riklam

ئەنفال و راگواستن و تەعریب کوردی لە خەبات رانەگرت

کوردستان 02:25 PM - 2023-05-11
تاوانی ئەنفال PUKMEDIA

تاوانی ئەنفال

تاوانی ئەنفال

ئەنفال یەکێکە لەوتاوانە گەورانەی کە رژێمی بەعس بەرامبەر بە میللەتی کورد لە ٨ قۆناغدا جێبەجێیکرد، ئەمڕۆ ١١-٥-٢٠٢٣ کە هاوکاتە لەگەڵ یادی ٣٥ ساڵەی کیمیابارانی ناوچەی خاڵخاڵان کە یەکێکە لەکۆمەڵکوژترین تاوانەکانی ئەنفال، توێژەرێکی دیاری کورد لەبارەی ئەنفالی ٤ کەناوچەی خاڵخاڵان و دەوروبەری گرتووەتەوە دەڵێت:" جیاوازی ئەنفالی ئەو ناوچەیە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لەو قۆناغەی ئەنفالدا رژێمی بەعس زۆرترین کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی پێش پرۆسەکە چواردەوری تەواوی ناوچەکەی گرتووە و رێگەی نەداوە کەس دەربازی ببێت".

راگواستن و تەعریب تەواوکەری ئەنفال بوون

د. شێركۆ كرمانج لە ئێوارە كۆڕێكدا باسی قۆناغەكانی ئەنفالی گەلی كورد كرد و بە تیشك خستنەسەر توێژینەوەكەی بەناونیشانی (ئەنفالی شوناس و ئەنفالی ئاسایش)، رایگەیاند: "رژێمی پێشووی عیراق جگە لە ئەنفال هەوڵی راگواستن و تەعریبكردنی گەلی كوردیشی داوە بەجۆرێك، راگواستنی لە باكوری هەرێمی كوردستان بۆ ناوەڕاست و خواروی هەرێم كردووە و تەعریبشی لە خواروی هەرێمی كوردستان بۆ ناوەڕاستی هەرێم دەستپێكردووە".

"بەپێی توێژینەوەكەمان تەعریب ناوچە ستراتیجییەكان و ناوچە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، هەروەها راگواستن ئەو ناوچانەی گرتووەتەوە كە شوێنی بەرگری پێشمەرگە بوون، ئەنفالیش ئەو ناوچانەی گرتووەتەوە كە بایەخی ستراتیجیان هەبووە نەك شوێنی بەرگری بووبێتن" د. شێركۆ كرمانج.

ئەنفال ناوچە ستراتیجییەکانی گرتووەتەوە

ناوچەی خاڵخاڵان یەکێک بوو لەناوچە ستراتیجییەکان، کە حکومەتی بەعس ئامانجی بوو دەستی بەسەردا بگرێت، ئەوەشی ئەنفالی ئەم ناوچەیە لە ناوچەكانی دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە، پێش پڕۆسەی ئەنفال چواردەوری تەواوی ناوچەكە گیرابوو و دەرفەت نەبوو دانیشتووانەكەی رزگاریان ببێت، هەر ئەمەش وایكرد لە ئەنفالی ناوچەی خاڵخاڵاندا زۆرترین قوربانی لێبكەوێتەوە.

راشیگەیاند: "ناوچەی خاڵخاڵان كە ئەمڕۆ ساڵیادی ئەنفالكردنێتی یەكێك بوو لەو ناوچە ستراتیجیانەی كە حكومەتی بەعس ئامانجی بوو دەستی بەسەردا بگرێت، هەروەها ئەوەی ئەنفالی ئەم ناوچەیە لە ناوچەكانی دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە، پێش پڕۆسەی ئەنفال چواردەوری تەواوی ناوچەكە گیرابوو و دەرفەت نەبوو دانیشتووانەكەی رزگاریان ببێت، هەر ئەمەش وایكرد لە ئەنفالی ناوچەی خاڵخاڵاندا زۆرترین قوربانی لێبكەوێتەوە".

د. شێركۆ كرمانج ئاماژەی بەوەشدا: "ئەوەی جینۆسایدی كورد لە جینۆسایدی ولاتانی دنیا جیادەكاتەوە ئەوەیە كەپێش پڕۆسەكانی ئەنفال و راگواستن، رژێمی بەعس چەكی كیمیایی بەكارهێناوە، ئەمەش تاوانێكی دیكە بووە كە پێش ئەنفال بەرامبەر بە گەلەكەمان ئەنجامدراوە".

 

تاوانی ئەنفال

تاوانی ئەنفال پرۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعس بو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی مۆركی نەتەوایەتی كورد و لەناوبردنی گشت شوێنەوارێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی كۆمەڵگەی كوردی.

قۆناغی‌ یەكەمی‌ پرۆسەی‌ ئەنفال

لە (23 /2  تـــا 18 / 3 / 1988)
سنوری پەلاماری ئەنفالی یەك بریتی بو لە دوكان، بنگرد، زێی بچوك، ماوەت، چوارتا، ئەزمەر سلێمانی سوسێ، سورداش)ی‌ سەر بەپارێزگای‌ سلێمانی‌ دەستی‌ پێكرد، لەسەعات 1:30 خولەك بۆ 2ی شەوی 23 ی شوبات بو كە خەڵكی‌ یاخسەمەرو سەرگەڵو بەرگەڵو لەتاریكی و باراندا بەدەنگی‌ ناڵەو زرمەی‌ راجیمە بەئاگاهاتنەوە. ئەم بۆردومانە بە هەمو نیازو مەبەستێك، بەیەكەم تەقەی‌ پەلاماری‌ ئەنفال دەژمێردرێت.

دوای نزیكەی یەك مانگ لە شەڕو پێكدانان و روبەڕوبونەوەی سەخت لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق لە رۆژی‌ 18 / 3/ 1988 یەكەكانی‌ سوپا رژانە ناو سەرگەڵو بەرگەڵو لە رۆژی‌ 19 / 3 / 1988 دا بە بەیانی‌ ژمارە (3087) لەهەمو دەزگاكانی‌ راگەیاندنی‌ خۆیەوە گیرانی‌ بارەگاكانی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ وەكو مژدەیەك بڵاو كردەوە.

قۆناغی‌ دوەمی‌ پرۆسەی‌ ئەنفال
 

لە  22/3   تــا  1/ 4/ 1988
قۆناغی دوەمی ئەنفال بۆسەر ناوچەكانی‌ (قەرەداغ، بازیان، دەربەندیخان) بو، وەكو نەریتی خۆی رژێم سەرەتای هەر قۆناغێكی ئەنفال بە هێرشی كیمیاوی دەستی پێدەكرد، بۆیە ( 6 ) رۆژ دوای‌ كارەساتی‌ هەڵەبجە لە 22/ 3 / 1988  گوندی‌ (سێوسێنان) بەسەختی‌و بە شێوازی‌ بەعسیانە درایە بەر كیمیاوی‌. بۆیە ئەم چەكە بو بەسامناكترین چەك كە دژی‌ كورد بەكار بهێنرێت، ئەم هێرشە بە دەستپێكی‌ قۆناغی‌ دوەمی‌ ئەنفال دائەنرێ‌، لەئەنجامی‌ ئەم كیمیابارانەدا وێڕای‌ زیانێكی‌ مادی‌ زۆر، بو بەهۆی‌ شەهید بونی‌ زیاد لە (66) كەس و بریندار بونی‌ دەیانی‌ تر لە ناو شەهیدەكاندا (30)یان مناڵ بون. پاش ئەوەی‌ رژێم ئەم ناوچەیەی‌ داگیر كردبو سەرجەم گوندەكانی‌ ئەم ناوچەیەی‌ روخاند كە نزیكەی‌ (80) گوندو (2241) خانو كە (12254) كەس لەم ناوچەیەدا دەیان، نزیكەی‌ (5637) كەس بەر شاڵاوی‌ ئەنفال كەوتن و سەرنگوم كران.

پاش روخان و گشت گوندەكانی‌ ئەم ناوچەیە ئەنفالی‌ دو لە 1 ی‌ نیسانی‌ 1988  كۆتایی‌ ئەم شاڵاوەش هات.

قۆناغی‌ سێیەمی‌ ئەنفال

  7/ 4تــا  20 / 4 / 1988   
ئەم قۆناغەی ئەنفال بە پڕ زیانترین و ترسناكترین پرۆسەی ئەنفال دادەنرێت كە زۆرترین مرۆڤی كوردی تیادا ئەنفالكرا، سنوری ئەم ناوچەیە لە رۆژئاواوە شاڕێی نێوان شاری پڕنەوتی كەركوك و شارۆچكەی دوزخورماتوە، لە باكورەوە رێگای كەركوك – چەمچەماڵ، لەلای رۆژهەڵاتەوە چیاكانی قەرەداغ و لە باشوریشەوە هەرسێ شارۆچكەی كەلارو كفری و پێبازە ئەم هێرشە بەكاریگەرترین و كوشندەترین و بەزیانترین هەڵمەت دادەنرێت ئەمیش بۆسەر ناوچەكانی‌ (چەمچەماڵ، سەنگاو، قادركەرەم، دوز، كفری‌، كەلار، بێباز، تیلەكۆ)، ئەم ناوچانە سەر بەهەرسێ‌ پارێزگای‌ (كەركوك، سلێمانی‌، دیالا) بون، ئەمیش فراوانترین هێرشی‌ ئەنفال بو كە پتر لە (500) گوندی‌ گرتەوە سەرەڕای‌ تەختكردنی‌ 4 ناحیە. لە رۆژی‌ (14 / 4/ 1988) لوتكەی‌ هێرشی‌ ئەنفال بو، لەم رۆژەدا بەپێی‌ خەمڵاندنی‌ ( كۆمیتەی‌ بەرگریكردن لە مافی‌ قوربانیانی‌ ئەنفال) نزیكەی‌ (20)هەزار لە ژن و پیاو و پیرو مناڵ كۆكرانەوەو بەئیڤای‌ سەربازی‌ و تراكتۆری‌ گوندنشیەكان رەوانەی‌ قەڵا سەربازیەكەی‌ (قورەتو) كران و لەوێشەوە بەرەو چارەنوسی‌ نادیار رۆیشتن، هەر بۆیە ئەم رۆژە كرا بەرۆژی‌ (ئەنفالەكان)

ئەم هێرشەی‌ قۆناغی‌ سێیەم لە رۆژی‌ 20 / 4 / 1988  كۆتایی‌ هات و یەك گوند لە گەرمیاندا بە پێوە نەماو روخێنرا، خەڵكەكەشی‌ بەزۆری‌ لەقادر كەرەم كۆكرانەوەو پاش تەواوبونی‌ ئەم قۆناغە (عەلی‌ حەسەن مەجید و بارق و سوڵتان هاشم) هاتن بۆ سەیری‌ ئەو گیراوانەی‌ كە لە قادر كەرەم كۆكرابونەوە. چەند رۆژێك تەلەفیزیونەكانی‌ رژێم پیشانی‌ ئەدان .

قۆناغی‌ چوارەمی‌ ئەنفال

لە  3 / 5  تـــا  15/ 5 / 1988
ئەنفالی چوار بۆسەر ناوچەكانی دۆڵی زێی بچوك و دەشتی كۆیەو ئاغجەلەرو تەقتەق و شوان و خاڵخاڵان بوون، ئەنفالی چوار لە رۆژی 3/5/1988 بە كیمیایبارانكردنی خەستی گوندی گۆپتەپەو عەسكەری سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر دەستی پێكرد، ئەو بۆمبارانە كیمیاویە بووە هۆی كوشتنی 154 كەس و برینداربوونی سەدان كەسی دیكە.

سوپا لەرۆژی‌ 15/5 سەرجەم گوندەكانی‌ ئەم ناوچەیەی‌ روخاند و ئەم قۆناغەی ئەنفالیش كۆتایی هات

قۆناغی‌ پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی‌  ئەنفال

لە 15 / 5   تـــا  26 / 8 / 1988
قۆناغەكانی‌ (پێنجەم و شەشەم و حەوتەم)ی ئەنفال، بۆسەر دۆڵی‌ نێو چیاكانی‌ (شەقڵاوە و رەواندوز) بو لەرۆژی‌ 15ی‌ مایس دەستی‌ پێكرد، ئەم پەلامارەش بەسەرپەرشتی‌ فەرماندەی‌ فەیلەقی‌ (5)و سەرپەرشتیاری‌ ئەم قۆناغەی‌ ئەنفال (یونس محمد زەرب بو)، سەرەتای‌ ئەم پەلامارەش هەروەكو سەرجەم پەلامارەكانی‌ دی‌ رژێم بە

هێرشی‌ كیمیاوی‌ دەستی‌پێكرد، رۆژی‌ 15 / 5 / 1988 دوا روژی‌ رەمەزان بو خەڵكی‌ خۆیان بۆ جەژنی‌ رەمەزان ئامادەكردبو چەند فڕۆكەیەك كەوتنە كیمیابارانكردنی‌ گوندەكانی‌ (وەرە، عەلی‌ یاوا، سماقولی‌، نازەنین) لەم پەلامارەدا لە گوندی‌ وەرە (36)كەس شەهید بون (17)پیاوو (19)ئافرەت .

قۆناغی‌ هەشتەم و كۆتایی‌ ئەنفال
 

26 / 8تــا  6 / 9 / 1988
سنوری پەلاماری قۆناغی هەشتی ئەنفال بریتی بو لە: دهۆك، زاخۆ، باتوفە، كانی ماسێ، زێوە، دێرەلوك، ئەتروش و زاوێتە.

 لەدوای وەستانی شەڕی نێوان عێراق ئێران لە 8/8/1988 سوپای عێراق تەواوی هێزەكانی لە ناوچە سنوریەكان كشاندەوە بۆ بەرەكانی ئەنفال، كە لەوكاتەدا 7 قۆناغی ئەنفال كۆتایی هاتبو تەنها قۆناغی هەشتەمی ئەنفال مابو، قۆناغی‌ هەشتەمی‌ شاڵاوی‌ ئەنفال بۆسەر دەڤەری‌ بادینانی‌ سنوری‌ توركیا بو.

سەرەتای هێرشەكەش بۆ چاوترساندنی‌ خەڵكە بە كیمیابارانكردن دەستی‌ پێكرد، پاش كیمیابارانێكی‌ خەست رژیم هێرشی‌ زەمینی‌ لەرۆژی‌ 28 / 8 / 1988 دەستی‌ پێكرد، ئەم شاڵاوە لە رۆژئاواوە لەزاخۆوە تا ئامێدی‌ درێژبوەوە لە باشورو رۆژهەڵاتیشەوە شێخان و ئاكرێی‌ گرتەوە .

پاش روخانی‌ سەرجەم گوندەكانی‌ ئەم ناوچەیە لە رۆژی‌ 6 / 9 خاتمەی‌ ئەنفال راگەیەنرا و هەربە بۆنەیەشەوە لێبوردنی‌ گشتی‌ راگەیەنرا.




PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket