riklam

بەهەوڵی یەکێتی هەڵەبجە چاوەڕوانی بەپارێزگابوون دەکات

کوردستان 11:07 AM - 2023-04-02
هەڵەبجە و پەرلەمانی عیراق PUKMEDIA

هەڵەبجە و پەرلەمانی عیراق

هەڵەبجە فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌كرێت و فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هه‌ڵمه‌تێكی بۆ رازی كردنی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساكه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزای بۆ جێگیركردنی بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستپێكردووه‌ و هەڵەبجەییەکانیش بۆ ئەو مەبەستە چاوەروانی هەوڵەکانی یەکێتی دەکەن. پێشتر بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌ سیاسییه‌كانیدا له‌ به‌غدا جه‌ختی له‌ ته‌واوكردنی رێكاره‌ یاساییه‌كانی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ كردبووه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ پڕ‌ۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی دا له‌كاتی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق داواكرابوو رێكاره‌ یاساییه‌كانی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واو بكرێت.

یەکێتیی هاوسەنگی سوننە و شیعە بۆ هەڵەبجە دروستدەکات

د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراکسیۆنی یەکێتی بە سایتی رەسمیی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:"ئەمڕۆ ٢-٤-٢٠٢٣ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکرێت، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە و گرنگ ئەوەیە لە زووترین کاتدا لیژنەی پارێزگاکان دەستبەکاربێت و راستەوخۆ خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و بخریتە دەنگدانەوە تا بکرێت بەیاسا، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ و قەرەبوویەکی بچوکە بۆ دانیشتوانی شاری هەڵەبجە".

"ماوەی چەند ساڵێکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەوڵدایە بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و سیاسەتی یەکێتیش هەمیشە بەوشێوەیە بووە، کە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەنها بەناو نەبێت، بەڵکو لەهەموو روویەکەوە وەک پارێزگایەک خزمەت بکرێت، بەجۆرێک سەرجەم کەرتەکانی خزمەتگوزاری تایبەت بەخۆیان هەبێت، هیوادارین ئەمەش بەیاسا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و چیتر پێویستی بە هەوڵی تاک و فراکسیۆن نەبێت، ئەمەش شانازییەکی گەورەیە بۆ یەکێتی و سەرجەم پەرلەمانتارەکان" د.بڕیار رەشید وایوت.

وتیشی:"لەم دۆخەدا گرنگە کە بتوانین باڵانسێک لەنیوان لایەنە سوننی و شیعەکانی تری عیراقدا وەربگرین، تاوەکو هیچ لایەنێک کێشە بۆ یاساکە دروست نەکات، یەکێتیش وەک رابردوو لە ئێستاشدا هەموو هەوڵێک دەدات کە دانیشتنەکان بەبێ کێشە ئەنجام بدرێن".    

داوایەک لە پەرلەمانتاران دەکرێت

لەداوای پەسەندکردنی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە لەلایەن پەرلەمانەوە، دەرگایەکی نوێ لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەڕووی هەڵەبجەدا دەکرێتەوە، هەربۆیە داوا لەپەرلەمانتارانی کورد لە عیراق دەکرێت، کێشەکانیان بۆ هەڵەبجە وەلابنێن ودەنگ بە پاریزگا بوونی هەڵەبجە بدەن.

ئاراس عابید جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:" دەستخۆشی لەهەر لایەنێک دەکەین کە هەوڵییان بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە داوە، داواشمان لەپەرلەمانتارانی کورد لە عیراق هەیە، کێشەکانیان بۆ هەڵەبجە وەلابنێن و پاداشتێکی بچووکی خەڵکی هەڵەبجە بکەن."

"بە پاریزگابوونی هەڵەبجە تەحەدایە و پاداشتێکی مەعنەویشە بۆ خەڵکی هەڵەبجە، لەداوای پەسەندکردنی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە لەلایەن پەرلەمانەوە، دەرگایەکی نوێ لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەڕووی هەڵەبجەدا دەکاتەوە. ئاراس عابید وایوت"

فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌به‌غدا ئیمزا بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ كۆده‌كاته‌وه‌

فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌یه‌وێت به‌یاسا قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ جێگیر بكات و بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش هه‌وڵی رازیكردنی ئه‌ندامی فراكسیۆنه‌ سووننه‌و شیعه‌ ده‌دات.

پێشتر چرۆ حه‌مه‌شه‌ریف ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندبوو: "له‌ناو هۆڵی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزای په‌رله‌مانتاران ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی گشتی عیراق بۆساڵی 2023، بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ پارێزگاكه‌ جێگیر بكرێت و هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌وه‌".

"پێویسته‌ بۆ هه‌ر پڕ‌ۆژه‌یه‌ك 25 په‌رله‌مانتار ئیمزای له‌سه‌ر بكات، به‌ڵام له‌ئێستادا زیاتر له‌ ژماره‌ی پێویست ئیمزا بۆ پرۆژه‌كه‌مان كۆكراوه‌ته‌وه‌و له‌ هه‌وڵداین ژماره‌ی ئیمزاكان زیادتر بكه‌ین، تا په‌رله‌مان بتوانێت له‌م رێگه‌یه‌وه‌ خزمه‌تێك به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بكات"، چرۆ حه‌مه‌شه‌ریف واده‌ڵێت.

ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: "حكومه‌تی عیراق ده‌توانێت وه‌ك پارێزگایه‌كی نوێ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بڕ‌وانێت و بودجه‌ی بۆ ته‌رخان بكات هه‌تا ئه‌و زیانه‌ی به‌ریكه‌وتووه‌ قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌".

 

هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رده‌وامه‌

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌دوای پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی سودانی بۆ ته‌واوكردنی رێكاره‌ ئیدارییه‌كانی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌وڵی جدی داوه‌، بۆیه‌ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی یه‌كێتی بۆ گه‌لی كورد به‌گشتی و خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌تایبه‌تی. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق رۆژی 13-3-2023، رێكاره‌ فیدراڵییه‌كانی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی ته‌واو كردوو ئه‌و شاره‌ بووه‌ 19 هه‌مین پارێزگای عیراق و له‌ئێستادا بڕ‌یاره‌كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌ و چاوه‌ڕ‌وان ده‌كرێت ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ بكرێت.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket