riklam

تیرۆرکردنی وەدات پەیامنێرانی بێسنووریشی هێنایەدەنگ

کوردستان 02:43 PM - 2016-08-18
.

.

پاش ئەوەی رۆژنامە نووس ( وەدات حوسێن) لەرۆژی 13ی ئەم مانگەدا بە بەرچاوی خەڵکی شاری دهۆکەوە لەلایەن چەند کەسێکی دەمامكدار بە شێوەیەکی  ناشیرین  فرێندرا و پاش چەند سەعاتێک و لە هەمان رۆژدا ، لەسەر رێگای هاتووچۆی ئەو ناوچەیە تەرمەكەی دۆزرایەوە ، رێكخراوی پەیامنێری بێسنوور لە راگەیاندنێکی  میدیایدا راپۆرتیکیان لە رۆژنامەی ئەلکترۆنی خۆیاندا بڵاوکردەوە و بە توندی ئەو کارەیان ئیدانە کردوە و هەر لەهەمان کاتدا شەهیدبوونی رۆژنامەنوسێکی تر لە بەرەکانی جەنگدا و برینداربوونی رۆژنامەنوسێکی تری راگەیاند .

لە راگەیاندەکەیاندا هاتوە کە وەدات حوسێن تەمەنی 28 ساڵ بوە و رۆژنامەنوس و کاری کردوە بۆ ئاژانسێکی رۆژنامەوانی نزیک لە پارتی کار کەرانی کوردستان ، پیکەکە .

بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادوەریەوە پێدەچێت کە لە ئەنجامی ئەشکەندەو لێدانەوە گیانی لەدەست دابێت چونکە بە ئاشکرا ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیاربوە ، هەرچەندە هۆکاری تیرۆرکردنی تاکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەپێی هەواڵی میدیاکانی کوردستان پدەچێت کە پۆلیسی شاری دهۆک لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەسپێکردبێت .

جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی وڵاتە یەکگرتوەکان لە عیراق ، زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو توندوتیژی و کوشتنی رۆژنامەنووسانی کرد، هەروەها رای گەیاند کە شەڕ بەردەوامە دژی داعش بەتایبەتی لە ناوچەکانی سنووری شاری موسڵ کە ئەکەوێتە 400 کم لەباکوری بەغدادی پاتیەختەوە و هەر لەو شوێنانەدا رۆژنامەنووس ( مستەفا سەعید ) شەهید کراوە و کامێرامان ( هەیمەن نانکی ) بەسەختی بریندارکراوە .

پەیامنێرانی بێسنوور فشار ئەخاتە سەر دەسەڵاتدارانی کوردستان کە هەموتوانایان بخەنە کار بۆ تیشک خستنەسەر تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە و راکێشانی ئەوکەسەی هەستاوە یان ئەو لایەنانەی هەستاون بە ئەنجام دانی ئەو کارە توندڕەوانە و راپێجکردنیان بۆ بەردەم دادگا و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنرێن .

( ئەلێکسەندر ئەلکازین ) بەرپرسی فەرمانگەی پەیامنێرانی بێسنوور لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەڵێت: رۆژنامەنوسان لە کوردستانی عیراق زۆربەی جار بونەتە قوربانی و هەڕەشە و دەستدرێژیکردن و زۆر جاریش گرتن و توندکردنیان لە زینداندا، بەڵام سەیرە کە زۆر کەم دادەوەر و دادگاکان ئاوریان لێداونەتەوە، بۆیە پەیامنێرانی بێسنوور دوپاتی ئەکاتەوە کە میدیای ئازاد یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانی دیموکراسی، بۆیە هەر لەم روانگەیەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەکات کە هەموو تواناکانی بخاتە کار بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان و مسۆگەرکردنی کاری رۆژنامەنووسان بە ئازادی، هەروەها لە لایەکی ترەوە دەڵێت کە کوردستانی عیراق بە گشتی کەژ و هەوایەکی نائاسایشە بۆ کاری رۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ، بەڵام شوێنێکی بەر فراوان و ئاسانە بۆ ئەوانەی ئەیانەوێت تاوان و دەستدرێژی بکەن .

لەکۆتایی راپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێسنووردا هاتوە ، کە بەپێی کەسوکار و خەڵکانی نزیک ئەو رۆژنامەنووسە ماوەیەک پێش تیرۆرکردنی هەرەشەی زۆری لێکراوە بۆ کوشتنی، ئەو هەڕەشانەش لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە کراوە و خودی ( وەدات ) بۆخۆی ترسی کوشتنی هەبوە و ئەترسا لەناوی بەرن، چونکە بەبەردەوامی بەدوایەوە بون و چاودێریان کردوە ، تاکو فرسەتیان هێناوە بەتەنها فراندویانە و پاشان کوشتویانە، هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتوە کە عیراق 158 هەمین دەوڵەتە لەکۆی 180 دەوڵەت سەبارەت بە ئازادی راگەیاندن  هەروەها  دەڵێت کە لە شارەکانی کوردستان سلیمانی و هەولێر نارەزایی و خۆپیشاندان سازکراوە بۆ ئیدانەکردنی  تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان و رێگا پێنەدانیان بۆ کارکردنیان بە ئازادی .

هەر لەو خۆنیشاندان و گردبونەوانەدا ، یادی هەموو ئەو رۆژنامەنووس و ر,وناکبیرانە کرایەوە کە چەندین ساڵە بە بێتاوان لەناوئەبرێن ، لەوانە  رۆژنامەنووسان ( سۆران و زەردەشت و کاوە و شێخ ستار ).

PUKmedia حەمە عوسمان - فەرەنسا   

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket