ده‌قی وته‌كانی قوباد تاڵه‌بانی له‌كۆڕ‌به‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی ئابووریی دێڵفی
کوردستان 02:13 PM - 2026-04-25
نوسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی كۆڕ‌به‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی ئابووریی دێڵفی له یۆنان كه به‌یه‌كێك له كۆڕبه‌نده ئابوورییه گرنگه جیهانییه‌كان داده‌نرێت، له یه‌كێك له‌پانێڵه‌كاندا به‌شداری كرد‌و چه‌ندین زانیاری نوێی له‌باره‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان و رۆڵی كورد له‌و جه‌نگه‌ی له‌ناوچه‌كه هه‌یه خسته‌ڕوو.
ده‌قی وته‌كانی قوباد تاڵه‌بانی له‌كۆڕ‌به‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی ئابووریی دێڵفی له‌یۆنان
قوباد تاڵه‌بانی له وه‌ڵامی به‌ڕێوه‌به‌ری پانێڵه‌كه‌دا وتی: جه‌نگ كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر ئێمه‌ی كورد هه‌بووه، به‌تایبه‌ت كه له سنووره‌كانمانه‌وه زۆر نزیك بوو، ئێمه له‌نێوان دوو ئاڕاسته‌داین كه په‌یوه‌ندیی قووڵمان له‌گه‌ڵ هه‌ردوولایه‌نی جه‌نگه‌كه هه‌یه، ئه‌م دۆخه نه‌ك ته‌نیا له رووی ئابووری و ئه‌منییه‌وه، به‌ڵكو له رووی ده‌روونیشه‌وه وه‌ك گه‌لێك كه به‌ناو چه‌ندین شه‌ڕ‌ی جیاوازدا تێپه‌ڕ‌یوه، كاریگه‌ریی له‌سه‌رمان هه‌بووه، هه‌رچی له‌تواناماندا بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ین بۆ به‌رده‌وامیی گفتوگۆكانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران، ئێمه پێشوازی له‌م ئاگربه‌سته ده‌كه‌ین و هیوادارین ببێته زه‌مینه‌یه‌ك بۆ رێككه‌وتنێكی هه‌میشه‌یی كه ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی بۆ ناوچه‌كه به‌دیبهێنێت.
روونیشی كرده‌وه: ئێمه له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه زۆر راشكاوی وتوومانه، به‌شێك نین و نابین له‌م جه‌نگه و نامانه‌وێت به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شێك بین له‌م جه‌نگه، هه‌موو هه‌وڵێكیشمان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، خاكی كوردستان و پاراستنی سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستانه.
وتیشی: ئێمه ئاماده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پردێك بین بۆ ئاشتی له‌ناوچه‌كه، نه‌ك سه‌نگه‌رێكی شه‌ڕ، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بین له رۆڵی ئه‌رێنی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: بڕ‌وانن، دیمه‌نی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕ‌است به‌رده‌وام له گۆڕ‌انكارییدایه، به‌ڵام راستییه‌كی جێگیر هه‌یه، ئه‌ویش بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورده كه له ئێران، توركیا، سوریا و عیراقیشدا چه‌سپاون، ئێستاش كه پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا له لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌وه ده‌ستیپێكردوه، ده‌بینین پارته‌ئۆپۆزسیۆنه‌كان، په‌رله‌مان و زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان پشتگیری له پڕ‌ۆژه‌كه ده‌كه‌ن كه ئامانجی كۆتاییهێنانه به شه‌ڕ‌ێكی 40 ساڵه‌ی نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان.
لەبارەی سوریاشەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئێمە دەمانەوێت کوردانی سوریا بە تەواوی لەناو کایەکانی حکومەت، ئابووری و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەدا جێگیر بکرێن و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بن، کوردەکانی سوریا لە پێشەنگی شەڕی دژی تیرۆردا بوون و شانبەشانی ئەمریکا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان دژی داعش جەنگاون، پاداشتی ئەو هەموو ئازایەتییە نابێت گۆشەگیری و پەراوێزخستن بێت لە ناو دەوڵەتدا، بە پێچەوانەوە، دەبێت وەک رێزێک بۆ ئەو رۆڵە گرنگەی گێڕاویانە، پێگەیەکی پێشەنگ و کورسییەکی بڕیاردانیان لە دیمەشق هەبێت.
روونیشی كرده‌وه: پێموایه ئه‌گه‌ر سه‌یری پێگه‌ی كورد له 30 ساڵی رابردوودا بكه‌ین، ده‌بینین جاران وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی قوربانی ده‌رده‌كه‌وتین و لایه‌نی دیكه‌ش وه‌ك كێشه یان هۆكاری بێزاری پێناسه‌یان ده‌كردین، به‌ڵام ئه‌مڕ‌ۆ دۆخه‌كه گۆڕ‌اوه و ئێمه له‌و هه‌ستی قوربانیبوونه‌ی رابردوو تێپه‌ڕ‌یوین، ئێستا سه‌رنجمان له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی ئابووری و گێڕ‌انی رۆڵی پردی په‌یوه‌ندییه، به‌جۆرێك كه‌پشتگیری له‌پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا ده‌كه‌ین و هاوكار ده‌بین بۆ یه‌كخستنی كوردانی سوریا له‌چوارچێوه‌ی سوریایه‌كی نوێ‌دا، له‌هه‌مانكاتدا، رۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌گێڕ‌ین بۆ سه‌رخستنی حكومه‌تی نوێی عیراق، حكومه‌تێك كه ڕ‌ێز له ده‌ستوور بگرێت، پابه‌ندی بنه‌ماكانی فیدراڵیزم بێت و خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌مووان فه‌راهه‌م بكات تاوه‌كو عیراق بخاته‌وه سه‌ر پێگه‌یه‌كی دروستی شایسته به‌خۆی.
قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: نه‌وت بڕ‌بڕ‌ه‌ی پشتی ئابووریی عیراقه، هه‌ر بۆیه داخستنی گه‌رووی هورمز زیانی گه‌وره به ئابووریی عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گه‌یه‌نێت، له‌كاتێكدا هه‌موومان ده‌مانه‌وێت ئابوورییه‌كه‌مان له پشتبه‌ستن به نه‌وت رزگاربكه‌ین و هه‌میشه باس له‌وه ده‌كه‌ین، به‌ڵام واقیعه‌كه ئه‌وه‌یه كه ناتوانین به ئاسانی له نه‌وت دووربكه‌وینه‌وه، ستراتیژی ئێمه ئه‌وه‌یه كه داهاتی نه‌وت وه‌ك بزوێنه‌رێك بۆ بووژانه‌وه‌ی كه‌رته‌كانی دیكه به‌كاربهێنین، وه‌ك: كشتوكاڵ، گه‌شتیاری و پیشه‌سازیی كشتوكاڵی، كوردستان و به‌تایبه‌ت سلێمانی، خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی غازی سروشتین كه توانایه‌كی بێهاوتایان بۆ گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی هه‌یه.
رایگه‌یاند: ستراتیژی سه‌ره‌كیی ئێمه، به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووریی ناوخۆیی، په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كاره‌با و بووژانه‌وه‌ی كایه پیشه‌سازییه‌كانه، له رۆژی یه‌كه‌میشه‌وه كارمان بۆ ئه‌وه كردووه غازی سروشتی له رێگه‌ی بۆرییه‌وه بگوازینه‌وه، چونكه ده‌زانین بڕ‌ی پێویست غازمان له‌به‌رده‌ستدایه بۆ ئه‌وه‌ی ببینه هه‌نارده‌كاری كاره‌با، چ بۆ پڕ‌كردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی ناوچه‌كه بێت یان ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق، ئه‌مه ئامانجێكی ستراتیژییه و به خۆڕ‌اگرییه‌وه كار بۆ به‌دیهێنانی ده‌كه‌ین.
باسی له‌وه‌شكرد: ئێمه خاوه‌نی به‌پیتترین زه‌ویی كشتوكاڵین له‌ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی زێڕ‌ینمان بۆ ده‌ڕ‌ه‌خسێنێت تاوه‌كو كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازییه په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌ره‌پێبده‌ین، ئامانجمان ته‌نیا دابینكردنی پێداویستیی ناوخۆیی كوردستان و عیراق نییه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت ببینه هه‌نارده‌كارێكی سه‌ره‌كیی به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كان، به‌تایبه‌ت میوه‌و سه‌وزه، بۆ بازاڕ‌ه‌كانی ده‌ره‌وه.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: هه‌روه‌ك ده‌زانن، یۆنان به زه‌یتوونه‌كانی ناوبانگی جیهانیی هه‌یه، زه‌یتوونی ئێمه‌ش له (كوردستان) زۆر كوالێتی به‌رزه، ره‌نگه هێشتا نه‌گه‌یشتبێته ئاستی ناوبانگی زه‌یتوونی یۆنانی، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانمان نایابن، هه‌نار، هه‌نگوین، گوێز و هه‌نجیری كوردستان چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌ن كه شانازییان پێوه ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنانی دروست و ستراتیژێكی گونجاومان هه‌بێت، هاوشێوه‌ی ئه‌و هاوبه‌شییه‌ی لێره له یۆنان ده‌یبینین، ده‌توانین به‌رهه‌می كوردی زۆر به‌خێرایی بگه‌یه‌نینه بازاڕ‌ه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد: له دوای ساڵی 2003 و پڕ‌ۆسه‌ی ئازادكردنی عیراقه‌وه، كه ئێمه هێشتا هه‌ر به ئازادكردن ناوی ده‌به‌ین، چونكه رزگارمان بوو له‌و سته‌م و دڕ‌نده‌ییه‌ی رژێمی سه‌دام به‌رامبه‌رمان ده‌یكرد، ده‌ستمان كرد به بنیاتنانی ئابووری و ژێرخانی خۆمان، به‌ڵام ئێستا هه‌نگاو ده‌نێینه ناو سه‌رده‌مێكی نوێوه، بۆ یه‌كه‌مجار له دوای ماوه‌یه‌كی زۆر، هه‌ست ده‌كه‌ین كه خاوه‌ن ستراتیژێكی روونین و به‌ته‌واوی ده‌زانین ده‌مانه‌وێت به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو بنێین.
روونیشیكرده‌وه: ئێمه رێگه‌ی گه‌یشتن به ئامانجه‌كانمان ده‌زانین، ئێستا هه‌موو شتێك به‌ستراوه‌ته‌وه به دروستكردنی هاوبه‌شیی دروست، ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی ناوخۆیی تێپه‌ڕ‌ین و هاوبه‌شیی ستراتیژی له‌گه‌ڵ وڵاتانی وه‌ك یۆنان، ئه‌وروپا، ئه‌مریكا و هێزه ناوچه‌ییه‌كان پێكبهێنین تاوه‌كو تواناكانمان به‌دی بهێنین، پێموایه ئێستا له‌خاڵێكداین كه گه‌له‌كه‌مان چاوه‌ڕ‌وانیی زۆر زیاترمان لێ ده‌كه‌ن، چونكه ساڵانێكی زۆره ته‌نیا باس له‌تواناكانمان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ناتوانین هه‌میشه هه‌ر خاوه‌ن توانا بین، به‌ڵكو ده‌بێت ببینه بكه‌رێكی راسته‌قینه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع، كاتی ئه‌وه هاتووه له سنووری دروشم و قسه تێپه‌ڕ‌ین و بچینه قۆناغی جێبه‌جێكردنی پڕ‌ۆژه‌كان.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئێمه بایه‌خێكی زۆرمان به‌داهێنان، پشتگیریكردنی گه‌نجان و به‌كارهێنانی ژیریی ده‌ستكرد (AI) له حوكمڕ‌انی و پێگه‌یاندنی كادرانی نوێ‌دا داوه و ئێمه كاتێكی زۆرمان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره گه‌وره‌كانی وه‌ك هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك ته‌رخان كرد، ئێستاش كاتی ئه‌وه‌یه روو له گه‌شه‌پێدانی گونده‌كان بكه‌ین، ده‌مانه‌وێت هه‌نگاوه‌كانمان له‌سنووری شاره گه‌وره‌كان تێپه‌ڕ‌ێنن و بگه‌ینه قه‌زاو ناحیه و ناوچه دابڕ‌اوه‌كان، چونكه بڕ‌وام وایه كلیل و نهێنیی راسته‌قینه‌ی بووژانه‌وه‌ی كوردستان له‌وێیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌وییه به‌پیته كشتوكاڵییه‌كان له‌و ناوچانه‌دان.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: له‌و ناوچانه‌دا كه ده‌كرێت گه‌شه‌سه‌ندنی پیشه‌سازی به‌دی بێت، له‌وێدا دانیشتووانێك هه‌ن كه ره‌نگه هێشتا ده‌ستیان به نوێترین ته‌كنه‌لۆژیا و شێوازه مۆدێرنه‌كانی په‌روه‌رده نه‌گه‌یشتبێت، به‌ڵام به دابینكردنی زانیاری و كه‌ره‌سته‌ی گونجاو، ده‌توانین ئابووریی كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتگیر و پله‌به‌ندی گه‌شه پێ بده‌ین تاوه‌كو ئابوورییه‌كه‌مان دووره‌په‌رێز نه‌بێت، ده‌زانن، ئێمه له دوورگه‌یه‌كدا ناژین واتا دابڕ‌او نین له جیهان، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت سوود له‌په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوسنوور و جیهان وه‌ربگرین بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆمان.
راشیگه‌یاند: ده‌توانین ئه‌و بۆشاییانه پڕ بكه‌ینه‌وه كه له‌بازاڕ‌ه‌كانی ئێران، توركیا، سوریا یان ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراقدا هه‌ن و به‌م شێوه‌یه پێگه‌ی خۆمان جێگیر بكه‌ین، ئێمه نامانه‌وێت ببینه سه‌رچاوه‌ی كێشه، هه‌روه‌ها هه‌ڕ‌ه‌شه نین بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری، ئاسایش و یه‌كپارچه‌یی خاكی هیچ وڵاتێك، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه سه‌رمایه‌یه‌كی نیشتمانی و ناوچه‌یی گه‌وره‌ین، به‌ڵام به بڕ‌وای من، تائێستا وه‌ك پێویست سوود له‌م سه‌رمایه‌یه‌ی ئێمه وه‌رنه‌گیراوه.
قوباد تاڵه‌بانی روونیشی كرده‌وه: له‌م كۆڕبه‌نده‌دا گفتوگۆی زۆر ده‌رباره‌ی جه‌نگ و پرسی ئێران كرا، كه‌م لایه‌ن هه‌ن هێنده‌ی ئێمه به‌باشی شاره‌زای دۆخی ئێران بن، پێموایه ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی زێڕ‌ینه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی بایه‌خ به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕ‌است ده‌ده‌ن، تكایه وه‌رن و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێمه گفتوگۆ بكه‌ن، نه‌ك ته‌نیا له‌دووره‌وه باسی ئێمه بكه‌ن، زۆرجار ده‌بیستم باس له ئێمه ده‌كرێت، هه‌ندێكجار به ئه‌رێنی و هه‌ندێك جاریش به پێچه‌وانه‌وه، كه ئه‌مه ئاساییه، به‌ڵام وه‌رن راستییه‌كان له‌ئێمه ببیستن، چونكه ئێمه ده‌توانین پێتان بڵێین واقیعی ئه‌مڕ‌ۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕ‌است چۆنه، ئه‌م ناوچه‌یه چیتر ئه‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕ‌استه‌ی ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان نییه، به‌ڵكو خاوه‌ن داینامیكییه‌تێكی زۆر جیاوازه و دوای ئه‌م جه‌نگه‌ش، به‌راورد به ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، سیمایه‌كی ته‌واو جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت، بۆیه ئێمه لێره‌ین، ده‌رگامان واڵایه و ئاماده‌ی گفتوگۆین له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك كه ئاره‌زووی هه‌بێت.
راشیگه‌یاند: بڕ‌وای من وایه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان وه‌ك شه‌قامێكی دوولایه‌نه‌یه، واته ده‌توانین سوود به یه‌كتر بگه‌یه‌نین و پاڵپشتی یه‌كتری بین، ده‌زانم كه یۆنان له‌رێگه‌ی حكومه‌ته چالاك و داینامیكییه‌كه‌یه‌وه، ئاره‌زووی هه‌یه رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی بگێڕ‌ێت، هه‌ندێكجار بوون به به‌شێك له قه‌واره‌یه‌كی زه‌به‌لاحی وه‌ك یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ده‌بێته هۆی خاوبوونه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كان یان دروستبوونی به‌ربه‌ست، به‌ڵام دڵنیام حكومه‌تی یۆنان ده‌یه‌وێت رۆڵێكی به‌رهه‌مدارتر بگێڕ‌ێت و پشتگیری له پرۆسه‌ی ئاشتی و رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مریكا و ئێران بكات، كه ئێمه‌ش ده‌توانین له‌و باره‌یه‌وه هاوكار بین، له لایه‌كی دیكه‌وه، زۆر شت هه‌یه كه ده‌توانین له ئه‌زموونی گه‌شه‌سه‌ندنی یۆنانه‌وه فێری بین، ئه‌وه‌ی چۆن توانییان قه‌یرانه ئابوورییه‌كانیان به‌ڕ‌ێوه‌ببه‌ن و له‌ناو وێرانه‌ی قه‌یرانه‌كاندا سه‌ركه‌وتووانه ده‌ربچن و بگه‌نه ئه‌م ئاسته ئابوورییه‌ی ئه‌مڕ‌ۆیان، به‌ڕ‌استی جێگه‌ی سه‌رنج و ده‌ستخۆشییه.
بۆیه ئه‌مه ده‌ستكه‌وتێكه كه ده‌بێت یۆنانییه‌كان شانازیی پێوه بكه‌ن و بێگومان ئێمه‌ش وه‌ك مۆدێلێكی سه‌ركه‌وتوو سه‌یری ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی یۆنان له‌بواری وه‌رچه‌رخانی دیجیتاڵیدا ناویه‌تی، من له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی یۆنان له‌بواره‌كانی حوكمڕ‌انیی دیجیتاڵی، ژیریی ده‌ستكرد (AI) و ته‌ندروستی كۆبوومه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌و وه‌زاره‌تانه شانازی به به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا و به‌دیجیتاڵكردنی دامه‌زراوه‌كانیان ده‌كه‌ن به مه‌به‌ستی باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی شه‌فافیه‌ت.
راشیگه‌یاند: ئێمه‌ش له‌كوردستان هه‌مان رێگه‌مان گرتووه‌ته‌به‌ر، ره‌نگه هێشتا نه‌گه‌یشتبینه خێراییه‌كه‌ی یۆنان، به‌ڵام له‌پرۆسه‌ی به‌دیجیتاڵكردنی خزمه‌تگوزارییه حكومییه‌كانمان به‌رده‌وامین تاوه‌كو شه‌فافیه‌ت زیاتر بكه‌ین و رۆتین و بیرۆكراسی كه‌م بكه‌ینه‌وه، بڕ‌وام وایه ده‌توانین له مۆدێله‌كه‌ی ئێوه‌وه فێربین، ئێوه‌ش ده‌توانن سوود له‌سه‌رمایه و تواناكانی ئێمه له‌ناوچه‌كه‌دا وه‌ربگرن، به‌تایبه‌ت توانای گفتوگۆكردنی ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ردوو به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، له رووی ئابوورییشه‌وه، ئاسۆی گه‌وره له‌به‌رده‌مماندایه، به‌تایبه‌ت ئێستا كه هێڵی ئاسمانی ئیجه گه‌شته‌كانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه، ئێمه چاوه‌ڕ‌وانی گه‌شتی زیاترین، چونكه گه‌شتی زیاتر به‌واتای گه‌شتیاری زیاتر دێت، گه‌شتیاری زیاتریش ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنانی زیاتر ده‌ڕ‌ه‌خسێنێت، كه ئه‌مه‌ش له‌كۆتاییدا ده‌بێته هۆی هاوبه‌شییه‌كی پته‌وترو هاوڕ‌ێیه‌تییه‌كی به‌هێزتر له‌نێوانماندا.
له‌كۆتایدا قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌یه كوردستان به‌ڕ‌ووی جیهاندا بكه‌ینه‌وه، نه‌ك ته‌نها له رێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت گفتوگۆی جدی ده‌رباره‌ی گه‌شه‌پێدان و ئابووریی ناوچه‌كه و رۆڵی مێژوویی و ئێستای كورد ئه‌نجام بده‌ین، ده‌مانه‌وێت خه‌ڵكی له‌و تێڕ‌وانینه باو و وێنه چه‌قبه‌ستوانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌كورد هه‌یانه رزگار بكه‌ین.
PUKMEDIA/ تایبەت
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
ئەمانەش ببینە
کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم دەست بەکارکردن دەکەنەوە
06:40 PM - 2026-06-03
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
03:47 PM - 2026-06-03
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
02:27 PM - 2026-06-03
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
11:46 AM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كورد‌و یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03



.png)
.png)
.png)

دابەزێنە

