riklam

سەرۆككۆمار: مام جەلال كلیلی چارەسەری قەیرانەكان بوو

ی ن ک 03:20 PM - 2023-10-04
د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار

د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق

سەرۆککۆمار سەرۆک مام جەلال

د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆمار و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، ئەمڕۆ 4-10-2023 بەشدارییان كرد لە یەكەم كۆڕبەندی نیشتمانی لە هۆڵی پەیمانگای عەلەمەین بۆ خوێندنی باڵا لە پارێزگای نەجەف بەڕێوەچوو بۆ یادكردنەوەی شەشەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆكی پێشوو مام جەلال تاڵەبانی.
 
لە كۆڕبەندەكەدا كە لەژێر دروشمی (نەجەف ئامادەیە لە بیر وهزری سەرۆك تاڵەبانیدا) بە ئامادەبوونی ماجد ئەلوائیلی پارێزگاری نەجەف، دكتۆر ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم، دكتۆر محەمەد عەلی بەحر ئەلعلوم و ژمارەیەك لە بەرپرسان و مامۆستایانی پەیمانگاكە بەڕێوەچوو، سەرۆك وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا ئاماژەی بەوە كرد: "كە هەڵبژاردنی نەجەف بۆ سازكردنی یەكەم كۆڕبەندی نیشتمانی گرنگییەكی گەورەی هەیە وجێگای سەرنجە، چونكە نەجەف لە بیر وهزری  سەرۆك مام جەلالدا بوو، بەوتەی خۆشی: "نەجەف هەمیشە ناوەندێكی رۆشنبیری و ئاینی وبرایەتی بووە ".

هەروەها سەرۆككۆمار روونیكردەوە: "كە مام جەلال زیاتر لە جارێكدا جەختی دەكردەوە لەسەر دانایی مەرجەعییەتی ئاینی كە لەلایەن سەماحەتی سەید سیستانی نوێنەرایەتی دەكرێت، خودا بیپارێزێت"، لەوێ كە دەیگوت: "سەماحەتی سەید هەر لە سەرەتاوە نیعمەتی و بەرەكەتێك بوو بۆ عیراق".

دەقی وتارەكە: 

 خوشكان برایان ئامادەبوانی بەڕێز

سڵاوی خوداتان لێبێت

شەش ساڵ دوای مردنی سەرۆك تاڵەبانی، عیراقییەكان دوێنێ لە بەغدای پایتەخت و ئەمڕۆ لە شاری پیرۆزی نەجەف بە سوپاس وپێزانینییەكی زۆرەوە یادی ساڵیادی دەكەنەوە . 

هەڵبژاردنی نەجەف بۆ ئەنجامدانی یەكەم كۆڕبەندی نیشتمانی گرنگییەكی گەورەی هەیە، چونكە نەجەف لە بیرو هزری سەرۆكی كۆچكردوودا ئامادەبوو، كە دەیگوت:  "نەجەف هەمیشە ناوەندێكی رۆشنبیری و ئایین و برایەتی بووە."
 نەجەف گوزارشت لە برایەتی و كلتووری پێكەوەژیانی سەقامگیری و مافە رەواكانی كردووە و دەكات، هێشتا شایەتحاڵی شارستانییەتێكی ئاینی و كولتووری و زانستییە و پردێكی پەیوەندیی برایەتییە لە نێوان رۆڵەكانی گەلدا.

خوالێخۆشبوو مام جەلال، زیاتر لە جارێكدا جەختی دەكردەوە لەسەر دانایی مەرجەعییەتی ئاینی كە لەلایەن سەماحەتی سەید سیستانی نوێنەرایەتی دەكرێت، خودا بیپارێزێت، لەوێ كە دەیگوت: "سەماحەتی سەید هەر لە سەرەتاوە نیعمەت و بەرەكەتێك بوو بۆ عیراق".

مەرجەعییەتی باڵای ئایینیش لە كۆچی دوایی مام جەلالدا رایگەیاند كە: "(رەحمەتی خودای لێبێت، ئەو تێڕوانینی وردی هەبوو و پەرۆش بوو بۆ كۆكردنەوەی وتار و یەكڕیزی و رۆڵی گەورەی گێڕا لە چارەسەركردنی  قەیرانەكاندا كە یەخەی وڵاتی دەگرتەوە پاش روخانی رژێمی پێشوو".

بەڵێ، خوالێخۆشبوو مام جەلال، سەركەوتوو بوو لە زاڵبوون بەسەر چەندین قەیراندا، چونكە مێژووی خەباتی هاوبەشی نێوان سەرۆك مام جەلال و براكانی لە عیراق لەجەنگی دژ بە رژێمی پێشوو رۆڵی هەبوو لە بونیادنانی عیراقی نوێ و سیستمی فرەیی و فیدراڵی .

نەجەف ئامادەییەكی گەورەی هەبوو لە كەلتوور و كارلێكی مرۆیی سەرۆكی كۆچ كردوو، چونكە پەیوەندییەكی نزیكی هەبوو لەگەڵ كەسایەتیە ئاینی وسیاسی و زانستی و كۆمەڵایەتی و ئەدەبییەكانی نەجەفدا وەك زانای كۆچكردوو دكتۆر سەید محەمەد بەحر ئەلعلوم، شەهید سەید مەهدی ئەلحەكیم، شەهیدی میحراب ئایەتوڵڵا سەید محەمەد باقر حەكیم و سەید عەبدولعەزیز حەكیم و كەسانی دیكە.

 سەرۆك مام جەلال، لەژێر كاریگەری ژینگەی نەجەفی و رۆشنبیری و نووسەران و شاعیراندا بوو لە رێگەی گێڕانەوەی شعری شاعری گەورەی عەرەب محەمەد مەهدی جواهری، كە پەیوەندیەكی بەهێزیان هەبوو جگەلە شاعر و ئەدیب و رۆشنبیرانی دیكە. 

 برایانی خۆشەویست، دیداری ئەمڕۆمان لە نەجەف و لەنێو خەڵكەكەی و لەم باڵەخانە زانستییەدا (پەیمانگای عەلەمەین بۆ خوێندنی باڵا) كە سەرۆكی كۆچكردوو بەشدارییەكی گەورەی هەبوو لە دامەزراندن و پشتیوانیكردنیدا و ئەم یادكردنەوەیەش سوپاس و پێزانین و دەستپێخشەرییەكە بۆ رۆڵی سەرۆكی كۆچكردوو و هەوڵەكانی پشتگیریكردنی لە پەرەسەندن رێبازی زانستی و ئەكادیمی بۆ رۆڵەكانی گەل.
دڵنیام سەرۆكی كۆچكردوو و دامەزرێنەری ئەم دامەزراوەیە دڵخۆشترین كەسن بەم دەستكەوتە پێشكەوتوە زانستییە. 

لە كۆتاییدا، جێگای شانازییە كە ئەمڕۆ بەشداری ئەم كۆڕبەندە نیشتمانییە دەكەم، بۆ دووپاتكردنەوەی پابەندبوونم بە رێباز و پرەنسیپەكانی سەرۆكی كۆچكردوو لە كۆكردنەوەی یەكڕیزی و پاراستنی یەك گوتاری و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە رێگەی دیالۆگەوە، هەروەها دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازی بەحر علوم و دەزگای سەرۆك تاڵەبانی دەكەم بۆ ئەم هەماهەنگییە، كە گیانی زانای گەورەی كۆچكردوو بەحر علوم و سەرۆك تاڵەبانی ئارامتر دەكات، خودا لێیان خۆشبێت .

كۆڕبەندەكان لە ساڵانی داهاتوودا لە شارەكانی دیكەی عیراق بەردەوام دەبن وەك بەشێك لە دڵسۆزی عیراقییەكان بۆ سیمبولی نیشتمانیی باڵایان.

سڵاوی خوداتان لێبێت

جێگەی باسە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆك لەتیف جەمال رەشید و خانمی یەكەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، گەیشتنە شاری نەجەفی پیرۆز، و لەلایەن پارێزگاری نەجەف ماجد ئەلوائیلی و لێپرسراوانی باڵا و بەڕێوەبەرانی یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگاكە پێشوازییان لێكرا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket