riklam

لەرۆژی جیهانیی ژینگەدا؛ بوژانەوەی مێزوپۆتۆمیا بۆ ژینگە وژیانێکی باشتر

بیروڕا 09:52 AM - 2021-06-05
.

.

د. بەرهەم سالح

لە ماوەی 40 ساڵی ڕابوردوودا، ڕەشەبای بەردەوام عێراقی هەژاند، جەنگ و چەوساندنەوەو سزای ئابوری و تیرۆر و ململانێ ناوخۆییەکان، هەڕەشە بوون لەسەر ئارامی وڵات و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی. بەڵام مەترسیدارترین هەڕەشەی دوواڕۆژ کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، گۆڕانکارییەکانی کەش وهەوا وکاریگەرییە ئابووریی وزیانە ژینگەییە گەورەکانێتی لەسەرجەم ناوچەکانی عێراقدا. بەگوێرەی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ژینگە، عێراق پێنجەم وڵاتی لاوازی دنیایە لەبەردەم گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوادا.

بەڵگەکانی زیادبوونی مەترسییەکانی گۆڕانکاری کەش وهەوا لەگەڵماندا دەژین، وەک بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، وشکەساڵییەکی سەخت و دووبارەبوونەوەی زۆری خۆڵبارین. بیابانبوون کاریگەری لەسەر 39% لە ڕووبەری عیراق هەیە، لە 54٪ خاک بەهۆی سوێرییەوە لەبەردەم مەترسی ئەوەدایە چیتر بۆ کشتوکاڵکردن دەست نەدات. بونیادنانی بەنداو لەسەر چەم وسەرچاوەکانی هەردوو ڕووباری مێژوویی دیجلە و فورات کەسەرچاوەی ژیانی وڵاتن، هەڵقوڵانی ئاویان کەمکردووەتەوەو بوەتە هۆی هەڵکشانی زمانە ئاوی سوێر بەرەو شەتولعەرەب.

بونیاتنانی ئەم بەنداوانە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی ئاو کە هەڕەشەیە لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیمان و تەنانەت لەسەر ئاوی خواردنەوەش لە شارو لادێکاندا. بەگوێرەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیش تاساڵی 2035، ساڵانە  10.8 ملیار مەتر سێجا ئاو لە دەست دەدات.

کاریگەرییە مرۆییە مەزەندەکراوەکانی گۆڕانکاری کەش وهەوا زۆر گەورەن. حەوت ملیۆن هاووڵاتی عێراق زیانمەند بوون و بەهۆی وشکەساڵییەوە جێلەق بوون. لەگەڵ بەرزتربونەوەی ڕێژەی زیادبوونی دانیشتوانیشدا لە عیراقدا، داتاکان پێمان دەڵێن ژمارەی دانیشتوانی وڵات، لە 38 ملیۆنەوە ئەمڕۆ، ساڵی 2050 دەگاتە 80 ملیۆن. ئەمەش بەبێ دۆزینەوەی چارەسەرێک، مەترسییە ئابوری و کۆمەڵایەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، زیاتر دەکات
دەبێت بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، پرسی لەپێشینەی نیشتیمانیی بێت لە عیراقداو پێویستە هەرچی زووە دەست بەکار بکەین، کە ئایندەی نەوەکانمان پشتی بەئێمە بەستووەو لەبەردەم ئەم ئالەنگارییەدا، بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لە ئەستۆدایە.

بۆیە لەرۆژی جیهانیی ژینگەدا، بە پیویستی دەزانم بانگهێشت بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی نیشتیمانیی بکەم لەپێناو بوژانەوەی دۆڵی ڕافیدەین، کە جەوهەرەکەی پێداگریی بێت لەسەر خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا، هەروەها دەرفەتێکیش بۆ گۆڕینی ئابووری عێراق بەرەو هەمەڕەنگی و پشتیوانیکردن لە وزە نوێبووەکان و میکانیزمە خاوێنەکان، لەگەڵ چونەناو بازاڕەکانی کاربۆن و پشتیوانی ئەو ناوچانەی ئەگەری ئەوەیان هەیە، گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا کاریگەری زیاتری لەسەریان هەبێت و رووبەڕووی هەڵئاوسانی ئابوری سەخت ببنەوە. ئامانجیش لەم رێکارانە دابینکردنی ژیانێکی شایستەو دوور مەودایە بۆ هاوڵاتیان.

مانگی کانونی دووەمی 2021 واژۆی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانم کرد بۆ ئەندامێتیی عێراق لەرێککەوتنی پاریس بۆ کەش و هەوا، کە دەرفەتێکی گرنگی هەسارەکەمانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا لەرێگەی هاوهەڵوێستییەکی نێودەوڵەتی یەکانگیرەوە. هەروەها لەشوباتی 2021 ئەنجومەنی وەزیران دەنگیداوە لەسەر وەبەرهێنان و دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی هەتاو، پێشوتریش وەزارەتی ژینگە دەستی کرد بەنووسینی بەڵگەنامەی بەشداریی نیشتمانیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا لەوڵاتدا.

هێشتا زۆر شتمان لەبەردەمدایە، پێویستە نەخشەڕێگایەکی گشتگیر لە دەسپێشخەرییەکی لەم شێوەیەدا دابنرێت، ژینگە بۆ دوور مەودا بەهێز بکات و سەرچاوە سروشتییەکان بپارێزێت و ئابوورییەکی سەوز دابمەزرێنێت. ئەمەش بۆئەوەی ببێتە دەسپێکی بەرنامەیەکی دوور مەوداو خوازراو، پێویستی بە ژمارەیەک هەنگاوی خۆگونجاندنی بەرچاو هەیە، وەک گرنگیدان بە بەکارهێنانی زەوی، پاراستنی ئاو و توانای وزە. بەرنامەکانی دواتریش کە ئومێد بەخشترو درێژخایەنتر دەبن.

بەهۆی زۆریی سەوزایی و خاکە بەپیتەکەی کە بەداخەوە ئێستادا بەرەو بیابانێکی وشک دەڕوات، خاکی رەش و بەهەشتی عەدن، کۆنترین ئەو پێناسانەن کە مرۆڤایەتی پێیان ئاشنایە بۆ وەسفکردنی خاکی رافیدەین.

جیاوازیی ئەوەیە کە چاومان لەسەر داهاتوو، گەڕانەوە دەخوازێت بۆ ڕابرودی سەوزی نزیکمان، ئەویش لەڕێگەی هەڵمەتێکی نیشتمانیی بۆ سەوزکردنەوەیەکی فراوانی باشور و ڕۆژئاوای وڵات، کە گرنگی بدات بەدارخورما  وەک ناسنامەی کولتووری و شارستانیی میزۆپۆتامیا، هەروەها بوژاندندنەوەی دارستانەکان شاخ و شارەکانی کوردستان. ئەمەش بە تەنها ڕێگە لە بڵابوونەوەی کاربۆن ناگرێت، بەڵکو پاڵپشتی بەروبوومی کشتوکاڵی دەکات و خاکەکەش دەپارێزێت. هەڵمەتێکی لەم جۆرەش گونجاو و تەواوکەری دەسپێشخەریی سعودییەیە بۆ ڕۆژهەڵاتێکی سەوز.

جگە لەم هەوڵانەش، پێویستمان بە دەسپێشخەریی نوێ هەیە لە پێناو تازەکردنەوەی ڕێگەچارەکانی ئاودێری و ئاو و ستانداردەکانی بیناسازی و چاککردنی ئامرازەکانی رزگاربوون لەپاشەڕۆکان و دوبارە بەکارهێنانەوەیان، لەگەڵ گرتنی گازی سووتاو.

ئەم خەسڵەتانە بەسەریەکەوە، لە دەیەی داهاتوودا سوودی ئابووری بەرچاویان دەبێت، ئەوەش لە ڕێگەی دروستکردنی هەلی کاری نوێ لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و بنیادنان و پیشەسازیی سووکدا. هەروەها پاڵپشتیی لە پێشخستنی پیشەسازی نوێ لە بواری پلاستیک و پێداویستییەکانی بنیادنان و بەرهەمهێنانی خۆراک و یارمەتیدانی کەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنانی بیانیی؛ لەگەڵ پشتیوانیی ڕۆڵ گەنجان لە گەشەی ئابووریدا.

بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە لەناو دڵی ناوچەکەداو هەمەجۆریی ژینگەیی لە دارخورما و زۆنگاو و چیاکانی کوردستان، عیراق دەتوانێت ببێتە سەکۆی کۆکردنەوەی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .

رەنگە جیاوازیی سیاسیمان هەبێت، بەڵام پێویستە لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوادا  یەکبگرین، چونکە هەڕەشەیە بۆ سەر هەمووان، ئەمەش وا دەخوازێت پلانە نیشتیمانییەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئالەنگارییە ژینگەیی و ئابوورییەکان ببەستینەوە بەدەستپێشخەرییە ناوچەییەکان. دووبارەبوونەوەی خۆڵبارین، کەمئاویی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بیابانبوون و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی دارایی بەهۆی لاوازیی خواست لەسەر نەوت، پێویستی بەکۆششێکی فراوانە لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەری گۆڕانکارییە بێسنوورەکانی کەش و هەواو بەڕێوەبردنی ئاو بەشێوەیەکی هاوبەش و دادپەروەرانە.
دۆسیەی ئاو پێویستی بە گفتوگۆی ڕاشکاو و بنیاتنەرانە هەیە لەنێوان عێراق و تورکیا و ئێران و سوریا، ئەویش لەسەر پرانسیپی نەگەیاندنی زیان بەهیچ لایەنێک و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هاوبەش و یەکخستنی کۆششی هاوبەش لە پێناو بەڕێوەبردنێکی دوورمەودای ئاو.

پڕۆژەی بوژاندنەوەی مێزۆپۆتۆمیا پێویستی بە هەڵمەتێکی نیشتیمانیی هەیە لە هەموو ئاستەکاندا، بە حکومەت و هەموو دەزگا و فەرمانگەکانیەوە، تا ئەنجومەنی نوێنەران و ڕۆڵی گرنگیی لە یاسادانان و پشتیوانییدا. کۆکردنەوەی ئیرادەی سیاسی پێویست بۆ ئەم پرۆژەیە حەتمییەو، وەزارەتەکان پێویستیان بە تواناسازییە، هەروەها دامەزراندنی دامەزراوەی تایبەت و شۆڕشێک بۆ یاسادانان و یاساو لیستی نوێ. ئەمە جگە لە ڕۆڵی جڤاکی کۆمەڵایەتی و مەدەنیی گەنجانە.

بۆ پاڵپشتی هونەری و پلاندانان و گواستنەوەی تەکنۆلۆژیا لەم بوارەدا، عێراق پێویستی بە هاوکاری دۆستەکانێتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. یەکێک لە ئەرکە سەرەتاییەکان بۆ پێشخستنی کۆششەکانمان، ڕێکخستن دەبێت لەگەڵ ئاژانسەکانی تایبەت بە کەش و هەوا. لە پێناو یارمەتی و تەمویلکردنی وەبەرهێنان لەم بوارەدا، کاری دەکەین بۆ گەیشتن بە سندوقی سەوزو بازاڕی سەرمایەو دەوڵەتانی بەخشێنەر.

ئێستا کاتی کارکردنەو ئەرکێکی قورسمان لەپێشە، کاتی ساردبوونەوە نیە لەبەردەم ئالەنگاریی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوادا، کە لە هەمان کاتدا دەرفەتێکە بۆ عیراق و ناوچەکە بۆ چارەسەر گەلێک لەسەر بنەمای پتەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەیەکانی داهاتوو.

___
ئەم ووتارە لە ژمارەیەک ناوەندی ڕاگەیاندنی عیراق وجیهانی بلاودەکرێتەوە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket