سەرۆككۆمار: عیراق خوازیاری پەیوەندییەكی هاوسەنگە لەگەڵ هەموو لایەك
عیراق 12:47 PM - 2023-06-30
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆكایەتی كۆمار
د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق
د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (B.B.C) بە زمانی ئینگلیزی كە ئێوارەی رۆژی 28-6-2023 پەخش كرا رایگەیاند: "پەیوەندییەكی باش و بەهێزمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیە، لە هەمان كاتدا پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا هەیە".
سەرۆك كۆمار وتیشی: "لەم دواییانەدا سەردانێكی رەسمیمان بۆ ئێران ئەنجامدا و لە دیدارەكانماندا بە روونی ئەوەمان راگەیاند (كە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەموو وڵاتان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و سەروەری و بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراوە).
ئاماژەی بەوەشكرد: "باوەڕمان وایە كە بەهێزكردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی سوودی بۆ هەموو وڵاتان هەیە، وەك چۆن پێمان وایە گرژی و ئاڵەنگارییەكان نابنە هۆی پەیوەندییەكی باش لە نێوان وڵاتانی جیهان كە دەكرێت هەموو كێشەكانمان لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕاوێژكاری و لێك تێگەیشتنی هاوبەشەوە چارەسەر بكرێت".
سەرۆك كۆمار باسی لە رۆڵی جەمسەریی عیراقی كرد لە نزیككردنەوەی دیدگەكان و باشتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەموو وڵاتان و لەو چوارچێوەدا ئاماژەیكرد بە دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینی سعودیە و هەوڵەكانی عیراق بۆ باشتركردنی لێكتێگەیشتن لە نێوان بەشێك وڵاتی دیكەدا، ئاماژەی بەوەشكرد كە گەڕانەوەی عیراق بۆ پێگەی خۆی پشتگیری لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەكات، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی چەمكی لێكنزیكبوونەوەی نێوان دەوڵەتەكان.
سەرۆككۆمار پەیوەندییەكانی لەگەڵ شانشینی یەكگرتوو بە "زۆر بەهێز" لەقەڵەمدا و جەختی لەوە كردەوە كە پەیوەندییەكان لەگەڵ شانشینی یەكگرتوو تۆكمەیە، هەروەها پەیوەندی و راوێژی بەردەوام هەیە لەسەر هەموو بابەتەكانی پەیوەست بە سیاسەت و ئابووری و بازرگانی، خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بە بەشداریكردن لە مەڕاسیمی تاج لەسەرنانی شا چارڵزی سێیەم، پادشای شانشینی یەكگرتووی بریتانیا.
سەرۆك كۆمار، تیشكی خستە سەر قۆناغی پێكهێنانی حكومەت و ئەو دیالۆگ و گفتوگۆیە دوورودرێژانەی كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا ئەنجامدراوە، بەڵام لە ئەنجامی لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوەی دیدگاكان، بەرنامەی كار بۆ حكومەتی عیراق گەڵاڵە كرا، كە توانی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا بچەسپێنێت، دەست بكرێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی باشتركردنی ژێرخانی ئابوری و بەشداریكردن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو هاوڵاتیان.
سەرۆككۆمار دووپاتی كردەوە، كە حكومەت جددییە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی كۆنكرێتی كە هانی وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی بدات، چونكە دەرفەتی ئومێد بەخش بۆ سەرمایەداران لە عیراقدا هاتۆتە ئاراوە، بەتایبەت بەهۆی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیریی كە شارەكانی عیراق بەخۆیەوە دەبینێ و جگە لە پەسەندكردنی بودجە بە ئەم دواییە، كە هەموو ئەمانە دبنە هۆكاری هاندانی وەبەرهێنەران، هەروەها ئاماژەی بە پێویستی هەمواركردنەوەی یاساكان و سیستم و سیاسەتی ئاڵوگۆڕكردنی دارایی و باشتركردنی هەندێك یاسا و رێسای پەیوەندیدار بە وەبەرهێنەران و كەرتی بانكی كرد.
سەبارەت بە وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا، سەرۆك، رونی كردەوە: "كە حكومەتی عیراق ئەم بابەتە بە جددی وەردەگرێت، رێوشوێنی جددیشی بۆ باشتركردنی ڕەوشی ئاو گرتووەتەبەر، لەوانە دەستكردن بە دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ عیراق بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی كەمی ئاو و گرتنەبەری بڕیار وڕێكارەكان بۆ باشتركردنی سیستمی بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی كێشەكانی وشكەساڵی و هۆكارەكانی دیكەی پەیوەندیدار بە وشكە ساڵیيەوە".
سەبارەت بە دۆسییەكانی گەندەڵی، د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق روونیكردەوە: "كە هەنگاوی گرنگ و توند بۆ سنوورداركردنی گەندەڵی نراوە، هەروەها رێوشوێنی كاریگەر بەرامبەر گەندەڵكاران لەهەمو دامودەزگاكانی دەوڵەتدا جێبەجێكراوە، لەوانە وەزارەتەكان و دامەزراوە حكومییەكان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆسییەی گەندەڵی لە عیراق كەمیكردووە لە ماوەی یەك دوو ساڵی رابردوودا".
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، سەرۆك كۆمار هەڵوێستی عیراقی دووبارەكردەوە و داوای راگرتنی شەڕی نێوان هەردوو وڵات و دەستپێكردن بە دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پەیام و ئامۆژگاری و ڕاسپاردەی ئێمە ئەوەیە كە پێویستە جەنگ بوەستێت و ڕێگای دیالۆگ بگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان ئەو دوو وڵاتە، چونكە یەكێك لە دەرئەنجامەكانی جەنگ ئەوەیە كە كاریگەری لەسەر هەمووان دروست دەكات و لەسەر وڵاتە ئەوروپییەكان و وڵاتانیشمان، لەوانەیە كاریگەریش لەسەر زۆربەی ئابوری جیهانیش دروست بكات، هەروەها كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پێویستە دەست بە فشار بكات لەسەر هەردو دەوڵەت بۆ وەستانی جەنگ و دەست بە گفتوگۆكردن .
سەرۆك كۆمار سەبارەت بە پرسیارێك لەبارەی جەنگی دژ بە رژێمی پێشوو وتی: "ڕژێمی پێشوو هەڕەشەی لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستكردبوو و هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی ناوچەكە دەكرد و گەلی عیراقی بە هەموو پێكهاتەكانییەوە سەركوت دەكرد و ئۆپۆزسیۆن لەو كاتەدا و تەواوی گەلی عێراق هەوڵیان دەدا بۆ ڕزگاربوون لە ڕژێمی دیكتاتۆری" .
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
ئەمانەش ببینە
کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم دەست بەکارکردن دەکەنەوە
06:40 PM - 2026-06-03
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
03:47 PM - 2026-06-03
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
02:27 PM - 2026-06-03
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
11:46 AM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03



.png)
.png)
.png)

دابەزێنە

