riklam

بكوژانی تاریقی بەقاڵ دادگای دەكرێن

کوردستان 08:05 PM - 2019-08-26
.

.

یەكەم دانیشتنی دادگایكردنی بكوژانی تاریقی بەقاڵ بەڕێوەدەچێت، كەسوكارەكەشی دەڵێن لەلایەن دادگاوە ئاگاداركراونەتەوە كە بەشداری دانیشتنەكە بكەن و تەنها داواكاریشیان لەسێدارەدانی بكوژەكانە.

دوای زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر ئاشكراكردن و دەستگیركردنی بكوژانی تاریقی بەقاڵ و دۆزینەوەی تەرمەكەی، بڕیارە یەكەم دانیشتنی دادگایكردنی بكوژانی لەدادگای تاوانەكانی سلێمانی بەڕێوەبچێت.

حاكم عومەر ئەحمەد وتەبێژی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات كە ئامادەكارییەكانیان بۆ دادگایكردنی بكوژانی تاریقی بەقاڵ تەواو بووە، بە PUKmediaی راگەیاند: داگای تاوانەكانی سلێمانی – دوو  رۆژی دادگایكردنی تۆمەتبارانی كەیسی كوشتنی تاریقی بەقاڵ دیاریكردوەو هەموو ئامادەكارییەكانی بەڕێوەچوونی دادگایكردنەكەش تەواو بووە.

ئەوەشی وت: لەدانیشتنەكەدا ئەوانەی دەستگیركراون و تۆمەتبارن بەكوشتنی تاریقی بەقاڵ دادگای دەكرێن و كەسوكاری تاوان لێكراوەكەش بەشداری دانیشتنەكە دەكەن.

لای خۆشیەوە نیاز رۆستەم حەمەساڵح، خوشكی تاریقی بەقاڵ تەئكیدی لەسەر ئەوەكردەوە كە لەلایەن دادگای سلێمانییەوە ئاگاداركراونەتەوە بۆ بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی دادگایكردنی بكوژانی براكەیان، بۆ PUKmedia وتی:  ماوەیەك پێش ئێستا لەلایەن دادوەرەوە لەسەر دۆسیەكە وتەمان وەرگیراوەو  لەلایەن دادگاشەوە ئاگاداركراوینەوە كە سبەینێ 27ی ئابی 2019، دانیشتنی دادگا بۆ دادگایكردنی بكوژانی تاریقی برام بەڕێوەدەچێت و ئێمەش وەك خانەوادەكەی بەشداری دانیشتەكە دەكەین و كەسوكاری خۆشمان بۆ بەشداریكردن لەدانیشتەكە ئاگادار كردوەتەوە.

خوشكەكەی تاریقی بەقاڵ باسی لەوەشكرد كە چەند پارێزەرێك داوایان لێكردوین كە بەخۆبەخش بەرگری لەكەیسەكە دەكەن، بەڵام پێمانڕاگەیاندون كە پێویستمان بەپارێزەر نیە، چونكە بكوژەكان 40 تاوانیان كردوە، بۆیە لەسەر ئەو تاوانانە سزایەكی دادپەروەر وەردەگرن.

ئەوەشی وت: دانیشتنەكەی سبەینێ تەنها لەسەر دۆسیەی كوشتنی تاریقی بەقاڵ بەڕێوەدەچێت و تەنها داواكاریشمان بەسزاگەیاندنی تاوانبارانە، وەك كەسوكاری تاریقی بەقاڵیش بەسزای لەسێدارە بۆ ئەو تاوانبارانە رازی دەبین.

مانگی نیسانی ئەمساڵ لەلایەن هێزەكانی ئایشی سلێمانیەوە باندێكی مەترسیدار دەستگیركراو دانیان بەوەدانا كە تاریق رۆستەم حەمە ساڵح ناسراو بەتاریقی بەقاڵیان كوشتوەو لەناوچەی قولەرەیسی سلێمانی شاردویانەتەوە، 7ی نیسانیش دوای تێپەڕبوونی نزیكەی چوار مانگ بەسەر دیارنەمانی بەئامادەبوونی ئەندامانی باندەكەن تەرمی تاریق رۆستەم حەمەساڵح ناسراو بەتاریقی بەقاڵ دەرهێنرایەوەو تاوانەكە ئاشكرابوو.

هەرئەوكاتە، لیوا حەسەن نوری بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەرەتای تاوانەكانی ئەو باندە بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە كە بەڕفاندنی جانتای ژنان و دزینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان بەشەوان دەستیان پێكردووە.

ئەوەشی خستبوەڕوو باندەكە لە سێ كەس پێكهاتوون و پەیوەندیان لەگەڵ چەند تاوانبارێكی دیكەی شارەكانی خوارووی عیراقەوە هەبووەو ئەو ئۆتۆمبێلانەی ڕفاندوویان و بەزۆر لە خەڵكیان سەندووە ڕەوانەی شارەكانی خوارووی عیراقیان كردووە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردبوو هەركەسێك لەو كەسانەی كە ڕفاندوویانن ئەگەر بەرگرییان كردبێت كوشتیویانە، كە یەكێك لە كوژراوەكان بە تاریق- ی بەقاڵ ناسراوە كە ماوەی چەند مانگێكە خۆی و ئۆتۆمبێلەكەی بێسەروشوێن بوون.

لیوا حەسەن نوری ئەوەشی نەشاردەوە كە لەمێژووی دەستبەكاربوونی خۆی وەك بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی باندی مەترسیداری لەو شێوەیان دەستگیر نەكردووە چونكە ئەم باندە لەگەڵ ئەوەی كە ئۆتۆمبێل و شۆفێرەكانیان رفاندوە و هەوڵیانداوە دەستدرێژیش بكەنە سەریان.

تاریق رۆستەم ناسراو بەتاریقی بەقاڵ تەمەنی 39 ساڵ خاوەنی چوار منداڵ بوو، 18ی كانونی یەكەمی 2018 لەلایەن سێ‌ كەسەوە رفێنرا، دوای چوار مانگ تەرمەكەی لە گەڕەكی قولەرەیسی لە شاری سلێمانی دۆزرایەوەو بكوژانی دەستگیركران.

PUKmedia تایبەت 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket