riklam

سلێمانی لە داهێنانی ئەدەبیدا یەکەمی کوردستان و عیراق و ناوچەکەیە

کوردستان 11:37 AM - 2023-10-14
سلێمانی PUKMEDIA

سلێمانی

سلێمانی

شاری سلێمانی لەگەڵ هەر یەک لە شارەکانی سیاتڵ لە ئەمریکا و ئیدنبرە لە سکۆتلەندا لە بواری باش بەڕێوەبردن و چالاکییەکاندا بوونە نمونەی شایستەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان.

شاری سلێمانی لە کۆنفرانسی ساڵانەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهاندا، وەک یەکێک لە شارە سەرکەوتووەکانی جیهاندا ناسێندرا، ئەمە لەکاتێکدایە رێکخراوی یونسکۆ بەپێی چەند مەرج و پێوەر و داواکاریی و بنەمایەکی نێودەوڵەتیی تەنها نازناوەکە بە شارێک دەبەخشێت بەبێ هیچ پشتیوانیی و کۆمەکێکی دارایی، هەموو خەرجیی و ئەرکە داراییەکان دەکەوێتە سەر خودی شارەکە.

 

سلێمانی بووە نمونەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاندووە: " لە کۆنفرانسەکەدا شاری سلێمانی وەک یەکێک لە شارە سەرکەوتوو دەرکەوتووەکانی ئەم بوارە لە جیهاندا ناسێندرا، سلێمانی لەگەڵ هەر یەک لە شارەکانی سیاتڵ لە ئەمریکاو ئیدنبرە لە سکۆتلەندا، لە بواری باش بەڕێوەبردن و چالاکییەکاندا، بوونە نمونەی شایستەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان".

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە: "ژوری سلێمانی بە یەکێک لە چالاکترین و پڕ پەیوەندیترین ژوری تۆڕەکە ناسێندرا، کە توانیویەتی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بە شێوەگەلێکی زۆر باش کاربکات و کاری هاوبەش لەگەڵ زۆربەی ژورەکانی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان رێکبخات، هەروەها سەرۆکایەتیی دیداری رۆژی وەرگێڕانی ناو کۆنفرانسەکە بکات، جگە لە بەشدارییە بەردەوامەکانی لە هەموو رۆژەکانی کۆنفرانسەکەدا". دەشڵێت: "سلێمانی تەنها شاری کوردستان و عیراق و ناوچەکەبوو، کە بەشداریی لەم دیدارە جیهانییەدا کردو بەرهەم و کایەی ئەدەب و کولتوری کوردستانی خستە سەر نەخشەو ناو کارنامەی رێکخراوی یونسکۆو هەموو جیهانەوە، لە ئێستاشدا ئەم نازناوە بۆ سلێمانی جێگیرکراوە و سلێمانی وەک شارێکی کاراو داوەرو هەڵسەنگێنەر بۆ شارە نوێکان و کاروباری تۆڕەکە لە سەر ئاستی جیهان دیاریکراوە".

 

بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی چالاکترینە

هەر لەوبارەیەوە موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "بەدەستهێنانی ئەو نازناوە پێش بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری، بۆ ئەو هەموو نووسەر و رۆشنبیرە دەگەڕێتەوە کە لە شاری سلێمانی بوونیان هەیە و هەر ئەمەش وایکردووە ناسناوی پایتەختی رۆشنبیری کوردستانی پێ ببەخشرێت، ئەمە جگە لەوەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریش بێ جیاوازی خزمەتی نووسەران و رۆشنبیرانی کردووە لەپێناو وەرگرتنی ناسناوێکی لەوشێوەیەدا".

"زۆر نین ئەو شارانەی لە جیهاندا ناسناسی داهێنانی ئەدەبیان پێ بەخشراوە، کە بە خۆشحاڵییەوە سلێمانی یەکێکە لەو شارانە، ئەمەش ئەرکی ئێمەی بەرامبەر بە رۆشنبیران و ئەدەب دۆستان زیاتر کردووە و بەرپرسیارێتی زیاترمان دەخاتە سەرشان تا زیاتر گرنگی بە بواری ئەدەب و رۆشنبیری بدەین"، موحسین ئەدیب وادەڵێت.

وتیشی: "لە سلێمانی لەسەر ئاستی حکومی و حزبی گرنگی زۆر بە بواری ئەدەب دەدرێت و بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانیش پڕ چالاکترین بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیرییە لەو بوارەدا، چونکە گەورەتر لە حزب و گەورەتر لە شارێک و گەورەتر لە نەتەوەیەک گرنگی بە بواری ئەدەب و رۆشنبیری دەدەین".

سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە ئەم نازناوەی وەرگرتووە و لە رۆژانی ٩تا١٣-١٠-٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و شەماڵ ئەبوبەکر رێکخەری خۆبەخشی ژوری سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆ، کۆنفرانسی ساڵانەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهاندا، لە شاری کوبێکی کەنەدا بەڕێوەچوو کە سلێمانی وەک تاکە شاری کوردستان و عیراق و ناوچەکە بەشداری کۆنفرانسەکەی کردبوو.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket