riklam

سەرۆککۆماری عیراق و سەرۆککۆماری ئیتاڵیا کۆدەبنەوە

عیراق 06:43 PM - 2023-06-12
سەرۆککۆماری عیراق و سەرۆککۆماری ئیتاڵیا PUKMEDIA

سەرۆککۆماری عیراق و سەرۆککۆماری ئیتاڵیا

سەرۆککۆمار

سەرۆککۆماری عیراق و خانمی یەکەمی عیراق بە رەسمی بانگهێشتی ئیتاڵیا دەکرێن و لەلایەن سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە پێشوازییان لێدەکرێت و کۆدەبنەوەو پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی، سیاسی، ئابووری، بازرگانی و ڕۆشنبیری گفتوگۆی لەبارەوەکرا.

 

ڕێوڕەسمێکی رەسمی بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید و خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەمڕۆ دوو شەممە 12-6-2023 لەلایەن سەرۆک کۆماری ئیتالیا، بەڕێز سێرگیۆ ماتارێلا بەڕێوەچوو، لەمیانی سەردانی دەوڵەتی سەرۆک کۆمار بۆ ئیتالیا، لەسەر بانگهێشتێکی رەسمی سەرۆکی ئیتالیا، کە بە یەکەم سەردانی لەو جۆرە دادەنرێت لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراق.

لە ڕێوڕەسمی پێشوازییەکەدا مارشی نیشتمانی عێراق و ئیتالیا لێدرا، دواتر هەردوو سەرۆک پاسەوانی شەرەفیان پشکنی. 

دواتر هەردوو سەرۆک دانیشتنێکی دووقۆڵییان ئەنجامدا، کە تیایدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی، سیاسی، ئابووری، بازرگانی و ڕۆشنبیری کرا، بە شێوەیەک کە خزمەت بەرژەوەندی هەردو  گەل بکات.

سەرۆک کۆمار بە بۆنەی کۆچی دوایی سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی سەرۆک وەزیری پێشووی ئیتالیا و قوربانیانی ئەو لافاوانەی کە لەم دواییانەدا شار و شارۆچکەکانی ئیتالیایان گرتەوە، سەرەخۆشی لە سەرۆک سێرگیۆ ماتارێلا و گەلی ئیتالیا کرد.

سەرۆک لەتیف و سێرگیۆ ماتارێلا باسیان لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ژینگەییەکان کرد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پێویستی هەماهەنگی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئاسایش و سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا. هەروەها لە دیدارەکەدا چەندین دۆسییەی گرنگی نێوان هەردوو وڵات تاوتێکرا کە پەیوەستن بە ئاڵوگۆڕی شارەزایی ئابووری و ژینگەیی و وەبەرهێنان بە تایبەت لە بواری ئاو و بەنداوەکان.

سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری ئیتالیا دەربڕی بۆ بانگهێشتنامەکەی و ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیکراوە، جەختیشیکردەوە لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات. سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق و ڕەنگدانەوەکانی لەڕووی هەماهەنگی و هاریکاری لەنێوان تەواوی لایەنە سیاسییەکانی عێراق.

 لە بەرامبەردا سەرۆک کۆماری ئیتالیا بەخێرهاتنی سەرۆک کۆمار و شاندی یاوەری کرد و ئاماژەی بەوەدا کە عێراق بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕوات.

سەرۆک ماتارێلا دووپاتی کردەوە کە ئیتاڵیا بە هەموو تواناکانییەوە پشتیوانی لە عێراق دەکات، هەروەها ویستی جددی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا دوپاتکردەوە، بەتایبەتی لە بواری شوێنەوار و پشکنیندا، بەهۆی بوونی شارستانییەتێکی گەورە لەعێراق، ئاماژەشیکرد  بە بوونی نزیکەی (٢٠) تیمی ئیتالی بۆ کنەو پشکنین لە عێراق.

دوای کۆبوونەوەکە گفتوگۆی فراوان لە نێوان شاندی عێراق و ئیتاڵیا دەستیپێکرد، کە سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتیی لایەنی عێراقی کرد، لایەنی ئیتالیاش بە سەرۆکایەتی سێرگیۆ ماتارێلا سەرۆک کۆمار بوو.

لە لایەنی عێراقەوە،  وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوینەوار  د.ئەحمەد فەکاک بەدرانی و وەزیری کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایق جابرۆ، و ژمارەیەک ڕاوێژکار و لێپرسراوان ئامادەیبون.

 لە کۆتایی وتووێژەکاندا، سەرۆک کۆمار کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ هاوتا ئیتالیەکەی سازکرد و تیایدا سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە "سەردانەکە لە چوارچێوەی درێژەدان بە کاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتدا دێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، و پەرەپێدانی ئاسۆی کارکردنی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئابووری و کەلتووریدا."

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆمارە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا:
"بەیانی باش
سوپاس بۆ پێشوازییەکەتان..
ئەمە یەکەم ڕۆژی سەردانمە بۆ کۆماری ئیتالیا.
سەردانەکە بەو دیدارە دەستی پێکرد کە ئێمەی لەگەڵ سەرۆک سێرگیۆ ماتارێلا کۆکردەوە، لە چوارچێوەی درێژەدان بە کاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوانیان و پەرەپێدانی ئاسۆی کارکردنی هاوبەش لە بواری سیاسی و بوارەکانی ئابووری و کەلتووری.

دیدارەکەمان کەمێک لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆک کۆمار، ویستی هەردولا نیشاندرا بۆ هەنگاونان بەرەو هاریکاریی بونیادنەر . ئێمە دەستخۆشیمان لە ڕۆڵی ئیتالیا کرد لە یارمەتیدانی ئێمە لە شەڕی دژی تیرۆردا، و جەختمان لەوە کردەوە کە ئەم هاوکارییە بنەمایەک بۆ ئێمە پێکدەهێنێت بۆ پەرەپێدانی هاریکاری لە بونیادنان و پێشکەوتن.

ئێمە لە عێراق چەندین ئەرکی بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان چاوەڕوانمان دەکات و ئەمەش وایکردووە وڵاتەکەمان ببێتە بوارێکی گرنگ بۆ وەبەرهێنان و پێویستی بە شارەزایی پێشەنگی هەیە لەم بوارەدا ، هەروەها پەرەپێدانی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە گەلەکەمان لە بوارە جیاجیاکاندا پێویستی پێیەتی.

دەرفەت بۆ کۆمپانیا ئیتالیەکان بەردەستە کە لە شارەکانمان کار بکەن و سوود لە توانا و شارەزاییەکانیان وەربگرین.

سەقامگیری دۆخی ئەمنی عێراق و سەقامگیری سیاسی یارمەتیدەرێکی زۆرە لە هاندانی کار و وەبەرهێنان و بیناسازی، بەتایبەتی کە حکومەتی عێراق کاردەکات بەرەو پلانێکی فراوان بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاو و نیشتەجێبوون و لە بواری ژێرخانی پێویست بۆ ناوچە جیاوازەکان کە بەهۆی شەڕ و توندوتیژی و تیرۆرەوە زیانیان بەرکەوتووە.

گفتوگۆی ئەمڕۆمان لەگەڵ سەرۆک سێرگیۆ ماتارێلا تیشک خرایە سەر پێویستی پەرەپێدانی کاری هاوبەشی نێوان عێراق و ئیتالیا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و گەل بکات.

ئێمە ویستمانە ئەم سەردانە ببێتە ئەڵقەیەکی گرنگ لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی کاری هاوبەش.

ئێمە لێرە لە ئیتاڵیا و لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆکدا هەمان خەمخۆریمان هەست پێکردووە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ تیمی کاری هاوبەشی عێراق و ئیتالیا بۆ لێکتێگەیشتن لە بوارەکان و پەرەپێدانی کاری هاوبەش.
ئێمە گەشبینین بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

زۆر سوپاستان دەکەم.
لە بەرامبەردا سێرگیۆ ماتارێلا سەرۆکی ئیتالیا بەخێرهاتنی خۆی بۆ سەرۆکی کۆمار دەربڕی و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی عێراق بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، هەروەها ویستی جددی بۆ هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لەپرسە جێی بایەخە هاوبەشەکاندا دووپاتکردەوە.

 سەرۆک ماتارێلا جەختیکردەوە لە گرنگی چەسپاندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاستی هاریکارییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عێراق و ئیتاڵیا بەدیبهێنێت.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket