riklam

عەریف دەمامک

بابەتی گۆڕاو 03:57 PM - 2020-11-03
.

.

عەریف دەمامک
لەناو بازاڕە پڕ لەهات و هاوارەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەتا راڕەوە کش و ماتەکانی بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان خەمساردییەکی ترسناک و گوماناوی بەرامبەر کارەساتی کۆرۆنا خۆیمان نیشان دەدات لە پرسەی مەرگی ئازیزان  و ئیفلیجبوونی ئابووری و تارمایی ترسێکی بێ کۆتاییدا.  هەموومان دەزانین ئەم پەتا کوشندەیە خاڵێكی وەرچەرخانە. خەتوخاڵەکانی جیهانی دوای کۆرۆنا لە ئێستاوە دەر کەوتوون: کارکردن لە ماڵەوە و پەروەردەی مەجازی و نوغرۆبوونی زیاتری وڵاتە دواکەوتووەکان لە لیتاوی هەژاری و کوێرەوەریدا. کۆرۆنا بە فۆنتی هەژدە نووسیوێتی ئەمجارەش زانست و تەکنەلۆجیا دەسەڵاتی دەوڵەت و بواری چاودێریکردنی هاووڵاتیانی ئاسانتر کرد. ئەوەی کە جاران سنووری تایبەت و نهێنی تاک بوو ئێستا بەبیانوی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناوە بوونەتە مڵک و سەرچاوەی زانیاری حکومەتەکان. دەۆڵەت بە دەم چاودێریکردنی پلەی گەرما و جۆری پژمینەکەتەوە دەزانێت لە کوێ بوویت و ماچ و مووچت لەگەڵ کێدا کردووە. کار وا بڕوات ماوەیەكی  تر هەموومان بە مەمنوونییەوە سەرە دەگرین بۆ کڕینی بازنگی بایۆمەتری تا حکومەت لەکونی كونی ژووریشەوە ئاگای لە خشەی ئێمەی مارو مێروو بێت. مەرج نییە ئەم رێوشوێنە ورد و بەردەوامانە لەخۆشی چاوی کاڵی ئێمە بێت، بەڵکو بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر یەک بەیەکی دانیشتوانی ئەم گۆی زەوییە. هۆکارەکەش نەبوونی متمانەیە. متمانەی حکومەت و هاووڵاتی بە یەکتر بەقەدەر  متمانەی نێوان دز و پۆلیسە. نە جەماوەری بەشەرەف متمانەی بە ئامار و زانیاری و خزمەتگوزاری و مەبەستەکانی حکومەت هەیە، نە حکومەتیش دڵتئەمینە لەوەی میللەت لەئاست بەرپرسیارێتدا بێت. ئەمە لە ئەوروپا و ئەوانەدا نەک لای ئێمە. نەگبەتییەکەی ئێمە لە وەدایە کە هەردووکیان هەقیانە و راست ئەکەن… رەنگە یەکەمجاربێ لەتەئریخی عالەمدا هەق ئەوەندە قێزەون و موزیڕ بێت. شەعب لە بێ متمانەییدا نوێژی جەماعەت دەهێنێتە  سەر جادە و  حاسیبەکەی حکومەتیش خوا پێم نەگرێ لەداخاندا هەموو رۆژێ ژمارەی تووشبوان تەقسیمی چوار پارچەکەی كوردستان دەکات. ئەم هاوئاهەنگییە جوانەی نێوان قیادە و قەواعید وای کردووە حکومەت هەموو ئومێد و بەرنامەیەکی هاتووەتە  سەر دەمامک بەستنێکی کاریکاتێری، میللەتیش لە رقدا دەمامکەکەی لێ  بووە بەعەریف حەمەتاڵ.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket