riklam

سەرۆكی هەرێم: دەبێت بەهەموو توانایەكەوە بەرەنگاری داعش ببینەوە

کوردستان 10:15 AM - 2021-11-28

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكدا هاوخەمی پێشكەش بە خانەوادەی شەهیدەكانی شەوی رابردووی سنووری كوڵەجۆ دەكات و رایدەگەیەنێت، هەماهەنگی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە.

دەقی پەیامەكە:

پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە

سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵم پێشكەش بە خانەوادەی ئەو شەهیدە قارەمانانەی شەوی ڕابردوو دەكەم كە لە كاتی بەهانەوەچوونی هاوسەنگەرانی پێشمەرگەیاندا لە سنووری كوڵەجۆ، شەهید بوون و گیانیان بەخشی.

لە خوای مەزن داواكارم گیانیان بە بەزەیی و میهرەبانی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزیان ببەخشێت. هیوای زووچاكبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەكان دەخوازم.

فراوانبوون و بەردەوامی پەلامار و هێرەشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە. بۆیە هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە.

داوا دەكەین میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عیراقدا بە هاوبەشی و پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

PUKmedia ‎  راگەیاندنی سەرۆكایەتی هەرێم

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket