riklam

سلێمانی و هەڵەبجە دەبنە زۆنی ئازادی لە هەرێم

کوردستان 06:30 PM - 2023-07-04
ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان PUKMEDIA

ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان

سلێمانی و هەڵەبجە شوێنی ئارامی كاری رۆژنامەنووسانن و بەگوێرەی راپۆرتێكی رێكخراوی پەیامنێران كەمترین پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان كراوە، بەڵام دهۆك لە پێشێلكاریدا لە پلەی یەكەمدایە و دوای ئەویش پارێزگای هەولێرە، سكرتێری رۆژنامەنوسانی كوردستان لقی سلێمانیش رایدەگەیەنێت: "دوو ژینگەی جیاواز هەیە، ژینگەیەكیان ئازادی رادەربڕین زیاترە و لە ژینگەكەی دیكەیاندا كەمترە، ئازادی رۆژنامەگەری لەو ناوچانە لە پاشەكشێدایە كە ئازادی رۆژنامەگەری كەمترە".

رێكخراوی پەیامنێران، ئاماری توندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەنووسانی لە شەش مانگی رابردوو بڵاوكردە كە سلێمانی كەمترین پێشێلكاریی هەبووە كە 4 حاڵەتە، دواتر هەڵەبجە دێت كە 5 حاڵەتە، بەڵام لە دهۆك زۆرترین رێژەی توندوتیژی تێدابووە كە 25 حاڵەتە و هەولێریش 16 حاڵەتە.

پێشێلكارییەكان لە هەولێر و دهۆك لە زیادبووندان

كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كە لە چەند ساڵی رابردوودا دەرچوون ئاماژە بەوە دەكەن پێشێلكارییەكان لە هەولێر و دهۆك لە زیادبووندان، میدیای ئازادیش زیاتر لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجەن، لەگەڵ ئەوەشدا كەمترین پێشێلكاری تێدایە بەرامبەر رۆژنامەنووسان".

"دوو ژینگەی جیاواز هەیە، ژینگەیەكیان ئازادی رادەربڕین و زیاترە و لە ژینگەكەی دیكەیاندا كەمترە، ئەوەشی كە راپۆرتەكان دەڵێن ئازادی رۆژنامەگەری لە پاشەكشەدایە ئەوە لەو ناوچانە لە پاشەكشەدایە كە ئازادی رۆژنامەگەری كەمترە"، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وادەڵێت.

ئازادی كاری رۆژنامەنووسی لە سلێمانی زیاترە

بەپێی ئامار و زانیاریی راپۆرتە نێودەوڵەتی وناوخۆییەكان كاری رۆژنامەنووسی لە سلێمانی ئاسانترە و دەتوانن ئازادانە رەخنە بگرن و قسە بكەن، بەبێ ئەوەی رووبەڕووی ترس و هەڕەشە ببنەوە.

بەپێی ئامارەكان، سلێمانی بۆ رۆژنامەنووسان ئارامترین شاربووە و كەمترین حاڵەتی تێدا تۆماركراوە.

كاروان ئەنوەر دەڵێت: "بەپێی ئامارەكان و ئەو حاڵەتانەی روویانداوە لە چەند ساڵی رابردوودا، بۆمان دەردەكەوێت كە زۆنی سلێمانی ئارامە و كاركردنیش ئازادترە و پانتایی ئازادی وتن و رەخنەگرتن و خۆپیشاندانیش فراوانترە، چونكە توندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەنووسان زیانی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە".

توندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەنووسان مانای نەبوونی ئازادییە

كاری رۆژنامەگەری پێویستی بە ئازادی هەیە تا رۆژنامەنووس بتوانێت بە ئازادانە كارەكانی خۆی بكات، بێ ئەوەی رووبەڕووی ترس و تۆقاندن ببێتەوە.

نەجات رۆستی بەڕێوەبەری رێكخراوی میدیا بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە هەرشوێنێك سنووری ئازادی كەم بوو ئەوا توندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەنووسان زیاد دەكات، لە هەمان كاتیشدا دەسەڵاتی ناوچەكان رۆڵی خۆیان دەبینن لەوەی كە تاچەند پابەندە بە دابینكردنی كەشوهەوای ئازادی بۆ كاری رۆژنامەنووسی لە كوردستان دا".

"لە هەولێر و دهۆك و دهۆك كەمترین خۆپیشاندان و ناڕەزایی هەیە، چونكە لەگەڵ گرتنی رۆژنامەنووسانی بادینان ترسێكی زۆر لای رۆژنامەنووس و چالاكوانان دروست بوو كە چارەنووسی ئەوانیش وەك گیراوانی لێنەیەت، چونكە دەستگیركردنی ئەو كۆمەڵە رۆژنامەنووسە تەنها مەبەستیان ئەوەبوو كە چاوترسێنی چالاكوانەكانی هەولیر و دهۆك بكرێت"، نەجات دۆستی وادەڵێت.

پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان زیانی لە هەرێم داوە

هەر لەئەمساڵدا چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتی رەخنەیان لە ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان هەبوو، بەتایبەت ناوبانگی هەرێم بە پێشلكاریی ناوی هێنرا.

بەڕێوەبەری رێكخراوی میدیا  دەڵێت: "پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان زیانێكی زۆری لە كورد و ناوبانگی هەرێم داوە، پێویستە  چالاكوان و رۆژنامەنووسان بەبێ تۆقاندن كاری خۆیان بكەن، پێشبینیش دەكەم لە داهاتوودا بە تایبەتی لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان زیاتربێت".
"كاری رۆژنامەنوسی سیمای پێشكەوتن و شارستانییەتی هەر وڵاتێكە، چونكە هەركاتێك ئازادی رۆژنامەنووسی هەبوو ئەوا پێشكەوتن و گەشەی فكری سیاسی و ئەدەبی و رۆشنبیری زیاد دەكات"، رۆستی وادەڵێت.

لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە كەمترین پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، رۆژنامەنووسانیش ئەمە بۆ ئەو ئازادییە دەگەڕێننەوە كە لە سنووری سلێمانی هەیە و دەتوانن بە ئازادانە رەخنە بگرن و كاری خۆیان بێ هیچ فشارێك ئەنجام بدەن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket