riklam

وەڵامێك لەوەزارەتی رۆشنبیرییەوە بۆ كەناڵی كوردستان24

کوردستان 04:40 PM - 2020-03-23
.

.

بەرنامەی (دەروون‌و دیاردە) كە لە كەناڵی (كوردستان 24) پێشكەش دەكرێت، ئەوە دوو جارە ئەو بەرنامەیە بەناڕەواو ناڕاست باسی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەكات و دەڵێ  گوایە وەزارەتمان، لەئاست بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا كەمتەرخەم بووە‌و بەئەركی خۆی هەڵنەساوە.

بۆ راستكردنەوەی ئەو قسانە، ئەم رونكردنەوەیەمان بۆ رای گشتی پێویست زانی.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و رێنماییكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ خۆپاراستن، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێكهات، بەڕێز وەزیری رۆشنبیری‌و لاوان ئەندامی ئەو لیژنە باڵایەیە، لەچوارچێوەی ئەو لیژنە باڵایەدا، چ ئەركێك بەوەزارەتمان سپێردراوە جێبەجێمان كردووە.

هەر بۆ زانیاریی بەرنامەكەی كوردستان24، ئەو كارانەی لەو بارەیەوە كردوومانە دەخەینەڕوو، كە لەكاتی خۆیدا لەپەیجی رەسمیی وەزارەتمان بڵاوكراونەتەوە‌و كەناڵی (كوردستان24) خۆشی هەندێكیانی رووماڵ كردووە.

1-بەمەبەستی خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە، وەزارەتمان هەموو كارو چالاكییەكی رۆشنبیری‌و ئەدەبی‌و هونەری‌و وەرزشی راگرت.

2- بەڕێز وەزیری‌و رۆشنبیری ولاوان ‌و وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن  لەدیوانی  وەزارەتمان كۆبوونەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن كرا،كە رێنماییەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگار بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا  بڵاو بكەنەوە، زانیاری‌و هەواڵی راست‌ و دروست بەهاووڵاتیان بگەیەنن، وەك ئەركێكی نیشتمانی ‌و پیشەیی، لەزانیاری‌و هەواڵی ناڕاست  خۆیان بەدوور بگرن.

 3- وەزارەتمان پەیامێكی ئاڕاستەی سەرجەم رۆشنبیران‌و نووسەران‌و هونەرمەندان‌و وەرزشوانان كرد، كەهەڵمەتێكی نیشتمانی دەست پێبكەن بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەریەكەیان لەپسپۆڕی خۆیاندا لەرێی كەناڵەكانی میدیاوە، داوا لەهاووڵاتیان بكەن كە خۆیان لەو ڤایرۆسە بپارێزن، زۆربەیان بەدەنگ ئەو پەیامەوە هاتن‌و وەك ئەركێكی نیشتمانیی مرۆڤدۆستانە ئەو ئەركەیان بەجێهێنا.

4- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن‌و چاپ‌و بڵاوكردنەوەی سەر بەوەزارەتمان، پەیامێكی ئاراستەی هەموو كەناڵەكانی میدیا كرد، كە لەم دۆخەدا بۆ ئارامكردنەوەی رۆح‌و دەروونی هاووڵاتیان بەرنامە‌و درامای بەسوود‌و تەرفیهی پێشكەش بكەن‌و بایەخیش بەرنامەی تایبەت بە منداڵان‌و خوێندكاران بدەن.

5-بەرێز وەزیری‌و رۆشنبیری‌و لاوان،دوو پەیامی سەبارەت بەیادەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە‌و جەژنی نەورۆز نووسی‌و بڵاو كرانەوە،لەهەردوو پەیامەكەدا جەختی لەوە كردەوە كە  چالاكی‌و گردبوونەوە ئەنجام نەدرێ‌‌و بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە، هاووڵاتیان لەماڵەكانیان بمێننەوە‌و پابەندی رێنماییەكان بن.

6-راوێژكارێكی وەزارەتمان ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لەوەزارەتی تەندروستی، ئەو ئەركەی لەرێی ئەو لیژنەیەوە خراوەتە سەر وەزارەتمان جێبەجێ‌ كراوە.

7-بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتمان لەهەولێر‌و پارێزگاكانی تری هەرێم بەئەركی خۆیان لەو بارەیەوە هەستاون‌و پابەندی بڕیار‌و رێنماییەكان بوون.

 وەزارەتمان  بەپێی رێنماییەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا‌و دەسەڵاتەكانی وەزارەت‌و جەنابی وەزیر، ئەوكارانەی ئەنجام داوە‌و كەمتەرخەم نەبووە، لەبەر ئەوە ئەو روونكردنەوەمان بۆ رای گشتی‌و وەك وەڵامێك بۆ كەناڵی كوردستان24 بەپێویستزانی.

وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان

23ی ئازاری 2020

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket