riklam

سەرۆککۆمار: کۆمەڵەیەکی هەرێمی بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا پێکبهێنرێت

عیراق 04:20 PM - 2023-12-01
سەرۆککۆکمار PUKMEDIA

سەرۆککۆکمار

سەرۆککۆمار

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید لە دوبەی بەشداری لەکارەکانی خولی 28ەمینی کۆنفرانسی لایەنەکان بۆ کەشوهەوا لەناو پەیماننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەشوهەوا (COP28) کرد، کە لە ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو-دوبەی، بەڕێوەدەچێت.

 

ئەمڕۆ هەینی 1-12-2023 لە میانەی کۆنفرانسەکەدا، کە سەرۆک و سەرکردەکانی زیاتر لە 180 وڵات بەشدارن تێیدا، سەرۆک کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختیکردەوە لەوەی پێویستە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی دوبەی بۆ کەشوهەوا، گشتگیر و هاوسەنگ و دادپەروەرانە بێت لەڕووی هەڵسەنگاندن و ئامانجی جیهانی بۆ خۆگونجاندن لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی هاوبەش، بەڵام جیاواز و بەپێی توانا و بارودۆخی نیشتمانی هەر وڵاتێک بۆ بەدیهێنانی گواستنەوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بەرەو وزەی پاک و نوێبوەوە و بەردەوام و زیادکردنی ئاستی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بەڕەچاوکردنی پێویستی وڵاتە تازە گەشەکردووەکان لە دەستگەیشتن بە دارایی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و بونیادنانی توانا و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا.

 

هەروەها سەرۆک کۆمار رونیکردەوە، عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رێژەی بڵاوبونەوەی گازەکانی گەرمبونی زەوی-یان کەمە، بەڵام یەکێکە لە وڵاتە لاوازەکانی جیهان بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتی لە کەرتی ئاو و کشتوکاڵدا، لەم چوارچێوەیەشدا وڵات روبەڕوی قەیرانێکی زۆر گەورەی ئاو بوەتەوە، ئەویش بەهۆی کەمبونەوەی گەیشتنی ئاو لە وڵاتانی سەرچاوەی ئاوەکانەوە و کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا و شێوازی ئاودێری کۆنە، کە بۆتەهۆی هەڕەشە لەسەر کلتوری شارستانی و  ئێستا و ئایندەی نەوەکانی داهاتومان. 

 

بەڕێزیان ئاماژەیکرد بە پێویستی پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی هەرێمی له هەشت وڵاتەکەی کەنداو بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگی هەوڵدانی زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی وەک یەک گروپی دانوستاندن و خاوەن هەڵوێستی یەکگرتوو بۆئەوەی ئاستەنگەکانی داهاتووی کەشوهەوای ناوچەکە بۆ جیهان بخەنەڕو هەروەها مافی گەلەکانیان مسۆگەر بکەن.

ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆک کۆمارە:

خاوەن شکۆ و سەرۆک و خاوەن پایە و سەرکردەکان

سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت... 

جوانترین سڵاو و رێزی عیراق-تان پێشکەش دەکەم، وڵاتی میزۆپۆتامیا، لانکی شارستانییەتە مرۆییەکان کە یاسا و زانست و زانیاری پێشکەشکرد، یەکەمین سەرزەمین بوو یاساکانی بە سودوەرگرتن لە کلتوری سروشتی لە روبارە گەورەکانی دیجلە و فورات  داڕشت، کە ئەمڕۆ بەهۆی چەندین کاریگەرییەوە لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا، هەڕەشەی وشکبون و کەمبونەوەی ئاستی ئاویان لەسەرە.

 

عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رێژەی بڵاوبونەوەی گازەکانی گەرمبونی زەوی-یان کەمە، بەڵام یەکێکە لە وڵاتە لاوازەکانی جیهان بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتی لە کەرتی ئاو و کشتوکاڵدا، لەم چوارچێوەیەشدا وڵات روبەڕوی قەیرانێکی زۆر گەورەی ئاو بوەتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەستییەوە دەناڵێنین بەهۆی کەمبونەوەی گەیشتنی ئاو لە وڵاتانی سەرچاوەی ئاوەکانەوە و کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا و شێوازی ئاودێری کۆنە، کە بۆتەهۆی هەڕەشە لەسەر کلتوری شارستانی و ئێستا و ئایندەی نەوەکانی داهاتومان، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە وشکبونی زۆنگاوەکانی باشوری عیراقە، کە لە لیستی کەلەپوری جیهانیدا تۆمارکراون. 

 

لێکەوتەکانی خراپی کەشوهەوا لە عیراقدا وەک بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ بەرزترین ئاست و کەمبونەوەی باران بارین، کاریگەرییان هەیە لەسەر فراوانبونی روبەری وشکەساڵی و بە بیابانبون و کەمبونەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و خراپبونی زەوی و زیادبونی زریانی خۆڵبارین و لەدەستدانی سەرچاوە سروشتییەکان، ئەمانەش هەمویان بونەتەهۆی هاتنەئارای ئاستەنگە ئابورییەکان، کە زیادبونی هەژاری و زیادبونی رێژەی ئاوارەبونی ناوخۆیی و کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵاتی لێکەوتۆتەوە.

 

ململانێی پەیوەندیدار بە ئاو نوێ نییە و دۆخی عیراق وەک وڵاتێک کە ئاوی تێدەڕژێت، دەگمەن نییە، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو، داوا دەکەین گفتوگۆکانتان لەبارەی لەدەستدان و زیانەکان لە مافە دادپەروەرانەکانی وڵاتانی خوارەوەی روبارەکان لەخۆ بگرێت بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی ئاویان، چونکە بەبێ ئاسایشی ئاوی، ئاسایشی خۆراک بوونی نییە.

 

لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین، کە باپیرانمان لە میزۆپۆتامیا چییان کردووە، 4500 ساڵ لەمەوبەر چارەسەری ئەم کێشەیەیان دۆزییەوە بە ئەنجامدانی یەکەم رێککەوتن بۆ دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئاو لەڕێگەی دانوستانەوە. ئەمڕۆش ئێمە لەسەرئاستی جیهانی بەدوای هەمان چارەسەردا دەگەڕێین لەڕێگەی کۆمەڵێک رێککەوتنەوە، کە دواهەمینیان پەیماننامەی پاراستن و بەکارهێنانی بەردەوامی ئاوی تێپەڕیوە، کە کاردەکەین بۆ پەسندکردنی و چالاککردنی بە زووترین کات.

 

عیراق لەم بابەتەدا دواکەوتوە، چونکە تا ساڵی 2009 بەشداری لە رێککەوتننامەی کەشوهەوادا نەکردوە، ئەوەش بەهۆی پشتگوێخستنی ژینگە بوە لەلایەن رژێمی پێشوەوە، بەڵام ئێمە سورین لەسەرئەوەی بە هەنگاوی خێرا بەرەو پێشەوە بڕۆین بۆئەوەی ئەرکی سەرشانمان جێبەجێ بکەین.

 

عیراق بەڵگەنامەی بەشداریی نیشتمانیی دیاریکراوی (NDC) پێشکەشکرد بۆئەوەی ببێتە سیاسەتێکی باڵا بۆ پەرەپێدانی خۆڕاگری بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، کە پلانی داهاتومان دادەڕێژێت بۆ کەمکردنەوە و خۆگونجاندن و بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام لە ساڵی 2030دا.

 

لەم چوارچێوەیەدا ئامادەکردنی دووەم راپۆرتی راگەیەندراوی نیشتمانی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و راپۆرتی نوێکراوەی هەر دوو ساڵ جارێک لەسەر لیستی بڵاوبونەوەی گازەکان لە عیراقدا ئامادە دەکرێت، کە رەنگدانەوەی پابەندبونێکی ئاشکرای عیراقە لە بەشداریکردنی جیهان لە پابەندبونە ژینگەییەکانی. 

 

لەم روانگەیەوە، حکومەتی عیراق، رێوشوێنی خێرای جێبەجێکاری لە ئەستۆگرتوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وزەی پاک و نوێبوەوە، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی نەوت و راگرتنی سوتانی گاز و سودوەرگرتن لێی تا گەیشتن بە نەهێشتنی دەردانی گازی پەیوەست لەساڵی 2030دا، سەرەڕای کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمکەرەوەکان لە سیستمی کارەبادا لە رێی باشترکردنی توانای.

 

متمانە و باوەڕی تەواومان هەیە، کە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی دوبەی بۆ کەشوهەوا، گشتگیر و هاوسەنگ و یەکسان دەبێت بۆ هەموو وڵاتان بەتایبەتی لە بابەتەکانی هەڵسەنگاندنی جیهانی، گواستنەوەی دادپەروەرانە، سندوقی لەدەستدان و زیانەکان، ئامانجی جیهانی بۆ خۆگونجاندن لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی هاوبەش، بەڵام جیاواز بەگوێرەی توانا و بارودۆخی نیشتمانی هەر وڵاتێک بۆ بەدەستهێنانی گواستنەوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە بەرەو وزەی پاک و نوێبوەوە و بەردەوام و نەرمی نواندن بۆ خۆگونجاندنی زیاتر لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی وڵاتانی تازە گەشەسەندو بۆ دەستڕاگەیشتن بە کۆمەکی پەیوەست بە کەشوهەوا و بونیادنانی تواناکان و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا.

 

سەبارەت بە ناوچەکەمان، عیراق و وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو لە هێڵی پێشەوەن بۆ روبەڕوبونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. تەنانەت ئەگەر جیهان بتوانێت ئامانجەکانی رێککەوتننامەی پاریس بەدەستبهێنێت و بەرزبونەوەی تێکڕای پلەی گەرما سنورداربکات بۆ ژێر دوو پلە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەتایبەتی لە کەناراوەکانی کەنداو، ئەم سنورە بە چەند پلەیەک تێدەپەڕێنێت. 

 

ئێمە ئێستا بەدەست بەرزبونەوەی پلەی گەرما، زریانی خۆڵبارین، کەمی ئاوەوە دەناڵێنین و هەموو ئەم گۆڕانکارییانە سنورەکانی وڵاتان ناناسن. هەروەها وڵاتەکانمان پشت بە سوتەمەنییە بەردینیەکان دەبەستن بۆ ئابورییەکانیان، ئەوەش بەشێکە کە بارودۆخی تایبەتی لەلایەن رێککەوتنی کەشوهەواوە لەبەرچاو دەگیرێت. هەر کردەوەیەک کە لەلایەن هەر یەکێک لە ئێمەوە ئەنجام بدرێت، لە بواری کەمکردنەوەدا بێت یان لە بواری خۆگونجاندندا، کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت و بۆ وڵاتانی دیکە درێژدەبێتەوە. ئێمە هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە بەشداریکردنی پێکەوەیی لە هەوڵەکانمان و بە هەموو تواناکانمان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. 

 

بۆیە لەم سەکۆیەوە داوا لە وڵاتانی دراوسێ لە کەنداو دەکەین، هەوڵی زیاتر بدەن بۆئەوەی پێکەوە وەک یەک گروپی دانوستاندن و بە هەڵوێستێکی یەکگرتوەوە هەوڵبدەین ئاستەنگەکانی داهاتووی کەشوهەوامان بۆ جیهان نیشان بدەین و هەوڵبدەین مافەکانی گەلەکەمان مسۆگەر بکەین و کۆمەڵەیەکی هەرێمی دامەزرێنین، کە هەشت وڵاتی کەنداو لەخۆبگرێت، لەکاتێکدا بەراورد بە وڵاتانی دیکە، زۆرترین کاریگەری گۆڕانکاری مەترسیداری کەشوهەوایان لەسەر دەبێت.

 

لە کۆتاییشدا، ئیدانەی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی سەر کەرتی غەزە و هاووڵاتییەکانی دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لەبەرامبەر ئەو شەڕانگێزییە بوەستنەوە. دوبارە هەڵوێستی خۆمان لەبارەی دۆزی فەڵەستین رادەگەیەنین و دوپاتیدەکەینەوە، کە گەلی فەڵەستین مافی چارەی خۆنوسینی هەیە.
 دوبارە سڵاوی خوداتان لێبێت

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket