riklam

زیاد جەبار: سكاڵاكەمان لە دادگای فیدراڵی دەستوورییە

کوردستان 03:42 PM - 2024-02-21
 زیاد جەبار PUKMEDIA

زیاد جەبار

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژاردن

زیاد جەبار رایدەگەیەنێت: "سكاڵاكەمان لە دادگای فیدراڵی دەستوورییەو ئامانجمان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە لە كوردستان، یەكێتیش  هەموو كات ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن"، لەبارەی پێكهاتەكانیشەوە رایگەیاند: "پێكهاتەكان خەڵكی رەسەنی ئەم نیشتمانەن و دەمانەوێت نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت".

سكاڵاكەی یەكێتی دەستوریی و یاسایی بوو

 

 زیاد جەبار ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كرد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دواجار دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر سكاڵاكەمانداو بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە تەواوی خەڵكی كوردستان و یەكێتییەكان دەكەم، چونكە لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018ەوە، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی لەنێوان یەكێتی و پارتی لەلایەك و پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكی دیكەوە كرا، یەكێك لە خاڵە بنەڕەتییەكانی رێككەوتنەكە ئەوەبوو كە لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دەربكەین یاخود یاسا كۆنەكە هەموار بكەینەوە، هەرچەندە هەموو هەوڵەكانمان بۆ جێبەجێ كردنی ئەو خاڵە چڕكردەوەو كۆبوونەوەمان لەگەڵ هێزە سیاسییەكان جگە لە پارتی و پێكهاتەكان ئەنجامدا، پڕۆژەیەكمان ئامادەكرد، بەڵام بۆمان تێنەپەڕێندرا، بۆیە بەناچاری پەنامانبردە بەر دادگای فیدراڵی كە  دادگایەكی دەستوورییە لە عیراق، هاوكات سكاڵاكەمان دەستوریی و یاسایی بوو ".

 

لە سیستمی یەك بازنەیدا نوێنەرایەتیكردنی ناوچەكان پارێزراو نابێت

راشیگەیاند: "بۆمان دەركەوت كە لە سیستمی یەك بازنەیی هەڵبژاردندا ناتوانین نوێنەرایەتیكردنی شاروشارۆچكەكان پارێزراوبێت، بۆیە بۆمان گرنگ بوو هەموو ناوچەكان بەپێی ژمارەی دەنگدەران و دانیشتووانەكەی كورسی هەبێت، نەك وەك رابردوو هەندێك ناوچە كورسی زیاترو هەندێك ناوچەی دیكە كورسی كەمی بەربكەوێت".

پێكهاتەكان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بكەن نەك هێزێكی سیاسی

 

لەبارەی پێكهاتەكانیشەوە زیاد جەبار رایگەیاند: "پێكهاتەكان خەڵكی رەسەنی هەرێمی كوردستانن و بەلای یەكێتییەوە لە سەرجەم قۆناغەكاندا شوێن و پێگەی خۆیانیان هەبووە و وەك هەموو كوردێك ماف و ئەكیان هەیە لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوەی گرنگە بەلامانەوە لە یاسای نوێدا پێكهاتەكان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بكەن نەك نوێنەرایەتی هێزێكی سیاسی، بۆیە لە هەرشوێنێك پێكهاتەكان هەبن پێویستە بەشداریشیان هەبێت".

 

لە درێژەی قسەكانیدا زیاد جەبار ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "ئومێدەوارین بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی باشتر دەربكرێت، بەڵێنیش بە خەڵكی كوردستان دەدەین كە ئەو یاسا نوێیە دڵنیایی بداتە دەنگدەران كە دەنگەكەی پارێزراو دەبێت، بۆیە دڵنیاین یاسای نوێی هەڵبژاردن یاسایەك دەبێت كە كەمترین گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دروست ببێت و بتواندرێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی پێئەنجام بدرێت و پارێزگاكان بەپێی ژمارەی دەنگ و دانیشتووانەكەی نوێنەریان هەبێت".

 

یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن

 

راشیگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو كات ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و پێش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیش لەسەر زاری وتەبێژەكەمانەوە ئەوەمان راگەیاندووە، بۆیە داوا لە سەرۆكایەتی هەرێم دەكەین بەزووترین كات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق، رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریبكرێت و كۆتایی بەو بۆشاییە دەستوورییە بهێندرێت".

 

 

بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بڕیاری باش بوون

 

 

زیاد جەبار وتیشی: "بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڕیاری باش بوون و ئومێد دەكەین بڕیارەكانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بكرێن و حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند لە كاتی خۆیدا مووچەی مووچەخۆران دابینبكەن".


ئەوەشی وت: "هەرچەندە پێشتر لە هەڵبژاردنەكانی كەركوك یەكێتی بەوە تۆمەتبار دەكرا كەكار لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن دەكات، بەڵام بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا دەركەوت كە ئامانجی یەكێتییە بە یاسایەكی باش هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، هەربۆیە پشتیوانیی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەكەین".

 ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕێگەی زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق تۆماركرد و ئەمڕۆش دادگاكە وەڵامی سكاڵاكەی دایەوەو چەند بڕیارێكی لەبەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەركرد.

 

PUKMEDIA

كۆنگرەی رۆژنامەوانی زیاد جەبار لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتی و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی:

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket