riklam

هۆشداری لەتێكچوونی زیاتری دۆخی هەژاری لەعیراق دەدرێت

عیراق 07:17 PM - 2021-08-12

شرۆڤەكاران و توێژەران داوایان لەحكومەتی فیدڕاڵ كردووە رێوشوێنی بەپەلە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری لەعیراق بگرێتەبەرو پێداگریش دەكەن كە پێویستە دادپەروەری لەدابەشكردنی سامانی وڵاتدا هەبێت.
عەبدولحەسەن موسەوی، شارەزا لەبواری ئابووری لەلێدوانێكدا بۆ PUKmediaرایگەیاند: بەپێی لێدوانی وەزیری پلاندانانی فیدڕاڵی، لە ئێستادا رێژەی هەژاری لەعیراق گەیشتۆتە 42%، ئاماژەشیدا، دیاترترین هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری خۆی لە نەبوونی دادپەروەریدا دەبینێتەوە لە دابەشكردنی سامانی وڵاتدا.
موسەوی هەروەها  بەرزبوونەوەی ئەمدواییانەی رێژەی هەژاری لەعیراق بۆ دوو هۆكار گەڕاندەوە، هۆكاری یەكەمیان كە بریتیە لە پەتای كۆرۆنا، عیراقیش وەك هەموو وڵاتانی تر، كاریگەری پەتاكەی بەسەرەوە هەبووەو هۆكار بووە بۆ پەكخستنی ئابوورییەكەی و دووەمیشیان خۆی لەخراپی ئیدارەداندا دەبینێتەوەو نەمانتوانیوە ئیدارەیەكی دروستی ئەم دۆسیە بكەین.
موسەوی وتیشی: پێویستە لەسەر حكومەت پرۆسەی پێدانی مووچەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی رێكبخاتەوە و وا بێت كەتەنها كەسانی شایستەو هەژار لێی سوودمەند ببن  بتوانن دەستیان پێبگات و بتوانێت تا ئاستێك رێژەی هەژاری لەوڵات نەهێڵێت.
لای خۆیەوە، عەبدولڕەحمان سەڕاجی، توێژەی كۆمەڵایەتی جەختیكردەوە كە حكومەتی فیدڕاڵی ئەو توانایەی نییە رێوشوێنی ئابووری بۆ روبەڕووبوونەوەی هەژاری بگرێتەبەر، بەهۆی ئەوەی سیستمی ئابووری لەوڵات نیشانەكانی روون نییە.
سەراجی لە لێدوانێكدا بۆ PUKmediaرایگەیاند: بەپێی ئاماری هەندێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، رێژەی هەژاری لەعیراق لەساڵی رابردوودا گەیشتبووە 25%ی كۆی ژمارەی دانیشتوانی عیراق، بەڵام لەدوای نزمبوونەوەی بەهای دیناری عیراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، شكستی بەئابووری بازاڕی گەیاند، ئەوەش بەخراپ بەسەر هاووڵاتی سادەدا شكایەوەو نرخی خۆراكی بەڕێژەی 20% بەرزكردەوە، بەو هۆیەشەوە، رێژەی هەژاری لەعیراق بۆ 35% لەكۆی ژمارەی دانیشتوانی عیراق بەزركردەوە، ئەمەش بەهەموو پێوەرێكی ئابووری، بۆتە خوڵقاندنی كارەسات و دەبێت هاووڵاتی سادە لێكەوتەكانی لەئەستۆ بگرێت.
سەبارەت بەوەشی كە دەبێت حكومەت چی بكات و چ رێوشوێنێك بۆ سووككردن و نەهێشتنی هەژاری لەعیراق بگرێتەبەر، ئەو توێژەی كۆمەڵایەتی رایگەیاند: دەبێت حكومەت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری، هەوڵی بەرزكردنەوەی تێكڕای گەشەپێدانی بەردەوام بدات و ستراتیژییەتی ئابووری كاریگەر بدۆزێتەوە، هەروەها هەلی نوێی كاركردن لەسێكتەرە ئابوورییە كاریگەرەكان بۆ هاووڵاتیان بدۆزێتەوە، لەوانە، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی گواستنەوە، خەڵكانیش بخاتە ئەو كارانەوە كە هونەری نین، سوودیش وەربگیرێت لەكاری دەستی نیشتمانی، كەرتی تایبەت كارا بكرێتەوەو پشتیوانی لەوەبەرهێنان بكرێت و بەشێوەیەك یاساكان دابڕژێنرێنەوە كە بتوانێت بەشێك لەو رۆتینە زۆرە كەمبكاتەوە كە بوونەتە بەربەستی گەورە لەبەردەم وەبەرهێنەران، جگەلەوانە، دروستكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ وەبەرهێنەران و دابەشكردنێكی دادپەروەرانە لەسامانی وڵات و نەهێشتنی گەندەڵی ئیداری.
سەراجی ئاماژی بەوەشدا كە حكومەت ئەم رێوشوێنانەی بەلاوە پەسەند نییە، لەبەرئەوەی نیشانەكانی سیستمی ئابووری لەوڵات روون نییە، سیستمەكە نەئابوورییەكی سەرمایەدارییە نە سۆشیالیستی.
PUKmedia تایبەت
 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket