riklam

نێچیرڤان بارزانی: یەكێتی هێزێكی سەرەكی پڕۆسەی سیاسییە

کوردستان 03:31 PM - 2023-09-27
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان PUKMEDIA

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان

كوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای هیوای سەركەوتن بۆ پێنجەمین كۆنگرە، پیرۆزبایی لە تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەكێتی كرد و رایگەیاند: "هیوادارم كۆنگرە ئەنجامی باش و ئەرێنی  بۆ دۆخی سیاسیی هەرێم و عیراق هەبێت، یەكێتی یادگاریی مام جەلالە و پێگەیەكی سەرەكی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا هەیە و ئێستاش یەكێتی لە هەرێمی كوردستان و لە عیراقیش، یەكێكە لە هێزە سەرەكییەكانی پڕۆسەی سیاسی‌".


دەقی وتاری سەرۆكی هەرێم لە پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیدا:

 
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
 
بەڕێزان ئامادەبووان و ئەندامانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
 
خۆشحاڵم كە لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا، ئەمڕۆ بەشداری لە رێو‌ڕەسمی كردنەوەی كارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دەكەم. پیرۆزباییی بەستنی كۆنگرە لە تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەكێتی دەكەم، هیوای سەركەوتن بۆ ئێوە و بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازم. هیوادارم كۆنگرە، بۆ دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عیراق، ئەنجامی باش و ئەرێنی لێ بكەوێتەوە.

 
هەر لێرەدا، هەر لەم رۆژە گرنگەدا بەوپەڕی رێز و شكۆوە، خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال بەبیر دەهێنینەوە. گیانی شاد و یادی هەمیشە بە خێر بێت. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یادگاریی مام جەلالە و دەبێ لەسەر هەمان گیان و بیر و ئاڕاستەی ئەو، بۆ لێكتێگەیشتن و تەبایی و چارەسەری كێشەكان، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، لەسەر ئەو رێچكەیەی مام جەلال بەردەوام بێت.
 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆڵ و پێگەیەكی دیار و سەرەكی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا هەیە. لە سەردەمی ئازادیدا، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، دوو هێزی سەرەكیی بنیاتنەر و دامەزرێنەری ئەزموونی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانیان بوون. بە بەشداری و هاوكاریی بەرەی كوردستانی و هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە، مێژووی نوێیان بۆ گەلی كوردستان، نووسیوە.
 
ئێستاش یەكێتی لە هەرێمی كوردستان و لە عیراقیش، یەكێكە لە هێزە سەرەكییەكانی پرۆسەی سیاسی‌، ئەوەش بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی نیشتمانی‌ دەخاتە سەر شانی یەكێتی. لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسی و پێكهاتەكانی كوردستاندا، هەموویان پێكەوە ئەركی پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی و كاری هاوبەشیان لەسەر شانە، بۆ ئەوەی ماف و دەستكەوتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزن.
 
بەڕێزان
 
ئەزموونی پێكەوەكاركردنی پارتی و یەكێتی و هاوكاری و برایەتیی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو جەنابی سەرۆك مام جەلال، سەلماندوویەتی كە سەركەوتن لە یەكڕیزی و هاوبەشی و كاری پێكەوەییدایە. سەركەوتنی راپەڕین، جێگیریكردنی فیدراڵی و زۆرێك لە مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عیراقدا، ئاوەدانی و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی راستەوخۆی ئەو هاوكاری و تەبایی و برایەتییە بووە.
 
ئێستاش، بۆ تێپەڕاندنی هەموو سەختییەكان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆ پاراستنی دەستكەوت و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، تاكە رێگەمان لەبەردەمدایە، ئەویش بەردەوامی و درێژەدانە بە هاوكاری و یەكترقبووڵكردن و هاوبەشی و كاری پێكەوەییی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، لێرە و لە بەغدا. هێز و مانەوەی هەموومان لە یەكڕیزی و تەباییدایە، پێچەوانەكەیشی زیان و لاوازیی هەرێمی كوردستانە.
 
پێویستیی ئەم قۆناغە و ئاڵنگاری و مەترسییەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان، ئەوە دەخوازێت كە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان، هەرچی ناكۆكییان هەیە بەلاوە بنێن. هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكەین و هەموومان پێكەوە، یەكهەڵوێست، یەكدەنگ و بەهێز، لە بەغدا بین. دەبێ ئەوە ئامانجی هاوبەش و كۆكەرەوەی هەموومان بێت.
 
ئاسایییە لایەنەكان ركابەریی سیاسی و جیاوازییان لە بیروبۆچوونی سیاسیدا هەبێت، بەڵام پێویستە بەرژەوەندییەكی هاوبەش، هەموومان بۆ ئامانجێكی هاوبەش كۆبكاتەوە كە پاراستنی ئەزموون و ماف و دەستكەوتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانە.
 
هەرێمی كوردستان كاتێك بەهێزە كە لایەنە سیاسییەكانی، یەكڕیز و تەبا بن، كە دامەزراوەكانی، سەربەخۆ و پارێزراو و رێزلێگیراو بن، كە دەستێوەردانی حزبی و سیاسی لە كاروباری دامەزراوەكان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكاندا نەبێت.
 
هەرێمی كوردستان كاتێك بەهێزە كە لایەنە سیاسییەكان، بەرژەوەندیی باڵای گەل و وڵات، بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوە. كە ململانێی حزبی و سیاسی، نەبێتە مەترسی و هەڕەشە لەسەر قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی كوردستان.
 
ئامادەبووانی بەڕێز
 
هەرێمی كوردستان لە راپەڕینەوە تا ئێستا، وێڕای هەموو هەوراز و نشێوی و كەموكوڕییەكان، ئەزموونێكی جوانی لە ناوچەكەدا نیشان داوە كە بووە مایەی سەرنج و رێزی جیهان و عیراق.
 
دیموكراسی، ئازادییەكان، مافەكانی مرۆڤ، ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەوانی، پێكەوەژیان، یەكترقبووڵكردن، لێبوردەیی، فرەییی ئایینی و نەتەوەیی، هەموو ئەوانە، ئەو سیما و بنەما و بەها هاوبەشانەن كە هەرێمی كوردستان بە جیهانی پێشكەوتووی مرۆڤایەتییەوە دیانبەستێتەوە و بوونەتە مایەی رێز و شانازیی گەلی كوردستان.
 
ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەبێ بۆ هەمیشە دەست بەو بنەما و بەها باڵاكانی مرۆڤایەتییەوە بگرین و بیانپارێزین. دەبێ هێز و لایەنە سیاسییەكان و دەسەڵات و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، كار بۆ بەهێزكردنیان بكەن، بیانكەنە بنەمایەكی سەرەكیی بیر و كردار و كار و ژیانی سیاسی و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتیمان.
 
هەڵبژاردن وەك بنەمای سەرەكیی رەوایەتیی دەسەڵات و حوكمڕانی، بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە یەكەم و هەره لەپێشەوە بێت‌. دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەكان كار بكەن بۆ ئەوەی شوباتی داهاتوو، دەنگدانێكی سەركەوتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت.
 
 هەرێمێكی كوردستانی بەهێز دەتوانێت رۆڵ و ئامادەیی و كاریگەریی باشتری لە بەغدا و لەسەر ئاستی هەموو عیراق هەبێت. دەتوانێت باشتر بەرگری لە دەستكەوتەكان و مافە دەستوورییەكانی بكات. دەتوانێت جێگەیەكی باشتر و بەهێزتر لە ناوچەكە و لە جیهاندا بگرێت. بۆیە بە پەلەی یەكەم ئەركی پارتی و یەكێتییە لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستاندا، كار بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن بكەن.
 
بەڕێزان
 
ئەوە زۆر باش و پێویستە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عیراقی فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە گفتوگۆی بەردەوامدان. راستە هەندێك بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆكاندا هەیە، بەڵام هێشتا لەبەر كێشەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها لەبەر هەناردەنەكرنەوەی نەوت، ئێستا هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی سەختی داراییدایە. دۆخەكە كاریگەرییەكی دژواری بەسەر تەواوی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان‌ جێهێشتووە.
 
لێرەدا، جەخت لەوە دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەموو كێشە و ناكۆكییەكانی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات. ئێمە چاوەڕوانیمان هەیە حكوومەتی عیراقی فیدراڵی بەپێی رێككەوتنە سیاسییەكان و یاسا و دەستوور و سیستەمی فیدراڵی، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات. نابێ بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكرێتە بارمتەی ناكۆكیی سیاسی.
 
دەبێ لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنەری حكوومەتی فیدراڵی، یارمەتیدەر و پشتیوانی سەرۆك وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنە سیاسییەكان. دەبێ هەموو كەس و لایەن و هێزەكان لە عیراق بزانن كە دروستكردنی كێشەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان، هیچ خزمەتێك بە عیراق ناكات.
 
ئارامی و سەقامگیری و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و هەر ناوچەیەكی عیراق، ئارامی و سەقامگیری و پێشكەوتنە بۆ هەموو عیراقە. ئێمە لە هەرێمی كوردستان بەم گیانە و بەم تێگەیشتنە لە تەواوی عیراق دەڕوانین، هەر ئەوەش بە كەڵكی گەلانی عیراق و تەواوی پێكهاتەكانی دێت. عیراق بەبێ جیاوازی، كۆكەرەوە و وڵاتی هەموومان بێت بە هەموو پێكهاتەكانییەوە. بێبەشكردنی هەر پێكهاتەیەكی عیراق، پابەندی و وابەستەیی بە وڵات‌ لاواز دەكات.
 
دەبێ هەموومان لە عیراق، ڕابردوو بكەینە وانە و پەند و سوودی لێ وەربگرین. شكستی هەرێم و یان هەر ناوچە و پێكهاتەیەكی عیراق، هەرگیز سەركەوتنی هیچ بەش و پێكهاتەیەكی تر‌ی عیراق نەبووە و نابێت. پێكهاتەكان و سەرمایەی مرۆیی و سروشتیی عیراق، هێزێكی گەورەن بۆ عیراق. ئێمە هەموومان پێكەوە دەتوانین عیراق بكەینە وڵاتێكی بەهێزی ناوچەكە و جیهان. ئەگەر تێگەیشتن و ئیرادەی راستەقینەی سیاسی بۆ ئەمە هەبێت، بە دڵنیایییەوە عیراق دەبێتە ئەو عیراقە.
 
وەك چۆن یەكگرتوویی و یەكڕیزی لە هەرێمی كوردستان، بنەمای سەركەوتنمانە، بە هەمان شێوە هاوبەشیی پێكاته جیاوازەكانی عیراق لە هەر نەتەوە و ئایینێك بن، لە دەسەڵاتی سیاسی و كارگێڕیی وڵاتدا، عیراق دەخاتە شوێن و پێگەی راستەقینەی خۆی. دەبێتە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری و پێشكەوتن بۆ خۆی و بۆ ناوچەكەش‌.
 
لە كۆتایی قسەكانم، دووبارە پیرۆزباییی بەستنی كۆنگرەی پێنجەم لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازم. هیوادارم دەرەنجام و بڕیارەكانی كۆنگرەكەتان، ببنە مایەی پتەوكردنی یەكڕیزی و تەبایی و كاری پێكەوەییی لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان و لە عیراقدا.
 
جارێكی تر زۆر سوپاس
هیوای كاتێكی خۆشتان بۆ دەخوازم.

PUKMEDIA

 

دەقی وتاری سەرۆكی هەرێم  لە پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیدا...

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket