riklam

كابینەی نۆ ئازادی لەهەولێر و دهۆك یاساغ دەكات

کوردستان 02:49 PM - 2023-05-02
 كابینەی نۆ ئازادی لەهەولێر و دهۆك یاساغ دەكات PUKMEDIA

كابینەی نۆ ئازادی لەهەولێر و دهۆك یاساغ دەكات

كابینەی نۆ

پێشێلكارییەكان لەهەولێر و دهۆك بەرامبەر رۆژنامەنوسان و چالاكوانان و دەنگە ئازادەكان بەردەوامی هەیەو رۆژنامەنوسان دوور لەیاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان و بەئینتمای حزبی دەستگیر دەكرێن و سزا دەدرێن، لەنوێترین پێشێلكاریشدا تیمێكی زووم نیوز لە هەولێر دەستگیر دەكرێن و كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لێ دەسێنرێت.

ئەیوب وەرتی پەیامنێری زووم نیوز لەئەكاونتی تایبەتی خۆی لەتۆڕ‌ی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: "ئەمڕۆ سێ شەممە لە لایەن هێزێكی ئەمنی كە خۆیان بەپۆلیسی قائیقامییەت ناساند، هێرشیان كردە سەرمان و بۆماوەی چەند سەعاتێك دەستبەسەر مۆبایل و كەلوپەلە رۆژنامەوانیەكانماندا گیراو بەمەرجی سڕینەوەی بابەتە رۆژنامەوانییەكانمان پێ درایەوە، لەكاتێكدا لە دوو هەفتەی رابردوودا ئەمە پێنجەمین پێشلكارییە لەهەولێر بەرامبەرمان دەكرێت".

 

كابینە نۆ ئازادییەكانی هەولێرو دهۆكی كوشتووە

 

 

 

شادی نەوزاد ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان بەسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "كابینەی نۆ زۆرترین بەرپرسیارێتی لەبارەی پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان و ئازادی رادەربڕ‌ین دەكەوێتە سەرشان زیندوترین نمونەش زیندانیانی بادینانە".


"پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان و مافی ئازادی رادەربڕ‌ین، بەتایبەت لەشارەكانی هەولێر و دهۆك وایكردووە رووی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ناشرین دەربكەوێت، بەجۆرێك راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانیش قسەی لەسەر بكەن" شادی نەوزاد وایوت.

 

پشتگیری حزب تۆمەتباران ئازاد دەكات

 

بەردەوامی و تەشەنەكردنی پێشێلكارییەكان لەشارەكانی هەولێر و دهۆك بۆ پشتگیری حزبی دەگەڕ‌ێتەوە. 
 
شادی نەوزاد دەشڵێت: "داڵدەدانی تۆمەتباران و پشتگیری حزبی وایكردووە پێشێلكارییەكان لە هەولێر و دهۆك روو لەزیادبوون بكەن و رۆژانە رووداوەكان رووبدەن".

"بەراورد بە كابینەكانی تر لەكابینەی نۆ-دا بەتایبەت لەشارەكانی دهۆك و هەولێر زۆرترین پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان و ئازادی تاك و ئازادی رادەربڕ‌ین كراوە". شادی نەوزاد وایوت.


كابینەی نۆ كەوتوەتە بەر ئیدانەكان


كابینەی نۆ لەپاشەكشێی كاری رۆژنامەگەریدا پشكی شێری بەردەكەوێت و راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانیش ئەو راستییە پێشتڕاستدەكەنەوەو ئیدانەی دەكەن.

ئازاد ئەكرەم ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پێشتر بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKIMEDIA ی راگەیاندبوو: "هاوڕ‌‌این لەگەڵ راپۆرتە نیودەوڵەتییەكان سەبارەت بە پاشەكشێی كاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و پێویستە حكومەت بەچاوێكی دیكە سەیری كاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان بكات".

"حكومەتی هەرێم لەپاشەكشێی كاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان دا پشكی شێری بەردەكەوێت و وەك پێوسیت هاوكار و پشتیوانی رۆژنامەنووسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لە پەرلەمان دەرفەتی ئەوە نەبووە هیچ پڕۆژەیەك لەپێناو خزمەتی رۆژنامەگەری پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت". ئازاد ئەكرەم وایوت.

 

 

جیاوازی زۆر لەنێوان سلێمانی لەگەڵ هەولێر و دهۆك هەیە

 

 

بەراورد بە هەولێر و دهۆك لەسلێمانی ئازادی رادەبڕین زیاترەو مافی مرۆڤ پارێزراو ترە، پارێزەرێكیش دەڵێت: "جیاوازییەكی گەورە لەنێوان مافی مرۆڤ لە سلێمانی لەگەڵ هەولێر و دهۆك هەیە".


بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان پێشتر تایبەت بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندبوو: "جیاوازییەكی زۆر لەنێوان مافی زیندانكراوانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ هەولێر و دهۆك هەیە و لە سلێمانی مافی زیندانیان پاریزراوترە".

"لەسلێمانی لەهەفتەیەكدا پارێزەران دەتوانن پێنج رۆژ زیندانیان ببینن، بەڵام لەهەولێر تەنها یەك رۆژ پارێزەران مافیان هەیە زیندانیان ببینن، لەگەڵ ئەوەشدا لەسلێمانی زیندانیان بەشداری خولەكان دەكەن و بە وتەی خۆیان زۆر لەبەڕ‌ێوەبەری چاكسازییەكەیان رازین، بەڵام لە هەولێر بەپێچەوانەوە زیندانیان ترسیان لەبەڕ‌ێوەبەری چاكسازییەكەیان هەیە و بێبەشكراون لە خولەكان" بەشدار حەسەن وایوت.


سەرۆكی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان ئەوەشی خستەڕ‌وو: "زیندانیانی هەولێر و دهۆك بەراورد بە زیندانیانی سلێمانی لە چەندین مافی دیكە بێبەشكراون و سزای تایبەتیان بەسەردا دەسەپێنریت بۆ نمونە، كاتێك زیندانییەك لەچاكسازی سلێمانی كێشەیەك دروست دەكات دوو تا سێ رۆژ سزا دەدرێت، بەڵام لەچاكسازی هەولێر كاتێك زیندانییەك كێشەیەك دروستدەكات 15 رۆژ بۆ مانگێك سزا دەدرێت، ئەوەش ئەو نادادییەیە كەبەرامبەر زیندانیانی هەولێر و دهۆك پەیڕ‌ەو دەكرێت".

 


كابینەی نۆ ناوبانگی هەرێمی لەكەدار كردووە

 


لە بڵاوكراوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیشدا، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" باس لە پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم دەكات و كارەكە بەنایاسایی ناو دەبات، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتریش جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێرو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتی وەك رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (هیومان رایتس وۆچ) لەبارەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان راپۆرت و چاوپێكەوتنیان بڵاوكردوەتەوەو باسیان لەخراپی رەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێم كردوەو دەستوەردانی حزب لەدادگاكانیان لەم كابینەیەدا لەهەولێر و دهۆك بەهۆكاری سەرەكی پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان ناوبردووە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی هەرێم داناوە.


یەكێتی پشتیوانی دەنگە ئازادەكانە


یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە باوەڕ‌ی تەواوی بەرۆژنامەگەری ئازاد هەیە و لەسەر  ئەو بیروباوەڕ‌ە نەگۆڕ‌ە بەردەوام دەبێت و هاوكار و هەماهەنگی میدیای پیشەیی و هەموو دەنگە دلێر و ئازادەكان دەكات، وەك چۆن لە رابردوودا هاوكار و پشتیوانی دەنگی ئازاد و ئازادی رۆژنامەگەری بووە و لە شاری سلێمانی دا زۆرترین میدیای ئازاد بوونی هەیە و هەموو كەس دەتوانێت بیروڕ‌ای خۆی دەربڕ‌ێت و رەخنەكانی ئاڕ‌استە بكات، بەوشێوەیەش بەردەوام دەبێت و هەموو كەسێك لە پایتەختی رۆشنبیری دەتوانن بە ئازادانە راو بۆچوونەكانی دەرببڕ‌ن.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket