riklam

کوردستانیبوونی ناوچە جێناکۆکەکان بەدەنگ دەسەلمێنرێتەوە

کوردستان 10:40 AM - 2023-12-18
ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن تایبەت

ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن

هەڵبژاردن

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق لە ١٥ پارێزگا لە بەیانی ئەمڕۆ وە دەستیپێکردو دەنگدەرانی کوردیش لەناوچە جێناکۆکەکان دەیانەوێت ئەمڕۆ بکەنە رۆژێکی مێژوویی و کوردستانیبوونی ناوچەکانیان بسەلمێنن، بۆ کەرکوکییەکان ئەمڕۆ رۆژی وەرگرتنەوەی دەسەڵات و کۆتاییهێنان بەبڕیاری خۆسەپێنی و ئیدارەدانی حکومڕانی چەوتە، بۆیە سەرکردەکانی یەکێتی لەپێش هاووڵاتیانەوە بەشداری پرۆسەکەیان کرد و وەک خۆیان دەڵێن ئەگەر لەڕابردوودا بەچەک پارێزگاریمان لە کوردستانیبوونی ناوچەکە کردووە، ئەمڕۆ بە دەنگەکانمان پارێزگاری لێدەکەین.

 

ئاسۆ مامەند: کەرکوکییەکان بەشداری کارایان هەبێت

ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند:" پێویستە ئەمڕۆ کەرکوکییەکان بەشداری کارایان هەبێت لە هەڵبژاردن وەک وەفایەک بۆ شەهیدەکانمان و ئاسودەکردنی رۆحی سەرۆک مام جەلال، هەر ئەوەش لە کەرکوکییەکان چاوەڕوان دەکەین، لەپێناو گۆڕینی ئیدارەی کەرکوک و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان".

 

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ: بەشداری لە دەنگدان دا بكەن

بەمەبەستی پشتیوانی و هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی گوێر، مەلاقەڕە، مەخموور و دیبەگەی كرد.

 

لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن وتی :"بەشداریكردنی هاووڵاتیانی كورد لەم هەڵبژاردنە گرنگە و داوا لە هاووڵاتیانی كورد دەكەم بەشداری دەنگدان بكەن" .

 

وتیشی:" یەكێتیی پشتیوانی لە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەكات" .

 

رەفعەت عەبدوڵا: سەرۆک بافڵ گرنگی زۆر بە کەرکوک دەدات

هەر سەبارەت بە بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رەفعەت عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند:" سەرۆک بافڵ تاڵەبانی گرنگییەکی زۆر دەدات بە کەرکوک هەر بۆیە ئێستاش خۆی لێرەیە، ئێمەش داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە بەشداری کارایان هەبێت لە هەڵبژاردن، چونکە ئەمە رۆژێکی چارەنوسسازە بۆ کەرکوک.

د.یوسف گۆران: بەدەنگدان ئایندەی رۆڵەكانمان دەستەبەر بكەن

هاوکات د.یوسف گۆران ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی دیراساتی گشتی ی.ن.ك لە گەڕەکی منداڵی خۆی لە رەحیماوا لە كەركوك بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كرد و وتی:" داوا  لە هەموو هاوشاریانم دەكەم دەنگبدەن و بڕۆن ئەم ئەرکە مێژووییەی خۆیان جێبەجێ بکەن و رۆحی شەهیدانمان ئارام بکەن و ئایندەی رۆڵەکانمان دەستەبەر بکەن".

رزگار حاجی حەمە:بەدەنگدان ئیدارەی سەپێندراوی کەرکوک دەگۆڕین

هەروەها رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند : ئێمە پێشبینی دەکەین خەڵکی کەرکوک بەشدارییەکی کارایان هەبێت بۆ هەڵبژاردن و ئەرکی سەر هەموو هاووڵاتییەکیشە بەشداری لەهەڵبژاردن بکات بۆ دیاریکردنی چارەنوسی شارەکەی، چونکە ئیدارەی ئێستای کەرکوک ئیدارەیەکی سەپێنراوە و تەنها بەدەنگی هاووڵاتیان و بەشداری کارایان لە هەڵبژاردن دەگۆڕێت.

وتیشی:" سەردانەکەی سەرۆک بافڵ بۆ کەرکوک بۆ پشتیوانی خەڵکی کەرکوکە، بۆ ئەوەیە پێیان بڵێت ئێمە لە ئاستی ئەو بەڵێنانەین کە داومانە و جارێکی تر ناهێڵین کەرکوکییەکان زوڵمیان لێبکرێت و چاوەڕێی سەرکەوتنی گەورە دەکەین.

 

پیرە: بەهەڵبژاردن گۆشەگیری و یەکتر نەخوێندنەوە کۆتایی پێدەهێنێت

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکیدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق کە بۆ سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA نێردراوە دەڵێت: "ئەم هەڵبژاردنە دۆخێکی ئارام دەهێنێتە کایەوەو گۆشەگیری و یەکتر نەخوێندنەوە کۆتایی پێدەهێنێت، بۆیە ئەگەر هەتا ئێستا بڕیارتان نەداوە بیربکەنەوەو بۆ دابینکردنی داهاتووی رۆڵەکانمان و بەدەستهێنانەوەی مافەکان وەرن بەرەو سندوقەکانی دەنگدان".

"بەشداری کردن لە هەڵبژاردن ئەرکێکی نیشتمانی ئاینی مرۆڤایەتی مێژووییە لەپێناوی خاک و نیشتمان، بۆیە تکاتان لێدەکەین ئەم ماوەیەی کە ماوە بڕیار بدەن و بەرەو دیاری کردنی مافی چارەنوسی خۆتان بڕۆن"، سەعدی پیرە وای وت.

 

رێبوار تەها: ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ کەرکوکییەکان

هاوکات رێبوار تەها ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لەپرۆسەکەدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ کەرکوک و کەرکوکییەکان، چونکە دوای ١٨ ساڵ لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن ئەمڕۆ شارەکە هەڵبژاردنی تێدا دەکرێت و رێکارەکانی دەنگدانیش تا ئێستا زۆر بەباشی دەڕوات و هیوادارم هاووڵاتیان بەشداری کارایان هەبێت".

ستران عەبدوڵا: بڕۆن دیموكراسی سەربخەن

هەر رۆژی دەنگدانی گشتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ستران عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری کەرکوک دەنگی داو وتی:"  تا کوردستان پایەدار بێت، برۆن کورد و دیموکراسی سەربخەن، ئەمڕۆ دەنگمان دا بە رۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال و شەهیدان".

 

وەستا رەسوڵ: داوا لەخەڵکی کەرکوک دەکەم بەشداری هەڵبژاردن بکەن

 

هەر سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وەستا رەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی: داوا لە خەڵکی کەرکوک دەکەم پێشمەرگە ئاسا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن، چونکە بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە و دەنگی یەک کەس وەک ئەو فیشەکە وایە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دووژمن دەتەقێنرێت".

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket