riklam

گۆڕانكاری لە پەروەردە بە بایەخدان بە مامۆستایانەوە دەست پێدەكات.........

بیروڕا 03:10 PM - 2022-07-20

بەلەبەرچاو گرتنی ئەو راستیەی هەموو گۆڕانكاریەكی باش لەكۆمەڵگە بە پرۆسەیەكی پەروەردەیی پێشكەوتو دەبێت، ئەمە وایكردووە، نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوەكانی یونسكۆ و یۆنیسێف و پەورەردە  نێو دەوڵەتی (Education international) بەجددی و بەوردی كار لەسەر ئەو بنەما بنەڕەتیە بكەن، ئاشكراشە پەروەردە خۆی لە بنەڕەتدا بەردەوام پێویستی بە بودجەی تەواو، مامۆستای باش و ئاست بەرز، پرۆگرامی پڕ لە زانست و مەعریفەتی یەكسان بە ئەمڕۆی جیهان و بواری كاركردن هەروەها بینا و باڵەخانەی مۆدێرن و تەكنیكی تازە و ماوەی پێویست بۆ خوێندن هەیە، بێگومان ئەوەش بە ئەندازەی جیاواز لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكیتر، لەگەڵ ئەوانە، لە دوو ساڵی رابردوودا كۆڤید – 19ش پرۆسەكەی بە گشتی روبەڕوی جۆرێك لە خاوبوونەوە و پەكسختن كرد، كەشێكی هێنا ئاراوە رێك لەكەشی سەردەمی جەنگە جیهانیەكان دەچو، بۆیە ئەو رێكخراوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، ئەو بارودۆخە شڵەژاوەی پەروەردەیان كردۆتە ئامانجی سەرەكیان، بەو مانایەی هەموو هەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە پەورەردە لەم دۆخە لێڵ و ناڕونیە بخەنەوە سەر رێگەی راستی خۆی، بۆ ئەو مەبەستە لە 28 – 30 حوزەیرانی 2022، لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا، یونسكۆ داوەتی وەزیر یان جێگرەكانیان لە 154 وڵات كرد هەروەها نزیكەی 2000 پەروەردەكاریشیان لەسەرانسەری جیهان بەشداری پێكرد، بۆ ئەوەی گفتوگۆی چڕ و پڕ و لێكۆڵینەوە لەسەر كۆی ئەو پرسە پەروەردەییانە بكەن كە دواجار دەبێتە هۆكار تاوەكو  پرۆسەكە لەم دۆخە دەربهێنرێت و بخرێـتەوە سەر شاڕێكەی خۆی، دیاریشە هەڵوێستەكردن لەسەر پرسێكی وا گرنگ پێویستی بەكردار هەیە، كرداریش بە پڕۆژە دەبێت، بە شێوەیەك تەواوی وردەكاریەكانی تێدا جێ بكرێتەوە هەر لە مامۆستاوە تا دەگاتە دوا خاڵی پرۆسەكە، لەڕاستیدا ئەو كۆبوونەوەیە دەسپێكە بۆ كۆبوونەوەیەكیتری زۆر گرنگ كە لە 19ی ئەیلولی ئەمساڵ لەسەر داوای سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، لەبارەگای سەرەكی لەنیوۆرك دەبەسترێت، تیایدا بانگهێشتی سەرۆكی وڵاتان لە سەرانسەری جیهان دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەی 28-30 حوزەیران وەك وەرەقەی كردار بخرێـتە بەر گفتوگۆ و لێكۆڵینەوە و دەوڵەمەندكردنی بڕگەی 4 لەبەرنامەی پۆست 2015، جێگەی سەرنجە ئەو بەرنامەیە بەهۆی ململانێی سیاسی و پابەند نەبوونی وڵاتان پێیەوە، بەهاتنی كۆڤید-19ش لایەنێكی زۆری بڕگەی ئاماژەپێكراو وەكو خۆی نەچوە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمجارە بە پێی ئەو بەرنامەیە، نەتەوەیەكگرتوەكان نیازی وایە لەگەڵ سەرۆكەكان باسی ئەوە بكەن كە پەروەردەیەكی ئاست بەرز بئافرێنن كە شایستەی ئەم زەمەنە و خوێندكارەكان بێت هەروەها مامۆستایانیش بكرێـنە ناوەندی سیستەمەكە، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت هەموو حكومەتەكان بەرهەمهێنان لەمامۆستایانەوە بكەن، بەجۆرێك:-
1- هەلومەرجی كاركردن شایستە و ئارام بۆ مامۆستایان فەراهەم بكرێـت.
2- دەبێت هەوڵ بدرێت رێژەی پێویست لەمامۆستایانی باش پێ رابگەیێنرێن.
3- دەبێت مامۆستایان لە بڕیارە سیاسەكان و دیالۆگی كۆمەڵایەتی بەشدار بكرێن.
4- دەبێت مامۆستا بەتەواوی جێی متمانەبن و سەربەخۆیی تەواویان لەپیادەكردنی پیشەكەی بۆ بڕەخسێت، چونكە لەو بڕوایەدان گۆڕینی پەروەردە پێویستە لەمامۆستایانەوە دەست پێ بكات، شایانی باسە كۆنفراسە گەورەكەی پاریسیش جەختیان لەسەر پێنج تەوەر كردەوە كە دەبێت ببێتە كرۆكی ئەو كۆبوونەوەی گەورە و فراوانەی 19ی ئەیلولی 2022 كەلەبارەگای نەتەوەیەكگرتوەكان دەبەسترێت كە بریتین لە :
1- خوێندنگاكان شوێنی دادپەروەری و سەلامەتی و تەندرست باشی بن.
2- فێربوون و لێهاتویی، بۆ ژیان و كار و گەشەپێدانی بەردەوام بێت.
3-  مامۆستایان و وانەبێژان و پیشەی وانەوتنەوە پارێزراو بن، بەردەوام پەرە بە ئیمتیازاتەكانیشیان بدرێت.
4- بایەخدان بە تەكنیكی تازەی خوێندن.

5- تەرخانكردنی ئیمكانیاتی ماددی پێویست بۆ پەروەردە و فێركردن لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێو دەوڵەتی.

 

وەك پێشمەرجیش بۆ ئەو بنەمایانە كە دواجار دەكرێـتە بەشێك لەبەرنامەی پۆست 2015، پەروەردەی نێو دەوڵەتی (Education international) واتە یەكێتی مامۆستایانی جیهانی (EI)، داوای كرد مامۆستایان بكرێنە ئەولەویەت و ئەوانەیان بۆ بكرێت :
1- زیادكردنی بەرهەمهێنان لەپرۆسەی پەورەردە بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتی .
2- گەرەنتیكردنی ماف و كار و بارودۆخێكی شایستە بۆ كاركردن .
3- وەبەرهێنان لەراهێنانی مامۆستایان و پەرەپێدانی بەردەوام ((sustainable development ))بكرێت.
4- متمانە و رێزگرتن لەمامۆستایان و پیشە پیرۆزەكەیان .
5- بەشداریكردنی سەندیكاكانی مامۆستایان لەسیاسەتی پەروەردە لەرێی دیالۆگی بەردەوام.

زۆربەی بەشداربووانی كۆنفراسەكەی پاریس كۆك بوون لەسەر ئەوەی خوێندنگا بێ مامۆستا تەنها باڵەخانەیەكە و هیچیتر، بۆیە (میشێل كۆرینگنۆن رۆبەر) یەكێك لە پەروەردەكارە بەناوبانگەكانی بەریتانیا و جیهان، سەرۆكی پێشوتری گەورەترین رێكخراوی مامۆستایانی بەریتانی (NASWUT)، لەسەر شانۆی كۆبوونەوەكە بەدەنگێكی بەهێز رو لە بڕیاردەرانی ئەو چالاكیە بەرفراوانە، وتی بەها بۆ مامۆستایان بگێڕنەوە، موچەكانیان باش بكەن، متمانەیان پێ بدەن، مامۆستایان بەشداری بڕیارەكان بكەن، ئەوە تاكە رێگەیە بۆ ئەوەی پەروەردە بگۆڕدرێت، لەدەرەوەی ئەو راستیە هەر قسەیەكیتر شتێكی ئەوتۆی لێ شین نابێت .

 دواجار ئەم نوسینەم بۆ ئەوەیە، بە حكومەتی هەرێم و لایەنە بەرپرسەكان بڵێم، ئەوە لەبەر چاوتانە هەموو جیهان خەریكی پرۆسەی پەروەردەیە، هەموانیش كۆكن لەسەر ئەوەی دەبێت مامۆستایان مامەڵەیەكی تایبەتیان لەگەڵدا بكرێت، تا ئەو سنورەش رۆیشتون دەبێت بە هەموو گرێبەستە فەرمی و نافەرمیەكانیاندا بچنەوە،  بۆ ئەوەی گۆڕانكاری پێویست لە پەروەردە بكرێت، دەی ئێوەش چاو لەوان بكەن، مامۆستایان پیرۆز و گەورە كەن، موچەكانیان باش بكەن و چیتر لەژێرەوە كەمی مەكەنەوە بە راگرتنی پلە بەرزكردنەوە كە هیچ مامۆستایەك نیە لە 60 هەتا 100 هەزار دیناری لێ نەبڕن، كێشەی وانەبێژانیش چارەسەر بكەن  و چیتر مامەڵەی سەرپێیان لەگەڵدا مەكەن و  واز لە سیاسەتی ئەمڕۆ بەسبەیش لەگەڵیان بێنن، یەكێتی مامۆستایانیش بەو مێژوە پڕشەنگدارە و بەو هەموو شارەزاییەوە بەشداری بكەن لەرەسمی سیاسەتی پەروەردەیی، ئەمانە و چەندین هەنگاویتریش وەك راهێنانی بەردەوام و تەكنیكی تازە فێربوون، دڵنیابن بەوانە گۆڕانكاری گەورە و باش دروست دەبێت و وڵات دەگاتە كەناری ئارام، لە دەرەوەی ئەوانە هەرچی بكەن و بكرێت بەرەندەی كۆمەڵگەیەكی پۆشتە و بەرداخ و داهاتویەكی باشی ناكات .

نوسینی: عەبدولواحێد محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket