riklam

چەند رێنماییەك بۆ شۆفێری كردن لە بەفرو سەرمادا

هەمەڕەنگ 10:08 AM - 2022-01-19

شۆفێرییكردن لەوەرزی زستاندا تائاستێكی زۆر مەترسیدارە، ئەگەر بێت‌و شۆفێر هەموو ڕێوشوێنە پێویستەكان نەگرێتەبەر، بەفر‌وباران لەوەرزی زستاندا سەرچاوەی زۆر سەرەكی ڕوداوەكانی هاتووچۆن، تایەكان بەهۆی تەڕبوون‌و بەستنی شەقامەكانەوە ئەگەری خزانیان زیاترە، ئەوەش وا دەكات كۆنترۆڵكردن‌و ڕاگرتنی هاوسەنگی ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگاكان كارێكی قورس بێت.

لەم بارودۆخەدا ماوەی بینین لەلای شۆفێر كەمدەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی باران‌و تەم‌و لەبارنەبوونی كەشوهەوا، بەشێوەیەكی گشتی چاودێرییكردنی ڕێگا لەوەرزی زستاندا كارێكی ئاسان نابێت.

باران‌و بەفر بەشێوەیەكی گشتی دەبنەهۆی سەرقاڵكردنی بیری شۆفێران‌و شۆفێر بەئاسانی لەكاتی باران‌و بەفردا ناتوانێت زانیاری لەسەر ڕەوشی ڕێگەوبان بەدەست بهێنێت، بەوجۆرەی كە لەكەش‌و هەوای ئاساییدا بەدەستی دەهێنێت، ئەمەش وا دەكات حاڵەتی لەناكاو ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو بێت. بۆیە وا دەخوازێت تۆ وەك شۆفێر چەند ڕێوشوێنێكی پێویست بگرێتە بەر:

یەكەم: شێوازی دووهێندەو نیو، تۆ لەوەرزی زستاندا شۆفێری دەكەیت، دەبێت ئەوە بزانیت كە بارودۆخ ئاسایی نییە و زۆر مەترسیدارە بۆ شۆفێرییكردن، بۆیە دەبێت تۆ شێوازی دوو هێندە و نیو بەكاربهێنیت، ئایا مەبەست چییە لەدوو هێندەو نێو؟ دووهێندە مەبەست لەپاراستنی ماوەی سەلامەتی نێوان دوو ئۆتۆمبێلە، لەكاتی ئاساییدا ماوەی سەلامەتی بۆ نێوان ئۆتۆمبێل بۆ ئاستێكی دیارییكراوی خێرایی چەند بێت، پێویستە لەوەرزی زستان‌و لەكاتی بارینی بەفر‌و باران‌و بەستنی ڕێگاو بانەكاندا، ئەو ماوەیە بەلای كەمەوە بكرێتە دووهێندە، هەروەها مەبەست لەنیو ئاستی خێراییە، پێوستە لەكەشوهەوای باران‌و بەفر‌و بەستنی ڕێگەوباندا، خێرایی ئۆتۆمبێل كەمبكرێتەوە بۆ نیوەی هێندەی ئەو خێراییەی لەو ناوچەیەدا كە لەكاتی ئاساییدا ڕێگە پێدراوە.

دووەم: بەئاگابوون لەحاڵەتی لەناكاو، لەوجۆرە كەشوهەوایەدا دەبێت چاوەڕێی ڕودانی حاڵەتی لەناو بكەیت، ئەو كەشوهەوایە زۆرجار دەبێتەهۆی ڕەوانەوە و سەرلێشێوانی ئاژەڵی ماڵی ‌و كێویی، ئەو ڕێگایانەی بەنزیك گوندەكاندا تێپەڕ دەبن، زۆرجار بەهۆی خراپی كەشوهەواوە ئەگەری هاتنەسەر ڕێی ئاژەڵی ماڵی دەكرێت، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی ڕوداوی هاتووچۆ، وە لەدەستدانی كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێل لەلایەن شۆفێرەوە، بۆیە شۆفێر دەبێت لەئاگایی بەردەوامدا بێت‌و جگە لەئاژەڵی ماڵی ئەگەری هاتنە سەر ڕێی ئاژەڵی كێویش دەكرێت.

سێیەم: شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئیستۆپدا، ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەت سیستەمی ئیستۆپی (ABS)ە، ئەوا پێویستە لەسەرت لەكاتی خزانی ئۆتۆمبێلەكەتدا بەشێوەیەكی جێگیر پێ لەسەر پایدەری ئیستۆپ دابنێی، چونكە ئەو سیستەمە خۆی ئۆتۆماتیكی ئۆتۆمبێل خاو دەكاتەوە، ئەگەریش ئۆتۆمبێلەكەت ئەو سیستەمەی تیا نییە، ئەوا باشترە ئاستی بەخێراییەكی زۆر كەمتر شۆفێریی بكەیت‌ و لەكاتی خزانی ئۆتۆمبێلەكەتدا كەمتر پێی لەسەر پایدەری ئیستۆپ دابنێی، بەڵكو زیاتر هەوڵبدەی كۆنترۆڵی سوكان بكەیت ‌و توشی سەرلێشێوان نەبیت.

چوارەم: ئەگەر گونجا شۆفێری مەكە، ئەگەر كارێكی زەرور‌ و گرنكت نەبێت، باشترین بیرۆكە ئەوەیە لەو كەشوهەوایەدا شۆفێریی نەكەیت، ئەم بیرۆكەیە لەهەموو مەترسیەكانی ڕێگەوبان بەدور دەكات، ئەبێ تۆ ئەوە بزانی سەلامەتی خۆت‌و دەوروبەر لەهەموو كاروبارەكانی دیكەی ڕۆژانە گرنگترە، بۆیە باشترە لەوجۆرە كەشوهەوایەدا شۆفێری نەكەیت.

PUKmedia  ئا.. رێپێدراوی هاتووچۆ هەژار وەهاب-رادیۆی ترافیك

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket