riklam

قوباد تاڵه‌بانی بۆ زانكۆی سلێمانی: چاوه‌ڕێی زیاترتان لێده‌كه‌ین

کوردستان 12:20 PM - 2024-01-27
قوباد تاڵەبانی و لۆگۆی زانکۆی سلێمانی PUKMEDIA

قوباد تاڵەبانی و لۆگۆی زانکۆی سلێمانی

قوباد تاڵەبانی زانکۆی سلێمانی

بەپێی ڕیزبەندیی وێبۆمێتریکس، زانکۆی سلێمانی بۆ جارێکی دیکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەم و لەسەر ئاستی عیراقیش پلەی چوارەم بەدەستدەهێنێت، بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنەشەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەکات و رایدەگەیەنێت: "چاوەڕێی دەستکەوتی گەورەتر و پێشکەوتنی زیاترتان لێ دەکەین".

قوباد تاڵەبانی: متمانەمان بە توانا و دڵسۆزی و لێهاتوویتان هەیە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێم و پلەی چوارەم لەسەر ئاستی عیراق، پەیامێک ئاڕاستەی زانکۆی سلێمانی دەکات و رایدەگەیەنێت: "بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش، چاوەڕێی دەستکەوتی گەورەتر و پێشکەوتنی زیاترتان لێ دەکەین، چونکە پێمانوایە زانکۆ داینەمۆی گەشەسەندنی وڵاتەکەمانە و بەبێ پێشکەوتن لە کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە هیچ کەرت و بوارێکی دیکەدا گەشەسەندنی راستەقینە روونادات".

"بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و چوارەم لەسەر ئاستی عێراق لە ڕیزبەندیی وێبۆمێتریکس، مایەی شانازی هەموو لایەکمانە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەم و سوپاسی پەرۆشی و خەمخۆریتان دەکەم بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆی سلێمانی و پێشخستنی کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، متمانەمان بە توانا و دڵسۆزی و لێهاتوویی ئێوە هەیە و دڵنیاین زانکۆی سلێمانی بە هەوڵ و ماندووبوونی ئێوە داهاتوویەکی گەشتر و پڕشنگدارتری دەبێت"، قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی: دەتوانین بڵێین یەکەمی عیراقین

د. کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی ساڵانێکی زۆرە زانکۆی دایک بەپێی چەندین هەڵسەنگاندن لەسەر ئاستی کوردستان لە پلەی یەکەمدایە، بەڵام لەسەر ئاستی عیراق هەنگاوی باشی ناوە و توانیویەتی لە دوو ساڵی رابردوودا ببێتە چوارەمی عیراق و پێش چەندین زانکۆی گەورە لە عیراق بکەوێت".

"زانکۆی سلێمانی کە خاوەنی دوو هەزار مامۆستایە، بەراورد بە زانکۆ گەورەکانی دیکەی عیراق کە خاوەنی زیاتر لە 15 هەزار مامۆستان، دەرخەری ئەو راستیەیە کە دەتوانین بڵێین بەراورد بە ژمارەی مامۆستاکان زانکۆی سلێمانی یەکەمی عیراقە نەک چوارەم، ئەمەش بۆ هەوڵ و تێکۆشانی مامۆستاکانمان دەگەڕێتەوە کە توانیویانە لەسەر ئاستی جیهان توێژینەوە ئەنجامبدەن و توێژینەوەکانیان ببێتە سەرچاوە بۆ توێژەران"، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وادەڵێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی رانکینی دامەزراوەی سیماگۆ و بەپێی راپۆرتی پێگەی ویبۆمەتریکس کە تایبەتن بە رانکینی زانکۆکان، زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی 2023 یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی هەرێم و چوارەمی زانکۆکانی عیراق بووە.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket