riklam

کاری رۆژنامەوانی لەنێوان راستگۆیی و بەربەستەکانی چەواشەکاریدا

کوردستان 04:03 PM - 2026-05-01
رۆژنامەوانی PUKMEDIA

رۆژنامەوانی

میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم، ئەرکی گەیاندنی راستی و چاودێریکردنی دامەزراوەکانی لەسەر شانە، بەڵام کاتێک ئەم ئامرازە دەبێتە هۆکاری (چەواشەکاری)، ئەوا مەترسی دەبێت بۆسەر سەقامگیریی سیاسی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، میدیای چەواشەکار تەنها بە واتای بڵاوکردنەوەی درۆ نایەت، بەڵکو هونەری بەکارهێنانی نیوەچڵە راستییەکانە بە مەبەستی ئاراستەکراو، میدیای چەواشەکار، یەکێکە لە ئاڵۆزترین گرفتەکانی بواری راگەیاندن لە سەدەی بیست و یەکەمدا، لەبەر رۆشنایی زۆربوونی سەرچاوە نا رەسمییەکان، جیاکردنەوەی هەواڵی راست لە هەواڵی چەواشەکار لای وەرگر، کارێکی سەختە.

ئەم راپۆرتە هەوڵدەدات چەمکی چەواشەکاری میدیایی بناسێنێت و باس لەو میکانیزمانە بکات کە لە رێگەیانەوە زانیارییەکان دەشێوێندرێن، بە ئامانجی تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە لەسەر کۆمەڵگە و وەرگر، پاشان جیاوازی نێوان هەڵەی میدیایی و چەواشەکاریی ئەنقەست روون دەکاتەوە.

میدیای چەواشەكار جۆری زۆرە 


لەسەر ئەم پرسە، پرۆفیسۆر د.پاڤێ جەمیل ئەحمەد مامۆستای زانكۆ، قسەی كرد بۆ كوردستانی نوێ و وتی : میدیای چەواشەكار جۆری زۆرە و بۆ چەند شێوازێك پۆلێن دەكرێت و شێوازی یاریكردنە بە پەیامە میدیاییەكان، ئێستا زۆرە و شێوازی جۆراوجۆری هەیە، بۆ نموونە لەم سەردەمەدا وێنەیەك یان ڤیدیۆیەك دەهێنرێت بە ئەی ئای (AI) دروستكراوە و وێنە راستییەكە نییە و فەیكە، هۆكارەكەی بۆ ئەو میدیایە دەگەڕێتەوە كە دەیانەوێت پەیامە میدیاییەكە بەوشێوازە بڵاوبكاتەوە كە خۆی مەبەستێتی، جۆرێكی تریان ئەوەیە دەستكاری پەیامە میدیاییەكان دەكرێت و زۆر جار بەوشێوازە نییە كە لێكدانەوەی بۆ دەكرێت و دەگێڕدرێتەوە و دوورە لە پەیامە راستییەكە، راستە پەیامە میدیاییەكە خۆی هەیە، بەڵام لە ئەندازەی خۆی، یان زۆر گەورە دەكرێت یان بچووك دەكرێتەوە. 
میدیا هەر كاتێك بووە هۆی لە قاڵبدانی پەیامە میدیاییەكان، ئەوكاتە بە دڵنیاییەوە میدیاكە بە لارێدا دەڕوت و دەبێتە میدیایەكی دروستكراوی دوور لە راستی، ئیتر لێرەوە جارێكی تر كێشەكان دروستدەبێت، بەداخەوە ئێستا لە هەرێمی كوردستان و جیهانیش بەشێك لە میدیاكان ئەم جۆرە پەیامە بەردەوام دەیدەن بە گوێی وەرگراندا، كە ئەمە بابەتێكی ناتەندروستە و شڵەژانی دەروونیی خراپ لەسەر تاک دروستدەكات، چونكە پێدانی زانیاری هەڵە دەبێتە هۆكاری ناڕوونی زانیارییەكان كە ئەمەش وادەكات ئەو ئەركەی كە میدیا هەیەتی لە گەیاندنی راستی و زانیارییەكان دەیگۆڕێت و دەیكات بە بابەتێكی تر و كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر وەرگر دەبێت، چونكە میدیا بۆ خۆی پەیامێكی كاریگەرە ئەو پەیامانەی بڵاویدەكاتەوە كاریگەریی لەسەر تاك هەیە بەپێی جۆری بابەتەكە ئیتر هەر جۆرە بابەتێك بێت.

پەیامی میدیای هەڵە 


د. باڤێ جەمیل دەشڵێت، بە داخەوە ئەوەی ئێستا لە سۆشیال میدیا دەیبینین كۆمەڵە بابەتێك بڵاودەكرێتەوە و زۆر دوورە لە بەها كۆمەڵایەتییەكان و داب و نەریتەكان، چونكە مرۆڤ ئەو بابەتانەی كە دەیبینێت دووبارەیان دەكاتەوە جا ئەگەر بێت و پەیامەكان پەیامی ناڕاست و هەڵەبن، بە دڵنیاییەوە ئەوا كاریگەریی خراپی دەبێت و بەشێوازێكی تر لە رەفتاریدا دەردەكەوێتەوە. بۆنموونە ئێستا ئێمە لە قەیرانێكی سیاسی و جەنگیشداین، هەر چەندە جەنگەكە جەنگی ئێمە نییە، بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەو جەنگە كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، خەڵك بەهۆی ئەوەی لە قەیراندایە، زیاتر بەدواداچوون بۆ هەواڵەكان دەكات، ئەگەر هەواڵێك هەبێت لە میدیا بڵاوكرابێتەوە و بەشێوازێكی هەڵە زانیارییەكان بەكاربهێنێت ئەوكاتە شڵەژانی دەروونی لای هاووڵاتیان دروستدەكات و دەبێتە هۆی بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەراوكێ و كاریگەریی دەبێت لەسەر بازار و مامەڵە كۆمەڵایەتییەكان، بۆیە پەیامی میدیایی تەنها وشەیەك و رستەیەك و بابەتێك نییە، بەڵكو زۆر گرنگە و پەیوەندیی هەیە بە بەشێكی زۆری لایەنی ژیانی هاووڵاتیانەوە.

میدیا ئاراستەی خۆی دەگۆڕێت


لای خۆیەوە، د.یەحیا عومەر رێشاوی مامۆستای زانكۆ، باسی لەوە كرد، بە شێوەیەكی زانستی وشەیەكمان نییە بە ناوی میدیای چەواشەكار، بەڵام كاتێك میدیا تێكەڵ دەبێت بە پڕوپاگەندە و تۆڵەسەندەوە و ئایدۆلۆژیا، وادەكات میدیا ئاراستەی خۆی بگۆڕێت بۆ ئاراستەیەكی تر، واتە لە كاتی ململانێی سیاسیدا میدیا بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوەی بە بەرامبەرەكەت بڵێت تۆ هەڵەیت و من راستم، كاتێك میدیا چەواشەكار دەبێت كە زانیاری و داتای لا نەبێت، بە ویستی خۆی بەرامبەرەكەی دەسڕێتەوە، بۆیە ئێمە دوو دەستەواژەمان هەیە كە ئەوانیش میدیا و پڕوپاگەندەیە، پروپاگەندە حاڵەتێكی سروشتیە لە ناو ژینگەی پەیوەندییەکاندا هەیە، بەڵام كاتێك كە میدیا دەچێتە ئاراستەی چەواشەكردن و گۆڕینی راستییەكان، ئەوكاتە لە ئەركەكانی میدیا دەردەچێت، چونكە میدیا چەند ئەركێكی هەیە، كاتێك بە ئاراستەیەكی تردا دەڕوات و دەیەوێت لایەنێك سەربخات و پڕوپاگەندەی بۆ بكات و تەنها جوانییەكانی  پیشانبدات و لە بەرامبەردا بیەوێت بەرامبەری ناشرین بكات و ناشرینییەكانی پیشانبدات، ئەوكاتە دەبێتە میدیایەكی چەواشەكار.

زیادكردنی ڤیوو


د.یەحیا عومەر، بۆ كوردستانی نوێ وتی، پێویستە میدیا بگەڕێتەوە بۆ ئەركە سەرەكییەكەی خۆی كە پێدانی هەواڵ و زانیارییە بە شێوەیەكی باوەڕپێكراو كە سەرچاوەی جۆراوجۆری هەبێت، بە شێوەیەك كە دڵنیابێت لەو داتا و ژمارانەی بڵاویدەكاتەوە، ناتوانرێت رێگری بكرێت لە هیچ میدیایەك و بڵێن نابێت كێبڕكێ لەگەڵ كەس بكەیت، چونكە كێبڕكێكردن مافێكی سروشتی هەموو كەسێكە، بەڵام كاتێك میدیاكە لەپێناوی زۆركردنی ڤیو و تیراژ دێت راستییەكان بڵاوناكاتەوە و چەواشەكاری دەكات، بێ ئەوەی دڵنیابیتەوە لە راستی و دروستی  هەواڵ و زانیارییەكەی ئەمە مەترسییەكە زیاد دەكات، لە كاتی دروستبوونی سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و زیرەكی دەستكرد و ئەوەی كە ئێستا هەیە، كارەكەی  قورستركردوە ئەگەر جاران رۆژنامەنووس و دەزگا میدیاییەكان پێویستان بەوە بوایە كە زۆر دڵنیابن لە هەواڵ و بابەتەكانیان ئێستا پێویستە دە جار زیاتر دڵنیاببێتەوە و پێویست ناكات بەپەلە هەواڵەكە بڵاوبكاتەوە، بۆ نموونە لە كاتی جەنگی ئەمریكا، ئیسرائیل و ئێران بەهۆی بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵە چەندین كەس كەوتە هەڵەوە، لەبەر ئەوەی دەزگای راگەیاندن پێویستیان بە بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیی و ئیتیك و ئەخلاقە، پێویستیان بە وردبوونەوەیە لەو بابەتانەی كە بڵاویدەكەنەوە.  

مێژووی سلێمانی و میدیایی چەواشەكار 


لای خۆشیەوە، كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی رایگەیاند: سەبارەت بەوەی كە بۆچی میدیا فۆكەسی لەسەر شارێكە یان دەكاتە ئامانج، بێگومان سلێمانی پشكی شێری بەركەوتووە و غەدر زۆری لێدەكرێت، هەموومان دەزانین میدیا دەتوانێت رەش بكات بە سپی و سپیش بكات بە رەش، ئەگەر سەیری مێژووی 35 ساڵی پێشووی شاری سلێمانی بكەین دەبینین، لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكانی ئەم شارە نان و پارووی دەمی خۆیان لەگەڵ بەشكردوون، سەرەڕای هێرشی درون و بۆردوومان بۆسەر شاری سلێمانی، ئێستا لە كاتێكی ئاوادا هێرش دەكرێتە سەر سلێمانی من دەیگێڕمەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا هەڵبژێردرا، ئەم هەڵبژاردنە كۆمەڵێك هێزی ناوخۆی و دەرەكی  نیگەرانكرد، پاشان دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە كەركوك بە هەمان شێوەی فۆكەسەكە لەسەر ئەوەیە دۆسێكان بە لاڕێدا ببرێت، ئێستاش دوای شەهیدبوونی كچە پێشمەرگەیەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەوەی دەیبینین چی دەكرێت لە كاتێكدا سێ پێشمەرگەی تر لە هەمانكاتدا شەهید دەبن و ئەو فۆكەسە كە لەسەر سلێمانی دەكرێت لەوێ ناكرێت و نییە كە من بەداخم بۆ شەهیدبوونی هەر پێشمەرگە و شەرڤان و گەریلایەكی كورد لە هەر شوێنێك بێت، بەڵام بۆچی ئەم فۆكەسە هەر لەسەر شاری سلێمانییە، بێگومان سلێمانی ئەو دایكەیە كە هەمیشە ئامێزی خۆی بۆ هەموو كوردێك ئاواڵاكردوە، بۆیە هیچ میدیایەك ناتوانێت شوناسی ئەم شارە لەناو بەرێت، چونكە نازناوی سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانییە، ئێستاش كە دەبینین كۆمەڵێك میدیای چەواشەكار هەڵمەتێكیان دەستپێكردوە بۆ سەر جوانییەكانی شاری سلێمانی و خەڵك دەزانێت ئەمە دەستكردە و راستی نییە، چونكە ئەوەی سلێمانی كردوویەتی هیچ شارێك ناتوانێت ئەنجامی بدات.

خەڵك و میدیایی چەواشەكار 


وتیشی، هەڵمەتەكە هەڵمەتێكی سۆشیال میدیایە بە پلەی یەكەم و كۆمەڵێك خەڵكانێكن كە دەیانەوێت ناو و ناوبانگی سلێمانی ناشرین بكەن، بەڵام سروشتی ئەم شارە وایە بە درێژای مێژوو سەرقاڵی كوردایەتی و قوربانیدان و خۆ فیدایكردنە بۆ پارچەكانی تر، هەموو خەڵك دەزانن ئەو میدیایانە ئاراستەكراون و پارەیان تێدا خەرجدەكرێت و مەبەست و ئامانجێكی دیاریكراویان هەیە، چونكە بە هەزاران پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤان لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی چ بە نهێنی و چی بە ئاشكرا چارەسەریان بۆ كراوە، ئێمە وەك سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دووبارەی دەكەینەوە و دەڵێن ئەوەی بەرامبەر بە سلێمانی دەكرێت ناهەقیە و ئەوەتا ئێستا لەناو خەڵكدا بەرەیەك دروستبووە كە بەو میدیایانە دەڵێت ستۆپ بۆستن لە ناشرینكردنی سلێمانی بەسەر بۆ لە ناوبردن و شێواندنی راستییەكان، سلێمانی هیچ سەنگەرێكی لێنەداوە بەرامبەر هیچ دەوڵەتێك و هەمیشەش كوردایەتی خۆی كردوە. 

کوردستانی نوێ/ ئا- هیوا کازم

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket