riklam

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كێشەكان جیابكرێتەوە

کوردستان 01:43 PM - 2023-03-27
پەرلەمانی کوردستان PUKMEDIA

پەرلەمانی کوردستان

یەکێتی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەزاری وتەبێژەكەیەوە 18/11/2023ی وەك وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:" هەموو لایەنەكان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا  بكرێت و سەرۆكایەتی هەرێمیش كە ئەو رۆژەی دیاریكردووە لەرووی یاساییەوە ئەركی خۆیەتی" بەڵام "راوێژی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا نەكردووە".

هەڵبژاردن، پێویستە لە كێشەكانی دیكە جیا بكریتەوە

 

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاند:"لەسەر رۆشنایی پەیام و دەستپێشخەرییەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، كە ئاڕاستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كرد کە" هەڵبژاردن رەهەندێكی نیشتمانی هەیە و پێویستە لە كێشەكانی دیكە جیا بكرێتەوە ، چەند جارێك لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن كۆبوونەوە كرا و لێكتێگەیشتنی لایەنەكانی كوردستان لەسەر ئەو بابەتە دروست بوو".

"هەرچەندە ئێستا هەندێك جیاوازیمان لەسەر یاسای هەڵبژاردن ماوە، بەڵام لە داهاتوودا هەوڵدەدەین ئەو جیاوازییانە نەهێڵین، سەرۆكایەتی هەرێمیش كە ئەو رۆژەی دیاریكردووە لەرووی یاساییەوە ئەركی خۆیەتی، بەڵام راوێژی لەگەڵ لایەنەكانی تر نەكردووە" سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی وایوت.

هەموو لایەنەكان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی راگەیاند كە پشتی بە فەرمانی هەرێمیی ژمارە 90ـی ساڵی 2023ـی بەستووە  و پاڵپشتە بە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 2005ـی هەمواركراو.
بەپێی بڕیارەكە كە سێ خاڵ بوو، وتەبێژ خوێندییەوە: "دیاریكردنی رۆژی 18ـی 11ـی 2023 وەكو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان" و "گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی كاری پێویست بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە " و "فەرمانەكەش لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت".

زیاد جەبار دەڵێت:" هەموو لایەنەكان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا  بكرێت و فراكسیۆنی یەكێتی و بەشێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان پێیانوایە كە یاسای هەڵبژاردن پێویستی بەهەمواركردنەوەیە، چونكە یاسایەكەی كۆنە و كەموكوڕی تێدایە."

"لە كۆبوونەوەی رۆژی 3/11/2021 ەوە و هەموو ئەو كۆبوونەوانەی دیكە لە بارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەوە كراون، خاڵی ناكۆكییەكان لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بووە و بەو ئامانجەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كوردستان بكرێت و دەنگدەرانیش لە پارێزراوی دەنگەكانیان دڵنیاببنەوە" سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی وادەڵێت.

هەوڵدەدەین كار لەسەر چارەسەری جیاوازییەكانی نێوانمان بكرێت

بەگوێرەی رۆژە دیاریكراوەكەی هەڵبژاردن بێت، نزیكەی هەشت مانگی دیكە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەدەچێت و هێزە سیاسییەكانیش ئەو 8 مانگەیان لە بەردەمدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی تۆماری دەنگدەران و پرسی كۆمسیۆن و كۆتاكان و ناكۆكییە چارەنەكراوەكانی هەڵبژاردن.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەڵێت:" ئەو ماوەیەی كەلەبەردەستماندایە هەوڵدەدەین كار لەسەر چارەسەری جیاوازییەكانی نێوانمان بكرێت لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەوە و هەموو لایەنەكان هاتوونەتە پێشەوە بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە رابردوودا لەگەڵ هەمواری یاساكەدا نەبوون".

 "هیوادارین یاساكە بەجۆرێك هەمواربكرێتەوە كە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕیوەبچێت و هاووڵاتیان بە متمانەوە بێنە سەر سندوقەكانی دەنگدان" زیاد جەبار وادەڵێت.

لایەنەكان هاوڕان ئاماری عیراق و بایۆمەتری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەكاربێت 

بەپێی بەراوردی ئاماری هەرێمی كوردستان و تۆماری عیراق لە بارەی ژمارەی دانیشتوانەوە زیاتر لە (723) هەزار كەس زیاتر لە ئاماری هەرێمدا هەیە و لەو ژمارەیە نزیكە 670 هەزاری زیادە لە هەولێر و دهۆكە كە قەبارەكەی 14 هێندەی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرینە.

زیاد جەبار لەو بارەیەوە دەڵێت:" هەموو لایەنەكان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ هەڵبژاردن و بایۆمەتری عیراق كەلەساڵی ٢٠٢١ بەهەموو پێداویستییەكانەوە هەڵبژاردنی پێ ئەنجامدراوە، بەكاربهێنرێت و هەرێمی كوردستانیش بكریت بە چوار بازنەی هەڵبژاردنەوە".

"هەڵبژاردن و قەوارەی هەرێم كە قەوارەیەكی دەستورییە جیاوازن بۆیە ناكرێت هەر لایەنێك داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەلبژاردن بكات وا لێك بدریتەوە كە دژی قەوارەی هەرێمە" سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وایوت.

كۆتاكان چارەسەر نەكراوە

كورسی كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستان كە 11 كورسیە، ناكۆكییەكی دیكەی لایەنەكانە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆرێك لە پێكهاتەكانیش بەنوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیانی نازانن، بە كۆنترڵكراوی سیاسیی لایەنێك ناویان دەبەن و داوادەكەن، بەبێ دەستوەردان نوێنەری راستەقینەی خۆیان دیاریی بكەن.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمان دەڵێت:" بەهەموو شێوەیەك یەكێتیی پشتیوانی بێمەرجی پێكهاتەكان دەكات بەتایبەتی نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن بەبێ دەستوەردانی حزبی و چونكە یەكیتی پێیوایە دەبیت پێكهاتەكان لەهەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بكەن و پێكهاتە لەهەر شوێنێكی هەرێمی كوردستاندا هەبێت مافی ئەوەی هەبێت كە نوێنەرایەتی هەبیت ".

" تائێستا بابەتی پرسی كۆتاكان و پێكهاتەكان رێككەوتنی لەسەر نەكراوە و ئومێد دەكەین لەداهاتوودا لەسەر ئەو خاڵەش رێكبكەوین" زیاد جەبار وایوت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket