riklam

كۆنفرانسی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بەڕێوەدەچێت

کوردستان 10:21 AM - 2024-01-28
دیمەنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە کوردسات نیوز

دیمەنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە

حکومەتی هەرێم

كۆنفرانسی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی دەرەوەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هەولێر، بە بەشداری سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌كونسوڵ و دیپلۆماتكار و نوێنه‌رانی وڵاتان و وەزیرانی حکومەتی هەرێم دەستیپێکرد، کە بڕیارە ماوه‌ی چوار رۆژ بخایەنێت.

 

مەسرور بارزانی:پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەنگاوی باشی بڕیوە

 

لەسەرەتای کۆنفرانسەکەدا مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پیشکەشکرد و رایگەیاند:" لەگەڵ ئەوەی ساڵانە ژمارەی کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن، لەبەرامبەریشدا هەوڵدەدەین نوێنەرایەتییەکانمان لە وڵاتان زیاتر بکەین، کە ئامانج لێی برەودانە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتان".

راشیگەیاند:"پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەنگاوی باشی بڕیوەو هەوڵی زیاتریش دەدەین، چونکە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری خوازیاری ئاشتی و ئارامیی و باشترکردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی".

 

قوباد تاڵەبانی: زانیاریی بە نوێنەرایەتییەکانمان بدرێت

 

هەر لە کۆنفرانسەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا رایگەیاند:"هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی حکومەتی هەرێم بەردەوامە و نوێنەرایەتییەکانمان دەتوانن پەیوەندییە ئابوری و سیاسی و بازرگانییەکانمان لەگەڵ وڵاتاندا بەهێز بکەن، هەروەها گرنگە نوێنەرایەتییەکانمان مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم بگەیەننە وڵاتان".

راشیگەیاند:" دەبێت نوێنەرایەتییەکانمان پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەکانمان لەهەرێمی کوردستان هەبێت و زانیارییان پێبدرێت و دەسەڵاتدارانی هەرێم لە سیاسەتی وڵاتان ئاگادار بکەنەوە ".

 

قوباد تاڵەبانی: لە دیپلۆماسییەتدا دۆست نییە

 

"پێویستە بەدوای بەرژەوەندی هاوبەشدا لەگەڵ وڵاتاندا بگەڕێین، چونکە لە دیپلۆماسییەتدا دۆست نییە، بەڵکو بەرژەوەندی هاوبەش هەیە، لەم ڕوانگەیەشەوە نوێنەرایەتییەکانمان دەتوانن رۆڵێکی گرنگ ببینن و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ وڵاتان زیاتر بکەن، ئەمە جگە لەوەی کە دەتوانن لەسەر پرسە چارەنوسسازەکان لەهەرێم رای گشتی لە وڵاتان دروست بکەن و رێگر بن لە هەر هەوڵێک کە لەدژی هەرێمەکەمان دەدرێت"، قوباد تاڵەبانی وایوت.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم راشیگەیاند:"رووبەڕوبونەوەی داعش هەرێمی کوردستانی خستە نا هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتییەوە، ئەمەش وایکرد ئەولەویەتی زیاتر بە هەرێم بدرێت، بۆیە تەئکید دەکەمەوە لە کاری دیپلۆماسیدا دۆست نییە و بەرژەوەندی هاوبەش هەیە، لەم روانگەیەشەوە بوو لە شەڕی رووبەڕوبونەوەی تیرۆردا هاوپەیمانان و ئەمریکا پشتیوانێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان بوون".

 

دابان شەدەڵە: كۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە

 

هەر لەو بارەیەوە پێشتر دابان شه‌ده‌ڵه‌ جێگری لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاندبوو:"ئامانجی كۆنفرانسه‌كه‌ رێكخستنه‌وه‌ی كاری دیپلۆماسی حكومه‌تی هه‌رێمە له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كه‌دا و دانانی پلانی ستراتیجییه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تییه‌كان و بایه‌خدان و قوڵتر كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتان".

"پرسی ئه‌منیه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌ی درۆن و ئاڵنگارییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری دیپلۆماسی و زاڵكردنی زمانی دیالۆگ بابه‌تی گرنگی كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌بن"، دابان شه‌ده‌ڵه‌ وایوت.

بەپێی زانیارییەکانی PUKMEDIA  ، لە کۆنفرانسەکەدا  41 كۆنسوڵ و ژماره‌یه‌ك له‌ دیپلۆماتكارو نوێنه‌ری ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی و 14 نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ ئاماده‌ی كۆنفرانسه‌كەن.


 

PUKMEDIA 


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket