riklam

پاشەکشێی رۆژنامەگەری کابینەی نۆی خستوەتە بەر رەخنەی نێودەوڵەتی

کوردستان 02:32 PM - 2023-04-22
پاشەکشێی دۆخی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان PUKMEDIA

پاشەکشێی دۆخی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان

حکومەتی هەرێم

لە کابینەی نۆ دا پاشەکشێی زۆر بە کاری رۆژنامەوانییەوە دەبینرێت و چەندین رۆژنامەنووس بە فشاری حزب و بە یاسای جیاواز دادگایی کراون و سزا دراون، لەبەرامبەریشدا چەندین رێکخراوی نیودەوڵەتی هۆشدارییان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو پاشەکشێیە و بە کارێکی قێزەون ناویان بردووە، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانیش دەڵێت، "رۆژنامەنووسان لەسەر پیشەکەیان بە یاسایەک سزا دەدرێن کە لەگەڵ یاسای کاری رۆژنامەگەریدا یەک ناگرێتەوە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادیی رۆژنامەگەری کوردی دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "راستییەکی حاشاهەڵنەگرە رۆژنامەگەریی ئازاد و فەراهەمکردنی ئازادیی بیروڕا پایەیەکی گرنگی دیموکراسین و هێمای گەشەسەندن و پێشکەوتنی وڵاتە. بەڵام بەداخەوە لە ساڵانی رابردوودا هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان نەک تەنیا لەو رووەوە گەشەی نەکردووە، بەڵکو بووەتە جێگەیەک بۆ کپکردن و زیندانیکردنی دەنگە ئازادەکان. تۆمەتی ناڕەوا بۆ رۆژنامەنووسان دروستدەکرێت و وێنەیەکی نەخوازراوی هەرێم پێشکەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت".

حکومەتی هەرێم هاوکاری رۆژنامەنووسان نییە

ئازاد ئەکرەم ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKIMEDIA ی راگەیاند: "هاوڕاین لەگەڵ راپۆرتە نیودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پاشەکشێی کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان و پێویستە حکومەت بەچاوێکی دیکە سەیری کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان بکات".
"حکومەتی هەرێم لە پاشەکشێی کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان دا پشکی شێری بەردەکەوێت و وەک پێوسیت هاوکار و پشتیوانی رۆژنامەنووسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لە پەرلەمان دەرفەتی ئەوە نەبووە هیچ پرۆژەیەک لەپێناو خزمەتی رۆژنامەگەری پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت".

بە فشاری حزب رۆژنامەنووس لە هەولێر و دهۆک دەستگیر دەکرێن

لە کابینەی نۆ-ی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا لەژێر فشاری حزبدا رۆژنامەنووس لە هەندێک ناوچەی کوردستان دەستگیر دەکرێن و راپۆرتە نێودەوڵەتتیەکانیش نیگەرانییان دەربڕیوە.
کاروان ئەنوەر سکرێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "یاسای بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بۆ حکومت بۆتە چەکێک و بەرامبەر رۆژنامەنووسان بەکاری دەهێنێت".
"پێویستە حکومەت بە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بکات نەک بە هیچ یاسایەکی دیکە و لەم کابینەیەشدا زیاتر ئەوە بەدیدەکرێت کە لەژێر فشاری حزب دا رۆژنامەنووس لە هەولێر و دهۆک دەستگیر دەکرێن و سزا دەدرێن، ئەمەش پاشەکشێیەکی روونی کاری رۆژنامەگەرییە کە لە هەرێمی کوردستان بەدیدەکرێت"، سکرێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان وادەڵێت.
وتیشی: "پێویستە حکومەتی هەرێم راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە هەند وەربگرێت و کاریان لەسەر بکات نەک سەرقاڵی وەڵامدانەوەی ناڕاست بێت".

لە بڵاوكراوه‌ی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشدا، رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی "ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ" باس له‌ پێشێلكردنی مافی رۆژنامه‌نوسان له‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات و كاره‌كه‌ به‌نایاسایی ناو ده‌بات، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتریش جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق و ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێرو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و چه‌ندین رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك رێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (هیومان رایتس وۆچ) له‌باره‌ی پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و رۆژنامه‌نوسان له‌ هه‌رێمی كوردستان راپۆرت و چاوپێكه‌وتنیان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و باسیان له‌خراپی ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم كردوه‌و ده‌ستوه‌ردانی حزب له‌دادگاكانیان له‌م كابینه‌یه‌دا له‌هه‌ولێر و دهۆك به‌هۆكاری سه‌ره‌كی پێشێلكردنی مافی رۆژنامه‌نوسان ناوبردووه‌ كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ناوبانگی هه‌رێم داناوه‌.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە باوەڕی تەواوی بە رۆژنامەگەری ئازاد هەیە و لەسەر  ئەو بیروباوەڕە نەگۆڕە بەردەوام دەبێت و هاوکار و هەماهەنگی میدیای پیشەیی و هەموو دەنگە دلێر و ئازادەکان دەکات، وەک چۆن لە رابردوودا هاوکار و پشتیوانی دەنگی ئازاد و ئازادی رۆژنامەگەری بووە و لە شاری سلێمانی دا زۆرترین میدیای ئازاد بوونی هەیە و هەموو کەس دەتوانێت بیروڕای خۆی دەربڕێت و رەخنەکانی ئاڕاستە بکات، بەوشێوەیەش بەردەوام دەبێت و هەموو کەسێک لە پایتەختی رۆشنبیری دەتوانن بە ئازادانە را و بۆچوونەکانی دەرببڕێت.  
PUKMEDIA ئوسامە ئەبوبەکر


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket