riklam

ستران عەبدوڵڵا: دیدارەكانی سەرۆك بافڵ لەبەغدا سیاسەتێكی سەركەوتووە

کوردستان 10:38 PM - 2023-07-26
ستران عەبدوڵڵا PUKMEDIA

ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی رایدەگەیەنێت: "سەردانەكانی سەرۆك بافڵ بۆ بەغدا بەشێكی گرنگ دەبێت لە گفتوگۆكان و دیدارەكانی كاریگەری باشیان لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە دژایەتیكردنی بەغدا دەرئەنجامی باشی نابێت"، راشیگەیاند: "سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتی سیاسەتێكی سەركەوتووە و پەیامەكانی روونن".

 

ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی شرۆڤەی كەناڵی گەلی كوردستان لەبارەی سەردان و دیدارەكانی سەرۆك بافڵ بۆ بەغدا رایگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە وێستگەی بەغدای بە بەشێكی گرنگ لە سیاسەتی خۆی زانیوە و یەكێك لە بنەماكانی سیاسەت و ئەدەبیاتی یەكێتیش ئەوەیە كە سیاسەتی كوردستانی لە بەغدا بەهێزبێت، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر سەرۆك مام جەلال بە سیفاتی سەرۆككۆماری و سكرتێری گشتی یەكێتیش ئەو رۆڵەی بینیوە".

 

"لە ماوەی رابردوودا هەژمونێكی سیاسەتی زاڵ لەناو سیاسەتی كوردستانی و شپرزەیی دۆخی سیاسی عیراق وایكرد ئامادەیی یەكێتی لە بەغدا كەم ببێتەوە، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو كەلتورەی زیندوو كردەوە و ئێستا یەكێتی پێگەیەكی گرنگی لە بەغدا هەیە، هەربۆیە سەردانەكەی سەرۆك بافڵ بۆ بەغدا بەشێكی گرنگ دەبێت لە گفتوگۆكان و دیدارەكانی كاریگەری باشیان لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە دژایەتیكردنی بەغدا دەرئەنجامی باشی نابێت" ستران عەبدوڵڵا وادەڵێت.

 

راشیگەیاند: "چۆن لە رابردوودا سەرۆك بافڵ سیاسەتی یەكێتی بۆ لایەنەكانی بەغدا روونكردەوە، ئاواش تێگەیشتنی بۆ سیاسەتی لایەنەكانی دیكە هەبوو، بۆیە ئەم وێستگەیەی سەردانەكانی بۆ بەغدا بەشێكی گرنگی سیاسەتی لێكتێگەیشتنی یەكێتی و لایەنەكانی عیراق دەبێت، هەربۆیە سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتی سیاسەتێكی سەركەوتووە و دیدارەكانی كاریگەریان لەسەر سیاسەتی كوردستان و پێگەی كورد لە بەغدا دەبێت".

 

ئەندامەكەی مەتەبی سیاسی یەكێتی وتیشی: "هەڵوێست وەرگرتنی یەكێتی لە ئەدای حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق لەسەر قوت و بودجەی خەڵك، وایكردووە هاووڵاتیان چاوەڕوانی زیاتریان لە یەكێتی هەبێت، چونكە ساڵی رابردوو بۆ ئیستحقاقە دەستورییەكانی گەلەكەمان لەڕووی پێكهێنانی حكومەت و پێگەی یەكێتی و كوردستان، ئەمساڵیش لە بابەتی بودجە و مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان یەكێتی رۆڵی گرنگی گێڕا، بێگومان ئەوەی لەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت دەیكات چ لەڕێی حزبەوە یاخود لەڕێی حكومەتی هەرێمەوە كە قوباد تاڵەبانی نوێنەرایەتی یەكێتی تێدا دەكرد، وەك لە رابردووشدا بینیمان هەمیشە لەسەر هێڵ بووە بۆ قوتی خەڵك و مووچە".

 

 

 

پێداگری سەرۆك بافڵ و پەیامەكەی روونە كە یەكێتی لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دایە

 

 

لەبارەی هەلوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر هەڵبژاردن ستران عەبدوڵڵا رایگەیاند: "یەكێتی لە كوردستان و بەغدا هەم بە زمانی كوردی هەم بە عەرەبی جەختی لە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بۆ پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و بابەتە پەیوەندیدارەكان بەژیانی خەڵك كردووەتەوە و پێداگری سەرۆك بافڵ و پەیامەكانی روونە كە یەكێتی لەگەڵ هەڵبژاردنی دەوێت، دەشبێت خەڵكی كوردستان لە هەڵبژاردندا هەڵوێستیان هەبێت و بزانێت چ ئاڕاستەیەك هەڵدەبژێرێت دەشبێت بزانن كێ لە خەمی مووچە و بودجەدا بوون و سیاسەتی راست و دروست پەیڕەو دەكات و كێ نایكات".

 

 

سەرەڕای هەموو جیاوازییەكان یەكێتی داوای یەكڕیزی دەكات

 

 

لەبارەی هەوڵەكانی یەكێتیش بۆ یەكڕیزی كورد لەناوچە جێناكۆكەكان ستران عەبدوڵڵا رایگەیاند: "هەرچەندە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك یەكەمە و توانیشی بە 18 كورسی خۆیەوە بەرگری لە پڕەنسیبەكانی خۆی و كورد لە بەغدا بكات، بەڵام وەك هەمیشە داوای یەكڕیزی و یەك لیستی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان دەكات، یەكێتی وەك رابردوو رۆڵی مێژوویی خۆی گێڕاوە و پێی وایە گەر كورد هەموو پێكەوە نەبێت سەركەوتوو نابێت،  هاوكات هەموو هێزە سیاسییەكان جگە لە پارتی هاوڕان لەسەر یەكڕیزی".

 

لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: "سیاسەتی یەكێتی بە هێڵێكی دروستدا هاتووە و بە سەرگەرمی سیاسی و بە رێبازێكی نیشتمانی داكۆكی لە ویست خەلك دەكات، ئەمەش ئەنجامێكی باشی بۆ گوزەرانی خەڵك و هێنانەوەی سیاسەتی كورد بۆ سەر رێڕەوی زێڕینی سەرۆك مام جەلال دەبێت".

 

ئەمەش لە كاتێكدایە لە دوو رۆژی رابردوودا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا چاوی بە هەریەك لە دكتۆر لەتیف جەمال رەشید، سەرۆككۆماری عیراق و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و سەید عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە و ئەبوكەرار ئەلفرێجی، ئەمینداری گشتیی حزبی فەزیلە و موسەنا سامەڕائی، سەرۆكی ھاوپەیمانیی عەزم و حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ھاوپەیمانیی نەسر كەوت و گفتوگۆی دۆخی عیراق و  هەنگاوەكانی سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و چەندین بابەتی دیكەیان كرد.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket