riklam

دادگای فیدراڵی تەئکید لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەکاتەوە

عیراق 11:58 AM - 2024-03-19
بینای دادگای فیدراڵی ئەرشیف

بینای دادگای فیدراڵی

دادگای باڵای فیدراڵی عیراق

دادگای فیدراڵی تەئکید لە جێبەجیکردنی بڕیارەکانی سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکاتەوە و سەرۆکی دادگاکەش دەڵێت:" بڕیارەکانمان لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا بووە".

د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی دادگاکەی کرد و لەگەڵ جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبووەوە و دواتریش لەبەیاننامەیەکی سەرۆککۆماردا هەردوولا جەختیان لە جێبەجێکردنی دەستوور و زامنکردنی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان  و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت پرسی مووچە و بوودجە کردەوە.

جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای فیدراڵی بەرچاوڕوونی بڕیارەکانی دادگای لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە خستەڕوو، ئاماژەی بەوەدا:" بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدایە و تەئکید لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانمان لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەینەوە".

"پێویستە ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بەشێوەی کاش بەردەوام بێت، تاوەکو پرۆسەی بە بانکی کردنی هەژماری ئەلیکترۆنی مووچەخۆران تەواو دەبێت و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەنیشتمانی دەکرێت"، سەرۆکی دادگای فیدراڵی وایوت.

راشیگەیاند:" وەزارەتی دارایی عیراقمان راسپاردووە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی  تەواویان هەبێت، ئەمەش لەپێناو ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت".


لەبەرامبەردا د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق جەختی لەجێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عیراق و چارەسەرکردنی کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە

دوای دەرکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (224 و یەکخستنی 269/ فیدراڵی /2023/) لە 21-2-2024 سەرۆك کۆمار چاوی بە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کەوت بۆ راوێژکردن لەبارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی سیاسی لەدوای ساڵی 2003 لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ داڕێژراوە، کە خواستی سەرکردە سیاسییەکانی لەسەر بووە و لە دەستوردا چەسپاوە و یەکێک لە دیارترین ئەو پرەنسیپانە ئەوەیە، کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و سیستمی دەسەڵات کۆماری نوێنەرایەتی پەرلەمانییە، دەستور بەڕونی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواویان بەسەر هەرێم و هاووڵاتیاندا هەیە، بەشێوەیەک کە جگە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵ، دەستوور و یاسا پێشێل نەکات.

سیاسەتی دارایی و گومرگی و دەرکردنی دراو و رێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سنووری هەرێمەکان و پارێزگاکان لە عێراق و داڕشتنی سیاسەتی نەختینەیی، دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە و دیاریکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، لەدەسەڵاتەکانی هەرێمدایە.

لە بەرامبەردا سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، ئاماژەی بەوە کرد کە دادگا پابەندە بەوەی دامەزرێنەرانی پرۆسەی سیاسی لەسەری رێککەوتون و ئەوەی لە دەستوردا ئاماژەی پێکراوە، کە عێراقییەکان پەسندیانکردوە و پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکانی فیدراڵی و هەرێمەکانی رێکخستوە، دادگای باڵای فیدراڵیش بەپەرۆشە کە ئەوەی لە دەستور و یاسا کارپێکراوەکاندا هاتووە جێبەجێ بکات و یەکەم پاڵپشتیکاری سەروەریی بنەما یاساییەکان دەبێت و پارێزگاری لە مافەکانی گەل دەکات و دڵسۆزە بۆ خوێنی شەهیدان و جەختیشیکردوە، کە دادگا بەپەرۆشە بۆ سەروەریی بنەماکانی دیموکراسی و بڕگەکانی دەستور لە هەموو ئەو بابەتانەی، کە پەیوەستن و هەروەها بە پەرۆشە بۆ بەدواداچوون لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ژمارە (224 و یەکخستنی 269/ فیدراڵی /2023/) لە 21-2-2024، بەشێوەیەک کە ببێتەهۆی دەستەبەرکردنی گەیاندنی شایستە داراییەکان بۆ فەرمانبەران و ئەوانەی کە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان دەگرێتەوە لە کاتی دیاریکراودا.

سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، دوپاتیکردەوە کە بڕیاری ژمارە (224 و یەکخستنی 269/ فیدراڵی /2023/) لە 21-2-2024 پەیوەندیدار بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە و وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەماهەنگییەکی راستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە سەبارەت بە بابەتی بڕیارەکە و دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی، بەشێوەیەک کە خەرجکردنی موچە بەبێ وەستان مسۆگەربکات و بەهۆکاری هونەری یاخود گرتنەبەری رێوشوێنەکان نەوەستێت، چونکە میکانیزمی نشینکردن (توطین)ی موچە، پێویستی بەماوەیەک هەیە بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لەبەرئەوە موچە بەکاش دەدرێت بەو فەرمانبەرانەی ماونەتەوە و پرۆسەی نشینکردنی موچەیان بەهۆی رێوشوێنە تەکنیکییەکانەوە تەواو نەبوە، تا ئەوکاتەی پرۆسەی نشینکردنی موچە تەواو دەبێت.

هەروەها دادگا پشتگیری و پارێزەری مافەکانی گەلە و لە پەیوەندی و راوێژی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ سەرۆك کۆمار و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی رەنگە روبەڕوی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ببنەوە.

لە کۆتاییدا، سەرۆك کۆمار جەختی لە پەرۆشی خۆی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستور و یاساکان لە رێکخستنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئەو نەهامەتیانەی خەڵکی کوردستان بەهۆی ناڕێکی لە دابەشکردنی موچەوە سەرچاوەیان گرتوە. جەختیشیکردەوە لەسەر کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم سەبارەت بەوەی بەخێر بۆ هەرێم و گەلەکەی بگەڕێتەوە.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket