riklam

دکتۆر بەرھەم ساڵح: مام ڕێبەرێکە گەورەتر لە مردن

ی.ن.ک‌‌ 08:44 PM - 2019-10-03
.

.

لە دووەم ساڵیادی کۆچی دوای سەرۆک مام جەلال، دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جگە لە ستایشکردنی ڕۆڵ و گرنگی سەرۆک مام جەلال لە مێژووی خەباتی سیاسی نەتەوەی کورد و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، ئاماژەی بەو کەلێنە گەورەیە کرد کە کۆچی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال لە عێراق و ناوچەکە بە گشتی دروستیکرد و ڕایگەیاند: دوای دوو ساڵ لە ھەر کات زیاتر دەزانم من چ فێرکارێکی گەورەم لە دەستچوو

دەقی پەیامەکە

مام ڕێبەرێک گەورەتر لە مردن

دکتۆر بەرھەم ساڵح

دوو ساڵ لەمەوبەر، مام و مامۆستا و ڕابەرمان، مام جەلال ماڵئاوایی لێکردین. ماڵئاوایی مام جەلال، بە تەنھا بۆ ئێمەمانان کۆستێکی گەورە نەبوو، بەڵکو کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە مەزنە، بۆ کوردایەتی و عێراق و ناوچەکە مایەی پەژارەیەکی سەرتاسەری بوو.

مام جەلال، وێڕای ئەوەی ڕێبەرێکی پشوودرێژی کوردایەتی نوێخوازبوو، لە ھەمان کاتدا، لە سەر ئاستی عێراق سەرکردەیەکی ئازا و دیموکراتخواز بوو، سەرکردەیەک لە مێژووی زێڕینی خۆیدا، وێڕای ئەوەی بە ڕەوایەتی زۆرەوە سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانی دەکرد، لە ھەمانکاتدا، لەناو شۆڕشی نوێی چیاکانی کوردستاندا، توانی بناغەی ھاوپەیمانی و ھاوخەباتییەکی مێژوویی پتەو لەگەڵ ئازادیخوازانی عێراق و سەرکردە و ھێزە ڕەسەکانی لە دژی زوڵم و دکتاتۆریەت بەرپابکات. کە سەرئەنجام ئەم ڕۆژ و ڕۆژگارانە جیاوازانەی کوردستان و عێراقی ئازادی دوای تاکڕەوی لێکەوتەوە.

ژیانی مام جەلال، ژیانی ڕێبەرێکی ناوازەی زیاتر لە نیو سەدەی پڕ لە سەروەری و دەستکەوت و شانازییە، بۆ کوردستان ئەو ھەر سەرکردە دیارەکەی ئەوسای پارتی و ھەر ڕێبەرە بوێرەکەی شۆڕشی ئەیلول و ھەر دامەزرێنەری یەکێتی و شۆڕشی نوێی کوردستان نیە، بەڵکو ئەندازیاری گۆڕانکاریە گەورە و ڕیشەییەکان بوو، ئەو گۆڕانکاریانەی ئەو بە دوور بینیەکی زۆرەوە پێشبینی پێشھاتەکانی تیاکرد و لە سایەیدا دەرفەتە گەورەکان بۆ کوردستان ڕەخسان و ئەزموونی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. ھەروەک چۆن بۆ یەکەمجار لە مێژووی خوێناویی و پڕ جیاوازی نەتەوەیی و ئەتنی عێراقدا، دەرفەتی ئەوە بۆ کورد ڕەخسا دوای ئەنفال و جینۆساید و ھەڵەبجە بە ھەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراتی کوردێک، شۆڕشگێڕێک، پێشمەرگەیەک، سیاسیەکی خاکی و خاوێن بکات بە سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی خۆی.

یادەوەری و ناوی مام جەلال، ناوێکە بۆ ھەردەم تێکەڵە بە زیاتر لە نیو سەدەی خەباتی بێوچان، تێکەڵە بە خەباتی شێلگیرانەی سەردەمە ھەرە سەختەکان، تێکەڵە بە مێژوویی زێڕینی قوربانیدان و بەدیھاتنی دەستکەوتە مەزنەکان. ناوی مام جەلال ناوێکە تێکەڵە بە بوێری، تێکەڵە بە پێداگری و پشوودرێژی، تێکەڵە بە حیکمەت و ڕێگەچارە جوان و نایابەکان. ناوێکە مێژوو وەک سیمبوڵێک لەناو بزوتنەوەی کوردایەتی و جوڵانەوەی نیشتیمانی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلاندا، بۆ ھەمیشە لە لاپەڕە پڕشنگدارەکانی خۆیدا بە شانازی وەک تۆمارێکی زێڕینی نەمر دەیھڵێتەوە.

ئێستاش دوای دوو ساڵ بۆ من كە سەرنج لە کۆچی دوایی مام و مامۆستا و ڕابەرم دەدەمەوە، لە ھەرکات زیاتر دەزانم من چ فێرکارێکی گەورەم لە دەستچوو، دەزانم چ پاڵپشت و پشتیوانێکی کەم وێنەم لە پەرۆشی و دەستگرۆیی و دڵسۆزی لە دەستداوە، فێرکارێک، کە ھەموو خەسڵەتە جوانەکان مامۆستایەتی و پەرۆشیەک کە ھەموو نۆرمە جوانەکانی دڵسۆزی باوکانەی بەدەر لە دڵڕەقیەکانی ناو سیاسەت تیادا کۆببوەوە. بۆیە پڕ بە دڵ دەڵێم بیرت دەکەم مامە گیان، دڵنیابە درێژە بەڕێگا و ڕێبازەکەت دەدەین، خواستە گەورە بەدینەھاتووەکانت، لەناو یەکێتی و کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا بەدیدەھێنین.

 

PUKmedia   تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket