riklam

كەوتنی بتی تاكڕەوی و دیكتاتۆری

عیراق 10:05 AM - 2023-04-09
  كەوتنی بتی تاكڕەوی و دیكتاتۆری PUKMEDIA

كەوتنی بتی تاكڕەوی و دیكتاتۆری

عيراق

رۆژی 9ی نیسانی 2003 بەغدا لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتی ئەمریكا بەتەواوی كۆنتڕۆڵكراو لە گۆڕەپانی فیردۆسی پایتەخی عیراق پەیكەری سەدام حسێن سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراقیان وەك رەمزێك بۆ تێكشاندنی دەسەڵاتەكەی روخاندو ئیدی كۆتایی بەدەسەڵاتی 24ساڵەی سەدام و دارودەستەكەی هات.

زۆر هۆكار بۆهێنانە خوارەوەی سەدام و دارودەستەكەی لەكورسی دەسەڵات هەبوون، دیارترین پاساوەكانی ئەمریكاش بۆ روخاندنی سەدام حسێن بریتی بوون لە: بەردەوامبوونی حكومەتی عیراق لە جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە پشكنینی چەكە كۆكوژەكان و بەردەوامی حكومەتەكەی سەدام لە سەر دروستكردنی ئەو جۆرەچەكانە وپاڵپشتی لە تیرۆری جیهانی دەكات بە تایبەت ڕێكخراوی قاعیدە.


رژێمی بەعسی لەناوچوو بە دڕندانەترین شێوە ئازاری سەرجەم پێكهاتەكانی عیراقیدا بەتایبەت كورد كە لە 16-3-1988 كیمیابارانی شاری هەڵەبجەی كردو 5000 رۆڵەی ئەو شارەی شەهیدكرد، هەروەها شاڵاوی ئەنفالیش یەكێكی تر بوو لە كارە قێزەونەكانی رژێمی بەعس كە تێیدا 182 هەزار هاووڵاتی كوردی بێ تاوان، بێ سەرو شوێن كران و ئێستا رۆژ بەرۆژ گۆڕی بەكۆمەڵ لە عیراق دەدۆزرێنەوە كە كوردی تیا زیندە بەچاڵكراون.

لەو رۆژەی كە ئەمریكاو هاوپەیمانانی یەكەم گورزی ئاسمانیان وەشاند بۆ ماوەی 21 رۆژ ئەو شەڕوپێكدادانە بەردەوامبوو بەڵام دوای ئەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە سەربازانی سوپای عیراق روبەڕوی ئەمریكاو هاوپەیمانانی نەبوونەوەو چەكیان فڕێدا، لە خاڵی سنووری سەفوان-وە كە لە نێوان وڵاتی عیراق و كوەیت-ە، لەڕێگەی وشكانی ئەمریكاو هاوپەیمانانی هاتنە ناو خاكی عیراقەوە، بەپێی هەواڵی ئاژانسەكان دوای ئەوەی ئەمریكا چوە ناو بەغدای پایتەختی عیراقەوە شەڕوپێكدادانی سوپای عیراق و ئەمریكا دەستیپێكردبوو، هەروەها بەوهۆیەوە بەدەیان سەرباز گیانیان لە دەستدا، بەڵام دواجار ئەمریكا كۆتایی بە رژێمەكەی سەدام حسێن هێنا.

پێش هێرشكردنە سەر بەغدا ئەمریكاو هاوپەیمانانی داوایان لە سەدام حسێن ئەمینداری گشتی حزبی بەعس و سەرۆكی ئەو كاتەی عیراق كرد كە دەست لە دەسەڵات هەڵبگرێت و عیراق جێبێهڵێت، بەڵام سەدام حسێن بە داواكە رازی نەبوو هەربۆیە ئەمریكا بڕیاریدا كە لە سەعاتی سفردا هێرش بكاتە سەر عیراق و كۆتایی بەڕژێمەكەی سەدام و دارودەستەكەی بهێنێت.

 

 

 

سەدام كێ بوو؟ چۆن دەسەڵاتی وەرگرت؟

 

 

سەدام بە یەكێك لە دیكاتاتۆرە مەترسیدارەكانی سەدەی بیستەم دادەنرێت كە لە یەك كاتدا تەواوی پۆست‌و دەسەڵاتەكانی عیراقی لەدەستدابوو، ناوی تەواوی سەدام، سەدام حسێن عەبدولمەجید ئەلتكریتی بوو، لە 28 ی نیسانی ساڵی 1937 لە گوندی عۆجەی سەر بە تكریت لەخێزانێكی شوان‌و ئاژەڵدار لەدایكبووە، باوكی سەدام شەش مانگ پێش لەدایكبوونی سەدام كۆچی دوایی كردوە، پاش ماوەیەكیش برا گەورەكەی سەدام لە تەمەنی 13 ساڵیدا بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی دەكات.

سەدام حسێن چوارەم سەرۆك كۆماری عیراق و ئەمینداری گشتی حزبی بەعس و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بووە لە 1979 تا 9ی نیسانی 2003 و پێشتریش جێگری سەرۆك كۆمار و ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی نووسینگەی ئاسایشی نەتەوەیی عیراق بووە لە حزبی بەعس لە 1975 تا 1979، رۆڵی سەرەكی بینیووە لە بەهێزترین كودێتا لە 17ی تەموزی 1968 كە داوای بیرۆكەی نەتەوەیی عەرەبی دەكرد، سەدام كە جێگری ئەحمەد حەسەن بەكر بوو لە 1979 دوای راوەدونانی نەیارەكانی چووە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار و حزبی بەعسەوە.

لە 1980 سەدام حسێن چووە جەنگێكی گەورەی خوێناوییەوە لەگەڵ ئێران كە لە 1988 كۆتایی هات.

لە 1990 سەدام چووە جەنگێكی دیكەی خوێناوییەوە ئەویش داگیركردنی كوێت بوو كە بووەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی دووهەمی كەنداو لە 1991.

عیراق كەوتە ژێر گەمارۆی نێودەوڵەتییەوە تا 2003، ئەوكاتە هێزی هاوپەیمانان عیراقی داگیركرد بە پاساوی بوونی چەكی كۆكۆژ لە عیراق و بوونی چەكدارەكانی قاعیدە.

سەدام حسێن لە 13ی كانوونی یەكەمی 2003 لە ئۆپەراسیۆنێكدا دەستگیركرا و لە 30ی كانوونی یەكەمی 2006 دوای دادگاییكردنی لە عیراق لە سێدارە درا.

 

 

 

دەسەڵاتی سەدام

 

 

 

دەكرێت بوترێت سەدام حسێن لە دید و روانین و بیركردنەوەی زۆر كەسدا لە ناوەوە و دەرەوەی عیراق لەجێی ئەوەی نموونەیەك بێت بۆ حوكمڕانی باش وسەرۆكی وڵاتێكی دیموكرات و سیستمێكی مرۆڤ دۆست، ناوێكە هاوتایە لەگەڵ چەندین دەستەواژە و چەمكی ترسناك و تۆقێنەری وەك ستەمكاریی، كتاتۆرییەت،چەوساندنەوە، جینۆساید، ئاگر و ئاسن، ترس و بیم و چەندینی تر.

 

 

لەسەر ئاستی ناوخۆ.. نەژادپەرستێكی فاشی

 

 

 

 

بەپێی ژیاننامەی زانراوی، سەدام حسێن، لەگەڵ دەست وپێوەند و شوێنكەوتووەكانی لەوانە سەركردە وفەرماندە باڵاكانی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی، بەهۆی بیروباوەڕی تاكڕەویی وخۆسەپێنی و دەمارگیریی ئایدۆلۆژیی (سۆشیالیزم) ونەژادیی (عەرەبچێتیی) ورژێمی (حزبی قائید)ەوە، ئەم وڵاتە پڕ لە پیت وسامان وتوانای گەورەی مرۆیی و زانستی و سەربازییان بەئاقارێكی هێندە ترسناكدا برد كە لە رووی مرۆیی و ئابوورییەوە زیانی گەورە و كوشندەی بەدواوەبوو بۆ دانیشتووان و سەرخان وژێرخانی ئابووریی و هەموو سێكتەرەكانی ژیان جگە لە هەردوو وەزارەتی نەوت و بەرگریی كە یەكەمیان شادەماری زیندەگیی سەدام و رژێمەكەی و گەلە بن دەست و چەوسێنراوەكەی بوو، دووەمیش باسكی بەهێز و مەچەكی پۆڵایین و دڵڕەق و بكوژ و ببڕی ئەو رژێمە بوو بۆ لەناوبردنی ئازادیی و ئازادییخوازان لە هەموو گەل و نەتەوە ومەزهەبەكان وبەتایبەتیش بۆ قڕكردنی گەلی كورد لەسەر بنەمای سێ كوچكەی ستەمكاریی ونەژادپەرستیی(تەبعیس-تەعریب-تەرحیل) كەلەساڵی1975ەوەزیاتر چڕبوونەوەی بەخۆوەبینیی ولەساڵی 1988 دا گەیشتە ئەوپەڕی دڕندەیی وتاوانكاریی بەهۆی تاوانەكانی جەنگەوە لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی و جینۆساید و زیندەبەچاڵكردنی هەزاران خێزانی كورد وهەزاران پێشمەرگە كەلەشاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفالدا كەوتنە بەردەستی ئەو رژێمەخوێنڕێژە ودەیان هەزاریان لەبیابانەكانی خواروی عیراق قەتڵ وعام یا زیندەبەچاڵكران.

 

 

لەسەر ئاستی دەرەكی.. پاڵەوانێكی دۆڕاو

 

 

سەددام لەدوای گیركردنی چنگی لەسەرۆكایەتی كۆماری عیراق لە ساڵی 1979 و بەرپابوونی شۆڕشی خەڵك دژی كۆماری شاهەنشایی ئێرانی دراوسێ لە هەمان ساڵدا كە شیعە مەزهەبە توندڕەوەكان بەرهەمەكەیان چنیەوە (هەر لەبەر ئەوەش ناونرا شۆڕشی ئیسلامیی و وڵاتەكەش كرابە كۆمارێكی ئیسلامیی)،لە ترسی پەڕینەوەی ئەو شۆڕشە بۆ عیراق وراپەڕینی زۆرینەی شیعەمەزهەبی هەواداری ئێرانە تازەكە،رێككەوتنی 1975ی نێوان هەردوو وڵاتی وەلاناو لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1980 دا جەنگێكی ناڕەواو بێ پاساوی لەدژی ئێران بەرپاكرد كە هەشت ساڵی خایاندو تا ئەو كاتەی لە (8/8/1988) دا راگیرا، لەو جەنگەدا سەدان هەزار سەرباز و مەدەنیی كوژران و قەرزێكی دارایی گەورە (75 ملیار دۆلاری ئەمریكیی) هاتە سەر وڵاتەكە، بەڵام هێشتا سەددام فەرماندەی گشتیی هێزەچەكدارەكانی عێراق،خاوەنی سوپایەكی پڕ چەك و ئەزموون بوو كە خستیەگەڕ بۆ سەپاندنی هەژموونێكی ناوچەیی بۆنموونە گوشاری خستە سەر كوەیت بۆ لێخۆش بوون لە بڕە بەشی قەرزەكانی ئەو وڵاتە بچوكە نەوتییە دەوڵەمەندە لەسەر عیراق بەڵام بێ سوود بوو.ئەوەبوو لەبەرەبەیانی 2/8/1990 سەدام سوپاكەی ناردە سەر كوەیتی بێ دیفاع و لكاندنی بەپارێزگاكانی عیراقەوە بەناوی گەڕانەوەی لق بۆ سەر بنەڕەت (عودە الفرع الی الاێل). لەبەرانبەر ئەو لەشكركێشییە دەگمەنەی وڵاتێكی عەرەبیی بۆسەر دراوسێ عەرەبەكەی، جەیمس بەیكەر وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسایەی ئیدارەی جۆرج ئێچ بوشی باوك (1988-1992)دا هەڵمەتێكی دیپلۆماتیی گەورە وسەركەوتووی جیهانیی ئەنجامدا بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی سەربازیی نێودەوڵەتیی بە فەرماندەیی وڵاتەكەی ولێدانی عیراق لەبەرەبەیانی 17/1/1991 لە جەنگی دووەمی كەنداودا (كە بە گەردەلولی بیابان ناسرا) بۆ تێكشكاندن و ناچاركردنی سوپاكەی سەدام بۆ هەڵهاتن و پاشەكشە لە كوەیت لە رۆژی 28ی شوباتی هەمان ساڵدا، ئەو جەنگە كە تەنیا زیاتر لەیەك مانگی خایاند (بەراورد بەهەشت ساڵ جەنگ لەگەڵ ئێران) كاولكارییەكی تر، بەڵام بێ وێنەی بەسەر عێراقدا هێنا كەزەرەرمەندە سەرەكییەكەی خەڵكی بەش مەینەت وچەوسێنراوی عیراق وكەمێك لەبازنەی فەرمانڕەوای رژێم بوون بەهۆی درێژەكێشانی گەمارۆیەكی ئابووریی سەختگیری نێودەوڵەتیی وگۆشەگیریی ودابڕانێكی توندی سیاسیی وڵاتەكە لە چواردەور وجیهان.

 

 

سەركوتكاریی و مانەوە لە دەسەڵاتدا

 

 

سەرباری ئەو دوو جەنگە ماڵوێرانكار و تێكشكێنەرە كەچی سەددام بەهۆی سووربوونی لەسەر مانەوە و رێگەنەدان بە رووخاندنی رژێمەكەی بەهەر هۆیەك بێت،لە سەروبەندی بەهاری ساڵی 1991 واتە تەنها كەمتر لەمانگێك پاش كشانەوەی لەعیراق بە توندترین شێوە بەگژ راپەڕینە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان و حزب و هێزە شیعە مەزهەبەكانی پارێزگاكانی ناوەڕاست وباشووری عێراقدا چووەوە وسوپاكەی ناردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە ودانیشتوانی شار وشارۆچكە بەشداربووەكانی راپەڕین لەكوردستان وخەڵكی شارە شیعەمەزهەبەكانی ناوەڕاست وباشور بۆ سەركوتكردنی ئەو راپەڕینەی كوردستان وبەشە عەرەبییە شیعەكەی عیراق ولە ئەنجامدا كۆڕەوێكی ملیۆنیی ومێژوویی خەڵكی كوردستانی لێكەوتەوە كەبووە هۆی دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجومەنی
 ئاساییشی نێودەوڵەتیی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان وسەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە رووبەرێكی فراوانی پارێزگانی باكور وباشوری عێراق.ئەوەبوو هێزەكانی رژێم بۆ ماوەیەكی كەم لە كوردستاندا مانەوە تا ئەوكاتەی لەراپەڕینێكی تردا (18/تەمموز/1991)، پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (بەبێ كەركوك) لە هێزەكانی رژێمی عیراق چۆڵكران ورژێمیش بڕیاری كشاندنەوەی ئیدارە وسەپاندنی ئابڵۆقەیەكی ناڕەوای بەسەر گەلی كوردستاندا دەركرد.بەكاریگەریی ئەو هەل و مەرجە ناوخۆیی ودەرەكییەش حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا.

 

 

كوڕەكانی سەدام

 

سەدام دوو كوڕی هەبوو عودەی و قوسەی، ئەوانیش بەهەمان شێوەی باوكیان دڕندەو زۆرداربوون و زوڵم و زۆردارییەكی زۆریان لە هاووڵاتیانی عیراق كرد، لەدوای روخانی رژێمی بەعس و ئەوكاتەی ئەمریكاو هاوپەیمانانی هاتنە ناو خاكی عیراقەوە سەدام و كوڕەكانی خۆیان حەشاردا بەڵام ئەوەیان بۆ نەچۆیە سەرو تاهەتایە، ماوەیەكی زۆری نەخایاندو شوێنی كوڕەكانی سەدام ئاشكرابوون.

عودەی و قوسەی لەشاری موسڵ لەخانویەكی گەورەدا خۆیان حەشاردابوو، لە مانگی 12ی ساڵی 2003 دوای ئاشكرابوونی شوێنەكەیان لەلایەن سوپای ئەمریكاوە هێرشكرایە سەریان، بەڵام ئامادەنەبون خۆیان بدەن بە دەستەوەو بۆ ماوەی 6 سەعات روبەڕوی سوپای ئەمریكا بونەوەو دواتر تونرا هەردوكیان بكوژرێن، هەروەها وێنەی تەرمەكانیان بڵاوكرانەوەو لەهەمانكاتیشدا كوڕێكی قوسەی تەمەن 14 ساڵان كە یاوەری باوكی دەكرد بەهەمان شێوە كوژرا.

 

 

 ئۆپەراسیۆنی بەیانی سوور / عملیە الفجر الاحمر

 

 

سەدام حسێن بەهەمان شێوەی كوڕەكانی خۆی حەشاردا بۆ ئەوەی دەستگیرنەكرێت و دادگایی نەكرێت، چونكە زۆڵم و زۆردارییەكانی زۆر لەوەش زیاترن كە باس دەكرێن، لەمانگی 12ی ساڵی 2003دا دوای ئەوەی شوێنەكەی ئاشكرابوو، لە ئۆپەراسیۆنێكدا كە ناونرا ئۆپەراسیۆنی بەیانی سور (عملیە الفجر الاحمر) هێزەكانی سوپای ئەمریكا هێرشیان كردە سەری توانیان دەستگیری بكەن.

سەدام حسێن ماوەی چەند مانگ خۆی لە چاڵێكدا شاردبوەوەو لەكاتی دەستگیركردنیدا وێنەكانی بڵاوكرانەوە كە ریش و سمێڵێكی درێژو قژێكی درێژی هێشتبوەوە و جیاوازبوو لەو سەدامەی كە بەنیازبوو بۆ هەتا هەتایە لەسەر كورسی حوكمڕانی بمێنێتەوە.

دوای دەستگیركردنی سەدام حسێن دادگایی كراو بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو لە ساڵی 2006دا بڕیارەكە بەسەریدا سەپێنرا.

 

 

 

رۆڵی سەرۆك مام جەلال

 

 

 

دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2005 مام جەلال وەك یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق كە كورد بوو هەڵبژێردرا، سەرۆك مام جەلال رۆڵێكی بەرچاوی گێڕا بۆ پێكەوە ژیانی عیراقییەكان و هەموو هەوڵێكی خۆیدا بۆ خزمەتكردنی عیراقییەكان بێ جیاوازی تا ئەو كاتەی نەخۆشكەوتوو سەفەری دەرەوەی وڵاتی كرد ئیدی ناخۆشییەكان سەریان هەڵدا.

سەرجەم نەتەوەكانی عیراق رۆڵی سەرۆك مام جەلال بەرزدەنرخێنن و دەڵێن كە بەڕێزیان تاكە كەس بووە توانیویەتی سەرجەم پێكهاتەكان پێكەوە كۆبكاتەوە، سیاسەتی خوالێخوشبوو سەرۆك مام جەلال هیچ كەسێك ناتوانێت دووبارەی بكاتەوە، بەزانایی و زیرەكی خۆی عیراقییەكانی وەك برا كۆكردبوەوە هەربۆیە لە ئێستادا عیراق پێویستیەكی زۆری بەكەسێكی وەك مام جەلال هەیەو سەرجەم پێكهاتەكانیش گەواهی ئەوە دەدەن، چونكە فرە نەتەوە و فرە مەزهەبە.

 

لە 20-3-2003، ئەمریكاو هاوپەیمانانی یەكەم گورزی ئاسمانیان لە عیراق وەشاند بەمەبەستی لەناوبردنی رژێمی بەعسی لەناوچوو و رزگاركردنی هاووڵاتییان لە ژێر دەستی ئەو رژێمە دیكتاتۆرە، لە رۆژی 9-4-2003 بەغدا لەلایەن هاوپەیمانان بەتەواوی كۆنتڕۆڵكراو پەیكەری سەدام حوسێنی دیكتاتۆر لە پایتەختی عیراق روخێنرا كە ئەوەش وەك خەون وابوو بۆ عیراقییەكان.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket