باڵیۆزی روسیا لە عیراق: مۆسكۆ بە رووی هەموو حزب و هێزە سیاسییەكانی عیراق و كوردستان دا كراوەیە
چاوپێکەوتن 06:00 PM - 2023-06-06ئێلبرۆس كۆتراشێڤ باڵیۆزی روسیا لە عیراق
ئێلبرۆس كۆتراشێڤ باڵیۆزی روسیا لە عیراق
رایگەیاند: "پەیوەندیی روسیا لەگەڵ عیراق، لە هەموو بوارەكاندا باشە،
بەتایبەتی بواری سیاسی، كە تیایدا پەیوەندیی لەگەڵ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی
عیراق و هەرێمی كوردستانیش هەیە، ئاماژەی بەوەش كرد، كە روسیا 320 كورسیی خوێندنی
بۆ عیراق تەرخان كردووە، لەو ژمارەیەش 60 كورسی تەرخان كراوە بۆ هەرێمی كوردستان".
كۆتراشێڤ لە چاوپێكەوتنێكدا كە كەناڵی ئەلمەسرا
لەگەڵیدا سازیکردووە دەڵێت: "لە بواری ئابووریدا، روسیا پەیوەندیی ئابووریی
پێشكەوتووی هەیە و بە درێژایی مێژووش ئاسۆیەكی روونی هەیە لەگەڵ عیراقدا، ئاماژەی
بەوەش دا كە قەبارەی وەبەرهێنانی روسیا لە كەرتی نەوت و غازی عیراق، ساڵانە لە
سەرو 14 ملیار دۆلارەوەیە و وڵاتەکەی گەورەترین وەبەرهێنی نەوت و غازە، نەك هەر لە
عیراق بەڵكو لە هەرێمی كوردستانیش، هەوڵیش دەدات بۆ ئەوەی ئەم هاریكارییەی فراوان
بكات تا بوارەكانی دیكەش بگرێتەوە".
پەیوەندی سەربازی نێوان عیراق و روسیا پێشکەوتووە
لەبارەی هاریكاریی نێوان روسیا و عیراق لە بواری
سەربازیدا، كۆتراشێڤ رایگەیاند: "ئێستا پەیوەندیی سەربازی روسیا لەگەڵ عیراق
زۆر پێشكەوتووە، دوای تێپەڕاندنی هەندێك كۆسپ لەبەردەم ئەو پەیوەندییانەدا
پەیوەندیی سەربازی هەردوولا فراوانتر دەبێت. وتیشی: «هەرچەندە هەندێك لایەن هەن كە
دەیانەوێت تەگەرە بخەنە پەیوەندییەكانەوە»، بەڵام ناوی لایەنەكانی نەهێنا".
لەبارەی بواری خوێندن و پەیوەندییەكانی هەردوو
وڵاتیشەوە، باڵیۆزی روسیا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی 320 كورسیی خوێندنی بۆ عیراق
تەرخان كردووە، لەو ژمارەیەش 60 كورسی بۆ هەرێمی كوردستانە، ئەوەش لەبەرئەوەی كە
لە دابەشكردنی كورسییەكانی خوێندندا، كێشە لە نێوان بەغدا و هەرێمدا دروست نەبێت،
بەڵام هەموو كاروبارەكانیش لە رێگەی بەغداوە رێك دەخرێت.
روسیا بەڕووی هەموو حزب و هێزە سیاسییەکانی عیراق و کردستان دا کراوەیە
سەبارەت بە پەیوەندیی روسیا لەگەڵ حزب و لایەنەكانی
هەرێمی كوردستاندا، ئەوەی روونکردەوە كە روسیا بە رووی هەموو حزب و هێزە
سیاسییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستانیشدا كراوەیە و هیچ ركابەری و كێشەیەكی نێوان
حزبەكانیش كاریگەریی بۆ سەر پەیوەندییەكانی روسیا نابێت، لەبەرئەوەی لایەنێك
بەباشتر نازانێت لەسەر حسابی لایەنێكی دیكە، جەختیشی كردەوە كە روسیا پەیوەندیی
باشی هەیە لەگەڵ هەردوو حزبی سەرەکیی هەرێم یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی
دیموكراتی كوردستانیش، و وەك ئەركێكی دیپلۆماسی روسیا پەیوەندی لەگەڵ حزبە
نوێکانیشدا دەبەستێت.
لەبارەی دوا گۆڕانكارییەكانی قەیرانی روسیا و
ئۆكرانیاشەوە كۆتراشێڤ وتی: دەستوەردانی ئەمریكا و بەریتانیا شكستی بە
دانوستانەكان لەگەڵ ئۆكرانیادا هێنا، كە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە
بوو، لەو كاتەشەوە هیچ دانوستانێكی جدی لە نێوان هەردوو لادا نەماوە.
كۆتراشێڤ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لەگەڵ
جەنگدا نییە، راستە لێرە و لەوێ شەڕ هەیە، بەڵام ئەوە پڕۆسەیەكی سەربازییە و
ئامانجی سەرەكیشی ئەوەیە كە ئۆكرانیا ناچار بكات بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی روسیا
قبووڵ بكات و نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی روسیا.
رۆڵی عیراق لە قەیرانی روسیا و ئۆكرانیادا
سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانەكەی روسیا
و ئۆكرانیا، باڵیۆزی روسیا ئەوەی روونكردەوە كە عیراق ئەندامێكی كارا و گرنگە لە
گروپی پەیوەندییەكانی عەرەبی بە كێشەی روسیا و ئۆكرانیاوە.
سەبارەت بە مەترسییەكانی بەردەوامبوونی قەیرانی
روسیا و ئۆكرانیاش كۆتراشێڤ وتی: لەگەڵ درێژەكێشانی قەیرانەكەدا، یان نەبوونی
چارەسەری سیاسی و مانەوەی رێگەچارەی سەربازی وەك تاكە رێگە، داهاتووی ئۆكرانیا لە
مەترسیدایە، لەبەرئەوەی دەوڵەتێكی نامۆ نییە و هەموو كەسێكی روسیا خزم و دۆست و
ئاشنای هەیە لە ناو ئۆکرانیادا، یان سەردانی ئۆكرانیای كردووە و رەگ و ریشەی هەیە
لەوێ.
لەبارەی بەشداریی ئەم دواییەی سوریاشەوە لە كۆنگرەی
وڵاتانی عەرەبیدا كە لە شاری جەدەی سعودیە بەڕێوەچوو، كۆتراشێڤ دەڵێت: «بەشداریی
بەشار ئەسەد لە كۆنگرەی وڵاتانی عەرەبیدا لە جەدە، رووداوێكی مێژوویی گرنگە و
رۆڵیشی دەبێت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی سوریا و گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ هەموو
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام وتارەكەی ڤلۆدیمێر زیلینسكی لە كۆنگرەكەدا هیچ بەهایەكی
نەبوو و تەئکیدیشی کردەوە کە «ئەم قسەیە وەك هاووڵاتییەكی روسیا دەكات، نەك وەك
باڵیۆزی روسیا».
هاوپەیمانیی سەربازی روسیا و چین
كۆتراشێڤ لەبارەی هەرجۆرە هاوپەیمانییەكی سەربازیی
روسیاوە لەگەڵ چین رایگەیاند: تائێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە سەبارەت بە هاوپەیمانیی
سەربازیی نێوان روسیا و چین، هەر پێویستیش ناكات، لەبەرئەوەی چین بەرژەوەندیی خۆی
هەیە لەگەڵ روسیا و لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاواش، هەوڵیش دەدات سوود لە هەردوولا
وەربگرێت، هاوپەیمانی سەربازیش لەنێوان روسیا و چین لەم كاتەدا لە ئارادا نییە،
لەبەرئەوەی هاوپەیمانیی سەربازی ترسی هەندێك لایەنی دیكە زیاددەكات، ئەوەش كار
دەكاتە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکان، کە ئەوەش نە لە بەرژەوەندیی چینە و نە
روسیاش گرنگیی پێدەدات.
گەشتی هاووڵاتیانی عیراق بۆ روسیا و پێچەوانەكەی
سەبارەت بە رێوشوێنەكانی گەشتی هاووڵاتیانی عیراق بۆ
روسیا و پێچەوانەكەشی، كۆتراشێڤ وتی: رێوشوێنەكان زۆر سادەن، بریتین لە كڕینی بلیت
و بەدەستهێنانی ڤیزا لە باڵیۆزخانەی روسیاوە لە بەغدا، یان لە یەكێك لە
كونسوڵخانەكانی روسیاوە لە هەولێر و بەسرە، زۆربەی كاتیش پێویستی بە نووسینی
بانگهێشتنامەیەكە لەلایەن روسیاوە، لەبەرئەوەی بەداخەوە زۆر لەو عیراقییانەی ڤیزای
روسیایان وەرگرتووە، تەنانەت ڤیزای خوێندنیش بێت، بەكاریان هێناوە بۆ كۆچی
نایاسایی بەرەو ئەوروپا، ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەو رێوشوێنە بەتەنیا عیراقییەكان
ناگرێتەوە، بەڵكو زۆرێك لە هاووڵاتیانی عەرەب و هاووڵاتیانی ئاسیاش دەگرێتەوە.
سەرچاوە: المسری
هەواڵی زیاتر
-
سالار مەحمود: ماف بۆ مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش دەگەڕێنینەوە
05:13 PM - 2024-09-20 -
وەفدێکی باڵای یەکێتیی بەشداری یادی دامەزاندنی کۆماری چین دەکات
11:02 AM - 2024-09-20 -
بەهەوڵی فراکسیۆنی یەکێتی هاوردەکردنی تەماتە قەدەغەدەکرێت
03:09 PM - 2024-09-19 -
فەهمی بورهان: سەرژمێری دوردەبێت لەمەرامی سیاسی
02:56 PM - 2024-09-19
ئەمانەش ببینە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 8 ملیار دینارە
09:03 AM - 2024-09-20
یهكێتی بهكاندیدی گهنج و خاوهن بڕوانامهوه دهچێته ههڵبژاردنهوه
05:54 PM - 2024-09-19
كۆمسیۆن بۆ دیاریكردنی وادەی دەستپێكردنی بانگەشە كۆدەبێتەوە
01:50 PM - 2024-09-19
١١ مامۆستای زانكۆی سلێمانی ناویان دهچێته ناو توێژهرانی جیهانهوه
12:43 PM - 2024-09-19
زۆرترین خوێنراو
-
سالار مەحمود: ماف بۆ مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش دەگەڕێنینەوە
کوردستان 05:13 PM - 2024-09-20 -
ئاسایش تۆمەتبارانی تەقەکردنەکەی سلێمانی دەستگیردەکات
کوردستان 11:10 AM - 2024-09-20 -
وەفدێکی باڵای یەکێتیی بەشداری یادی دامەزاندنی کۆماری چین دەکات
کوردستان 11:02 AM - 2024-09-20 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 8 ملیار دینارە
کوردستان 09:03 AM - 2024-09-20