riklam

وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی روونكردنەوەیەك دەدات

کوردستان 10:39 PM - 2022-07-18

روونکردنەوە
لە وتەیەکی وەزیری رۆشنبیری باس لە بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە کە لە ساڵی 2017 سەبارەت بە هەردو وانەی کوردی و عەرەبی بە سوکایەتی کردن بە زمانی کوردی ناوی بردوە !!!

ئەم وتەیە چەندین هەڵەو نا تێگەیشتنی تێدایە لەکاتێکدا بڕیارێکی زانستی و ئەکادیمییە کە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەریکردوە، بۆیە بە پێویستم زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ هەموو لایەک بخەمەڕوو:

یەکەم/ لە کابینەی پێشوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەندین بڕیاری بۆ پێشخستن و زیاتر ناساندنی زمان و ئەدەبی کوردی داوە، لەوانە دانانی پرۆگرامی خوێندنی کوردی بۆ ئەو خوێندکارو قوتابیانەی کورد نین، بۆ ئەمەش لەڕێگەی پرۆگرامێکەوە ئاشنای زمان و ئەدەبی کوردی کراون لە زانکۆکانی کوردستان.

دووەم/ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ناساندنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی، پڕۆژەکە بریتی بوو لە تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی خوێندنی بەکالۆریوس، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان بۆ قوتابی و خوێندکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان و ئەدەب و مێژوو کەلتور و جوگرافیا و دیراساتی کوردی.

سێیەم/ بەمەبەستی پشتیگیریکردنی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئایندەی خوێندکارە کوردەکانی ئەو ناوچانە، سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانی خوێندنگە کوردییەکان لەو ناوچانە بەهەمان پێوەرو مەرجی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون.

چوارەم/ بەهیچ شێوەیەک زمانی کوردی لە بڕیارەکە لانەدراوە، بەڵکو دەرچوانی لقی زانستی پۆلی دوانزەیی ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتن لە کۆلێژ و بەشەکانی (کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری، زانست) ڕێگەیان پێدراوە کە بتوانن تەنها نمرەی وانە پەیوەندیدارەکانی (فیزیا، کیمیا، بیرکاری، زیندەوەرزانی، زمانی ئینگلیزی) ئەژمار بکەن و ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) بۆ ئەوان ئارەزومەندانە دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی دەبێ پێشکەشکار لەسەرجەم وانەکان بە کوردی و عەرەبیەوە دەرچوبێت.

پێنجەم/ لە خوێندنگە ئەهلی و ناحکومییەکان و قوتابخانە ئینگلیزییەکان و ئەوانەی لە دەرەوە دێنەوە هەرێمی کوردستان، دەیان ساڵە ئەم بڕیارە هەیەو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تەنها کە ئەم ئیمتیازە بۆ خوێندنگە حکومییەکان و خوێندکارە هەژارەکان جێبەجێ کرا، کراوە بە کێشە !!؟؟

شەشەم/ وەک لە ڕاپرسییەکان دەرکەوت، سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان پاڵپشتی بڕیارەکە بوونە، هەروەک چۆن ئەم جۆرە خوێندنە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتوەکان بۆ خوێندنی زاستی باوە.

لە کۆتاییدا هیوادارم بۆ گەشەپێدان و پێشوەچونی زمانی کوردی، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی جدی لە ئاستی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکان و خوێندنگەو قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بدەنەوە، هەروەها هەوڵی بەستانداردکردن و یەکخستنی ئەم زمانە بدرێت وەک بەهێزترین خەسڵەتی ناسامەی نەتەوەییمان.

د یوسف گۆران
 PUKmedia تايبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket