riklam

دوای ریفراندۆم پارتی په‌یوه‌ندی نهێنی له‌گه‌ڵ به‌غدا دروستكرد

ریپۆرتاژ‌ 05:29 PM - 2018-10-15
.

.

پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەو گەڕانەوەی سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی بۆ شاری كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان، ئەو شوێنانەی چۆڵ كرد‌و كادر‌و بەرپرسەكانیان گەڕانەوە بۆ شاری هەولێر بەوپێیەی كە شاری كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان داگیركراوون.

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك كە دەست ژیان كەوتووە، تەنها دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێك بەسەر رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و وەزارەتی ناوخۆی عێراق ‌و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركوك هەماهەنگی‌و ئاڵوگۆڕی زانیاری‌و نووسراوی رەسمییان لەنێواندا هەبووە.

نووسراو‌و پەیوەندییەكانی نێوان وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و وەزارەتی ناوخۆی عێراق هێند پتەو دەردەكەوێت كە تیایدا زانیاری لەسەر ئەو ئەفسەر‌و تەنسیبكراوانەی (پارتی) دەگۆڕنەوە كە شاری كەركوكیان جێهشتووە‌و باس لە خەرجكردنی مووچەكانیان دەكەن.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا‌و ناحییەكانی كەركوك وتى" لەهەفتەی یەكەمی دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێم‌و بەغدا هەماهەنگیان لەنێواندا هەبووە‌و لە 15 رۆژ جارێك فەریق مۆفەق كە بریكاری وەزیری ناوخۆی بەغدایە ئەگەر دوو جار نەچێتە ئاسایش‌و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم جارێك دەچێت‌و كۆبوونەوە لەگەڵیان دەكات".

یەكێك لەو بەڵگەنامانەی كە دەست ژیان كەوتووە، نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی كوردستانە كە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركوكی كردووە.

"لەنووسراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركوك كراوە، تیایدا ئاماژە بەراژەی 16 ئەفسەرو 27 تەنسیبكراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزا‌و ناحییەكانی كەركوك دەكات كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی كوردستانەوە لەرۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە مووچەیان بۆ بەستراوە.

لەنووسراوەكەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان داوا لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركوك دەكات كە چیدی خەرجكردنی مووچەكانیان رابگرێت بەوپێیەی كە مووچەی مانگەكانی 10‌و 11‌و 12ی ساڵی 2017 و هەروەها مووچەی مانگەكانی 1‌و 2‌و 3‌و4‌و5‌و6‌و7ی 2018-یان بۆ خەرجكراوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمەوە".

هەروەها لەبەشێكی تری نووسراوەكەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم داوا لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركوك دەكات لەو بارەیەوە زانیارییان پێ بدەن.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك وتى " قسە‌و لێدوانەكانی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ كار‌و كردەوەكانیان یەك ناگرێتەوە، لەلایەك دەڵێن كەركوك داگیركراوە، بەڵام مانگانە بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان لەحكومەتی عێراقی دێنەوە بۆ شارەكە‌و مۆڵەتیان تازە دەكەنەوە‌و مووچەكانیان وەردەگرن".
وتیشی "نەمانبیستووە كەس لەناو كەركوك فەسڵ كرابێت‌و مووچەكانیان بڕابێت".

ئاماژەی بەوەش كرد "بەرپرسانی پارتی لەكەركوك هەموویان مۆڵەتیان وەرگرتووە‌و مانگانە دێن بۆ كەركوك مۆڵەتەكانیان تازە دەكەنەوە‌و مووچەكانیان وەردەگرن‌و لەراگەیاندنەكان دەڵێن ئێمە ناوێرین بچینەوە بۆ كەركوك‌و كەركوك داگیركراوە، بەڵام بۆ مووچە وەرگرتن‌و مۆڵەت وەرگرتن هەموو  مانگێك دێنەوە بۆ كەركوك و مۆڵەتەكانیان نوێ دەكەنەوە‌و مووچەكانیان وەردەگرن".

ئەحمەد عەسكەری جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەموو بەرپرسەكانی پارتی لەشاری كەركوك چ قایمقام‌و بەڕێوەبەری فەرمانگەكان مانگانە دێنەوە بۆ شاری كەركوك‌و مووچەكانیان وەردەگرن‌و دەگەڕێنەوە‌و مۆڵەتەكانیان نوێ دەكەنەوە".

"مووچەی كەس نەبڕاوە‌و شوێنەكانیان بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێت" ئەحمەد عەسكەری وای وت.

لەبەڵگەنامەیەكی تردا كە دەست ژیان كەوتووە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ/ نووسینگەی وەزیر كردووە‌و لەبارەی مووچەی ئەو ئەفسەرانەی پارتی زانیاری دەدرێت.

لەنووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك كە بە ژمارە (1356) لە رۆژی (20/8/2018) ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ/ نووسینگەی وەزیر/بەشی هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ لەهەرێمی كوردستان كراوە.

لەنووسراوەكەدا وەڵامی نووسراوێكی وەزارەت دەدرێتەوە كە بە ژمارە (7154 لە 9ی8ی2018 ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك كراوە.

لەنووسراوەكەدا ئاماژە بە دوو لیستی ئەفسەرانی كورد لە (پشكی پارتی) و 27 مونتەسیب (لەپشكی پارتی) كراوە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوكەوە مووچەی مانگەكانی (10‌و11‌و12ی 2017) و مانگەكانی (1‌و2‌و3‌و4‌و5‌و6‌و7ی ساڵی 2018)یان بۆ خەرجكراوە.

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا‌و ناحییەكانی كەركوك، وتى " دوای 16ی ئۆكتۆبەر كۆمەڵێكی زۆر ئەفسەر چوونە هەولێر‌و سلێمانی‌و دوای چەند رۆژێك رێككەوتن كرا لەنێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێم‌و بەغدا‌و بەسەدان ئەفسەر‌و مفەوەز‌و پۆلیس گەڕانەوە بۆ كەركوك ‌و ئەو ئۆتۆمبێل‌و چەكانەی كە هێنابوویان لەگەڵ خۆیان بردیانەوە".

وتیشی "كۆمەڵێك لەو ئەفسەر‌و پۆلیسانە لەهەولێر هەر مانەوە‌و لەدوای حەوت مانگ موچەیان بۆ خەرج كردن لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كە موچەی هەرێم‌و بەغدا زۆر جیاوازی هەیە‌و كەمترە لەوەی بەغدا. دوای ماوەیەك وەزارەتی ناوخۆی هەرێم نووسراوێكی كرد بۆ پۆلیسی كەركوك‌و شتێكی خراپیان كرد‌و ئەوان دەڵێن كەركوك داگیركراوە، ئەگەر داگیر كراوە چۆن دەبێت نووسراو بۆ ئەوێ بكەیت".

عەمید سەرحەد روونیدەكاتەوە لەسەر ئەو نووسراوەی كە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك كردوە‌و پۆلیسی كەركوك نووسراوەكەی ناردووە بۆ وەزارەتی ناوخۆی بەغدا، وەزارەتی ناوخۆی بەغدا هەموو ئەو ئەفسەر‌و كارمەندانە دەدات بە دادگا‌و فەسڵیشیان دەكات‌و تووشی كێشە‌و گرفتیان دەكات‌و لەهەمان كاتدا پۆلیسی كەركوك خۆشی لیژنەی لەسەر دروستكردوون‌و داوای ئەو مووچانەش دەكات كە وەریان گرتووە‌و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمیش لەتازەترین نووسراویاندا داوای گەڕاندنەوەی مووچەی ئەو ئەفسەر‌و كارمەندانە دەكات.

جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە "ئەمە ناهەقییە بەرامبەر ئەو ئەفسەر‌و كارمەندانە كە 14 ساڵ لەو شارەدابوون‌و پارتی بوون‌و ناهەقییەكە لەلایەن پارتی‌و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە لێیان كراوە".

بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا‌و ناحییەكانی كەركوك ئاماژە بەوە دەكات كە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك تائێستا لەهەولێرن‌و مووچەیان بۆ خەرج دەكرێت‌و هەموو ئیمتیازاتێك‌و نەسرییەیان دەدەنێ‌و خەرجی ئۆتۆمبێلەكانیان دەكەن.

وتیشی "پاداشتی پارتی‌و وەزارەتی ناوخۆ نابێت ئەوە بێت بیانداتە دادگا‌و داوای پارەشیان لێ بكاتەوە هەقی خۆشیانە هەر پەرچەكردارێكیان هەبێت‌و پەیوەندیان بەمنەوە كرد‌و وتیان پشتگیریمان بكە‌و ئێمەش پشتگیرییان دەكەین".

PUKmedia ژیان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket