riklam

بوێری و بەرپرسیارێتی نیشتمانی

بیروڕا 10:25 AM - 2026-07-22
هەڵمەت هۆشیار PUKMEDIA

هەڵمەت هۆشیار

بیروڕا

لە ساتەوەختێکدا کە نیشتمان رووبەڕووی هێرشی دوژمنکارانە دەبێتەوە، دەربڕینی هەر وشەیەکیش بە هەڵوێست ئەژمار دەکرێت و بێدەنگی ناچێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە.

لێرەوە بەیاننامەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دەربڕینی تێڕوانینی سیاسی روون و راشکاو بوو کە بەرگری لە سەروەریی هەرێمی کوردستان و عیراق دەکات و بە بارمتەگرتنی ئاسایشی هاووڵاتیانی لە ئاڵۆزییە سیاسییە ناوچەییەکان رەتدەکاتەوە.

هەر دەست درێژییەک بەبوونی هەر پاساوێک پێشێلکردنێکی روونی یاسای نێودەڵەتی و سەروەریی عیراقە، ئاسایش و ئارامیی کە کۆڵەکەی بنەڕەتی پێکەوەژیانە، دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە سەرکۆنەکردنەکردنی ئەو کردەوانە بە تەنها هەڵوێستێکی سیاسی و حزبیی بەرتەسک نییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانی، ئەخلاقییە، لە ئەستۆی هەموو لایەنە سیاسییەکاندایە.

ئەوەی لە بەیاننامەکەی سەرۆک بافڵ-دا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، گوتاری هەڵچوون و زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکە نییە، بەڵکو بە روون و رەوانی هەموو دەستدرێژییەک رەتدەکاتەوە و لە هەمانکاتدا داوا دەکات لە رێگەی کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە، لەگەڵ قەیرانەکەدا مامەڵە بکرێت و کەرامەتی عیراق و هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و ناوچەکە لە ئاڵۆزی زیاتر بپارێزرێت.

ئەم جۆرە لە گوتار، دەرەنجامی تێگەیشتنی قووڵە لە سروشتی ناوچەکە، هەرێمی کوردستانیش کە دەکەوێتە ناوچەیەکی زۆر هەستیارەوە و هەر هەڵوێستێکی نابەرپرسانە راستەوخۆ ئاسایشی هاونیشتمانیان، وەبەرهێنان، ئابووری و پەیوەندییە ئیقلیمییەکان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە بەرپرسیارێتی نیشتمانی، بەرگریکردنە لە مافەکان بەبێ هەڵخزان بەرەو هەڵوێستێک کە دیمەنە سیاسییەکە ئاڵۆزتر بکات.

گرنگترین پەیامی بەیاننامەکە جەختکردنەوەیە لە یەک هەڵوێستیی نێوخۆیی، کاتێک خاک و سنووری هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی دوژمنکارانە دەبێتەوە، پێویستە هەموو ناکۆکییەکی سیاسی وەلا بنرێت، چونکە ئاسایشی هاونیشتمانیان دەبێت لە سەرووی هەموو ناکۆکییەکەوە بێت و یەکێتی نێوخۆیی کاریگەرترین چەکی بەرگرییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە دەرەکییەکان.

ئەم قۆناغە پێویستی بە گوتارێکی نیشتمانی گشتگیر هەیە، متمانە لەنێوان هاونیشتمانیان و دامەزراوەکاندا تۆکمەتر بکات و جەخت لە پاراستنی سەروەریی عیراق و هەرێم بکاتەوە، بە هەماهەنگی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی لەپێناوی دووبارە نەبوونەوەی ئەم هێرشانە.

بوێریی راستەقینە، دەربڕینی هەڵوێستی روون و بەرپرسیارانەیە لەپێناوی بەرگریکردن لە نیشتمان و پاراستنی کەرامەتی گەلەکەی، نەک دروشمی توند و بێ ناوەرۆک، لەم تێگەیشتنەوە دەتوانین بڵێین: بەیاننامەکە پەیامێکی سیاسی روونە کە بەرگریی لە هەرێمی کوردستان دژی مامەڵەی سیاسی هاوسەنگ نییە، بەرپرسیارێتی نیشتمانی پێویستی بەوەیە، لەلایەک دەست بە بنەما سەرکییەکانی ستراتیژی سیاسی و نەتەوەیی خۆیەوە بگرێت و لەلایەکیش کاربکات بۆ دۆزینەوەی رێگەی چارەسەر بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی.

ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک هەرێمی کوردستان پێویستی بە گوتاری یەکگرتوو هەیە کە هەموومان کۆبکاتەوە نەک پەرتمان بکات، هەموومان بپارێزێت نەک سەرکێشیمان پێوە بکات، جەخت بکاتەوە لەسەر ئەوەی سەروەری نیشتمان هی سازشکردن نییە، ئاسایشی هاونیشتمانیان دەبێت لە بەرزترین ئاستی بایەخ پێدان بێت، دووربخرێتەوە لە بیرکرنەوەی بەرتەسکی حزبیانە و جەمسەرگیریی سیاسی.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket