riklam

قوباد تاڵەبانی: دەتوانین كوردستان بكەینە ناوەندێكی تەكنۆلۆژیای بەهێز

کوردستان 12:45 PM - 2023-02-16
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم  PUKMEDIA

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم

تێكفێست قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم رایگەیاند: "پێشانگای تێكفێست وزە و داهێنانی گەنجان دەردەخات،  بەردەوام هەوڵمداوە كاروبارەكانی حكومەت بە تەكنۆلۆژی و ئەلیكترۆنی بكەم، لە داهاتووشدا دەتوانین كوردستان بكەینە ناوەندێكی تەكنۆلۆژیای بەهێز".

 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكدا كە لەپێشانگای تێكفێست ئەنجامیدا رایگەیاند: "ئەم تێكفێستە هاندانێكی باشە بۆ توانای گەنجانمان و بەدەرخستنی وزە و داهێنانی گەنجان، دەتوانم بڵێم بەشێكی گەنجان داینەمۆی داهێنانن لە كوردستان و پشتیان پێدەبەستین، چونكە ئایندەی كوردستان و بازاڕ و حوكمڕانی و ئارامی و ئاسایش و ئابوریمان بەندە بە تەكنۆلۆژیاوە، بۆیە پێویستە پشتیوانی ئەم هەوڵانەبین".


راشیگەیاند: "لەوكاتەوەی گەڕاومەتەوە  بۆ كوردستان بەردەوام هەوڵمداوە كاروبارەكانی حكومەت بە تەكنۆلۆژی و ئەلیكترۆنی بكەم، چونكە پێشتر سیستەمی بەڕێوەبردن زۆر دواكەوتوو بوو بەڵام ئێستا لەڕێگای سیستەمی ئەلیكترۆنییەوە كاروباری فەرمانگەكان و خاڵە سنوورییەكان و تەنانەت پەیوەندییەكانیشمان بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە".


لە درێژەی چاوپێكەوتنەكەدا جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم ئەوەشی راگەیاند: "بایۆمەتری هەوڵێكی سەركەوتوو بوو بۆ تۆماركردن و زانینی رێژەی فەرمانبەران و مووچەكانیان، قۆناغی دووەمی بایۆمەتری كەخۆی لە چەند بەشێكدا دەبینێتەوە دەستیپێكردووە، كە یەكێك لە گرنگترین خاڵەكانی بابەتی دابەشكردنی مووچەیە بە ئۆنڵاین و هەموو هەوڵێك دەدەین تا سیستەمەكە بچێتە قۆناغی داهاتووەوە".

 

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد:" لە ماوەی رابردوودا کاریان کردوە بۆ ئەوەی گەنجان ئاسانتر بتوانن ببنە خاوەنی بزنسی خۆیان، ئەگەر پێشتر تۆمارکردنی کۆمپانیایەک چەند مانگ کاتی پێویست بوایە، ئێستا دەتوانرێت لە ماوەی رۆژێکی کارکردندا جێبەجێ بکرێت".

"یەكێك لە هەوڵەكانی دیكەی حكومەت بەئاڕاستەی بە ئەلیكترۆنیكردنی حوكمڕانی ئەوەیە كە سیستەمی یەك پەنجەرە لە فەرمانگەكاندا جێبەجێ بكەین، ئەوەش لەپێناو ئەوەدا كە هاووڵاتی بەتەنها لە یەك پەنجەرەدا كاروبارەكانی رایی بكرێت و رۆتین كەمبكرێتەوە و هیچ مامەڵەیەك نەبێتە گرفت بۆ ئەو كەسانەی مامەڵەی فەرمانگەكانیان هەیە" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.


ئەوەشی راگەیاند: "شەفافیەت نوێترین هەوڵی تەكنۆلۆژی و بەئەلیكترۆنیكردنی حوكمڕانی ئێمەیە، جگە لەوەی كە ئەم پڕۆژەیە شەفافیەت لە داهاتدا دەخاتەڕوو و كارئاسانی تەواوی بۆ زانینی داهات و پەنجەخستنەسەر خاڵە لاوازەكان و چارەسەركردنیانە، جگەلەوەی كۆتایی بە رۆتین دەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە داهاتوویەكی نزیكدا بابەتی خەرجییەكانیش لە پڕۆژەی شەفافیەتدا جێدەكرێتەوە، بەمەش هەموو هاووڵاتییەك دەتوانێت ئەوە بزانێت ئەو پارەیەی كە دەیدات بە حكومەت بۆچی خەرج كراوە".

 

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە پێویستیی دروستکردنی هەماهەنگیی بەهێز لەنێوان زانکۆ  و ناوەندە ئاکادیمییەکان لەگەڵ بازاڕ و دامەزراوەکانی حکومەت کرد، و رایگەیاند بۆ بڕیاردان پێویستە پشت بە توێژینەوە زانستییەکان ببەستین نەک بۆچوونی کەسیی خۆمان بۆ ئەوەی کەمتر بڕیاری هەڵە بدەین، پێویستە زانکۆکان و ناوەندە ئاکادیمییەکان بە توێژینەوەکانیان؛ حکومەت و بازاڕ و کەرتی تایبەت بەرچاو ڕوون بکەن کە دەبێت چۆن هەنگاوبنێن بەرەو بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابوری و هەموو بوارەکانیتر.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە کێشە ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند:" خاڵی لاوازی ئابوری هەرێم نەبوونی سیستمێکی بانکی پێشکەوتووە و لە ئێستادا کاردەکەن بۆ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. وتیشی: ئابوری هەرێم و کەرتی تایبەت پێش ناکەوێت بەبێ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی و دروستکردنی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و بانکەکاندا. ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر سیستمی بانکی رێک بخەینەوە بەشێکی بەرچاوی کێشە ئابورییەکان و کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابوری هەرێم چارەسەر دەبن".

 

لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم وتی: "داهاتی نەوت ئێمەی تەمەڵ كردووە و بووەتە نەخۆشی بۆمان و وایكردووە گرنگی كەرتەكانی دیكەمان بیربچێتەوە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە چارەسەری ئەو نەخۆشییە بكەین و گرنگی زیاتر بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و توانای گەنجەكانمان لەبواری تەكنۆلۆژیا بدەین و هەرێمی كوردستان بكەینە ناوەندێكی گرنگ نەك تەنها نەك تەنها بۆ عیراق بەڵكو بۆ هەموو ناوچەكەش، لەم روانگەیەشەوە ئاواتەخوازم پێشانگای داهاتووی تێكفێست گەشەی زیاتری پێبدرێت و ئەو داهێنانانەی كە ئەنجامی دەدەن لەڕێی نێتۆركەوە ببەسترێنەوە بەیەكەوە و پێشانگای داهاتوو تەنها نمایشكردنی داهێنانەكان نەبێت بەڵكو ببێتە سەرچاوەیەك بۆ كۆمپانیا و بازرگانەكان تا لەڕووی تەكنۆلۆژیاوە گرنگی زیاتر بە كارەكانیان بدەن".


تێكفێستی ئەمساڵ بە بەشداری زیاتر لە 75 پڕۆژەی داهێنراو لە بواری تەكنۆلۆژیا لە  شارەكانی كوردستان و عیراق و دەرەوەی عیراقیش بەڕێوەدەچێت و تێیدا 50 كێبڕكێكاری بواری سایبەر سكویرتی و نزیكەی 100 گەیمەر لە پێشبڕكێی گەیم زۆنی تێكفێست و 25 كێبڕكێكاری پڕۆبڵەم سۆڵڤینگ بەشدار دەبن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket