قوباد تاڵەبانی: ئێران لەبەردەم گۆڕانکاریی ئابووریی گەورەدایە و ترەمپ وەستای رێککەوتنە
جیهان 10:26 AM - 2026-05-12
نوسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی
قوباد تالەبانی لەکاتی بەرنامەکەدا
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لە چاوپێکەوتنێکی
تایبەتدا لەبەرنامەی (بێسانسۆر) لەگەڵ پیێرس مۆرگان، ئاماژەی بەوەکرد، زەمینە بۆ رێککەوتن
لە نێوان واشنتۆن و تاران لەبارە و ئێران لە هەموو کاتێک یەکگرتووترە و جیهان
دەبێت لە دەرەوەی دۆسیەی ئەتۆمییەوە سەیری پێگەی ئەو وڵاتە بکات.
دەشڵێت: ئەگەر لایەنە دەرەکییەکان دەستوەردان نەکەن، ئەمریکا و ئێران
دەتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک کە ئابووری ناوچەکە بگۆڕێت.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
پیێرس مۆرگان: لەچەند رۆژی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی
ئەمریکا لینکی چاوپێکەوتنێکی بۆ ملیۆنان فۆڵۆوەرەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا وەک
وەستایەکی رێککەوتن ستایش دەکرێت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی
هەرێمی کوردستان ئەو کەسە بوو کە ئەو قسە گەرمانەی کردبوو و ئێستا لەگەڵمانە، بەخێربێیت بۆ بەرنامەی "بێسانسۆر" (Uncensored).
قوباد تاڵەبانی:سوپاس پیرس
مۆرگان: هەستت چی بوو کە سەرۆک ترەمپ شەوی رابردوو
چاوپێکەوتنەکەی تۆی دووبارە بڵاوکردەوە؟ ئایا هەستت بە شانازی کرد یان کەمێک شۆک
بوویت؟
قوباد تاڵەبانی: بێگومان هەستم بە شانازی کرد، سەرسامیش بووم و
نامەی زۆریشم بۆ دەهات کە دەیانوت سەرۆکی ئەمریکا چاوپێکەوتنەکەی تۆی
بڵاوکردووەتەوە، بۆیە دەبێت بڵێم کەمێک سەرسام بووم بەوەی کە تویتێکی لەسەر
کردووە، بەڵام دەزانیت، بێئومێدیش نەبووم کە کردوویەتی.
مۆرگان: ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکەت ئەوە بوو کە راتگەیاند
ترەمپ وەستای رێککەوتنە و دەتوانێت رێککەوتنێکی گەورە بکات بۆ کۆتاییهێنان بە
جەنگی ئێران، بەڵام وەک پانێڵەکەم کە کەمێک لەمەوبەر تاوتوێیان کرد، ئێمە ناتوانین
تێبگەین چۆن دەتوانێت رێککەوتنێک بکات کە رێگەی پێ بدات لەم نزیکانەدا لەم دۆخە
بێتە دەرەوە و بانگەشەی سەرکەوتنێکی تەواو بکات، ئایا تۆ دەزانیت چۆن؟
قوباد تاڵەبانی: پێم وایە ئەگەر بۆ بڕیارەکانی خۆی بگەڕێتەوە ئەمە
بەڕاستی دانوستان بێت لە نێوان ئەمریکا و ئێران، پێم وایە رێککەوتنێک هەیە کە
بکرێت، ئەگەر رێککەوتنەکە فراوانتر بێت و تەنها لە دۆسیەی ئەتۆمی یان بالیستی خۆی
نەبینێتەوە، بەڵکو پاکێجێکی گشتگیر بێت کە کردنەوەی دەرگای ئێران بەڕووی ئابووری
جیهانیدا بگرێتەوە، بێگومان ڕێککەوتنێک هەیە و دەبێت بکرێت، چونکە ئەمە شتێکە کە
ئێران دەیەوێت و ئەوان ماندوون لەو گۆشەگیرییەی کە بێگومان بەهۆی جەنگ و بەهۆی
سزاکانی چەندین ساڵەوە چەشتوویانە، هەرچەندە لە ڕووی گەشەپێدانی جیهانییەوە
دواکەوتوون، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتی گەشەکردنی ئابووری بۆ ئێران و ناوچەکە و
ئەمریکا و ئەوروپا و وەبەرهێنانەرەکانی دیکەش لە ئێراندا زۆر گەورەیە، بۆیە بەڵێ
پێم وایە ئەگەر رێککەوتنێک هەبێت ئەگەر دانوستانێک هەبێت کە لە نێوان ئەمریکا و
ئێراندا بێت و رێگە بە ئەمریکا بدرێت ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکات، بەو مانایەی
وڵاتانی دیکە دەستوەردان نەکەن و هەوڵ نەدەن ئاراستەکەی بەرەو لایەکی تر بەرن، ئەوا
بەڵێ دەتوانین رێککەوتنێک ببینین کە دەکرێت هەردوولا بیبەنەوە.
مۆرگان: بەڵام بۆ ئەوەی رێککەوتن بکەیت، دەبێت بزانیت
لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەیت و بزانیت کە ئایا ئەوان بەڕاستی لە پێگەیەکدان کە بڕیار
بدەن؟ تۆ لە پێگەیەکی باشدایت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، مەبەستم ئەوەیە، ئایا
دەزانین کێ لە ئێستادا دەسەڵاتی ئێران بەڕێوە دەبات؟
قوباد تاڵەبانی: "بێگومان پێم وایە قسەی زۆر دەکرێت دەربارەی بوونی
دابەشبوون لە نێوان دیپلۆماتکاران و سوپای پاسداران و دامەزراوە ئاینییەکان، ئەمڕۆ
ئێران لە هەموو کاتێک یەکگرتووترە، بۆیە ئەو تێڕوانینەی کە دەڵێت 'ئەم کەسانەی هەن دەتوانین کاریان لەگەڵ بکەین و ئەو کەسانەی هەن ناتوانین'، پێم وایە زیادەڕەوی تێدا کراوە، ڕەنگە لەلایەن ئەو کەسانەی
کە پێیان وابوو ئەم جەنگە لە ماوەی 48 سەعاتدا کۆتایی دێت وترابێت، بەڵام ڕاستییەکە
ئەوەیە ئێران ئێستا نەتەوەیەکی یەکگرتووە و خەڵکی ئێران لە پشت حکومەتەکەیان
وەستاون، چ خۆشیان بوێت یان نا، چ لە ئەدای ڕازی بن یان نا، ئەم جەنگە کاری زۆری
کردووە بۆ یەکخستنی ئێران، هەربۆیە ئەو کەسانەی کە بەناوی ئێرانەوە دانوستان دەکەن
نوێنەرایەتی ئێران دەکەن، و پێم وایە ئەمە کارەکە بۆ ئەمریکا ئاسانتر دەکات.
مۆرگان: ئایا پێت وایە کە ڕێبەری باڵای نوێی ئێران بە
ئاگا بێت؟ هیچ دەربارەی بارودۆخی ئێستای دەزانین؟
قوباد تاڵەبانی: من هیچ
زانیارییەکم لەسەر ئەوە نییە، بەڵام پێم وایە ئەوە لە دەرەوەی باسەکەیە، ڕاستییەکە
ئەوەیە ئێران لەسەر پێی خۆی وەستاوە و بەرگەی لێدانی دوو لە بەهێزترین سوپاکانی
جیهانی گرتووە، دووبارە بگەڕێوە بۆ لێدوانە سەرەتاییەکەی ترەمپ لە سەرەتای
جەنگەکەدا دەتوانیت بڵێیت کە ئەو ئامانجە سەربازییەکانی پێکاوە، کەواتە باشە تەواو
با تێپەڕین و باس لەوە بکەین کە ئامانجە ناسەربازییەکان چین؟ ئێستا دووبارە
دەیڵێمەوە، ئەگەر لە پەنجەرە بچکۆلەکەی دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستییەوە سەیر
بکرێت چاوەڕێی ڕێککەوتن ناکەم، بەڵام ئەگەر سەیرکردنەکە فراوانتر بکرێت و کۆمەڵێک
پاکێجی ئابووری و تێکەڵکردنەوەی ئێران بۆ ناو کۆمەڵگەی جیهانی بگرێتەوە، لەگەڵ
هاندەری زیاتر و قەرز و وەبەرهێنان و تێوەگلانی بانکی جیهانی و سندوقی دراوی
نێودەوڵەتی، پێم وایە رێککەوتنێکی زۆر باش هەیە کە بکرێت، رێککەوتنێک کە لە
بەرژەوەندی ئێران بێت و وا دەرنەکەوێت کە وڵاتێک وڵاتەکەی تر دەپێچێتەوە، بۆ ئەوەی
رێککەوتنەکە بەردەوام بێت، دەبێت بۆ هەردوولا باش بێت و پێم وایە مەودای پێویست
هەیە بۆ مانۆڕکردن لە ناو ئامانجە راستەوخۆکانی هەردوو وڵاتدا بۆ ئەوەی رێککەوتنێک
هەبێت و دەرئەنجامێکی ئەرێنی سەرەڕای ئاڵۆزییەکان بێتە کایەوە.
مۆرگان: تێڕوانینێکی سەرنجڕاکێشە، دەمەوێت تەنها باس لە
شتێک بکەم کە سکۆت هۆرتۆن هەفتەی رابردوو لە بەرنامەکەمدا باسی کرد ئەوە فێڵ و
هەڵبەستراوە کە دەوترێت حکومەتی ئێران 40 هەزار خۆپیشاندەری لە مانگی یەکدا
کوشتووە، تۆ چ زانیارییەکت هەیە دەربارەی ڕاستی ئەوەی لە مانگی یەکدا ڕوویدا؟
قوباد تاڵەبانی: پێرس،
ئێمە تەنها دەتوانین پێشبینی بکەین، من بەڕاستی ناتوانم گفتوگۆ لەسەر ژمارەکە بکەم
کە ئایا یەک کەس کوژراوە یان 40 هەزار کەس، بەڵی خۆپیشاندان هەبوو خۆپیشاندانەکان
سەرکوت کران کاریگەری ئەو خۆپیشاندانانە و ئەو توندوتیژییەی بۆ سەرکوتکردنیان
بەکارهات دەکرێت پێشبینی بکرێت و لە ژمارەی بچووکەوە بۆ ژمارەی گەورە باس کراوە،
ئەو ڕاستییەی ئەمڕۆ ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین ئەوەیە کە لە کاتی ئەم جەنگەدا و لە
دوای جەنگەکەش، ئێمە ڕاپەڕینمان نەبینیوە، نەمانبینیوە خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان،
ئەوەمان نەبینی کە بەناو شارەزایان دەیانوت خەڵک کارەکان دەگرنە دەستی خۆیان،
ئەوان کارەکانیان نەگرتووەتە دەست، ئەوە بەو مانایە نییە کە لە داهاتوودا نایكەن،
بەڵام ئێستا نەیانکردووە و ئێستاش نایكەن، دەسەڵاتێک لەسەر دەسەڵاتە کە بە
پێچەوانەی ئەوەی لە سوریا بینیمان و بە پێچەوانەی ئەوەی لە عیراق لە ساڵی 2003
بینیمان، بەستراوەتەوە بە یەک کەسەوە نییە، ئێران وڵاتێکە کە خاوەنی دامەزراوەیە (دامەزراوەی
سیاسی، دامەزراوەی حکومی، دامەزراوەی ئایینی و دامەزراوەی سەربازی و نیمچە سەربازی)
ئەو دامەزراوانە توانیویانە بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ بەرگەی لێدانەکان بگرن.
دەزانیت، ئێمە مامەڵە لەگەڵ
داینامیکی ژینگەیەکی ئاگربەستی دوای جەنگدا دەکەین کە جیهان پێویستی بەوەیە گەرووی
هورمز بکرێتەوە تا ئابووری جیهانی باشتر بێت، من بە تەواوی باوەڕم وایە کە سەرۆک
ترەمپ رێککەوتنی دەوێت و ئێرانییەکانیش رێککەوتنیان دەوێت، بۆیە پێم وایە کەشەکە
لەبارە دەتوانیت بڵێیت رەنگە تەنها یەک وڵات لە جیهاندا هەبێت کە رێککەوتنی نەوێت
و پێم وایە تۆ لە من باشتر دەزانیت ئەو وڵاتە کێیە.
مۆرگان: بەڵێ، مەبەستم ئەوەیە ئیسرائیل ئەوەی زۆر ڕوون
کردووەتەوە کە پێیان وایە کارەکە تەنها کاتێک کۆتایی دێت کە بە فیزیایی یۆرانیۆمی
پیتێنراو ببەن و گەرەنتی ئەوەیان هەبێت کە هیچ توانایەکی ئەتۆمی بەردەوام لە
ئێراندا نەماوە، کە ئەمەش بۆ من ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان پلانی کردەوەی سەربازی
زیاتریان هەیە.
قوباد تاڵەبانی: چۆن
دەتوانن گەرەنتی ئەوە بکەن پیێرس؟ چۆن دەکرێت؟با بڵێین ئێستا یۆرانیۆمە
پیتێنراوەکە دەبەن- تەکنەلۆژیاکە لەوێیە، زانیارییەکە لەوێیە، مەبەستەکە لەوێیە،
تەنها شتێک کە نامێنێت دابینکردنی داراییە، بۆیە رەنگە ساڵی داهاتوو تەنها دووبارە
دەست پێ بکاتەوە، هەڵەیە تەنها لە رێگەی چاوی دۆسیەی ئەتۆمییەوە سەیری بابەتەکە بکرێت.
ئێران زۆر شتی زیاتری هەیە
پێشکەشی جیهانی بکات وەک لە هەڕەشەی ئێرانێکی ئەتۆمی، پێم وایە ئێمە لێرەدا خاڵە
سەرەکییەکەمان ون کردووە، هێزە جیهانییەکان و وڵاتانی ئەوروپی خاڵەکەیان ون کردووە،
ئێران وڵاتێکی گەورەیە، لەڕووی جوگرافییەوە زۆر گەورەیە و دانیشتووانێکی زۆر و
شارستانیی هەیە، وڵاتێکە کە دامەزراوەی حوکمڕانی و پێکهاتەی حوکمڕانی زۆر
پێشکەوتووی هەیە، کە ڕەنگە رۆژئاوا حەزی لێیان نەبێت، رەنگە ئەمریکا حەزی لێیان
نەبێت، بەڵام ئەوان سەلماندوویانە کە زۆر خۆڕاگر و زۆر ستراتیژین دووبارە
دەگەڕێمەوە سەر ئە و خالەی"ئەمریکا رێککەوتنی دەوێت و بەدوای رێککەوتندا
دەگەڕێن، پێم وایە ئەگەر بۆ بڕیارەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، رێککەوتنێکی باش بەدەستبهێنن".
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
ئەمانەش ببینە
کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم دەست بەکارکردن دەکەنەوە
06:40 PM - 2026-06-03
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
03:47 PM - 2026-06-03
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
02:27 PM - 2026-06-03
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
11:46 AM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03



.png)
.png)
.png)

دابەزێنە

