riklam

عیراق خۆی گه‌نج ده‌كاته‌وه‌

عیراق 02:26 PM - 2026-04-28
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی عیراق PUKMEDIA

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی عیراق

سەرۆککۆمار ئەنجومەنی نوێنەران ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق عیراق

دوای 23 ساڵ له‌ ئازادكردنی عیراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، ئه‌مڕ‌ۆ عیراق به‌قۆناغی نوێ بوونه‌وه‌و گه‌نج بوونه‌وه‌دا تێده‌پەڕ‌ێت و چاوه‌ڕ‌وان ده‌كرێت چوار ساڵی ئاینده‌ بۆ عیراق چوار ساڵی خزمه‌ت و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بێت، چونكه‌ بۆ چوار ساڵی داهاتوو زۆربه‌ی پۆسته‌ سیادییه‌كانی عیراق له‌لایه‌ن گه‌نجه‌كانه‌وه‌ به‌ڕ‌ێوه‌ده‌برێن، ئه‌مه‌ش هیوایه‌كی زۆری لای عیراقییه‌كان دروستكردوه‌.

ئاڵوگۆڕ‌ی ده‌سه‌ڵات بووه‌ته‌ نه‌ریت

عیراق له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی و گۆڕ‌ینی لێپرسراوانی چوار ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی وڵات، هه‌نگاوی باشی ناوه‌ و پێش وڵاتانی ناوچه‌كه‌ كه‌وتووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ماوه‌ی 22 ساڵدا شه‌ش كه‌سایه‌تی پۆستی سه‌رۆككۆماریان وه‌رگرتووه‌و هه‌شت كه‌سایه‌تیش پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانیان وه‌رگرتووه‌.

 گه‌نجترین كه‌سایه‌تی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راده‌سپێردرێت

شه‌وی رابردوو، دوای تاوتوێكردنی چه‌ندین ناو، دواجار چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی وه‌ك گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی ناو په‌رله‌مانی عیراق، (عه‌لی زه‌یدی) كاندید كرد، كه‌ ته‌مه‌نی 40 ساڵه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی پێبسپێردرێت، بڕ‌یاره‌كه‌ دوای ئه‌وه‌ درا كه‌ سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕ‌وایه‌ی زه‌یدی مه‌رجه‌ پێویسته‌كانی تێدایه‌ و ده‌توانێت له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌دا بگونجێت.

هه‌شت كه‌سایه‌تی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانیان وه‌رگرتووه‌

دیاریكردنی عه‌لی زه‌یدی، به‌بێ بوونی فراكسیۆنی گه‌وره‌ یان پێشینه‌یه‌كی سیاسی، ده‌مانگێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی له‌ساڵی 2003وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، كه‌ عیراق له‌ ئاڵوگۆڕ‌كردنی پۆسته‌كاندا پێشه‌نگه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ دوای ساڵی 2004وه‌ كه‌ عیراقییه‌كان دوای حوكمی مه‌ده‌نی ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست، تاوه‌كو ئێستا هه‌شت كه‌سایه‌تی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانیان وه‌رگرتووه‌، كه‌ بریتی بوون له‌ (ئه‌یاد عه‌لاوی، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، نوری مالیكی، حه‌یده‌ر عه‌بادی، عادل عه‌بدولمه‌هدی، مسته‌فا كازمی، محه‌مه‌د شیاع سودانی) دواجاریش عه‌لی زه‌یدی راسپێدراوه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كه‌ له‌ناویاندا ته‌نها نوری مالیكی دوو خول پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌.

شه‌ش كه‌سایەتی بوون به‌ سه‌رۆككۆمار

 هاوكات له‌دوای ئازادكردنی عیراقیش شه‌ش كه‌سایه‌تی پۆستی سه‌رۆككۆماریان وه‌رگرتووه‌، كه‌ بریتی بوون له‌ ( غازی یاوه‌ر، سه‌رۆك مام جه‌لال، د.فوئاد مه‌عسوم، د.به‌رهه‌م ساڵح، د. له‌تیف ره‌شید، نزار ئامێدی).

دوو كه‌سایه‌تی نه‌یانتوانیوه‌ حكومه‌ت پێكبهێنن

له‌كاتێكدا، دوو كه‌سایه‌تی دیكه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راسپێردران، به‌ڵام نه‌یانتوانی حكومه‌ت پێكبهێنن، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ محه‌ممه‌د تۆفیق عه‌لاوی له‌ ساڵی 2020 ، هه‌روه‌ها عه‌دنان زورفی له‌نیسانی هه‌مان ساڵ له‌پێكهێنانی حكومه‌ت كشایه‌وه‌.

شەش كه‌س سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیان وه‌رگرتووه‌

په‌یوه‌ست به‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش، هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی شەشەم كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه‌، كه‌ بریتی بوون له‌ (مه‌حمود مه‌شهه‌دانی، ئه‌یاد سامه‌رایی، ئوسامه‌ نوجێفی، سه‌لیم جبوری، محه‌مه‌د حه‌لبوسی،  دواجاریش هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی)، ئەمە جگە لەوەی مه‌حمود مه‌شهه‌دانی لە ساڵانی 2006 و 2024 کە ماوەیەکی زۆر لە نێوان خولەکانیدا هەبووە، دووجار ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

 عیراق خۆی گه‌نج ده‌كاته‌وه‌

 یه‌كێكی دیكه‌ له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پۆسته‌كانی عیراق، به‌تایبه‌ت ئه‌م خوله‌ی ئێستا، بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌سانی گه‌نج ئه‌و پۆستانه‌ به‌ڕ‌ێوه‌ده‌به‌ن،  به‌شێوه‌یه‌ك  نزار ئامێدی سه‌رۆككۆمار له‌ساڵی 1968 له‌ دایكبووه‌ و ته‌مه‌نی 58 ساڵه‌و له‌و په‌ڕ‌ی توانای جه‌سته‌یی و فكری خۆیدایه‌، هاوكات هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی كه‌له‌ئێستادا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌، له‌ساڵی 1980 له‌دایكبووه‌ و ته‌مه‌نی 46 ساڵه‌، هه‌روه‌ها عه‌لی زه‌یدی كه‌ راسپێدراوه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌ساڵی 1986 له‌دایكبووه‌و ته‌مه‌نی 40 ساڵه‌، ئه‌مه‌ش هیوایه‌ك به‌ عیراقییه‌كان ده‌به‌خشێت، كه‌ سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كان بتوانن جارێكی دیكه‌ خۆشگوزه‌رانی و سه‌قامگیری بۆ وڵات بگێڕ‌نه‌وه‌.

نیشانه‌ی زیندوویی عیراقه‌

فایه‌ق ئێزیدی چاودێری سیاسی تایبه‌ت به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: دانان و كاندیدكردنی گه‌نجه‌كان بۆ پۆسته‌ سیادییه‌كانی عیراق، نیشانه‌ی زیندووی عیراقه‌، چونكه‌ گۆڕ‌انكاری گه‌وره‌ له‌هه‌موو جیهاندا له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌نجه‌كان ده‌كرێت، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ چاوه‌ڕ‌وانده‌كرێت بۆ چوار ساڵی ئاینده‌، عیراق هه‌نگاوی زۆر باش له‌رێكخستنه‌وه‌ی ئابووری و بژێوی ژیانی خه‌ڵك و خزمه‌تگوزاری بنێت.

راشیگه‌یاند: بۆ چوار ساڵی داهاتووی عیراق، له‌كۆی چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی كه‌ بڕ‌یاره‌ چاره‌نوسسازه‌كانیان لایه،‌ سێ سه‌رۆكایه‌تیان له‌لایه‌ن گه‌نجه‌وه‌ به‌ڕ‌ێوه‌ده‌برێن كه‌ گه‌نجی به‌تواناو شاره‌زاو پسپۆڕ‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌و جیاوازه‌ییه‌ زیاتر ده‌كات كه‌ عیراق به‌راوورد به‌ وڵاتانی دراوسێش له‌رووی دیموكراسییه‌وه‌ هه‌نگاوی باشی ناوه‌و چاوه‌ڕ‌وانی زیاتری لێده‌كرێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌عیراقدا زۆرترین پێكهاته‌و مه‌زهه‌ب و ئاین هه‌یه‌، به‌ڵام به‌راوورد به‌ وڵاتانه‌ی ناوچه‌كه‌و ته‌نانه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستانیش زۆرترین ئاڵوگۆڕو ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتی تێدا ئه‌نجامدراوه‌و جگه‌ له‌ نوری مالیكی رێگه‌نه‌دراوه‌ هیچ سه‌رۆكوه‌زیرانێك دوو خول ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش به‌سوودی گه‌لی عیراق له‌رووی خزمه‌تگوزاری و پێدانی شایسته‌ دارییه‌كان به‌ هاووڵاتیان شكاوه‌ته‌وه‌و وڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و دیموكراسی زیاتر بردوه‌.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket