. هەرچەندە تا ئێستاش سەبارەت بە ئاڵاكەی ساڵی 1946 گفتوگۆ هەیە.

لەڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە نەغەدەی رۆژهەڵاتی كوردستان، شەهید محەمەد قودسی ئەم وتارەی پێشكەشی ئامادەبووان كردووە لەپیرۆزی ئاڵای كوردستان دەدوێت‌ و تیشك دەخاتە سەر ڕەنگە جوانەكانی ئاڵای كوردستان، داوا دەكات بەخوێنمان بیپارێزین.
 

ئاڵای كوردستان

‎وتاری شەهید محەمەد قودسی ...

‎گەورەكانم ! ئەی گەلی بەشەرەف ! خۆشەویستان و ڕاوەستاوان !

‎ئەی كرێكارو فەلاح و سەپان و پاڵەی كوردی بەنرخ !

‎رۆژەها بەسەر شۆڕشی میللی پیرۆزی كورد هەڵات و تیری دوژمن كەللەو سینگی بەچكە شێرانی كوردی پێكا و خاكی كوردستان لاشەی جەوانانی گرتە باوەش، چیاو دۆڵ و دەشتەكانی كوردستان پڕە لەگۆڕستانی دلێران و نەبەزانی كورد كەلەپێناوی ڕێگای ئازادیدا، لەپێناوی هەڵكردنی ئاڵای موقەدەسی كوردا گیانی پاكیان لەلاشەیان جیا بووە.

ئەی برای كورد... شۆڕشەكانی دیاربەكر، دەرسیم، سلێمانی، ئامێدی، بارزان هەموو نیشانەی ئەو جەوانمەردییەیە كەبۆ ئازادی كراوە ئەمڕۆ كورد بەچنگی ئاسنینی خۆی ئەو ئاڵا پیرۆزە هەڵدەكا، بەڵێ‌ ئەو ئاڵایە هەڵدەكات كەلەسەرەتای مێژووە وە كورد خۆی بۆ بەخت دەكات.

برایان... پیرۆزبایی خۆم پێشكەشی هەموو كوردێك و هەموو میللەتێكی ئازادیخواز دەكەم.

‎ئەی برای كورد... ئەزانی ئاڵای خۆشەویست چ ئامۆژگاریەكت دەكا؟

‎ئەڵێ‌ بۆ كۆبوونەوەیەكی بێ‌ جیاوازی گەورە و بچوك، ئاغا و كرێكار، قوتابی و شوان و فەلاح و ژن و پیاو، منداڵو كچ... هەموو پێكەوە بەیەك دڵ بۆ یەك ئامانج تێدەكۆشین هەوڵ دەدەن... دیسان دەڵێ‌:

‎ڕەنگی سوورم.... نیشانەی جەنگاوەری و نەبەزی گەلی كوردە.

‎ڕەنگی سپیم.... دەڵێ‌ میللەتی كوردی نەجیب گیانێكی پاك و راستی هەیە.

‎ڕەنگی سەوزم.... هاوار دەكا خاكی كوردستان پڕە لەدەغڵ و دان و كانگای زێڕو زیوە.

‎ئەی كورد هەموو بەگیانێكی خاوێنەوە و بیروەرییەكی پاك راستەوە هەموو پێكەوە كەڵك لەكوردستان وەرگرن.

‎دیسان دەڵێت:
‎ئەی فەللاح... ئەی كرێكار و پاڵەی كورد دڵت لەخۆ دانەمێنێ‌ لەسەر نیشانەی پاكی و راستی نیشانەی تەقەڵا و هەوڵی دەستی تۆ ئەو دوو گۆڵە گەنم و جۆیە هەمیشە بەپێش چاوتەوە پێت ئەڵێن هەوڵ بدە ئیش بكە و وڵاتت بڵند بكەرەوە.

‎ئەی كورد.... دیسان ئاڵاكەت ئەڵێ‌ و ئەمرت پێدەكات سەركەوتنت و گەورەییت لە خوێندنایە، ژن و پیاو و كوڕ و كچ بەجارێ‌ بخوێنن چونكێ‌ خوێندن هەموو میوەیەكی خۆش و زیندەگانی پێوەیە، كردگاریش تیشكی رۆژی خۆی بەسەر هەموو سیفاتی جوانی ئینسانیدا بڵاوئەكاتەوە و جوانتری ئەكا.

‎ئەی كورد ئێمەش بەرامبەر بە ئامۆژگارییەكانی دەڵێین:

‎ئەی ئاڵا پەیمانت دەدەینێ‌ هەموو پێكەوە بەیەك دڵ بەتەنێكی ئاسنینەوە هەوڵ بدەین ببیینە سپەرد ،ڕاست بین ئیش بكەین، بخوێنین.

‎ئەی كورد ئاڵا رەمزمانە لەدوای هەڵكردنی نرخی هێنانە خوارەوەی قوربانیكردنی هەموو میللەتی كوردە.

‎ئیتر بژی كورد و كورستان.

ئاڵای ئەمڕۆی كوردستان

سەرەتای دروستبوونی ئاڵای كوردستان

سەرەتای دروستبوونی ئەو ئاڵایەی كە ئەمڕۆ وەك ئاڵای كوردستان و نەتەوەی كورد دەناسرێت دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی سەدەی بیستەم، كاتێك كۆمەڵ و رێكخراوە كوردییەكان لە ئەستەنبوڵ خەریكی دامەزراندنی كۆمەڵ و دەركردنی گۆڤار و رۆژنامەی كوردی بوون، لە هەمان كاتیشدا لە هەوڵی دروستكردنی ئاڵایەكی نەتەوەیی بوون بۆ كوردستان.

ساڵی 1919 (كۆمەڵەیا رێكخستنا جڤاكی كوردستان) كە لە ئەستەنبوڵ لەلایەن ژمارەیەك رووناكبیر و سیاسەتمەدار و كەسایەتی ناسراوی ئەو سەردەمەی كورد دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندنی خۆی ئاڵای نەتەوەیی كوردستانی دروستكرد و داوای سەربەخۆیی كوردستانی دەكرد.

 ئەو كەسانەی بەشداریان لە دامەزراندنی رێكخراوەكە و ئاڵای نەتەوەیی كوردستان كرد بریتیبوون لە: ئەمین عالی بەدرخان (جزیرە بۆتان)، دكتۆر عەبدوڵڵا جەودەت (عەرەبگیر)، ئەكرەم جەمیل پاشا (ئامەد)، مەولانا زادە رەفعەت بەگ (سلێمانی)، نەجمەدین حوسێن (كەركوك)، كەمال فەوزی (بێدلیس)، شوكری بابان (سلێمانی)، مەمدوح سەلیم (وان)، حیكمەت بابان (سلێما فوئاد بابان (سلێمانی)، دكتۆر شوكری محەمەد و فەرید بەگ.

ئەو ئاڵایەی كە ئەمڕۆ بۆمان ماوەتەوە هەمان ئەو ئاڵایەیە كە ئەو رێكخراوە نزیكەی 90 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری لەسەر دابوو، بە گوێرەی ئەو ئاڵایە رەنگی سوور لەسەرەوە و رەنگی سەوز لە خوارەوە و رەنگی سپی لە ناوەڕاستدا و لەسەر زەمینە سپیەكەش خۆرێكی زەرد دەدرەوشایەوە.

 بەگوێرەی نووسراوێكی نوورەدین زازا، ئەو بەچاوی خۆی بینویەتی كە هەمان ئەو ئاڵایە لەسەردەمی راپەڕینەكەی ساڵی 1925ی باكووری كوردستان لە جێگای ئاڵای توركیادا بەرزكراوەتەوە، لە یەكەم كۆبوونەوەی دامەزراندنی رێكخراوی (خۆیبوون)یش هەمان ئاڵا لە ساڵی 1927 دووبارە وەك ئاڵای كوردستان بڕیاری لەسەردراوەتەوە. بۆ یەكەمجاریش ئەم ئاڵایە لە ساڵی 1928 لە شاری فیلادەلفیا لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر بەرگی كتێبێكی میر سوورەیا بەدرخان بەناوی (The Case of Kurdistan Against Turkey، By authority of Hoyboon، Philadelphila، 1928) بەزمانی ئینگلیزی چاپكراوە كە لە ژێر ئاڵاكەشدا نووسراوە (Flag of Kurdistan). ئەم ئاڵایە لەسەردەمی راپەڕینەكەی چیای ئاگریش هەڵدراوە، جگە لە هەبوونی ئاڵایەكی تایبەتی بە راپەڕینەكە.

 (كۆمەڵەی ژێكاف) یش لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە ساڵی 1942 بەدوا هەمان ئاڵای لە بۆنە و یادەكاندا لە شاری مەهاباد بەرزكردووەتەوە.

 ئەگەرچی ئەو ئاڵایە لەسەردەمی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بوونی هەبووە، بەڵام كۆمارە یەك ساڵیەكە خاوەن ئاڵایەكی تایبەت بە خۆی بووە كە زۆر نزیك بووە لە هەمان ئەو ئاڵایە. دكتۆر كامەران بەدرخانیش هەمان ئاڵای ساڵی 1919ی وەك ئاڵای كوردستان نیشانی وڵاتانی ئەوروپای داوە.

لە ساڵەكانی 1960یشدا (كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا) لە چەند بۆنە و یادێكدا هەمان ئاڵای كوردستانیان بەرزكردووەتەوە و رەوەندی كوردی هەموو بەشەكانی كوردستانیش لە ساڵانی 1970 بەدوا ناو بەناو لە بۆنە و یادەكاندا هەمان ئەو ئاڵایەیان وەك ئاڵای كوردستان بەرزكردووەتەوە لەساڵی 2009 دا پەرلەمانی كوردستان‌‌ بڕیاریدا كە رۆژی 17 ی كانوونی یەكەمی ھەموو ساڵێك وەكو رۆژی ئاڵا دیاری بكرێت و لەو رۆژەدا سەرجەم ئاڵاكانی سەر دامودەزگاكانی ھەرێمی كوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بكرێنەوە.

ھۆكاری دانانی ئەم رۆژەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە 17ی كانوونی یەكەمی 1947 ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی كۆماری مەھاباد ھەڵكرا.

ئاڵای كوردستان لە لاكێشەی ئاسۆیی پێكھاتووە، لاكێشەی سەرەوە رەنگی سوورە كەوەك ئاماژەیەك بۆ خوێنی شەهیدان دانراوە، ئەوەی ناوەند رەنگی سپییە كە ئاماژە بەئاشتی و ئارامییە، لاكێشەی خوارەوە رەنگی سەوزە كە هێمای سەوزی كوردستان و وەرزی بەهارە. بەرینی ئاڵا دوو لەسەر سێ درێژییەكەیەتی.

دروشمی نەتەوەیی ئاڵای كوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە 21 پەڕ (تیشك)ی یەكسان و ھاوشێوەی ھەیە، بە لەبەرچاوگرتنی دوو لەسەر سێ یەتی قەبارەی ئاڵا، خۆری زێڕین بە پەڕەكانییەوە یەك پێوەرە و بەبێ پەڕەكان نیو پێوەر، ئەم پەڕانە شێوەیان راستە و لە دەرەوە خالێكی تیژ دروست دەكەن.

خۆرەكە دەبێ رێك لە‌ چەق (ناوەندی) ئاڵای كورستان جێگیر بێت، خۆر بەشێوەیەك جێگیر كراوە كە ستوونی ناوەندی ئاڵا بە ناو خاڵی تیژی بەرزترین پەڕ(تیشك) تێدەپەڕێت ئەم 21پەڕەش ئاماژەیە بۆ 21 ی 3ی هەموو ساڵێك كەسەرەتای ساڵی كوردییە.

PUKmedia كاوان ئەحمەد حەمەساڵح هەڵەبجەیی

 

 سەرچاوەكان
‎1-كورتەیەكە لە لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوانتر سەبارەت بە  سەرهەڵدانی ئاڵا و مێژووی ئاڵاكانی كوردستان.
‎2-پەرتوكی (مێژووی ئالای كورد و كوردستان) وەرگیراوە
‎3-سایتی ویكپیدیا
‎4-پرۆفسێۆری یاریدەدەر دكتۆر پشكۆ حمە تاهیر ئاغجەلەری ،ئاڵای هەرێمی كوردستان، ئالای كوردستانە؟:
‎5- رێبوار رەمەزان عەبدوڵڵا كتێبی (لەشەهیدانی رێگای نیشتمانەوە..چوار ئەفسەری قارەمان) لاپەرە (28و 29)
‎6-جەمالی دەلاك :ئاڵای كوردستان بەسوپاسەوە لە فەیسوكەكەیەوە وەرگیراوە

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket