به‌گشتی ئازادی و ئازادییه‌كانی هۆڵه‌ندا
تاراوگە 02:52 PM - 2021-03-09.
ئازادی بۆ خۆمان شتێكه و بۆ به‌رامبه‌ره‌كانمان شتێكی تره، یان به‌دیوێكی تر، ده‌كرێت بڵێین، بۆ خۆیان جۆرێكه و بۆ ئێمه‌ش، جۆرێكی تره، ئه‌مه ڕه‌نگه هه‌ستێك بێت له ناخی هه‌مووماندا بوونی هه‌بێت. ئه‌سته‌مه هه‌بێ له رووی تیۆرییه‌وه باوه‌ڕی به ئازادی نه‌بێت، كه‌چی زۆرن ئه‌وانه‌ی، له‌كرداردا، له‌بیریان نامینێت، كه ئازادی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت، ئه‌گه‌ر گرنگتر نه‌بێت له ئه‌وه‌ی خۆت، كه‌متر نییه! من له‌دایكبووی كوردستان‌م، منداڵیم هه‌ر له‌وێ به‌سه‌ر بردوه، ئه‌وه‌نده‌ی بیرم مابێت، ژیانێكی سه‌خت بوو، پڕ بوو له شه‌ڕی ناوخۆ و ده‌ره‌كی، نه‌هامه‌تی و كۆڕه‌و و ئابلوقه‌ی ئابوری، هێرشی ئاسمانی و زه‌مینی داگیركه‌ران و ئاواره‌یی به‌گشتی. له‌لایه‌كی تریشه‌وه په‌روه‌رده‌ی ئه‌وسا، پێگه‌ی ده‌ر و دراوسێ له چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كاریگه‌ری دوو لایه‌نه‌یی هه‌بوو. ده‌كرێت بڵێم، من و هاوته‌مه‌نه‌كانم، بێبه‌ش بووین له ئازادییه سه‌ره‌تاییه‌كان، كه له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه ده‌ست پێده‌كات، ئه‌مه‌ش به هۆی بارودۆخه‌كه و تێگه‌یشتنی ئه‌وسا بوو بۆ ژیان به‌گشتی و بۆ ئازادی به‌تایبه‌تی.
كۆچی به‌كۆمه‌ڵ به‌ره‌و ئه‌وروپا
له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كان، له‌و ساڵانه‌ی كه كۆچی به‌كۆمه‌ڵ به‌ره‌و ئه‌وروپا باوبوو، به خێزانی ڕوومان كرده هۆڵه‌ندا، ئیتر له‌وساوه، تا ئێستا، ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، ئاو و ههوائاسا، بۆته پێداویستی ژیانمان و هاوڕێیه‌كی به‌وه‌فا و دانه‌بڕاوه لێمان. ئێمه‌ش خۆشمان ده‌وێ!
ئازادی چیه؟
به بۆچوونی من، ئازادی ئه‌وه‌یه كه هیچ كه‌س و ده‌سه‌ڵاتێك له‌سه‌روی خۆت، بیركردنه‌وه و كرادار و ده‌ربڕینه‌كانت سنوردار نه‌كات، ئه‌گه‌ر یاسا شكێنیت نه‌كردبێت، هاوكات ده‌بێت یاساكانیش پێچه‌وانه‌ی په‌یمان و جاڕنامه جیهانییه ئیمزاكراوه‌كان نه‌بن. ئازادیی ده‌ربڕین یان ئازادیی قسه‌كرد، زۆربه‌ی جار به چه‌مكێكی جه‌وھه‌ریی له دیموكراسیه‌ته لیبراڵیخوازه نوێكاندا داده‌ندرێت، كه تیایاندا ئازادیی قسه‌كردن وه‌ك پایه‌یه‌كی گرنگ و بهرگرێك ره‌چاوده‌كرێت بۆ نه‌ھێشتنی سانسۆڕ و چاودێری. مافی ئازادیی قسه‌كردن له‌ژێر سایه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا له رێگه‌ی چه‌ندین بڕگه و به‌ندی تایبه‌ت به مافه‌كانی مرۆڤه‌وه ده‌سته‌به‌ركراوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌موكوڕییه‌كان له واری جێبه‌جێكردندا له زۆر له وڵاتاندا ھه‌ر به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ده‌مێننه‌وه و بگره ورده ورده چه‌وسانه‌وه و سنورداركردنی ئازادییه‌كان وه‌كو چه‌كی مانه‌وه له‌ده‌سه‌ڵات به‌كارده‌هێندرێت، به‌ڵام تێی نه‌گه‌یشتوون كه پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته، ئه‌وه ئازادی و سه‌ربه‌ستیییه ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵات درێژ ده‌كات و كۆمه‌ڵگه‌ش له‌سایه‌یدا ئاسووده ده‌بێت.
ئازادی له‌زاری فه‌یله‌سوفی ڕۆشنگه‌ر ئێمانوێڵ كانت
فه‌یله‌سوفی ڕۆشنگه‌ر ئێمانوێڵ كانت (١٧٢٤ - ١٨٠٤)، ناوبراو، جیاوازی ده‌بینێت له‌نێوان ئازادی سروشتی له‌كرداردا و ئازادی سه‌ربه‌خۆبوون.
ئازادی سروشتی له‌كرداردا
ئه‌مه‌یان كه ئازادی نه‌رێنیشی (نێگه‌تیفی) پێده‌وترێت، واتا، ئێمه ئازادین لهكردارهكانمان و ئه‌وه‌ی بمانه‌وێ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین. ته‌نها له‌پێناو ئازادی ئه‌وانی تر، ده‌كرێ چوارچێوه‌ی بۆ دابندرێت. جۆره‌كه‌ی تری ئازادی، كه به ئازادی سه‌ربه‌خۆبوون داده‌ندرێت، به ئازادی ئه‌رێنی (پۆزه‌تیف) ناوده‌برێت.
ئازادی سه‌ربه‌خۆبوون
ئه‌وه‌ی مرۆڤ بیه‌وێ له ئازادبوون و سه‌ربه‌خۆبووندا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات. جۆره ئازادییه‌كه كه مرۆڤ خۆی چوارچێوه‌ی بۆ داده‌نێت به‌بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری ئه‌م و ئه‌وی له‌سه‌ربێت.
له‌ڕێگه‌ی ئه‌م پرس و پرسیارانه‌ی خواره‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ین، به كورتی ده‌رگای تێگه‌یشتن له ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی به شێوه‌یه‌كی گشتی بكه‌ینه‌وه و پاشان وردتر له سه‌ر ئازدی له هۆڵه‌ندا به‌دیاری كراویدا ده‌دوێین!
مافه‌كانی مرۆڤ چی له‌سه‌ر ئازادی ده‌ڵێت
له جارنامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤدا، له بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌مدا هاتووه كه: هه‌موو مرۆڤێك به ئازادی ویه‌كسانی له‌دایك ده‌بێت. هه‌روه‌ها هه‌موو تاكێك مافی ئازادبوونی به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ڕه‌گه‌ز هه‌یه، ڕه‌نگی پێست و زمان و دین و بیروبۆچوونی سیاسی، یان هه‌ر بابه‌تێكی تر. كه‌واته هه‌مووان یه‌كسانین و مافی ئازادی و سه‌ربه‌خۆییمان هه‌یه.
ده‌كرێت له‌باری نائاسایی ئازادی سنورداربكرێت؟
له‌پێناو ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێت بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی، ده‌وڵه‌ت ئازادییه‌كان سنووردار بكات، به‌مه‌رجێك ئازادی بیروباوه‌ڕ و ڕاده‌ربڕین ڕێزلێگیراوبێت و ڕێگریكردن له كۆیلایه‌تی و ئه‌شكه‌نجه‌دانی مرۆڤه‌كان به‌رده‌وام بێت. پاشان دوایی كۆتایی هاتنی مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی، سنووردارییه كاتییه‌كه له‌سه‌ر ئازادی كۆتایی پێبهێندرێت.
ده‌كرێت ئازادی له‌گه‌ڵ بارودۆخ بگونجێندرێت ؟
به‌رده‌وام گوێمان لێده‌بێت كه ده‌بێت ئازادییه‌كان له‌گه‌ڵ بارودۆخ بگونجێندرێن، له ڕاستیدا ئه‌مه بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندرووست نییه، باشتر وایه ئازادی دهستكهلای ده‌سه‌لات نه‌بێت و هه‌ركاتێك بیه‌وێت چوارچیوه‌كه‌ی بگۆڕێت. ڕێكخستنی ئازادی به پێی یاسایه‌كی ده‌ستوری ده‌نگپێدراو له كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئازاد و دیموكراتیدا قبوڵكراوه، ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی بنچینه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ نه‌بێت.
ئازادی ڕاده‌ربڕین
به‌كورتی و به ڕوونی، ده‌توانی هه‌موو شتێك بڵێی كه له‌بیر و ناخت‌دا بوونیان هه‌یه، به‌مه‌رجێك خۆت دوور بگریت له بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕق و كینه و تێكدانی ئارامی ده‌وروبه‌ر. بانگه‌وازی شه‌ڕانگێز و ڕه‌گه‌زپه‌رستی، ناچێته خانه‌ی ئازادی راده‌ربڕین. بگره شێواندنی ئازادی به‌رامبه‌ره و ماف پێشێلكردنه و وه‌كو لادانیش ده‌بیندرێت.
ئازادی دینداری
چۆن بۆت هه‌یه دیندار بیت و دینداری بهكردارهكانت و ڕووخسارته‌وه دیاربێت، ئاواش ده‌بێت، ڕێز له ئه‌وانه‌ش بگری كه وه‌كو تۆ بیر ناكه‌نه‌وه. پێچه‌وانه‌شی ڕاسته. ڕێزگرتن له‌یه‌كتر و له بیر و باوه‌ڕی یه‌كتر، ژینگه‌ی پێكه‌وه ژیان ڕه‌نگاوڕه‌نگتر ده‌كات.
ئازادی كردار و پۆشاك
ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كردار، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه سه‌ربه‌ستانه، بڕیار لای خۆی بێت له‌كاتی ههڵبژاردنهكانتدا. بۆ نمونه بڕیاری ده‌ستنیشان كردنی هاوسه‌ری ژیان، پێكهێنانی خێزان و ته‌نانه‌ت بڕیای كۆتایی هێنان به‌ژیان، زووتر له‌وه‌ی قه‌ده‌ر بۆی دیاری كردوی له‌ده‌ست خۆت بێت. له پۆشاكیش به‌هه‌مان شێوه، ئازادی جل و به‌رگ له‌ده‌ست خۆتدا بێت. ده‌وڵه‌ت بۆی هه‌یه، به یاسا، ڕێكار و ڕێنمایی ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه ژیان به‌رده‌وام و بێزاركردنی یه‌كتری لێنه‌كه‌وێته‌وه. بۆ نمونه، له وڵاته لیبڕاڵ و پێشكه‌وتووه‌كان، له شوێنه گشتییه‌كان، بۆت نییه به ڕووتی ده‌ربكه‌وی، جلی ژێره‌وه ئیجبارییه و باقییه‌كه‌ی تر له‌سه‌ر ویستی خۆت ده‌كه‌وێ! هاوكات، باڵاپۆشی ڕێگه‌پێدراوه به‌ڵام شاردنه‌وه‌ی ده‌م و چاو ڕێگه پێدراو نییه. له ڕاستیدا ئه‌م دوو ڕێكاره ده‌چیته خانه‌ی سنورداركردن. نه ته‌واو لیبڕاڵهكه ڕیگه‌ی پێده‌درێت ته‌واو ڕووت بێت نه باڵاپۆشه‌كه، ده‌هێڵدرێت له ته‌وقی سه‌ره‌وه تا ژێرپێی داپۆشێ!
ئازادی منداڵ
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی منداڵ، به په‌روه‌رده‌یه‌كی ئازادی دۆست ده‌بێت پێبگهیندرێ، به‌ڵام هێشتا هاوشێوه‌ی گه‌وره‌كان، هه‌موو ئازادییهكییان نییه و پێویستیشی نییه، تا ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كه یاسا بۆی دیاری ده‌كات، له ژێر چاودێری گه‌وره‌كانیدا ده‌بێ. بهمهرجێت وه‌كو گه‌وره‌كان، مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی لێزه‌وت نه‌كرێت، به‌كۆیله نه‌كرێ. هاوشێوه‌ی گه‌وره‌كان، ئازادی بیر و ڕا ده‌ربڕین ده‌یانگرێته‌وه و نابێت لێیان سنوورداربكرێت.
هۆڵه‌ندا و ئازادی
هۆڵه‌ندییه‌كان لیبڕاڵن و قۆناغی خۆڵه‌مێشییان تێپه‌ڕاندووه، بۆ هه‌موویان ڕوونه كه ئازادی به‌گشتی و ئازادی تاك دووانه‌ی یه‌ك منداڵدانن. ئازادییه‌كان ئه‌وه‌نده بێ سنورن و زۆرن، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێكدا هه‌ستی پێده‌كرێت. تاكی هۆڵه‌ندی، له‌گه‌ڵ زمانگرتندا، فێری ئه‌وه ده‌كرێت ده‌بێت داكۆكی له ئازادییه‌كانی بكات و پڕاكتیزه‌ی بكات. هه‌موویان خاوه‌ن كه‌سایه‌تی خۆیانن و بڕیاریان له‌ده‌ست خۆیانه. ده‌وڵه‌ت و خێزان و ده‌وروبه‌ر سنورشكێنی به‌رامبه‌ر به تاك ناكه‌ن. ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی له هۆڵه‌ندا نه‌ژیابێت، پێی وابێت، كه هۆڵه‌ندا و هۆڵه‌ندییه‌كان زیاده‌ڕۆیی ده‌كه‌ن له بابه‌تی ئازادی و زیاد له پێویست ئازادن، كاتێك هه‌موو قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان له‌وڵاتان لههۆڵهندا مۆڵه‌تپێدراوه، بێ ئه‌وه‌ی ناشرینكاری لێ به‌رهه‌م بێت. نمونه گه‌لێكن، له‌وانه بازاڕی ئازاد بۆ ماده‌هۆشبه‌ره‌كان، سێكته‌ری سێكسی، بڕیار له سه‌ر ژیان و مردن له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ده‌ر، ژیان له ته‌نیایی و دوور له هاوسه‌رگیری بێ ئه‌وه‌ی پێیان بوترێت، قه‌یره كچ و پیره كوڕ، ئازادی له دیینداری و بێ دینی، گۆڕینی ڕه‌گه‌ز، هاوسه‌رگیری فه‌رمی له‌گه‌ڵ كه‌سی هاوڕه‌گه‌ز، ئازادی له شوێنی نیشتجێ بوون و شوێن و شارگۆڕكێ بێ سنوورداركردنی مافه‌كان، لێدوان و ده‌نگهه‌ڵبڕینی بێ سانسۆر له‌ناو كۆڕی جه‌ماوه‌ر و میدیاكان، به بێ ئه‌وه‌ی سكاڵات له‌دژ تۆمار بكرێت.
ئازادی خوێندن
له ساڵی ١٩٦٩ وه خۆیدندن، له ته‌مه‌نی ٥ ساڵی تا ١٦ ئیجبارییه، له ١٦ بۆ ١٨ ده‌بێت هه‌ندێك بڕگه‌ی خوێندنت ته‌واو كردبێت! به‌ڵام له‌دوای ١٨ ساڵییه‌وه، خوێندن ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه! كه‌من ئه‌وانه‌ی ناخوێنن! ئه‌وه‌ی گرنگه، منداڵ ئازاد له هه‌ڵبژاردنی ئاڕاسته‌ی خوێندن، زانكۆ و په‌یمانگا مه‌رجی سه‌ركه‌وتن و ده‌رفه‌تی كار فه‌راهه‌م ناكات! بازار بڕیار ده‌دات! خوێندنی پیشه‌یی نه‌بێت ئابوری وڵات هه‌ره‌س ده‌هێنێت! ئه‌وانه‌ی ئه‌كادیمین و دیبلۆمی باڵایان هه‌یه، ڕاسته پاره‌ی زیاترییان ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام له پیشه‌گه‌ران ئاسووده‌تر نین! له ئێستادا حكومه‌ت كار بۆ ئه‌وه ده‌كات، خوێندن تا ٢١ ساڵی بسه‌پێنێ!
ئازادی میدیا و خانه‌واده‌ی شاهانه
ئازادی میدیا شتێك نییه، شایه‌نی شیكاری بێت، میدیا و میدیاكاران ده‌بێت ئازاد بن به پێچوانه‌وه، دیموكراسییه‌ت بوونی نییه، به‌ڵام هاوكات ده‌بێت كۆدی ڕاگه‌یاندن نه‌شكێندرێت و وه‌كو چۆن ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵك ده‌بێت ڕێز له میدیا بگرێت و ئازادی بكه‌ن، میدیاش ده‌بێت شكۆی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌شكێنێت، له هۆڵه‌ندا كه ئازادی له‌ڕاده‌به‌ده‌ره، كه‌چی ڕێكخراوه به یاسا، میدیاكارێك بۆی نییه، له‌به‌رده‌می خوێندنگا یان زانكۆ، وێنه‌ی منداڵێكی خانه‌واده‌ی شاهانه یان كاربه‌ده‌ستێكی ده‌وڵه‌ت یان فه‌رمانبه‌رێكی باڵا یان ئاسایی، بگرێت و یڵاوی بكاته‌وه، ژیانی تایبه‌تی نابێت زوومی كامیرای میدیاكارانی له‌سه‌ر بێت، یان له‌كاتی پشووی خێزانی خانه‌واده‌ی شاهانه! نمونه‌ی تر زۆر زۆره، ئاسایشی نیشتیمانی، نهێنی ده‌وڵه‌ت بڤه‌یه! ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌وانی بێ به‌ڵگه و درووستكراو، له‌پێناو شكاندنی كه‌سی بهئامانجكراو، باجی قوڕسه و هیج ده‌زگایه‌كی میدیایی خۆی له قه‌ره‌ی نادا! به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، ڕاپۆرتی درووستی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌وه‌نده كاریگه‌ره، له ساڵانی رابردوو قه‌ڵاچۆی به ده‌یان وه‌زیر و حكومه‌ت كردوه! میدیا ئه‌گه‌ر ئازاد بێت و ڕێزی پیشه‌یی خۆی بگرێت و خه‌ڵكه‌كه‌ش و ده‌وڵه‌تیش ڕێزی لێ‌بگرن، سه‌روه‌تێكی نیشتیمانییه و ده‌بێت وه‌كو گلێنه‌ی چاو بپارێزرێت!
ئازادی سیاسی
ئازادی سیاسی لههۆڵهندا و وڵاتانی پێشكه‌وتوو، وابه‌سته به (سیسته‌می دیموكراسی، ده‌وڵه‌تی ده‌ستوری و دۆخێكی ته‌ندرووستی كۆمه‌ڵایه‌تی). ئه‌گه‌ر له وڵاتێك ئه‌م سێ پایه‌یه پته‌و بوو، ئازادی سیاسی و ئازادییه‌كانی تر بێ شك فهراههمكراوه!
ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن
له سیسته‌می دیموكراسیدا، هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا و ده‌نگدان به ئازادانه، موشتومڕ هه‌ڵناگرێت. لههۆڵهندا هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌موو شتێك ده‌كرێت، له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی و پارێزگا و په‌رله‌مانه‌وه، تا هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ران بۆ په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پارته ڕه‌سه‌نه‌كان ده‌مێته‌وه، به‌ڵام هه‌میشه پارت و گروپ و بزوتنه‌وه و لیستی نوێش دێنه پێشه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی دووچاری فشاری ده‌رونی و ئه‌منی ببنه‌وه! سیاسه‌ت بۆ مێژوو درووست كردنه! بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی سی ڤییه نهكهك گیرفان! سیاسییه‌كان نه ده‌وڵه‌مه‌ندن، نه ده‌وڵه‌مه‌ندیش ده‌بن! به‌ڵام نوخبه‌ن و پێگه‌یشتوو و تێگه‌یشتوون!
ئازادی له‌سه‌رده‌می ڤایرۆسی كۆڕۆنادا
به هۆی كۆڕۆناوه هۆڵه‌نداش هاوشێوه‌ی وڵاتانی تر بێ به‌ش نییه له سنورداری كردنی ئازادییه‌كان، ئه‌گه‌رچی هه‌موو بڕیاره سه‌پێندراوه‌كان بڕیاری په‌رله‌مانین و یاسای كاتی‌یان بۆ ده‌رچووه به‌ڵام هێشتا مشتومڕێكی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر بۆ نمونه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له شه‌وان. هۆڵه‌ندییه‌كان، پێیان وایه ته‌نانه‌ت ڕێنماییه ته‌ندرووستییه‌كانیش ده‌بێت ئاره‌زوومه‌ندانه بن و نابێت بسه‌پێندرێن. له ئێستادا، هه‌ڵمه‌تی كوتان (ڤاكسێن) ده‌ستی پێكردوه، تا ناوه‌ڕاستی ئه‌م ساڵ بڕیاره هه‌موو هۆڵهندییهك ده‌رفه‌تی وه‌رگرترنی ڤاكسێنی بۆ بڕه‌خسێ، كوتانیش هاوشێوه‌ی شته‌كانی تر، ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه ناسه‌پێندرێت، هاوڵاتییان ئازادن له وه‌رگرتنی یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی.
یه‌كه‌م ئه‌زموونم له‌گه‌ڵ ئازادی و چه‌ند نمونه‌یه‌ك
پێش گه‌یشتنمان بۆ هۆله‌ندا، له پایته‌ختی یه‌كێك له وڵاتانی دراوسێ، ڕێكخراوی ئای ئۆ ئێم، سه‌رپه‌رشتی پڕۆسه‌ی گه‌یاندنی خێزانه‌كه‌مانی ده‌كرد به‌ره‌و هۆڵه‌ندا، دوای ئه‌وه‌ی ڕێكاره‌كان ته‌واو بوون، به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه به‌ڕێكه‌وتین، پێشتر له هۆتێلێكی پێنج ئه‌ستێره‌ی پڕ له خه‌ڵكی ئازاد، شوێنی مانه‌وه‌یان بۆ دابین كردبووین، له‌وێ وه‌كو منداڵێكی تازه پێگه‌یشتوو، بۆیه‌كه‌م جار وه‌كو تاك سهیركراین، له بڕی ئه‌وه‌ی هه‌موومان هاوتای وڵات له‌و سه‌رده‌مه، له ژوورێك بخه‌وێندرێن، ژووری تایبه‌تییان بۆ دابین كردین، بۆ نانی به‌یانی، له بڕی نان و ماستێكی ساده‌ی كوردهواری، بۆفییه‌ی كراوه بوو، خۆت ئاره‌زوومه‌ندانه خواردنی به‌یانیت هه‌ڵده‌بژارد. جیاوازییه‌كان ئه‌وسا ئه‌وه‌نده گه‌وره‌بوون، له‌گه‌ڵ وڵات به‌راورد نه‌ده‌كران. له وڵات زۆر شتمان نه‌بوو یان به هۆی خراپی بارودۆخه‌كه له دهستماندابوو ، منداڵیش هه‌ستیاره و زوو هه‌ست به جیاوازییه‌كان ده‌كات، ناخم پڕ ببوو له پرسیار بۆ لێره ژیان ئاوا ڕه‌نگاو ڕه‌نگه بۆ له‌وێ هه‌موو شته‌كان به جل و به‌رگی دایك و داپیرهشمهوه، هه‌مووی ڕه‌شپۆش بوون؟! دوای چه‌ند رۆژێك مانه‌وه له‌و هۆتێڵه، گه‌یشتینه فڕۆكه‌خانه، ئیتر له‌كاتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی بلیته‌كان، یه‌كه یه‌كه پرسیاریان لێده‌كردین، ئایه له‌ناو فڕۆكه‌كه، له ته‌نیشت په‌نجه‌ره ده‌ته‌وێ دابنیشی یان نا؟ چ خواردنێك ده‌خۆی یان چ جۆره خواردنێك ناخۆی یان نابێت بیخۆی؟ ئایه كێشه‌ی ته‌ندرووستیت هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كارگوزاره‌كانی ناو فڕۆكه خزمه‌تی تایبه‌تت پێشكه‌ش بكه‌ن؟ هه‌موو ئه‌م پرسیارانه، هه‌ستێكی جیاوازی پێبه‌خشین و پێشووتر ئه‌م گرنگی پێدانه‌مان نه‌بینیبوو! له‌ناكاو ئازادانه ویسته‌كانمان گوێی بۆ ده‌گیرا! ئیتر هه‌رزوو هه‌ستمان كرد، بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵمان بۆی دابێت ئازادكراوین! ئه‌وه‌ی ڕوون بوو له‌لامان، كه جارێكی تر نامانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه سه‌رده‌می پێش ئازادبوونمان.
له‌گه‌ڵ گه‌یشتنمان بۆ هۆڵه‌ندا
دوای چه‌ند كاتژمێرێك له ئاسمان، له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه به‌ره‌و ڕۆژئاوا، گه‌یشتینه وڵاتی گوڵ و پایسكل و پێكه‌وه‌ژیان! پێشووتر هۆڵه‌ندامان نه‌ده‌ناسی، گلۆبالیزمیش وه‌كو ئێستا هاوكار نه‌بوو، ته‌كنه‌لۆجیای خێرا هه‌رنه‌بوو، تا بتوانین به ئۆنڵاین پێش سه‌فه‌ركردن بۆ وڵاتێك زانیاریت هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته! به‌كورتییه‌كه‌ی، هیچمان له‌باره‌ی هۆله‌نداوه نه‌ده‌زانی، هه‌ر ئه‌وه نه‌بێت، كه باوكمان به ساڵێك پێش ئێـمه له‌وێ گیرساوه‌ته‌وه و وێنه‌یه‌كی بێ سمێڵی بۆ ناردبووینهوه، كه نه‌مان ده‌ناسییه‌وه! له جوامێرێكی سمێڵ ڕه‌شی كوردهواری بۆ پیاوێكی سه‌ر و سیما نیمچه ئه‌وروپی! ئه‌ویش پێویهوه دیاربوو كه ئازاده ئیتر! كه گه‌یشتینه هۆڵه‌ندا، كه‌ش و هه‌وا زۆر گه‌رم بوو، ڕۆژی یه‌كه‌م هه‌ر له‌ماڵه كاتییه‌كه‌ی باوكم ماینه‌وه، له لادێیه‌كی زۆر بچوكی هۆڵه‌ندا! ڕۆژی دووه‌م باوكم ناونیشانی ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستمان نووسی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه ڕێگای ماڵمان بزر كرد، به‌و ئه‌درێسه‌ی سه‌رده‌ستمان بگه‌ڕێنه‌وه! هه‌فته‌یه‌ك پیش گه‌یشتنمان له‌كه‌نیسه ڕاگه‌یاندرابوو، كه خێزانێكی كورد به كۆمه‌ڵێك منداڵه‌وه له‌وڵاتێكی پڕ نه‌هامه‌تی و شه‌ڕو شۆڕه‌وه دێنه هۆڵه‌ندا و له‌م لادێیه ده‌ژین، به‌شێوازێكی كاتی تا خانوێكی گونجاوییان بۆ دابین ده‌كرێت. هاوكات قه‌شه‌كه داوای له خه‌ڵكه دینداره‌كه كردبوو، پێشوازی گه‌رمییان لێبكه‌ن و وه‌كو كه‌س و كاری خۆتان سڵاویان لێبكه‌ن و ده‌رگای ماڵه‌كانتان به‌سه‌ریان واڵابكه‌ن و هاوكارییان بن. خانوی گونجاو كه‌م بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خانووی گه‌وره بۆ كرێ كه‌م بوو، ئێمه‌ش ژماره‌مان زۆر بوو! هۆڵه‌ندییه‌كان له منداڵێك یان دوو منداڵ زیاتریان نییه، كه‌چی باوك و دایكم سێ به‌رامبه‌ریان هه‌بوو!
سه‌ر ده‌ریا
هێشتا ڕۆژی دووه‌مه، هه‌رچه‌نده زمانمان نه‌ده‌زانی، به‌ڵام منداڵانی گه‌ڕه‌ك ئه‌وه‌نده ڕووخۆش و هاوكاربوون، به دوامان ده‌هاتن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان بۆ یاری كردن بچینه ده‌ره‌وه! هه‌ر ڕۆژی دووه‌م چووین بۆ سه‌ر ده‌ریا، لادێكه خۆی له‌سه‌ر ده‌ریا بوو، به چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌گه‌یشتی، مه‌له‌كردن و خۆدانه به‌رخۆر له‌سه‌ر ده‌ریا، شتێكی نوێ بوو بۆ ئێمه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، هه‌موو رووداوه‌كان نوێبوون، له فلیمیش نه‌مان بینی بوون! له‌هه‌موو هه‌ولێر یه‌ك مه‌له‌وانگه هه‌بوو، ئه‌ویش هه‌ر بۆ پیاوان بوو و منداڵ ڕێگری لێده‌كرا له‌لایه‌ن خێزانه‌كان بچن بۆ مه‌له‌وانگه، ئه‌وسا پێیان په‌سند نه‌بوو! كاتیك گه‌یشتینه، سه‌ر ده‌ریا، دونیایه‌كی تر بوو، ئه‌وه‌ی كه له فڕۆكه‌خانه، پێشووتر پێمان وابوو ئازادییه به ١٪ ئه‌وه‌ی سه‌ر ده‌ریا نه‌بوو! شه‌نسی ئێمه، نیوه‌ی سه‌ر ده‌ریاكه بۆ ناتوریستهكان ته‌رخانكرابوو، ناتوریستهكان ئه‌وانه‌ن، له‌كاتی خۆدانه به‌ر خۆر، خۆیان ڕووت قوت ده‌كه‌نه‌وه. شۆك ببوین و نه‌مان ده‌زانی چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین! ئه‌وه‌ی كه ده‌مانبینی ئه‌وه بوو، كه كه‌س كه‌سی ڕه‌ت نه‌ده‌كرده‌وه! هه‌مووی یه‌كتری قبوڵ بوو! ژینگه ئاشتیخوازهكه، فێری كردین كه ئازادی یه‌كسانه به ژیان به ویستی تاك!
گه‌رما و سه‌رمای ده‌م ده‌می
ئه‌وه‌ی هۆڵه‌ندای بینیبێت، ئه‌زانێت، كه وڵاته‌كه گه‌رما و سه‌رما و خۆر و بارانی ده‌م ده‌مییه! ڕۆژ خۆشه و له‌پڕ ده‌بێته باران، یان به پێچوانه‌وه! زۆری نه‌برد، كه‌ش و هه‌وا گۆڕا و وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه ده‌ستی پێكرد، باوكم ئێمه‌ی، برد بۆ بازاڕ، جل و به‌رگی زستانه‌مان بۆ بكڕێت! بۆیه‌كه‌م جاربوو بۆمان هه‌بوو ڕه‌نگی جلوبه‌رگه‌كان خۆمان دیاری بكه‌ین و هه‌ر هه‌موو براكان یه‌ك ره‌نگ نه‌پۆشین و ڕه‌نگه بۆر و تاریكه‌كانمان بۆ دیاری بكه‌ن! وه‌كو له‌سه‌رتادا ئاماژه‌م پێدا، ئازادی ئه‌وسا ده‌ستی پێكرد و خۆشبه‌ختانه به‌رده‌وامه! ئومێد ده‌كه‌م كه‌س بێ به‌ش نه‌بێت له ئازادی!
به‌ختیار به‌كر
PUKmedia
هەواڵی زیاتر
-
كارگەیەكی مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا دەگیرێت
05:27 PM - 2024-05-02 -
لوتكه‌ی ته‌ندروستی كوردستان له‌سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت
12:07 PM - 2024-05-02 -
دژەتیرۆر تیرۆرستێک دەستگیر دەکات
10:11 AM - 2024-05-02 -
گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم به 2 ترلیۆن دینار ده‌خه‌مڵێندرێت
01:35 PM - 2024-05-01
ئەمانەش ببینە
جێگری سەرۆکوەزیران: دژی دواخستنی هەڵبژاردنین
05:01 PM - 2024-05-02
یەکێتی کەینوبەینی ژێربەژێری دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە
02:36 PM - 2024-05-02
زیاد جەبار: هەرێم پێویستی بە حکومەت و پەرلەمانێکی کارایە
11:31 AM - 2024-05-02
مەکتەبی سیاسی یەکێتی :بەگژ هەر هەوڵێکی ناڕەوای دواخستنی هەڵبژاردندا دەچینەوە
08:38 PM - 2024-05-01
زۆرترین خوێنراو
-
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ سەردانی ژمارەیەک کەسایەتی دەکات
پرسەنامە 10:56 PM - 2024-05-02 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ سەردانی بازاڕی هەولێر و ژمارەیەک کەسایەتی دەکات
ی ن ک 10:44 PM - 2024-05-02 -
كارگەیەكی مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا دەگیرێت
کوردستان 05:27 PM - 2024-05-02 -
جێگری سەرۆکوەزیران: دژی دواخستنی هەڵبژاردنین
کوردستان 05:01 PM - 2024-05-02 -
یەکێتی کەینوبەینی ژێربەژێری دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە
کوردستان 02:36 PM - 2024-05-02 -
لوتكه‌ی ته‌ندروستی كوردستان له‌سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت
کوردستان 12:07 PM - 2024-05-02 -
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و توركمانه‌كان
بیروڕا 11:50 AM - 2024-05-02 -
زیاد جەبار: هەرێم پێویستی بە حکومەت و پەرلەمانێکی کارایە
کوردستان 11:31 AM - 2024-05-02