riklam

یەكێتی نووسەرانی جینۆساید: ھەنگاو بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال نەنراوە

کوردستان 08:25 PM - 2022-08-02

یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان لە لە ساڵڕۆژی كۆمەڵكوژی ئیزیدی و تاوانی شەنگال و دەوروبەریدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات لەبەرامبەر ئەركەكانیاندا چیتر خەمسارد نەبن بەتایبەتی ھەردوو حكومەتی كوردستان و عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتیش.

دەقی پەیامەكە:

 
پەیامێك لە ساڵڕۆژی كۆمەڵكوژی ئیزیدی و تاوانی شەنگال و دەوروبەری

رۆژژمێری گەلی كورد و ھاونیشتمانیانی كوردستان پڕە لە بۆنەی خەمناك و قوربانی تاوانە مەترسیدارەكان.
لەم سۆنگەیەوە
یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان وەك ناوەندێكی نووسین و توێژینەوە، سەربەخۆ و خۆبەخشانە كار دەكات بۆ ناساندن و دیكۆمێنتكردن و بەرز راگرتنی یادی قوربانییەكان و لەبیر نەركردنی تاوانە نێودەوڵەتییەكانی دژ بەگەلی كوردستان.

ھەموان ئاگادارن بەر لە ھەشت ساڵ و لە رۆژی 3-8-2014، تیرۆریستانی داعش پەلاماری قەزای شەنگالیان دا، ئامانجی ئەو ھێرشە پلان بۆ داڕێژراوە، كۆمەڵكوژیی دانیشتووان و خەڵكی سڤیلی دەڤەرەكە بوو، كە زۆرینەیان لە پێكھاتەی رەسەنی ئیزیدی بوون.

لەئەنجامی ئەو ھێرشانەدا شەنگال و دەوروبەری داگیر كران.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، ھەروەھا كریستیانی، كاكەیی ‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌، لەلایەن داعشەوە و روبەڕووی كوشتنی بەكۆمەڵ و فڕاندن بوونەوە.

 ناوچەكە 120 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای موسڵەوە.

دوای ساڵێك لە داگیركردنی شەنگال و دەوروبەری، لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 ناوچەكە ئازادكرایەوە.

بەڵام ھێشتا دەڤەرەكە بەھۆی ململانێی ناجۆری سیاسییەوە نا ئارامە و خەڵكەكەی نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئاسایش و ئارامی بەرقەرار نەكراوە.
ھێشتا بەشێكی زۆر لە خەڵكی شەنگال لەناو كامپ و چادرگاكاندا ژیان بەسەر ئەبەن و بەشێكی زۆریشیان وڵاتیان بەجێھێشت و روویان كردە ئاوارەیی ھەندەران.

سەرەڕای نەبوونی ئامارێكی دروست بەڵام بەدروستی لەو تاوانە نێودەوڵەتییەدا 6417 كەس رفێنران، بەشێكیان زیندەبەچاڵكران. دوای ھەشت ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا تێدەپەڕێت، ھێشتا چارەنووسی 3700 كەس لە رفێنراوەكان نادیارن و رزگار نەكراون و چارەنووسیان نادیارە. زۆرینەی رفێنراوەكان لە رەگەزی مێینەن.

لەو تاوانەدا 68 مەزاری ئاینی ئیزیدییەكان تەقێنرانەوە و خاپور كران. ئەم كردەیە دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدی كەلتورییەوە.

ئاماری حكومەتی ھەرێم رایدەگەیەنێ لەو تاوانەدا 6404 ونبوو ھەیە. 3538 كەسیان لە رەگەزی مێینەن و 2866 یان لە رەگەزی نێرن. تائێستا 2640 كەس لەوانە رزگار كراون. لە رزگاركراوەكان 953 كەسیان ژن و كچن و 328 كەسیان پیاون. 675 كەسیان لە مناڵی كچن و 684 لەمناڵی كوڕن. تا ئێستاش 3770 كەس لەبن دەستی دەعشدان و ئازاد نەكراون.

 لەبەرامبەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتییەدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 2379 لە ساڵی 2017 سەبارەت بە جینۆساید ناساندنی تاوانی شەنگال و دەوروبەری دەركرد. ئەم بڕیارە گرنگییەكی نێودەوڵەتی ھەیە، بەڵام ھێشتا كاری پێ نەكراوە، بەبەڵگەی ئەوەی ھێشتا ئەم پێكھاتەیە نە قەرەبووكراونەتەوە نە ناوچەكەیان ئارامی بۆ گەڕاوەتەوە.

پەرلەمانی كوردستان، پرۆژە بڕیارێكی پەسەند كرد بۆ دیاریكردنی 3ی ئابی 2014 وەك رۆژی جینۆسایدی ئێزیدییەكان. دوای پێنج ساڵ لە هێرشی داعش و كۆمەڵكوژی ئەو پێكهاتەیە.
لەو بڕیارەدا جگە لە دیاریكردنی 3ی ئابی 2014 وەك رۆژی جینۆسایدی ئەو پێكهاتەیە، داوای قەرەبووی زیانلێكەوتووانی ئێزیدی جێگیركراوە. لەگەڵ هەوڵو هەماهەنگی هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەندی بەغدا لە پرسی دۆكۆمێنتكردنی كۆمەڵكوژییەكە و هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوەی زێدی ئێزیدییەكان.
بەڵام ھێشتا ھەنگاوی كرداری بۆ قەرەبووكردنەوە، ھەروەھا ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە نەنراوە.

پەرلەمانی عیراق یاسای ژنانی رزگاربووی ئیزیدی لەبن دەستی داعش دەركرد. دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراقەوە لە مانگی ئازاری ساڵی 2019 پێشكەشی پەرلەمان كرا.

لەو یاسایەدا كۆمەڵێك رێوشوێنی خزمەتكردن بە قوربانیان و ناوچەكە چەسپێنراوە پێویستی بەدواداچوونی ئەندامانی پەرلەمان ھەیە بۆ فشار دروست كرد بەمەبەستی جێبەجێبوون.

ھەروەھا مافی چارەسەری تەندروستی و دەروونی بۆ ژنانی رزگار بوو چەسپێنراوە لەیاساكەدا چونكە تووشی دەستدرێژی سێكسی تاك و بەكۆمەڵ بوونەتەوە.

بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی تاوان. ئەوەی لەشەنگال و دەرھەق بە ئیزیدییەكان كراوە دەچێتە خانەی تاوانی ( كۆمەڵكوژی— جینۆساید) و ( تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی) و ( تاوانی دژ بەمافەكانی مرۆڤ).

داعش نەك تەنیا لەشەنگال لە ناوچەكانی كەركوك و گەرمەسێر و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم و لە رۆئاوای كوردستانیش تاوانی كوشتار و تاوانی زۆری دژی گەلی كوردستان ئەنجامدا. بەڵام سەر ئەنجام ئیرادەی مرۆڤایەتی سەركەوت بەسەر تیرۆردا.

یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان بانگەواز لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات لەبەرامبەر راپەڕاندنی ئەركەكانیاندا چیتر خەمسارد نەبن. بەتایبەتی ھەردوو حكومەتی كوردستان و عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتیش.

سوپاس و پێزانین دەردەبڕین بۆ ئەو نووسەر و لێكۆڵەرانەی كتێب و توێژینەوەیان لەبارەی جینۆسایدی شەنگاڵ و كۆمەڵكوژییەكانی ترەوە نووسیوە و كردوە. سوپاس بۆ بەردەوامیان.

ھانی ناوەندەكانی زانك ۆو ئەكادیمیاكانی عیراق و كوردستان دەدەین بۆ توێژینەوە لەسەر مەترسییەكانی كۆمەڵكوژی بەگشتی و لێكەوتەكانی تاوانی كۆمەڵكوژی ئیزیدییەكان.

جەخت لە پشتیوانی مەعنەوی پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی كوردستان بۆ ئەو ناوەندانەی لەم بوارەدا كۆشش دەكەن دوپات دەكەینەوە.

ھەوڵی مرۆڤایەتی بەردەوامە لەپێناو كەمكردنەوە و نەھێشتنی تاوان، بە شێواز و میكانیزمی مەدەنی جیاواز، ھەوڵ و كۆششی یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستانیش لەو پێناوەدایە.

یادی شەھیدان و قوربانیانی تاوانی شەنگال بەرز رادەگرین.

یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket