riklam

16 ساڵه‌ عیراق بێده‌نگه‌ له‌قه‌ره‌بووی خانه‌واده‌ی ئه‌نفالكراوان

کوردستان 12:25 PM - 2023-06-24
 تاوانی ئەنفال PUKMEDIA

تاوانی ئەنفال

تاوانی ئەنفال

دوای 35 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفال و 16 ساڵ بەسەر بە جینۆسایدناساندنی تاوانی ئەنفال لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عیراق نەیتوانیوە قەرەبووی خانەوادەی ئەنفالکراوان بکاتەوە، لەکاتێکدا هەر بەپێی بڕیاری هەمان دادگا حکومەتی عیراق مولزەملکراوە بەقەرەبو کردنەوەی خانەوادەکانیان، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت: "لە یاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025، هیچ بڕە پارەیەک وەک قەرەبوو بۆ خانەوادەی ئەنفالکراوان جێگیر نەکراوە".

 

دوای 16 ساڵ بەجینۆسایدناساندی ئەنفال، کەسوکاریان قەرەبوو نەکراون

 

مەلا کەریم شوکور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "دوای 16 ساڵ بەسەر بە جینۆساید ناساندنی  پرۆسەی بەدناوی ئەنفال لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە، بەداخەوە تا ئێستا نەتوانراوە قەرەبووی خانەوادەکانیان وەک پێویست بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراقدا هیچ بڕگەو ماددەیەک بۆ ئەو قەرەبووە نییە".

"ئەگەر کورد لەبەغدا لەسەر پرسە نیشتمانییەکان یەک دەنگ بێت بەتایبەت پرسێکی وەک ئەنفال، لەگەڵ ئەوەی هیچ بڕگەو ماددەیەک لە پرۆژە یاسای بودجە بۆ قەرەبووی خانەوادەی ئەنفالکراوان جێگیر نەکراوە، بەڵام دەتوانرێت پارەی پێویست بۆ دەستەی شەهیدانی عیراق زیاد بکرێت و لەو رێگەیەوە قەرەبووی خانەوادەی ئەنفالکراوان بکرێتەوە"، مەلا کەریم شوکور وای وت.

 

چەندین جار بەڕەسمی داوای قەرەبوو کراوە

بەیاسا حکومەتی عیراقی مولزەمە بەقەرەبوکردنەوەی خانەوادەی ئەنفالکراوان، بەڵام تا ئێستا نەچوەتە ژێر باری ئەو قەرەبوەوەو خۆی لێ بێدەنگ کردووە.

هابیل ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "بەپێی یاسا حکومەتی عیراقی مولزەمە بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو مافە بۆ خانەوادەی ئەنفالکراوان بگەڕێنێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا چەندین جار بە ڕەسمی داوای ئەو قەرەبووە کراوە".

"لە دوای 35 ساڵ بەسەر تێپەڕبونی ئەو کارەساتە نامرۆڤایەتییەدا هێشتا حکومەتی عیراق نەچوەتە ژێر باری ئەو قەرەبوەوە وەکوو هەموو پرسەکانی نێوان هەرێم و بەغدا پرسی قەرەبووی خانەوادەی ئەنفالکراوانیش بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بەڕەسمی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە ئەو تاوانە بە جینۆساید ناسێنراوەو حکومەتی عیراق مولزەم کراوە بە قەرەبوکردنەوەی خانەوادەکانیان"، هابیل ئەحمەد وای وت.

لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003، یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارە 10ـی ساڵی  2005 پەسندکرا کە بەپێی ئەو یاسایە هەرکەسێک تاوانەکانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی یاساکانی عێراقی کە لەو یاسایەدا هاتووە لە دوای رۆژی 17-7-1968ـەوە ئەنجامدابێت، دادگایی دەکرێت.

دادگایی تایبەت بە دۆسیەی ئەنفال لە 21ـی ئابی 2006  دەستپێکرد، دوایین دانیشتنیش لە رۆژی 24ـی مانگی حوزەیرانی 2007 بوو، لەو ماوەیەدا 61 دانیشتن کرا، سزا بۆ حەوت لە سەرانی رژێمی بەعس دەرچوو و تاوانەکە بە دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و جینۆساید ناسێنرا و بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەو تاوانە درا.

لەو تاوانە هەریەک لە سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق، عەلی حەسەن مەجید، هاشم سوڵتان ئەحمەد، عەلی حوسێن رەشید، سابیر دووری، فەرحان موتلەگ جبووری و تاهیر ئەلعانی سزادران، داواکاری گشتی دادگەکە مونقیز ئال فیرعەون لە دادگاییکردنەکەدا ئەو کەسانەی بە تاوانی کوشتنی 182 هەزار کەس لە پڕۆسەی ئەنفال تاوانبار کرد و چەندین بەڵگەنامە و وێنەی خستەڕوو.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket