riklam

لابردنی گێڕانەوەی پاشەكەوت نەوەی نوێ و پارتی یەكدەخات

کوردستان 01:40 PM - 2023-06-10
هاوهەڵوێستی پارتی و نەوەی نوێ PUKMEDIA

هاوهەڵوێستی پارتی و نەوەی نوێ

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ لابردنی بڕگەی گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هانای بۆ نەوەی نوێ برد، ئەوانیش وەڵامەكەیان بەدڵی پارتییە و هاوهەڵوێستیان بۆ دووپاتكردەوە و دژی ئەوەن ئەو ماددە و بڕگانە پەسەند بكرێن كە لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمن بە تایبەتی گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە.

ماددەكانی ١٢ و ١٣ی پڕۆژەیاسای بودجە كە پەیوەستن بە ھەرێم پەسەندكران و پشكی ھەرێم بە ١٢.٦٧٪ جێگیركراوە كە بۆ ئەمساڵی 2023 بەو پێیە پشكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 24 تریلیۆن دینارە كە زیاتر لە 19 ملیار دۆلار دەبێت، لە كۆی زیاتر لە 197 تریلیۆن دینار كە بودجەی عیراقە.

فراكسیۆنی پارتی و نەوەی نوێ لە دوای تویتەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیران و هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان  هاوهەڵوێستیان راگەیاند و دژی گێرانەوەی پاشەكەوتی مووچە یەكیان گرت لە كاتێكدا پشكی هەرێم بە زیاتر لە 24 ترلیۆن دینار دیاریكراوە و گێرانەوەی پاشەكەوت كە هەوڵ و داوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بە مەترسی بۆ " یەكڕیزی و پاراستنی قەوارەی هەرێم" لێكدەدرێتەوە.

ئێستا كوردایەتیمان پێئەفرۆشنەوە

بەیار عومەر كە كوڕی ملازم عومەرە كە تێكۆشەر و پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانییە و زۆربەی تەمەنی بە خەباتی پێشمەرگایەتی و رزگاری كورد تەرخان كرد، لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت: "بە هەموو برادەرانی (یەكگرتوو و نەوەی نوێ)، ١٠ كەسیان تیا نیە پێشمەرگە بوبێت، كەچی ئێستا كوردایەتیمان پێئەفرۆشنەوە؟!"
"پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان لەگەڵ پارتی و وتنەوەی دروشمە ساختەكانیان هیچ پەیوەندیەكی بە نیشتیمانپەروەرییەوە نییە"، بەیاری ملازم عومەر وا دەڵێت .

ئەگەر ئێوە كردوتانە یەكێتی چۆن دەتوانیت لایبەرێت

پێشتر هەندێك لایەن و پەرلەمانتار كە "ئێستا دژی گێڕانەوەی پاشكەوتن" دەیانوت "ئێمە" خاوەنی پرۆژەی گێڕانەوەی پاشەكەوتین، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوەی پەسندكردنی ئەو بڕگەوماددانەی لە بەرژەوەندی هەرێم و مووچەخۆرانە، "ئەوان" پارتی و نەوەی نوێ هاوهەڵویست بوون لەدژی گێڕانەوەی پاشەكەوت.
بەهجەت ئەحمەد پسپۆر لە بواری گرێبەستە نەوتییەكان بە  PUKMEDIA ی راگەیاند : "ئۆپۆزسیۆنە پۆپۆلیستەكان لە كوردستان ھەموو ھاواریان بوو گوایە ئەوان بڕگەی گەڕاندنەوەی ١٠٪‏ پاشەكەوتی مووچەیان جێگیركردوە، بەڵام ئێستا هەر ئەوانن كەوتوونەتەوە ھاوار كە گوایە یەكێتی رازی بووە ئەو برگەیە لابرێت، ئەگەر ئێوە كردوتانە یەكێتی چۆن دەتوانیت لایبەرێت".
"قەوارەی هەرێم هیچ مەترسیەكی لەسەر نییە و تەنیا ئەو بڕگەیەی پرۆژەیاسای بودجە گەرەنتیە تا جارێكی دیكە زوڵم لە خەڵك و سنووری پارێزگای سلێمانی نەكرێت، خەلكی سلێمانی مافی خۆیەتی شایستەی دارایی خۆی وەربگرێت"، بەهجەت ئەحمەد وایوت.

یەکێتی مافی مووچەخۆرانی هەرێم لە پرۆژەیاسادا دەچەسپێنێت

نوێنەرانی عیراق گفتوگۆ لەسەر پەسندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی دەكات و گەیشتۆتە مادەو بڕگەكانی تایبەت بە هەرێم.
سەرچاوەیەك لە نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "فراكسیۆنی یەكێتیی مافی مووچەخۆرانی ھەرێم  لە پرۆژەیاسای بودجە دەچەسپێنیت" .

" فراكسیۆنی یەكێتی لەبەغدایە بۆ گەڕانەوەی قوتی خەڵك و  ناھێڵێت مافە دەستورییەكان خەڵكی كوردستان مامەڵەی ژێر بەژێری پێبكرێت"، سەرچاوەكە وایوت.
هەوڵەكانی یەكێتی لەكاتێكدایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ  هەموو هەوڵێكیان خستوووەتەگەڕ تا پاشەكەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەمپەری بۆدروست بكرێت و نەگەڕێتەوە، بیانوی پارتی و نەوەی نوێ ئەوەیە كە گوایە كە مەترسی لەسەر یەكڕیزی و قەوارەی هەرێم هەیە، بەڵام پارتی و نەوەی نوێ هیچكاتێك ئامادە نەبوون كورد بە یەكڕیزی بچێتە ناو پرسە نیشتمانییەكان لە هەرێمی كوردستان و لە بەغداش.

پێشنیازی یەكێتیی بۆ پاشەكەوت

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی لیژنەی داراییدا ماددەكانی 13 و 14 كە تایبەتن بە پشكی هەرێم و گەڕ‌اندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پڕ‌ۆژە یاسای بوودجەی ساڵەكانی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندكران، كە دوو بڕ‌گەی سەرەكی بوون لەلایەن یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە پێشنیاركراون".

جریوەی شاسوار بۆ پارتی

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ  بە جریوەیەكی تویتەر وەڵامی مەسرور بارزانی و هێمن هەورامی دەداتەوەو دەبێتە هاوهەڵوێستیان و دەڵێت: "هەوڵدان بۆ لەتلەتكردن و لاوازكردنی هەرێم و دامەزراوەكانی هەرێم، هیچ ئازایەتی و شەهامەتی تیا نییە، بەڵام تەنها مرۆڤە رەسەنەكان و سەركردەكان دەتوانن چاكسازی بكەن و وڵاتەكەیان پێشبخەن، بۆیە دژی هەموو هەوڵێكی لەو جۆرە دەبین لە داهاتودا ".

بە هەمان شێوەی سەرۆكی حزبەكەی، رێبوار ئەورەحمان ئەندامی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا دەڵێت: "قەوارەی هەرێمی كوردستان لای ئێمە هێڵی سورە، دەستبردن بۆ یەكگرتوویی هەرێمی كوردستان هێڵی سورە".

فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەجێگیركردنی ماددەكانی (13 و 14) حكومەتی هەرێم ناچار دەكات "قەبارەی ئەو پاشەكەوت و لێبڕ‌ین و مووچە نەدراوانەی فەرمانبەران بەرێژەی 10% بگێرێتەوە" كە ماوەی 6 ساڵ بەردەوام بوو، كە قەبارەی قەرزی پاشەكەوت دەگاتە 20 ترلیۆن دینارە و لەسوودی زیاتر لە یەك ملیۆن و 250 هەزار مووچەخۆرە.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket