riklam

كوژرانی خاشقچی

بیروڕا 06:36 PM - 2018-10-17
.

.

كوژرانی خاشقچی، سرەواندنی گورزێكی تر لە جێنشینی سعودیە

كوژران یان بێ‌ سەروشوێنكردنی هیچ رۆژنامەنووسێك هێندەی دیارنەمانی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی ناسراوی عەرەبستانی سعودیە لە كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە توركیا، هەڵای میدیای لێنەكەوتووەتەوە. ئەو، راستە رۆژنامەنووسێكی ناسراو بوو و لەماوەی چەند مانگی رابردوودا زۆرترین نوسینی رەخنەئامێزی لەبارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سعودیە لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمریكی بڵاوكردەوە، بەڵام كێشەی سەرنگومبوونی زیاتر رەهەندێكی سیاسی هەیە، چونكە بەر لەو دەیان رۆژنامەنووسی دیاری وڵاتانی تر كوژران یان بێ‌ سەرشوێنكران یاخوود ئەشكەنجە دران، بەڵام هیچ كەسیان هێندەی خاشقچی نەبوونە بابەت و هەواڵ‌و شیكردنەوەی كەناڵەكانی راگەیاندن.

سعودییەكان باس لەوەدەكەن كە قەتەر و توركیا لەڕێی میدیاكانیانەوە دۆسیەی خاشقچی دەوروژێنن و گەورەی دەكەنەوەو پێش رووداوەكان دەكەون، هەندێكیشیان باس لەوەدەكەن كە نەیارانی سعودی خاشقچی-یان بێ‌ سەروشوێنكردووە و هەوڵ دەدەن ئەو بابەتە وەكو پاساوێك بەكاربهێنن بۆ شێواندن و لەكەداركردنی ناوبانكی عەرەبستان و سەرەنجام گۆشەگیركردنی ‌و لاوازكردنی پێگە ئیقلیمی ‌و نێودەوڵەتییەكەی . هەرچۆنێك بێت، قەیرانی خاشقچی وەكو بومەلەرزیەكی سیاسی گەورە وابوو كە تەخت و تاراجی شانشینی سعودیە، بەتایبەتی دەسەڵاتە ساواكەی محەممەدی كوڕی سەلمان جێنشینی پادشای هەژاند‌و رەنگە دوای بومەلەرزە گەورەكە لەڕێی چەند بومەلەرزەیەكی ترەوە بەتەواوی دەسەڵاتەكەی جێنشین بڕوخێنێت، ئەگەر بسەلمێندرێت ئەو ئەقڵی جێبەجێكاری تاوانەكە بووە.

لەدوای مردنی شا عەبدوڵای كوڕی عەبدولعەزیز و دەستبەكاربوونی شا سەلمان-ەوە لەساڵی 2015، محەممەدی كوڕی شا سەلمان بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و هەندێجاریش راستەوخۆ دەسەڵاتداری سعودیەیە، ئەو جگە لەوەی جێنشینی پادشایە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و سەرۆكی دیوانی پاشایەتی‌و راوێژكاری تایبەتی پادشا و وەزیری بەرگری و سەرۆكی دامەزراوەی پیشەسازی سەربازی و سەرۆكی ئەنجومەنی كاروباری ئابووری و پەرەپێدانە، زۆربەی جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی عەرەبستانی كۆنترۆڵكردووە. محەممەد كە لەدوای باوكییەوە بڕیاروایە ببێتە هەشتەم پادشای سعودیە ماوەی ساڵێك دەبێت پرۆژەی " تێڕوانینی 2030"ی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە كە ئامانج لێی دەربازكردنی شانشینەكەیە لە پشتبەستن بە نەوت و هەوڵدانە بۆ بنیاتنانی ئابوورییەكی پتەو و سەردەمیانە كە وەبەرهێنان كۆڵەگە سەرەكییەكەی بێت، لەو هەنگاوەشیدا لاسایی میرە گەنجەكانی ئیمارات دەكاتەوە، كە وڵاتە بیابان نشینەكەیان كردووەتە جێگەیەك كە سەرمایەدارو بازرگان‌و گەشتیار لە هەموو كون‌و قوشبنێكی جیهانەوە رووی تێدەكەن‌و ئەكتەر و هونەرمەندە بەناوبانگەكانی جیهان لەخوایان دەوێت سێڵفییەك لەپاڵ تاوەری خەلیفەدا بگرن. جێنشینی سعودیە دەوێت شانشینەكەی بكاتە سەنتەرێكی سیاسی‌و ئابووری ئەوتۆ كە لەلایەك رۆڵی ئابوورییانەی گەشەسەندووی ئیمارات و قەتەر و وڵاتانی تری كەنداو نەهێڵێت و لەلایەكی تریشەوە هەژموونی سیاسی‌و سەربازی تاران كەم بكاتەوە و ریاز جێی بگرێتەوە، بەڵام چەندین ئاستەنگی لەبەردەمدایە و تائێستا چەندین خاڵی لاوازی لێ‌ دەركەوتووە، دواهەمینیان كێشەی خاشقچی-یە، كە رەنگە وابكات بەر لەوەی خەونە گەورەكەی بەدیبهێنێت، خۆی لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی وڵاتەكەیدا ببینێت.

لەماوەی سێ‌ ساڵی رابردووی دەسەڵاتدارییەی ناڕاستەوخۆییەكەیدا، محەممەدی كوڕی شا سەلمان دووچاری چەندین گرفتی گەورە بووە. هەر لەسەرەتای بەدەستەوەگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگرییەوە، وڵاتەكەی رووبەڕووی جەنگێكی درێژخایەنی دژ بە حوسییەكانی یەمەن كردووەتەوە كە سەرباری هەندێك سەركەوتنی سنووردار، جەنگەكە لەڕووی ئابووری‌و سەربازی‌و ناوبانگی سعودیەوە، زیانێكی زۆری گەیاندووەتەوە ئەو وڵاتە، هەروەك سعودیەی خستووەتە كێشەو ململانێیەكی گەورەوە لەگەڵ قەتەری دراوسێی، ناكۆكی لەگەڵ كەنەدا درووستكردووە لەپای پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، دەیان خۆپیشاندەری ئاشتیخوازی دەستگیركردووە‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی خانەوادەی شاهانە و سەرمایەداری پەراوێزخستووە. هەموو ئەوانە وایان لە سعودییەكان كردووە خۆزگە بەو كاتانە بخوازن كە تێیدا شانشینەكەیان لەئێستا ئارامتر بوو.

هەموو ئەو پێشهاتانەی باسكران‌و وابەستەی سەرەڕۆییەكانی جێنشینی سعودیەن، ئاستەنگی گەورەیان بۆ داهاتووی ئەو جێنشینە خوڵقاندووە، بابەتی دیارنەمانی خاشقچی-یش ئەوەندەی تر قوڕەكەی خەستكردووەتەوە و ئەگەر چارەنووسی خاشقچی كوشتن بێت و دەربكەوێت محەممەدی كوڕی سەلمان لەپشت ئەو كارەوەبێت، ئەوا دوور نییە ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گووشارێكی ئەوتۆ لەسەر عەرەبستان درووستبكەن كە ناچاری بكەن جێنشین لەسەر كار لابدەن‌و كەسێكی تر بكەنە پادشای داهاتووی سعودیە.

فەریق حەبیب

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket