riklam

بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەرین دامەزرێندرا

کوردستان 03:23 PM - 2026-04-02
بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەرین دامەزرێندرا راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی

بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەرین دامەزرێندرا

قوباد تاڵەبانی

ئەمڕۆ  پێنج شەممە 2ی 4ی 2026، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لە شاری رانیە، دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەرین دامەزرا.

دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی ڕاپەڕین چییە؟

Regional Development Agency  (RRDA)

دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی ڕاپەڕین شێوازێكی كاركردنی پراكتیكی ناوچەییە بۆ بەهێزكردنی گەشەی كەرتی تایبەت، ڕەخساندنی هەلی كار، باشتركردنی ئابووریی خۆجێیی لە ڕێگای دەستێوەردانی پلان بۆداڕێژراو.

وەك سیستەمێكی  گشتگیر كار دەكات بۆ دابینكردنی دارایی، پەرەپێدانی كارسازی، باشتركردنی ئاستی پسپۆری و شارەزایی، پشتیوانیكردنی پیشەسازی ناوخۆیی و دەستگەیشتن بە بازاڕەكان لە ناو یەك چوارچێوە.

دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی ڕاپەڕین پرۆگرامێكی دابڕاو نییە، بەڵكو وەك سەكۆیەكی هامەهەنگی و جێبەجێكردن كار دەكات كە هاوبەشەكان و سەرچاوەكان و دەستپێشخەرییەكان بەیەكەوە دەبەستێتەوە بۆئەوەی دڵنیابێت لە بەردەوامیی بازرگانی و كارسازی لە دروستكردنەوە تا گەشەكردن و بوون بە بەشێك لە بازاڕ.

تیشك خستنەسەر جێبەجێكردنی فیعلی، دەرئەنجامی پێوانەكراو و پەرەپێدانی ژینگەی ئابووریی ناوخۆیی بەردەوام.

پلانێكی ستراتیجی بۆ گەشەپێدانی ناوچەكانی دەرەوەی شارەگەورەكان


دەزگای گەشەپێدانی ناوچەیی ڕاپەڕین مۆدێلێكی نوێیە، ئامانجی گۆڕینی شێوازی كاركردنە لەسەر گەشەپێدانی ئابووری لە ناوچەكانی دەرەوەی شارە گەورەكان.

لەبری ئەوەی تەنها گرنگی بە ناوەندی شارە گەورەكان بدرێت، ئەم دەستپێشخەرییە ناوچەی ڕاپەڕین دەكاتە چەق و ناوەندی شێوازێكی نوێی گەشەپێدان؛ شێوازێك كە پاڵپشتیی كارسازان، بزنسە بچووكەكان، كرێكاران و گەنجان دەكات لە ڕێگەی دابینكردنی دارایی، ڕاهێنان، بازاڕكردن و هاوكاریی تەكنیكی.

ئەم پڕۆژەیە ئامانجی ئەوەیە بیسەلمێنێت كە هەموو شار و شارۆچكەكان دەتوانن ببنە بزوێنەری گەشەی ئابووری، ڕەخساندنی هەلی كار و داهێنان.

وتاری سەرەكی بۆ میدیاكان


ئەمە تەنها پڕۆژەیەكی خۆجێیی نییە بۆ ڕاپەڕین، بەڵكو مۆدێلێكی ستراتیجییە بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق، كە نیشانی دەدات چۆن دەكرێت لەڕێگای پلاندانانی ئابووریی ئاراستەكراوەوە، دەسەڵات و توانا بدرێتە شارە بچووكەكان.

پەیامی سەرەكی


پەیامی سەرەكی بریتییە لە گەشەپێدان نابێت تەنها لە شارە گەورەكاندا قەتیس بمێنێت، شارە مامناوەند و بچووكەكان دەبێت ببنە بەشدارێكی كارا لە گەشەی ئابووریدا.

پڕۆژەكە لە سەرەتادا لە ڕاپەڕین جێبەجێ دەكرێت و دواتر لە شار و شارۆچكەكانی تریش پەیڕەو بكرێت.



بۆچی گرنگە؟


زۆرێك لە گەنجان لە ناوچەكانی دەرەوەی شارە گەورەكان گرفتی كەمیی هەلی كاریان هەیە. لە هەمان كاتیشدا بەهۆكاری جۆراوجۆر ناتوانرێت بە هەمان شێوەی رابردوو چاوەڕوانیی دامەزراندن و دەستكەوتنی هەلی كاریان لە كەرتی گشتیدا هەبێت. 

دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی ڕاپەڕین وەڵامی ئەم ئاڵنگارییە دەداتەوە لە ڕێگەی بونیادنانی ئابوورییەكی خۆجێیی كە كەرتی تایبەت ڕابەرایەتی بكات، بە جەختكردنەوە لەسەر:

• پاڵپشتیی دەستپێشخەرییە نوێیەكان (Startups) و كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان.
• ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان.
• بەهێزكردنی كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری.
• پەرەپێدانی كارامەیی پیشەیی.
• ئاسانكاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە قەرزی بچووك.
• بەستنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكان بە بازاڕەكانەوە.

ئەمە وەرچەرخانێكە لە هاوكاریی كورتخایەنەوە بەرەو گۆڕانكاریی ئابووریی درێژخایەن.

بۆچی ڕاپەڕین هەڵبژێردرا؟

ڕاپەڕین ژینگەیەكی گونجاوە بۆ ئەزموونكردنی ئەم مۆدێلە، چوونكە ئەم تایبەتمەندییانەی تێدایە:

• رێژەیەكی گەورەی دانیشتووانی گەنجی هەیە و ڕوو لە زیادبوونیشە.
• توانایەكی بەهێزی كشتوكاڵی.
• دەرفەتی گەشتیاریی فراوان.
• پیشەسازییە ناوخۆییە تازەپێگەیشتووەكان.
• ئاسۆكانی وزەی نوێبووەوە.

ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی ٤٢٠ هەزار كەسە، كە زۆربەیان لە خوار تەمەنی ٣٥ ساڵیدان، ئەم ناوچەیە هەم نوێنەرایەتیی ئاڵنگارییەكان و هەم دەرفەتەكانی گەشەی ئابووریی داهاتوو دەكات.


بەرنامە سەرەكییەكان بۆ پەیامی میدیایی


میدیاكان دەتوانن جەخت لەسەر شەش كۆڵەكەی سەرەكیدەزگای گەشەپێدانی ناوچەیی بكەنەوە:

١. دارایی بۆ بزنسە بچووكەكان: قەرزی بچووك و دابینكردنی سەرمایە بۆ كارسازان و پرۆژە ناوخۆییەكان.
٢. كارسازیی گەنجان: ڕاهێنان، ڕاوێژكاری و سەرپێخستنی دەستپێشخەرییە نوێیەكان و پاڵپشتی بیرۆكە نوێیەكان و داهێنەران.
٣. گەشەپێدانی كشتوكاڵ و گەشتیاری: پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، پیشەسازیی كشتوكاڵی و گەشتیاریی و بناغەی پیشەسازی.
٤. كارامەیی و پسپۆری: ڕاهێنانی پیشەیی و بەرنامەكانی هێزی كار لەگەڵ پێداویستی بازاڕدا بگونجێن و زیادكردنی هەلی بەكارخستن.
٥. فراوانكردنی بازاڕ: هاوكاری بزنسەكان بۆ گەیشتن بە بازاڕە ناوخۆیی و دەرەكی.
٦. لایەنی كۆمەڵایەتی: بەشدارپێكردنی گەنجان، كۆمەڵگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە گەشەپێداندا.

پەیامی ستراتیجیی سیاسی بۆ میدیاكان


ئەم پڕۆژە نموونەییە پەیامێكی سیاسی و ئابووریی فراوانتر دەگەیەنێت:

دەبێت گەشەپێدانی هاوسەنگ شارە مامناوەند و بچووكەكانیش بگرێتەوە، نەك تەنها پایتەخت و ناوەندە گەورەكان. ئەمە نیشانەی سەركردایەتییەكە كە ڕووی لە داهاتووە، هاوسەنگیی ناوچەیی دەپارێزێت و جەخت لەسەر بژێویی ژیانی خەڵك دەكاتەوە.

هەروەها فەلسەفەیەكی ئابووری ڕوون لە خۆوە دەگرێت، ئەویش: ئابووری سەركەوتوو پێویستیی بە بەشداریكردن و بەشداریپێكردنی هەموو ناوچە و كەسێك هەیە. پەرواێزكردنی هەر شوێنێك یان كەسێك لە كۆتاییدا زیانبەخش دەبێت.

دەكرێت ئەمە وەك فەلسەفەیەكی نوێی گەشەپێدان بناسێنرێت:

"لە گەشەسەندنی شارەكانەوە بەرەو دەرفەتی سەرتاسەری لە ناوچەكاندا"  (New Rural Economy).

سەردێڕی پێشنیاركراو بۆ دەزگاكانی راگەیاندن


ڕاپەڕین مۆدێلێكی نوێ بۆ گەشەپێدانی ئابووریی شارە مامناوەند و بچووكەكان ڕادەگەیەنێت.

مۆدێلێكی نوێ لە دەرەوەی شارە گەورەكان: ڕاپەڕین مۆدێلێكی نوێ بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی تاقی دەكاتەوە.

پوختەی كۆتایی
"ئەم دەستپێشخەرییە بۆ سەلماندنی ئەوەیە كە گەشە و دەرفەت نابێت تەنها لە شارە گەورەكاندا سنووردار بن. ڕاپەڕین دەبێتە مۆدێلێك بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ناوچەكانی دەرەوەی شارە گەورەكان دەتوانن ببنە بزوێنەری كارسازی، ڕەخساندنی هەلی كار و بونیادنانی ئابوورییەكی خۆجێیی بەهێز، بۆ ئەوەی دواتر لە هەموو كوردستاندا جێبەجێ بكرێت."

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket