riklam

ناوی ئه‌و فراكسیۆن و ئه‌ندامانه‌ی ده‌نگیان به‌پارێزگاره‌ كورده‌كه‌ی كه‌ركوك نه‌دا

کوردستان 01:15 PM - 2024-08-11
رێبوار تەها، پارێزگاری نوێی کەرکوک PUKMEDIA

رێبوار تەها، پارێزگاری نوێی کەرکوک

کەرکوک یەکێتی

پۆستی پاریزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك و هاوكات سه‌رۆكیكی ئه‌نجومه‌ن بۆ پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی شاره‌كه‌ ، له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كورد و عه‌ره‌ب و كریستیان له‌ به‌غدا هه‌ڵبژێردران و 9 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیان پێداو 7ی دیكه‌ش به‌شدارییان نه‌كرد كه‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانی تیدابوو.

 

له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یاساییدا پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ستنیشانكرا

 

به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونی PUKMEDIA ، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ ئێواره‌ی 10ی ئاب 2024 له‌ هۆتێل ره‌شید كرا هه‌ریه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانی كه‌ركوك هێز و ئیراده‌مانه‌-ی (یه‌كێتیی نیشتمانیی و حزبی شیوعی) و هاوپه‌یمانی قیاده‌ و فراكسیۆنی عروبه‌ و فراكسیۆنی بابلیۆن به‌شداربوون و هه‌ریه‌ك له‌ رێبوار ته‌ها وه‌ك پشكی كورد به‌ پارێزگاری كه‌ركوك و محه‌مه‌د حافز له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی شاره‌كه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێردران و پرۆسه‌كه‌ به‌ ده‌نگی 9 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ كۆی 16 ئه‌ندام یه‌كلاكرایه‌وه‌ كه‌ له‌رووی یاسایی و نیسابه‌وه‌ ته‌واوه‌و 50+1 بووه‌.

 

د.ئه‌حمه‌د كه‌ركوكی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ فراكسیۆنی كه‌ركوك هێز و ئیراده‌مانه‌ به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند:"پۆستی پارێزگار دوو ساڵ به‌ دووساڵ ده‌بێت، دووساڵی یه‌كه‌م  بۆ كورده‌، دوای ئه‌و واده‌یه‌ ئاڵوگۆڕ‌ده‌كرێت و كوردێك ده‌بێته‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و پۆستی پارێزگاریش بۆ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب ده‌بێت بۆ دووساڵ".


كێ ده‌نگی به‌پارێزگاره‌ كورده‌كه‌ دا ؟

هه‌ربه‌پێی زانیارییه‌كانی PUKMEDIA، چوار فراكسیۆنی كورد و عه‌ره‌ب و كریستیان به‌شدارییان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی 10ی ئابدا كرد، به‌ڵام فراكسیۆنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی راكان جبوری، به‌ره‌ی توركمانی به‌شدارییان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نه‌كردو ده‌نگیان نه‌دا كه‌ به‌ هه‌موویان خاوه‌نی 7 كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ن.

 

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كه‌ی PUKMEDIA، كه‌ به‌لێدوانی چه‌ند به‌شداربوویه‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 10ی ئاب پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م فراكسیۆن و ئه‌ندامانه‌ به‌شداربوون له‌ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك كه‌ 7 ساڵه‌ ئه‌و مافه‌ی لێزه‌وتكراوه‌.

 

 ئه‌م فراكسیۆن و ئه‌ندامانه‌ به‌شدارییان كرد له‌هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك

 

•  هاوپه‌یمانی كه‌ركوك هێزو ئیراده‌مانه‌ (یه‌كێتی و شیوعی)
1-  رێبوار ته‌ها
2-   ئه‌حمه‌د كه‌ركوكی
3-  هۆشیار كاكه‌یی
4-   نه‌شئه‌ت جه‌وازات
5-   په‌روین فاتیح

•  هاوپه‌یمانی قیاده‌
1-   ره‌عد ساڵح
2-   محه‌مه‌د ئیبراهیم

•  فراكسیۆنی عروبه‌
1-   زاهر عاسی

•  فراكسیۆنی بابلیۆن كورسی(كۆتا)
1-   ئه‌نجیل زیا شیبا

هه‌روه‌ها ئه‌م فراكسیۆن و ئه‌ندامانه‌ش كه‌ ژماره‌یان سێ فراكسیۆن و 7 ئه‌ندامه‌ به‌شدارییان نه‌كرد له‌هه‌ڵبژاردنی كوردێك به‌پارێزگاری كه‌ركوك

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
1-   حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د
2-   شۆخان حه‌سیب

•  هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی
1-   راكان جبوری
2-   سه‌لوا مه‌فره‌جی
3-  ئه‌حمه‌د حه‌مدانی

•  به‌ره‌ی توركمانی
1-   ئه‌حمه‌د ره‌مزی
2-   سه‌وسه‌ن جه‌دوع

هاوكات له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا به‌ره‌ر توركمانی به‌ركه‌وته‌كانیان بۆ دیاریی بكرێت و هه‌ركاتێك ناوی كاندیده‌كانیان نارده‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، ده‌نگیان له‌سه‌ر ده‌درێت.

 

سه‌رۆك بافڵ: یه‌كێتی له‌كه‌ركوك وه‌كو سه‌رۆك مام جه‌لال سیاسه‌ت ده‌كات

له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌ و پرۆسه‌ی هه‌لژاردنه‌كه‌ی پۆستی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ به‌غدا بووه‌و له‌ یه‌كه‌مین لێدوانیشیدا رایگه‌یاند:" یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك وه‌كو سه‌رۆك مام جه‌لال سیاسه‌ت ده‌كات، پێش ئه‌وه‌ی بۆ كورده‌كان ئیش بكه‌ین بۆ هه‌موو خوشك و براكانی دیكه‌مان له‌پێكهاته‌كانی دیكه‌ ئیش ده‌كه‌ین".

 

"پێویسته‌ كه‌ركوك ئاشتبكه‌ینه‌وه‌و بیكه‌ینه‌ نموونه‌ی پێكه‌وه‌ژیان و ده‌وڵه‌مه‌ندی و ئارامی، هیوادارم دوای چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێن كێشه‌ی كه‌ركوك، بڵێن ده‌مانه‌وێت ئێره‌ش وه‌ك كه‌ركوك بێت"، سه‌رۆك بافڵ وای وت.

 

سه‌عدی پیره‌: له‌رێگای پارێزگاری كه‌ركوكه‌وه‌ كارده‌كه‌ین بۆ پێكه‌وه‌ ژیان

له‌نوێترین هه‌ڵوێستی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان-یشدا كه‌ ئه‌مڕ‌ۆ 11/8 سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتیی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا ئاشكرایكردو په‌یامنێری  PUKMEDIA ئاماده‌یبوو رایگه‌یاند:"پارێزگاری كه‌ركوك بۆ كوردبوو، له‌ناو كوردیشدا بۆ یه‌كیتی بوو، به‌ڵام پارێزگاری سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ ده‌بێت به‌بێ جیاوازی و له‌رێگای پارێزگاری كه‌ركوكه‌وه‌ كارده‌كه‌ین بۆ پێكه‌وه‌ ژیانێكی ئاشتییانه‌و له‌ئێستاوه‌ له‌پارێزگای كه‌ركوك و كۆتایی به‌ ململانێكان هات و ئێستا كاتی خزمه‌تكردنه‌".

 

"یه‌كێتیی نیشتمانی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پرۆژه‌ی یه‌ك لیستی كوردستانی خسته‌ڕوو بۆ هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان ره‌تیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌رنا كورد ده‌یتوانی 9 كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌ده‌ستبهنێت، به‌ڵام یه‌كێتی به‌ڵێنی داوه‌ له‌رێی پارێزگاره‌وه‌ خزمه‌تی ته‌واوی كه‌ركوكییه‌كان بكات" وته‌بێژی یه‌كێتی وایوت.

 

پارێزگاری كه‌ركوك: قۆناغێكی نوێ له‌كه‌ركوك ده‌ستپێده‌كه‌ین

هاوكات رێبوار ته‌ها پارێزگاری نوێی كه‌ركوكیش له‌په‌یامێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی ناردوه‌ ده‌ڵێت:"هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ئه‌مڕ‌ۆ به‌دواوه‌ قۆناغێكی نوێ له‌كه‌ركوك ده‌ستپێده‌كات، كه‌ ئه‌ویش قۆناغی هێنانه‌كایه‌ی ئاشتی و ئاوه‌دانی و خزمه‌تكردنی هه‌موو هاووڵاتییانه‌ بێ جیاوازی".

 

"ئه‌م پێگه‌یه‌ ده‌كه‌ینه‌ ئامرازێك بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاشته‌وایی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هێزكردنی یه‌كترقبوڵكردن و پێكه‌وه‌كاركردن و پته‌وكردنی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان له‌نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركوك بێ جیاكاری و پارێزگاری كورد، عه‌ره‌ب، توركمان، مه‌سیحییه‌كان، هه‌موو چین و توێژه‌كانی كه‌ركوك  ده‌بین" پارێزگاری كه‌ركوك واده‌ڵێت.

 

یه‌كێتی ده‌نگی یه‌كه‌می شاره‌كه‌یه‌

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراقدا كه‌ رۆژی 18-12-2023 ئه‌نجامدرا توانی زۆرترین ده‌نگی شاره‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێت و ببێته‌ یه‌كه‌م حزب كه‌ خاوه‌نی 5 كورسی بێت له‌ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی به‌ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنی خۆی زانیوه‌و وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌ستبه‌رداری مافی كه‌ركوكییه‌كان نه‌بووه‌و له‌نه‌هامه‌تییه‌كاندا جێی نه‌هێشتووه‌، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا كه‌ رۆژی 10ی ئابی 2024 له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌و مافه‌ی بۆ كه‌ركوكییه‌كان گه‌ڕانده‌وه‌و كوردێكی كرده‌ پارێزگاری شاره‌كه‌.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket